71 هەزار منداڵی بێباوك و زیاتر لە 154 هەزار "بێوەژن" لەكوردستاندا هەن

71 هەزار منداڵی بێباوك و زیاتر لە 154 هەزار
بەپێی داتا و زانیاری ساڵی 2012 بۆ 2013ی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی لە كۆی زیاتر لە 4 ملیۆن هاووڵاتی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 154 هەزار بێوەژن و 71 هەزار منداڵی هەتیو تۆماركراوە، هاوكات سەرۆكی بەشی شیكاری زانیاریەكان ئەو بەڕێوەبەرایەتیەش رایدەگەیەنێت ئەو داتایە نزیكە لە سەرژمێری ساڵی 2015 بۆ 2016ی دانیشتوانی كوردستان.

مەحمود عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی ئاماری پارێزگای سلێمانی تایبەت بە كار و چالاكی بەڕێوەبەرایەتیەكەیان لە چوارچێوەی سەرژمێری دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بە داتا و ژمارە، زانیاری دروستی بۆ دواڕۆژ خستەڕوو كە لەم راپۆرتەدا هاتووە.

كۆی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بە ژمارە
بەپێی داتاو زانیاری كە لە ساڵی 2012 بۆ 2013 ی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری پارێزگای سلێمانی ئەنجامدراوە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بە كۆی گشتی، ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بریتی بووە لە (4735374) كەس كە لەو ژمارەیە (1719357) كەس پڕۆسەی هاوسەرگیریان كردووە و (1453060) كەسیش ئەو پڕۆسەیەی ئەنجام نەداوە، هەمان زانیاری دەریخستووە كە زیاتر لە (154882) بێوەژن لە سەرتاسەری كوردستاندا هەن، هەروەك زیاتر لە (71587) منداڵیش وەك هەتیو(بێ باوك) تۆماركراوە.

ئاماری سلێمانی
كۆی گشتی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی بریتی یە لە (1931156) كەس كە لەو ژمارەیەش (739907) كەس ژیانی هاوسەرگیریان پێكهیناوە و (593712) كەسیش هاوسەرگیریان نەكردووە، هەروەك (67660) بێوەژن و (24502) منداڵی هەتیویش لە سنوری سلێمانی هەن.

ئاماری هەولێر
بەپێی هەمان داتا و زانیاری كۆی گشتی دانیشتوانی پارێزگای هەولێر لەو ساڵەدا بریتی بووە لە (1656063) كەس كە تیێدا (606668) كەس هاوسەرگیریان ئەنجامداوە، (495954)، كەسیش هاوسەرگیریان نەكردووە، (58399) بێوەژن و هەروەك (27885) منداڵی هەتیو تۆماركراوە.

ئاماری دهۆك
بەپێی داتا و زانیاری لەوساڵەدا كۆی گشتی دانیشتوانی پارێزگای دهۆك بریتی بووە لە (1148155) كەس كە لەو ژمارەیەش (372782) كەس پڕۆسەی هاوسەرگیریان ئەنجامداوە و زیاترلە (363394) كەسیش ئەو پرۆسەیەیان ئەنجام نەداوە، هەروەك (28824) بێوەژن و هاوكات (19200) منداڵ وەك هەتیو هەن.

بەپێی زانیاری رێكخراوی (ئەمەل) كە رێكخراوێكی ناحكومی یە بۆ بەرگریكردن لە مافەكانی ژن لە عیراقـ لە ئێستادا زیاتر لە یەك ملیۆن و 500، بێوەژن و نزیكەی 3 ملیۆن منداڵی بێ باوك لە عێراق هەن كە ئەم ژمارەیەش لەلایەن هەناو ئیدوارد سەرۆكی رێكخراوی (ئەمەل) كە رێكخراوێكی ناحكومەی یە بۆ بەرگریكردن لە مافەكانی ژن لە عێراق پشتڕاست كراوەتەوە و لە رێگەی رێكخراوەكەیانەوە بڵاوكراوەتەوە و هاوكات ئاماژە بەوەكراوە كە بەهۆی بەردەوامی قەیرانی ئەمنی وڵاتەكەوە كردەوە تیرۆرستی و خۆكوژیەكان لە ساڵی 2003 وە تائێستا زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار بێوەژنی بەدوای خۆیدا هێناوە و زیاتر لە 3 ملیۆن منداڵیش بی باوك بوون.

ئاوارەكان بە هاونیشمانی كوردستان ئەژماردەكرێن
ئومێد بەكر ئەحمەد سەرۆكی بەشی شیكاری زانیاریەكان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی وەك كەسێكی مەیدانی و شارەزا لە سەرژمێركردندا بۆ دواڕۆژ زانیاری زیاتری خستەڕوو وتی: بەپێی یاسای دانیشتوان و زانستی ئاماركردن و سەرژمێر لە جیهاندا واباوە كە پڕۆژەی وەرگرتنی سەرژمێری دانیشتوان تا چەند ساڵێك بە دوای یەكدا بەرزبوونەوە و زیادبوونی ژمارەكان لە یەكەوە نزیك دەبێت، ئەگەر هاتوو رووداوێكی مێژوویی نەهاتبووە پێش، بۆیە سەرژمێركردنی بەڕێوەبەرایەتیمان بۆ دانیشتوانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2012 بۆ 2013 دا، بەو شێوەی كە هاتووە، ژمارەكانی نزیكن لە ئامارەكانی ساڵی 2016ی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان، وتیشی: لە ئێستادا بەهۆی هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە لە ناوچەكانی خواروو ناوەڕاستی عیراق، ناتوانین ئامارێكی دروستمان دەستبكەوێت، چونكە هاتن و گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە بە درێژایی دووساڵی رابردوو بەردەوامی هەیە كە بەپێی یاسای دانیشتوان لە سەرژمێریكردندا پێویستە سەرجەم ئاوارەكانی وڵاتیش ئەژماربكرێت وەك هاونیشتمانی و هاووڵاتی هەرێمی كوردستان، چونكە سەرژمێریكردن واتە ژماردنی سەرجەمی ئەو كەسانەی لەو نیشتمانەدا ژیان دەگوزەرێن.


دواڕۆژ, رێزە حسێن
Top