لاوازیی بەشداریی ژنان له كایەی سیاسی‌دا... د. نازناز محەمەد عەبدولقادر

لاوازیی بەشداریی ژنان له كایەی سیاسی‌دا... د. نازناز محەمەد عەبدولقادر
بەداخەوه بەربەستی كۆمەڵایەتی و كەلتووری و ئابووری له بەردەم پێشكەوتنی ژنان بوونیان هەیه. له سەردەمی شەڕدا، زاڵبوونی پیاوان به سەر كایەی سیاسی‌دا زیاتر و فراوانتر دەبێت، چونكه ئەوانن كه ئیدارەی جەنگ دەكەن، بۆیه حزووری «مێینه» له كایەی سیاسی‌دا كاڵ دەبێتەوه، بەڵام له سەردەمی شەڕ و دوای شەڕیش، ژنان دەتوانن باشترین رۆڵ ببینن له پرۆسیستی «دانوستان»ی نێوان دوو لایەنی ناكۆك، یان دوولایەنی تێوەگلاو له جەنگ. بۆ ئێستای كوردستان كه زۆربەی لایەنه سیاسییەكانی كوردستان گرژی له نێوانیاندا هەیه، له هەمان كاتدا لەگەڵ دوژمنێكی دڕندەی وەك داعش‌یش له شەڕداین، هەق وایه زۆرترین و كاریگەرترین رۆڵی «ئاشتكردنەوه»ی لایەنەكان له سەردەستی ژنان بێتەدی، له هەمان كاتدا رۆڵیان هەبێت له پاراستنی ژینگەی ئاشتی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەی نەوەكان له سەر بنەمایی لێبووردەیی خۆشەویستی خاك و خەڵك. بەڵام گرنگه بەشداریی ژنان له كایەی سیاسی، شێوەیەكی كارا و ئەكتیڤ وەربگرێت، نەك رووكەش. له هەموو جیهان رێژەی ژنان لەناو پرۆسەی سیاسی‌دا زۆر نزمه و نزیكەی 15%ی كاراكتەره سیاسییەكان پێكدەهێنن. زۆربەی ئەو ژنانەش كه دەكەونه لوتكەی ده‌سه‌ڵات و شوێنی به‌رزی بڕیارسازی، راستەوخۆ بەەرەمەندن له پاڵپشتی له پیاوانی نێو خێزانەكەیان، بەتایبەت هاوسەریان . كەواته ئافرەت دەبێ بزانێ له هەر شوێنێكی ئەم جیهانه بێت، رێگای رۆیشتن بۆ گەیشتن بە شوێنی بریارساز زۆر زبر و پڕ تاسه و قۆڵت و پڕ مەترسی و هەڕهشەیه، بەڵام دەبێـت بڕوات .
ئافره‌ت ده‌بێ بزانێ كاتێ بوونه‌وه‌ری «نێر» له ناو سیستمی «پیاوسالاری» سه‌دان ساڵه راهاتووه به‌وه‌ی خۆی تاقه شۆڕه‌سواری مه‌یدانی جه‌نگ و سیاسه‌ت و ئابووری بێت، ئه‌وا به ئاسانی ده‌رفه‌ت به ژنان نادات كه بێت و له ته‌كیدا جموجۆڵی هه‌بێـت .ئافره‌ت ده‌بێ له بیری بێت له سیستمی «پیاوسالاریدا» نێر هه‌موو مافه‌كانی لێ زه‌وت كردووه، بۆیە ژیانێكی سه‌ربه‌ست و پڕ بزاوتنی هه‌مه‌چه‌شنی نییە و مافه‌كانی بۆ ناگه‌ڕێته‌وه، ئه‌گه‌رچی له ئاستێكی باشی خوێنده‌واری و هۆشیاریش بێت، چونكه وه‌ك قاعیده‌ی باو، «ماف ده‌سه‌ندرێ»، كه‌س نابێت له ده‌سه‌ڵاتی خۆی كه‌م بكاته‌وه و بیدات به بوونه‌وه‌رێك كه هه‌زاران ساڵه به پێی ئایین و دابونه‌ریت به «ناقص العقل» ناسراوه!
ته‌نیا دوو هۆكار له‌م سه‌د ساڵه‌ی دوایی توانیویانه یارمه‌تیده‌ری ژنان بن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌شداری كارایان له جموجۆڵی سیاسی‌دا هه‌بێـت:
یه‌كه‌م: سیستمی نوێی جیهانی و زاڵبوونی دیموكراسی و ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌یی و كارایی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه هانده‌رن بۆ ئامادەبوونی ژنان له كایه‌ی سیاسی و بڕیارسازیدا، چونكە مه‌حاڵه سیستمێكی دیموكراتی كارا بە بێ به‌شداری ژن بێته‌كایه‌وه .ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌یی پێش هه‌مووشت كار له سه‌ر بنه‌مایی « لێهاتوویی» كه‌سه‌كان ده‌كات، بۆیه ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێكه بۆ به‌شداری ژن. جوانترین نموونه‌ی به‌شداریی ژن له پێگه‌ی دیموكراسی و ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌یی و په‌رله‌مانی شه‌فاف، وڵاتانی ئهسكهندهنافییه له باكووری ئه‌وروپا.
دووه‌م: ئەو هۆكارەی كه پاڵپشتی له به‌شداری ژن ده‌كات، یاخود باشتره بڵێین زهمینەسازی یارمه‌تیده‌ری ژنه له چالاكیی سیاسی‌دا، پێشكه‌وتن و زانست و ته‌كنه‌لۆژییه .كاتێ له رێگه‌ی زانستەوە ده‌سه‌لمێندرێ كه مێشكی ئافره‌ت جیاواز نییه له رووی عه‌قڵه‌وه لەگەڵ پیاو، ئه‌مه ره‌تكردنه‌وه‌ی بیروبۆچوونه‌كانی پێشوی ئایینی و دابونهریتییه .داهێنانی ده‌یان ئامێری كاركردن له ناوماڵ یارمه‌تیده‌رێكی گرنگه بۆ هه‌بوونی كاتی ئازاد بۆ ژنان تاوەكو بتوانن بیربكه‌نه‌وه، بخوێننه‌وه و به شداری له كایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسی بكه‌ن .
سه‌رده‌می سیسته‌می نوێی جیهانی (globalization)واتا (جیهانگیری) و رێگاكانی نوێی پێوه‌ندیكردن و ته‌كنه‌لۆژیای تازه، ده‌رفه‌تێكی زێڕینیان بۆ ئافره‌ت خولقاندووه كه ساناتر بتوانێت شان به شانی پیاو به‌ره‌و پێشه‌وه بچن .هه‌روه‌ها ژنان ده‌تواتن له جیهانی ئیفترازی سۆشیال میدیا رۆڵی خۆیان ببینن و خاوه‌ن ده‌نگ و په‌یڤی خۆیان بن و به‌هره‌كانیان بخه‌نه‌ڕوو. ته‌نانه‌ت ژنان دەتوانن به بێ پاڵپشتی پیاو، خێزان، یان به بێ پاڵپشتی حزبی و سیاسی له‌م جیهانه‌دا، بگه‌نه شوێنی زۆر كاریگه‌ر و گرنگ .جیهانی ئیفترازییش وایە هه‌موو كه‌س ئازادانه ده‌توانێ ببێته ئه‌ندام تێیدا و جموجۆڵ بكات .
هه‌زاران ژن به رێگه‌ی ئونلاین كاری بازرگانی ده‌كه‌ن، ده‌خوێنن و بڕوانامه‌ی به‌رز به ده‌ست ده‌هێنن، تێكه‌ڵی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی نه‌ك كۆمه‌ڵگەی خۆیان، بگرە تێكه‌ڵی جیهانیش ده‌بن .ژنانی كوردستانیش له‌م جیهانه ده‌توانن قه‌ره‌بووی ئه‌و رێگرییانه بكه‌نەوە كه كۆمه‌ڵگەی پیاوسالاری به سه‌ریاندا سهپاندوویەتی. ده‌توانن باس له ویست و داخوازیه‌كانیان بكه‌ن. رای سیاسی خۆیان بخه‌نه‌ڕوو، جۆره‌ها نێت و رایه‌ڵه دروست بكه‌ن بۆ شكاندنی به‌ربه‌سته‌كان له به‌رده‌م پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگە و دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی.
Top