لە سعودیە بەشێك لە ژنان هاوژینی دووەم بۆ پیاوەكانیان دەدۆزنەوە

لە سعودیە بەشێك لە ژنان هاوژینی دووەم بۆ پیاوەكانیان دەدۆزنەوە
لە سعودیە بەشێك لە ژنان هاوژینی دووەم بۆ پیاوەكانیان دەدۆزنەوە، هەریەكێك لەوانەش هۆكارێك وایلێدەكات ئەو كارە بكات.

دیاردەی ژنی دووەم بۆ عەرەبە سعوودییەکان، بەشێکە لە کەلتووری ناوچەکە. 37 ساڵ بەر لە ئێستا لە شاری ئیحسای سعودیە هەموو دانیشتووانی شارەکە باسیان لە شێتی ژنێک دەکرد، کە بەدەستی خۆی ژنی دووەم بۆ هاوسەرەکەی دۆزیەوە، ئەو دەمە خەڵکی ئەو شارە دەیانگوت "ئەو ژنە عەقڵی خۆی لەدەستداوە"، هەرچەندە پاساوی ژنەکە ئەوە بووە، کە حەزەکانی پیاوەکەی بە یەک ژن کۆتایی نەدەهاتن، دواتر ئەو ژنە و هەوێیەکەی، ژنی سێیەمیان بۆ مێردەکەیان هێنا.

دیاردەی فرەژنەیی لە شارێک وەک ئیحسا بابەتێکی ئاساییە و هەندێ جاریش بە کاری جادووگەریی دەبەسرێتەوە. چەند ساڵێک لەمەوبەر ژنێک لەسەر بنەمای ئەوەی جن ئازاری گیانی دەدات و پێویستە ژنێک بۆ هاوسەرەکەی بدۆزێتەوە، تاوەكو ئازارەکانی کەم ببنەوە، کچێکی تەمەن خوار 18 ساڵانی بۆ هاوسەرەکەی هێنا. دواتر دوای کۆتایی هاتنی ئاهەنگی گواستنەوەکە، ئەو ژنە ئاشکرای کرد "هیچ ئازارێکی جەستەیی و دەروونیم نەماوە".

لە یەکێک لە نموونە نامۆکانی دیکەی نێو کۆمەڵگەی سعودیە بۆ ساڵی 1992 دەگەڕێتەوە، کاتێک ژنێک بەوپەڕی باوەڕی خۆیەوە هەوڵیدا هاوسەرەکەی رازی بکات تاوەكو کچە هاوڕێکەی خۆی بهێنێت، هۆکارەکەش، وەک ژنی یەکەم دەڵێت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە کچە هاوڕێکەی هەر لە منداڵییەوە هاوکاری کردووە و ئێستا کە تەمەنی چووەتە سەرەوە و هاوسەرگیری نەکردووە، پێویستە بە هاوسەرگیریکردن لەگەڵ مێردەکەی پاداشتی چاکییەکانی هاوڕێکەی بداتەوە.

لە باکووری هەمان شاردا، ژنێک دوای 16 ساڵ هاوسەرگیریی بڕیاری دا ژنێک بۆ هاوسەرەکەی بهێنێت، بۆ ئەوەی گرێی نەزۆکییەکەی بکرێتەوە و ببێت بە خاوەن منداڵ، دوای ئەوەی هاوسەرەکەی ژنی دووەم دەهێنێت و منداڵی دەبێت، ژنی یەکەمی وەک خۆی چاوەڕێی دەکرد گرێکوێرەی نەزۆکییەکەی کرایەوە و بوو بە خاوەن منداڵ.

رۆڵی دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان لە وڵاتێک وەک سعودیە هێزێکی گەورە و مەزنی هەیە لە بیرکردنەوەی خەڵکی ئەو ناوچەیە.

بەدرێژایی مێژووی ناوچەی نیمچەدوورگەی عەرەب، دیاردەی فرەژنی باو و ئاسایی بووە و نەک تەنها پیاوان هەوڵی بۆ دەدەن بەڵکو هەندێ جار وەک ئەوەی کە لە شاری ئیحسا و شارەکانی دیکەی سعودیە روودەدات، ژنانی ئەو وڵاتەش بە تەواوی بڕوای خۆیانەوە ژنی دووەم، سێیەم و چوارەم بۆ هاوسەرەکانیان دەدۆزنەوە.




رووداو
Top