لە رۆژە گەرمەكەدا سێ گەنج لە سنووری دهۆك خنكان

لە رۆژە گەرمەكەدا سێ گەنج لە سنووری دهۆك خنكان
رۆژی 22ی ته‌مموزی 2016 كه‌ پله‌ی گه‌رما له‌ پارێزگای دهۆك لە سەرووی 46 پله‌ بوو، سێ گه‌نجی سنووری پارێزگاكە له‌كاتی مه‌له‌كردندا خنكان.

رائید بێوار عه‌بدولعه‌زیز، به‌رپرسی په‌یوه‌ندیدییەکان و راگه‌یاندنی به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی به‌رگریی شارستانی دهۆك رایگه‌یاند، دوو گه‌نجی پارێزگای دهۆك لەكاتی مه‌له‌كرندن له‌ ناوچه‌ی سحێلای سه‌ر به‌ شارۆچكەی زاخۆ خنكان، ئه‌وانیش جانگیر ئیبراهیم ته‌مه‌ن 21 ساڵ و ئه‌كره‌م ئیسماعیل ته‌مه‌ن 23 ساڵ بوون.

هەمان رۆژ له‌ شاره‌دێی مانگێشكێ مێردمنداڵێكی ته‌مه‌ن 13 ساڵ له‌ ناوچه‌ی دووكه‌رێ خنكاوە. بەگوتەی رائید بێوار، تیمه‌كانی به‌رگریی شارستانی ته‌رمی گەنجێك و مێردمنداڵەكەیان دۆزیوەتەوە‌، به‌ڵام ته‌رمی ئه‌كره‌م ئیسماعیل هێشتا نەدۆزراوەتەوە و تیمه‌كان تاوەكو ئێستا بەدوایدا دەگەڕێن.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما رۆژی 21ی مانگی ته‌مموزی كرده‌ پشووی فه‌رمی، له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ش لە رۆژانی 21 و 22 ی مانگ پلەی گەرما 50 پلەی سیلیزی تێپەڕاند. هەمان رۆژ سێ كەسی دانیشتووی شاری هەولێر، لە كوێستانی پڕژێی سەر بە شارۆچكەی چۆمان لە دەڤەری باڵەكایەتی، كەوتنە ژێر كەڤییە بەفرێك و گیانیان لەدەستدا.
Top