بۆ دەستەبەركردنی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو پێویستە بیركردنەوەی پیاو بەرامبەر بەئافرەت بگۆڕدرێت
July 23, 2016
کۆمەڵایەتی
![بۆ دەستەبەركردنی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو پێویستە بیركردنەوەی پیاو بەرامبەر بەئافرەت بگۆڕدرێت](https://gulanmedia.com/public/old_images/articles/usseevss.jpg )
گوڵان: كۆمەڵایەتی
سەرەتا حەیات مەجید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، باسی زەروورەتی تێكەڵكردنی عەقڵییەتی ئافرەت و پیاو دەكات و جیاوازی لە بیركردنەوەشیاندا بە «سیستەمێكی زۆر سروشتی» هەژمار دەكات، هاوكات دەڵێت: «زۆر سروشتییە كە ئەم دوو عاقڵە جیاواز بن، لە بەر ئەوەی زۆربەی شتەكانی ئەم دوو خوڵقێنەرە جیاوازی هەیە، بەتایبەتی لە رووی فسیۆلۆجی و تەنانەت لە رووی توانا و بیركردنەوەشدا، بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە كە ئەم دوو رەگەزی نێر و مێ، یان ژن و پیاوە سەرەڕای هەموو جیاوازییەكان تەواوكەری یەكترن و پێویستە خاڵی هاوبەش و خاڵی بە یەوەكەوە گرێدان لە گەڵ یەكتردا بەرجەستە بكەین و بایەخی زیاتری پێبدەین. ئەم هەڵسوكەوت كردنەش وا دەكات كە بەردەوام بە دوای گەشەسەندنی ژیان و دروستكردنی جۆرێكی زۆر شیاوی پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكانماندا بگەڕێین، ئەوەش دەبێتە هۆی پاشگەزبوونەوە لە هەندێ راوبۆچوون و عەقڵییەتی خۆسەپێن كە مافەكانی بەرامبەر پێشێل دەكات، واتە دەبێت كار بۆ ئەوە بكەین كە هەر دوو رەگەز بتوانن بە شێوەیەكی هاوبەش و پێكەوە لە یەك ماڵ لە یەك شوێنی كار و لە یەك كۆمەڵگە و وڵاتدا بە سەركەوتوویی ببنە تەواوكەری یەكتر و پێكەوە هەنگاوەكانی پێشكەوتن هەڵبگرن.»
سامان عومەر شارەزای ئاسایشی نەتەوەییە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «خێزان یەكەی یەكەمی كۆمەڵگە پێكدەهێنێت، كە پێكهاتووە لە ژن و پیاو و منداڵ، هەموویان بە یەكەوە پێوەندییەكی بەهێز لە نێوانیاندا هەیە، ئەمەش لە دەرئەنجامی پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە دروست دەبێت، كە دەبنە خاوەن بەرژەوەندی هاوبەش.» گوتیشی: «سیستەمی خێزان لە كومەڵگەدا پێوەندییەكی چڕ و پڕی بە بیر و باوەڕ و دابونەریت و مێژووی كۆمەڵگەكە و سیستەمی كاروباری كۆمەڵایەتی، ئابووری و پەروەردە و دادگا هەیە. ئەمانە هەموو سەرچاوەن بۆ بە سیستەمكردنی خێزان، لەسەر ئەمەش تەواوی خوێندنەوەی كۆمەڵایەتی وایە كە ئاسایشی كۆمەڵایەتی و خێزان پێویستی بە بەرپرسیاریی هاوبەش هەیە و ئەركی دەستەبەركردنی ئەو ئاسایشە خێزانی و كۆمەڵایەتییە لە سەر شانی هەر دوو رەگەزی كۆمەڵگەیە، چونكە لەناوچوونی خێزان دەبێتە هۆی لە ناوچوونی پرەنسیپ و پیرۆزییەكانی ناو هەر كۆمەڵگەیەك، بە كۆن و تازەیەوە .» گوتیشی: «هەموو دەوڵەتێك ئەركی سەر شانیەتی كە بە یاسا و رێساكان پێوەندی نێوان هاووڵاتی و دەوڵەت دروست بكات و پیاو و ژنیش لە چوارچێوەیەكی لۆژیكی و عەقڵانی و هاوبەشدا رێك بخات. لەسەر رێكخستنی پێوەندیی پیاو و ژنیش دەبێ سەرچاوەی یاسا و رێساكان هەمان ئەو سەرچاوە ناسیارە بن كە سیستەمی خێزان پێكدەهێنن. چونكە بە یاسا و رێساكان پیاو و ژن و هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە بە ماف و ئەرك وئازادیی خۆیان دەگەن. بۆیە نابێت هیچ كاتێك هیچ لایەنێكیان مەترسی بۆ سەر ئاسایشی لایەنەكەی دیكە دروست بكەن.» سەبارەت بەوەش كە چۆن دەتوانین بیركردنەوەی پیاو بەرامبەر بە ئافرەت و مافەكانی بگۆڕین، ئەم چەند خاڵەی دەستنیشان كرد:
- دەوڵەت پێویستە بە یاسا پشتیوانی لە ژن بكات و پارێزەری هەموو مافەكانی بێت، (لە رووی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، شارستانی و ...تاد). لە بەر ئەوەی هەر كاتێك پیاو توندوتیژی بەرامبەر بە ژن بكات، راستەوخۆ بدرێتە دادگا و لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت .
- باوەڕ و متمانەكردن بە دەوڵەت و تەعدیلی داب ونەریتی كۆن و برەودان بە رۆشنبیری و سیستەمی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابووری و پەروەردە، كە پیاو لەو چەمكانە تێبگەیەندرێت، بۆ ئەوەی بزانێت ئاسایشی ژن هێڵی سوورە و نابێت توندوتیژی بەرامبەر بكرێت.
- هۆشیاركردنەوەی پیاو لەوەی كە ژن بەشێكی كاریگەرە لە نێو پرۆسەی بەدەستهێنانی بەرژەوەندی خێزان، كۆمەڵگە و تەنانەت بونیادی نەتەوەییدا .
- چۆن پیاوان بە مافی خۆیانی دەزانن كە دەبێ خاون ماف بن بە هەموو جۆرەكان، پێویستە هەمان بیركردنەوەشیان بۆ ژن و مافەكانی هەبێت.
- پێویستە پیاو لەو ئەركە مەزنەی پەروەردەكردنی منداڵ لەلایەن دایكەوە تێبگەیەندرێ، بۆ ئەوەی لەو بوارەشدا هەستی هاوكاری هەبێت و بە ئەركی هاوبەشی بزانێت .
- كەناڵە جەماوەرییەكان بە رێگەی ۆرك شۆپ،سیمینار،كەمپین، هەوڵ بدەن پێناسەی ماف، ئەرك و ئازادی هەر تاكێك لە ناو كۆمەڵگەدا بكەن و واقیعێك دروست بكەن، تاكو پیاو رێز لە ژن بگرێت و دوای هاوسەرگیری وەكو خزمەتكار و كۆیلەیەك لێی نەڕوانێت، بەلكۆ وەك خاون ماف و شایانی رێز و خوشەویستی وەك هاوبەشێك قبووڵی بكات.
لە لای خۆیەوە نەرمین سندی بەڕێوەبەری رادیۆی هێلین –ی سەربە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان سەبارەت بە هەمان پرس گوتی: «لە ئێستادا و بە بەراورد لەگەڵ چەند ساڵێك لەمەو پێش هەست دەكرێ بیركردنەوەی پیاو بەرامبەر بە ئافرەت و تواناكانی كاركردنی ئافرەت كرانەوەیەكی بە خۆیەوە بینیوە، بێگومان ئەم كرانەوەش وەك هەر پێشكەوتن و تێگەیشتنێك لە سەرخۆ و بە ئاسایی قوناغەكانی بڕیوە و چاوەڕێ دەكرێ بە تێپەڕبوونی كات باشتر و زیاتریش بەرەو پێش بچێت و پێشكەوتنی زیاتری كۆمەڵگەی لێ بكەوێتەوە. هەر ئەم پێشكەوتنەشە كە تێگەیشتنی رەگەزی بەرامبەر ئاسانتر دەكات بۆ قبووڵكردنی پێشڤەچوون و بەشداریكردنی زیاتری ئافرەتان لە بوارە جیاجیاكانی كار و تێكەڵبوونیان لەگەڵ كومەڵگە.» گوتیشی: «ئەوەی ئێستا جێی دڵخۆشییە ئەوەیە كە ئافرەت لە سەرجەم بوارەكاندا كار دەكات و هیچ بوارێك بە فەرمی بە روویدا داناخرێ، بەڵام ئەوەش دەمێنێتەوە سەر ئەوەی كە خۆی تاچەند دەتوانێت تواناكانی بۆ بەرامبەر بسەلمێنێت. ئەوەش زۆر گرنگە كە تا چەند رەگەزی بەرامبەر و هاوڕەگەزی خودی ئافرەت كوسپی لە بەردەم دانانێن، بێگومان ئەمە پاش تێپەڕكردنی قوناغی كۆسپەكانی نێوماڵ، یان نێو خێزانی خۆی. لە لایەكی دیكەوە بۆ دروستكردن و ئامادەكردنی نەوەیەك كە باشتر و كراوەتر لەگەڵ ئەم بابەتە مامەڵە بكات. واتە پێویستە لە چەندین لاوە كار لەسەر دەستەبەری یەكسانی رەگەزی بكرێت و بەرنامە و پلانی بۆ دابڕێژرێت، بە شێوەیەك كە هیچ بەركەوتنێك دروست نەكات و لە مەودای نزیكدا بەشداریی وەك یەكی عەقڵی ژن و پیاو پێكەوە گرێ بدات، ئەمەش بێگومان پێویستی بە دیراسەكردن و توێژینەوە و لێكۆڵینەوە هەیە، تا بتوانرێ پلان و بەرنامەی پوختی بۆ دابڕێژدری، بە جۆرێك كە گشت بوارەكان بگرێتەوە. بۆیە سیستەمی پەروەردە و ئینجا میدیا و رێكخراوەكانی حكوومی و مەدەنی و خودی خێزان دەبێت تاك وا ئاراستە بكەن كە بگاتە ئەو قەناعەتەی كە بۆ دەستەبەركردنی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو پێویستە عەقڵی پیاو تێكەڵ بە عەقڵی ئافرەت بكرێت.»