بۆ دەستەبەركردنی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو پێویستە بیركردنەوەی پیاو بەرامبەر بەئافرەت بگۆڕدرێت

بۆ دەستەبەركردنی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو پێویستە بیركردنەوەی پیاو بەرامبەر بەئافرەت بگۆڕدرێت
بەشێك لە خانمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكەن كە سەرەڕای هەوڵ و بزاڤی جۆراوجۆر لە پێناوی دەستەبەركردنی یەكسانی رەگەزی، كەچی لە پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی و دروستكردنی بڕیاردا هیشتا نەگەیشتوونەتە ئاستێكی شیاو، هێما بۆ ئەوەش دەكەن كە بەپێی یاسا هەندێك دەرفەت بۆ مومارسەی مافەكانی ئافرەتان دیاری كراوە، نموونەش بە سیستمی كۆتا دەهێننەوە، بەڵام هاوكات ئەو رەخنەیەش ئاراستەی حزبەكان دەكەن بەوەی كە وەكوو پێویست لە بواری دروستكردنی بڕیاردا ئاوڕیان لە ئافرەتان نەداوەتەوە. چالاكانی یەكسانیخواز پێداگری لەسەر توانا و كارامەیی ئافرەتان دەكەنەوە، جەختیش لەوە دەكەنەوە كە لە كۆمەڵگە دواكەوتووەكان بە كوردستانیشەوە پێویستە بیركردنەوەی پیاو بەرامبەر بە ژن بگۆڕێت. هەر لەو بارەیەوە بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان را و سەنجی تایبەت بە خۆیان هەیە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی


سەرەتا حەیات مەجید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، باسی زەروورەتی تێكەڵكردنی عەقڵییەتی ئافرەت و پیاو دەكات و جیاوازی لە بیركردنەوەشیاندا بە «سیستەمێكی زۆر سروشتی» هەژمار دەكات، هاوكات دەڵێت: «زۆر سروشتییە كە ئەم دوو عاقڵە جیاواز بن، لە بەر ئەوەی زۆربەی شتەكانی ئەم دوو خوڵقێنەرە جیاوازی هەیە، بەتایبەتی لە رووی فسیۆلۆجی و تەنانەت لە رووی توانا و بیركردنەوەشدا، بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە كە ئەم دوو رەگەزی نێر و مێ، یان ژن و پیاوە سەرەڕای هەموو جیاوازییەكان تەواوكەری یەكترن و پێویستە خاڵی هاوبەش و خاڵی بە یەوەكەوە گرێدان لە گەڵ یەكتردا بەرجەستە بكەین و بایەخی زیاتری پێبدەین. ئەم هەڵسوكەوت كردنەش وا دەكات كە بەردەوام بە دوای گەشەسەندنی ژیان و دروستكردنی جۆرێكی زۆر شیاوی پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكانماندا بگەڕێین، ئەوەش دەبێتە هۆی پاشگەزبوونەوە لە هەندێ راوبۆچوون و عەقڵییەتی خۆسەپێن كە مافەكانی بەرامبەر پێشێل دەكات، واتە دەبێت كار بۆ ئەوە بكەین كە هەر دوو رەگەز بتوانن بە شێوەیەكی هاوبەش و پێكەوە لە یەك ماڵ لە یەك شوێنی كار و لە یەك كۆمەڵگە و وڵاتدا بە سەركەوتوویی ببنە تەواوكەری یەكتر و پێكەوە هەنگاوەكانی پێشكەوتن هەڵبگرن.»
سامان عومەر شارەزای ئاسایشی نەتەوەییە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «خێزان یەكەی یەكەمی كۆمەڵگە پێكدەهێنێت، كە پێكهاتووە لە ژن و پیاو و منداڵ، هەموویان بە یەكەوە پێوەندییەكی بەهێز لە نێوانیاندا هەیە، ئەمەش لە دەرئەنجامی پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە دروست دەبێت، كە دەبنە خاوەن بەرژەوەندی هاوبەش.» گوتیشی: «سیستەمی خێزان لە كومەڵگەدا پێوەندییەكی چڕ و پڕی بە بیر و باوەڕ و دابونەریت و مێژووی كۆمەڵگەكە و سیستەمی كاروباری كۆمەڵایەتی، ئابووری و پەروەردە و دادگا هەیە. ئەمانە هەموو سەرچاوەن بۆ بە سیستەمكردنی خێزان، لەسەر ئەمەش تەواوی خوێندنەوەی كۆمەڵایەتی وایە كە ئاسایشی كۆمەڵایەتی و خێزان پێویستی بە بەرپرسیاریی هاوبەش هەیە و ئەركی دەستەبەركردنی ئەو ئاسایشە خێزانی و كۆمەڵایەتییە لە سەر شانی هەر دوو رەگەزی كۆمەڵگەیە، چونكە لەناوچوونی خێزان دەبێتە هۆی لە ناوچوونی پرەنسیپ و پیرۆزییەكانی ناو هەر كۆمەڵگەیەك، بە كۆن و تازەیەوە .» گوتیشی: «هەموو دەوڵەتێك ئەركی سەر شانیەتی كە بە یاسا و رێساكان پێوەندی نێوان هاووڵاتی و دەوڵەت دروست بكات و پیاو و ژنیش لە چوارچێوەیەكی لۆژیكی و عەقڵانی و هاوبەشدا رێك بخات. لەسەر رێكخستنی پێوەندیی پیاو و ژنیش دەبێ سەرچاوەی یاسا و رێساكان هەمان ئەو سەرچاوە ناسیارە بن كە سیستەمی خێزان پێكدەهێنن. چونكە بە یاسا و رێساكان پیاو و ژن و هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە بە ماف و ئەرك وئازادیی خۆیان دەگەن. بۆیە نابێت هیچ كاتێك هیچ لایەنێكیان مەترسی بۆ سەر ئاسایشی لایەنەكەی دیكە دروست بكەن.» سەبارەت بەوەش كە چۆن دەتوانین بیركردنەوەی پیاو بەرامبەر بە ئافرەت و مافەكانی بگۆڕین، ئەم چەند خاڵەی دەستنیشان كرد:
- دەوڵەت پێویستە بە یاسا پشتیوانی لە ژن بكات و پارێزەری هەموو مافەكانی بێت، (لە رووی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، شارستانی و ...تاد). لە بەر ئەوەی هەر كاتێك پیاو توندوتیژی بەرامبەر بە ژن بكات، راستەوخۆ بدرێتە دادگا و لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت .
- باوەڕ و متمانەكردن بە دەوڵەت و تەعدیلی داب ونەریتی كۆن و برەودان بە رۆشنبیری و سیستەمی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابووری و پەروەردە، كە پیاو لەو چەمكانە تێبگەیەندرێت، بۆ ئەوەی بزانێت ئاسایشی ژن هێڵی سوورە و نابێت توندوتیژی بەرامبەر بكرێت.
- هۆشیاركردنەوەی پیاو لەوەی كە ژن بەشێكی كاریگەرە لە نێو پرۆسەی بەدەستهێنانی بەرژەوەندی خێزان، كۆمەڵگە و تەنانەت بونیادی نەتەوەییدا .
- چۆن پیاوان بە مافی خۆیانی دەزانن كە دەبێ خاون ماف بن بە هەموو جۆرەكان، پێویستە هەمان بیركردنەوەشیان بۆ ژن و مافەكانی هەبێت.
- پێویستە پیاو لەو ئەركە مەزنەی پەروەردەكردنی منداڵ لەلایەن دایكەوە تێبگەیەندرێ، بۆ ئەوەی لەو بوارەشدا هەستی هاوكاری هەبێت و بە ئەركی هاوبەشی بزانێت .
- كەناڵە جەماوەرییەكان بە رێگەی ۆرك شۆپ،سیمینار،كەمپین، هەوڵ بدەن پێناسەی ماف، ئەرك و ئازادی هەر تاكێك لە ناو كۆمەڵگەدا بكەن و واقیعێك دروست بكەن، تاكو پیاو رێز لە ژن بگرێت و دوای هاوسەرگیری وەكو خزمەتكار و كۆیلەیەك لێی نەڕوانێت، بەلكۆ وەك خاون ماف و شایانی رێز و خوشەویستی وەك هاوبەشێك قبووڵی بكات.
لە لای خۆیەوە نەرمین سندی بەڕێوەبەری رادیۆی هێلین –ی سەربە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان سەبارەت بە هەمان پرس گوتی: «لە ئێستادا و بە بەراورد لەگەڵ چەند ساڵێك لەمەو پێش هەست دەكرێ بیركردنەوەی پیاو بەرامبەر بە ئافرەت و تواناكانی كاركردنی ئافرەت كرانەوەیەكی بە خۆیەوە بینیوە، بێگومان ئەم كرانەوەش وەك هەر پێشكەوتن و تێگەیشتنێك لە سەرخۆ و بە ئاسایی قوناغەكانی بڕیوە و چاوەڕێ دەكرێ بە تێپەڕبوونی كات باشتر و زیاتریش بەرەو پێش بچێت و پێشكەوتنی زیاتری كۆمەڵگەی لێ بكەوێتەوە. هەر ئەم پێشكەوتنەشە كە تێگەیشتنی رەگەزی بەرامبەر ئاسانتر دەكات بۆ قبووڵكردنی پێشڤەچوون و بەشداریكردنی زیاتری ئافرەتان لە بوارە جیاجیاكانی كار و تێكەڵبوونیان لەگەڵ كومەڵگە.» گوتیشی: «ئەوەی ئێستا جێی دڵخۆشییە ئەوەیە كە ئافرەت لە سەرجەم بوارەكاندا كار دەكات و هیچ بوارێك بە فەرمی بە روویدا داناخرێ، بەڵام ئەوەش دەمێنێتەوە سەر ئەوەی كە خۆی تاچەند دەتوانێت تواناكانی بۆ بەرامبەر بسەلمێنێت. ئەوەش زۆر گرنگە كە تا چەند رەگەزی بەرامبەر و هاوڕەگەزی خودی ئافرەت كوسپی لە بەردەم دانانێن، بێگومان ئەمە پاش تێپەڕكردنی قوناغی كۆسپەكانی نێوماڵ، یان نێو خێزانی خۆی. لە لایەكی دیكەوە بۆ دروستكردن و ئامادەكردنی نەوەیەك كە باشتر و كراوەتر لەگەڵ ئەم بابەتە مامەڵە بكات. واتە پێویستە لە چەندین لاوە كار لەسەر دەستەبەری یەكسانی رەگەزی بكرێت و بەرنامە و پلانی بۆ دابڕێژرێت، بە شێوەیەك كە هیچ بەركەوتنێك دروست نەكات و لە مەودای نزیكدا بەشداریی وەك یەكی عەقڵی ژن و پیاو پێكەوە گرێ بدات، ئەمەش بێگومان پێویستی بە دیراسەكردن و توێژینەوە و لێكۆڵینەوە هەیە، تا بتوانرێ پلان و بەرنامەی پوختی بۆ دابڕێژدری، بە جۆرێك كە گشت بوارەكان بگرێتەوە. بۆیە سیستەمی پەروەردە و ئینجا میدیا و رێكخراوەكانی حكوومی و مەدەنی و خودی خێزان دەبێت تاك وا ئاراستە بكەن كە بگاتە ئەو قەناعەتەی كە بۆ دەستەبەركردنی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو پێویستە عەقڵی پیاو تێكەڵ بە عەقڵی ئافرەت بكرێت.»
Top