ئافرەتێكی عەرەب : له ژێر ئاڵای كوردستان كەرامەتمان پارێزراوه .

ئافرەتێكی عەرەب : له ژێر ئاڵای كوردستان كەرامەتمان پارێزراوه .
ژمارەیەكی زۆری ئافرەتی بیانی بۆ كاركردن روویان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە. عەرەبی عێراقی و سوورى، چینی، فلیپینی و ئەفریقی و خەڵكی زۆر وڵاتی دیكەشیان تێدایە. بەشێكیان لە لایەن كۆمپانیاكانەوە هێنراون و كاری ماڵان دەكەن. هەندێكیشیان بەتایبەتی عەرەبەكان خۆیان بە تەنیا، یان لەگەڵ خێزانەكانیان هاتوون و بە هۆی شەڕی ناوخۆی مەزهەبی و تائیفی ئاوارە بوون، یەكێك لەو ئافرەتانە كە لە ئەنبار لەدایك بووە و لە بەغدا گەورە بووە و دواتر هاتووەتە كوردستان، بەسەرهاتی خۆی بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە.

باڵاپۆشێكی درێژی لە بەردایە و لە ژێر سەرپۆشەكەیەوە پرچی بە لای هەردوو روومەتیدا بەرەو چەناكەی شۆڕ كردووەتەوە. جووتێ پێڵاوی تەختی لە پێدایە و ماكياجێكی نەرمی كردووە. بە عەرەبییەكی بەغدایی دەدوێ، هەندێك زمانی ئینگلیزی و چینی دەزانێت و چەند وشەیەكی فارسی فێر بووە، بەڵام زمانی كوردی بە تەواوی فێر بووە و بەئاسانی قسەی پێدەكات. ئەو بە گەرمی پێشوازی لە موشتەرییەكان دەكات. دەست و پەنجەی زۆر خێرایە و لە كاری ئارایش و پرچ بڕین و بۆیەكردنی پرچ و تەنانەت لە تاتۆ و زۆر بواری دیكەی جوانكاریی ئافرەتان شارەزاییەكی تەواوی هەیە. خاوەن كارەكەی و موشتەرییەكانیش زۆر لە دەستی رازین. لەگەڵ ئەوەی بەردەوام دەم بە خەندەیە، بەڵام خەمێكی قووڵ لە نێو چاوەكانیدا خۆی حەشار داوە. ئەوە پێناسەیەكی كورت بوو لە مەعسوومە. وەك خۆی باسيكرد، لەگەڵ خوشكێكی خۆی پێكەوە دەژین و هەر دووكیشیان لەو ئارایشگا گەورەیە كاردەكەن. ئەو زۆر سوپاسگوزاری خەڵكی كوردستان دەكات و دەڵێت: «ئێمە گەنج بووین، باوك و برامان نەبوو، لە لایەن كۆمەڵگەی خۆمانەوە تووشی زۆر كێشە هاتین و گێچەڵی زۆریان پێ كردین. لە بەغدا ئەمانمان نەبوو، هەزاران قسەوقسەڵۆكیان بۆ هەڵدەبەستین، ساڵێك پێش ئەوەی رژێمەكەی سەدامی نەفرەتی بڕووخێ، هاتینە كوردستان، بەڵام لێرە زۆر رێزمان دەگرن و هیچ كێشە و گرفتێكیان بۆ دروست نەكردووین.»
مەعسوومە تەمەنی 38 ساڵە و وەك خۆی باسیكرد، هێشتا هاوسەرگیری نەكردووە، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە زۆر بە وریایی چاودێری دەوروبەری دەكات، چونكە متمانەی بە پیاوان نییە.
كاتێك پرسیارمان كرد هۆكاری ئەو بێ متمانەییەت بە پیاون چییە؟ زۆر راشكاوانە گوتی: «من لە بەغدا كاری سكرتێری دكتۆر و فرۆشیاری لە ماركێت و تەنانەت كاری چێشتخانە و یانەی شەوانەشم كردووە، بەڵام زۆربەی خاوەن كارەكانم لە بەرامبەر ئەو بڕە پارەی كە مافی خۆم بوو لە بری كار وەرمدەگرت، نیازی پیسیان هەبوو. بۆیە بڕیارم دا، تەنیا لەگەڵ ئافرەتان كار بكەم، ئەوە بوو كە رووم لە كاری ئارایش و جوانكاری كرد. خاوەن كاری پیاو زۆربەیان لە بری ئەو پارەی مانگانە كە بە ئافرەتی كارمەندیان دەدەن، پێیانوایە بوونەتە خاوەنی و سنووری خۆیان نازانن.»
مەعسوومە لە درێژەی ئاخاوتنەكەیدا بەمجۆرە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەداتەوە كە خانەوادەكەی چی بەسەر هاتووە و بۆچی تەنیا خۆی و خوشكە بچووكەكەی پێكەوەن: «باوكم لە تەمەنی پەنجاو یەك ساڵی كە هێشتا تەمەنێكی وای نەبوو، تووشی جەڵدەی دەماخ بوو، كۆچی دوایی كرد. براشمان نەبوو، چوار خوشك بووین و من گەورەكەیان بووم. بۆیە هەر زوو وازم لە خوێندن هێنا و بە ناچاری بۆ ئەوەی یارمەتی دایكم بدەم، دەستم بە كاركردن كرد. بەڵام دایكم باشی پەروەردە كردین و وای ئامۆژگاری كردین، كە هەرگیز هیچ كەسێك نەتوانێ ئیستغلالمان بكات. كاتێك دایكمان كۆچی دوایی كرد و ئیتر من و خوشكە بچووكەكەم بە تەنیا ماینەوە، ئەوە كارەساتی گەورە بوو، كە گەورەترین پشتیوانی خۆمان لەدەست دا. دوای ئەوە خوشكێكم مێردی كرد و مێردەكەشی زۆر دەست كورت بوو. زیاتر لە دە ساڵە ئاگامان لە یەكتر نەماوە، خوشكێكیشم كە لەگەڵ مونەزەمەی ئەجنەبییەكان كاری دەكرد، ئەو رۆیشتە هەندەران و تا ئێستاش لە وڵاتی فینلەندا دەژی. بەڵام ئەو خوشكەمان كە لە هەندەرانە زۆر هاوكاری كردووین. لەگەڵ ئەوەشدا لە بەغدا نەهامەتی زۆرمان بینی، بەڵام ئەوە نزیكەی چواردە ساڵە لە كوردستان دەژین و زۆریش ئاسوودەین.»
لە دواقسەشی وەك پەیامێك بۆ خەڵكی كوردستان، گوتی: «عێراق تووشی كاولكاری و شەڕی مەزهەبی بووە، ئێمە لە ژێر ئاڵای عێراق هەستمان بە ئاسایش نەكرد، بەڵام لە ژێر ئاڵای كوردستان حەواینەوە و كەرامەتمان پارێزراوە، بۆیە هیوادارم كوردستان ببێتە دەوڵەت و شایانی ئەوەشە، چونكە هەموو نەتەوەیەك و هەموو ئایینێك لەم كوردستانەدا رێزی خۆیان هەیە.»
Top