تەختە سووتاوەكەی باوكم ... ئازاد ئەرگوشی

تەختە سووتاوەكەی باوكم  ... ئازاد ئەرگوشی
باوكم پیاوێكی مەیباز و مێباز بوو . ئەوەندەی لە بیرمە قەت نەمبینیبوو باوكم بە قسەی خۆش لەگەڵ دایكم قسەبكات. زۆر جار شایەتی سووكایەتی پێكردن و زەبرو زەنگی باوكم بوومە لە دژی دایكم، سەیرەكەش لەوەدابوو، كە قەت نەمبینی ڕۆژێك لە ڕۆژان دایكم گلەیی و گازندە لە باوكم بكات! هەر ئەوەندە كە باوكم دەڕۆیشتە دەرەوە، خێرا لە شوێنی خۆی هەڵدەستا و دەستی دەكرد بە ئەنجامدانی كاروباری ڕۆژانەی ناوماڵ. ئەگەر لە كاتی بە شەڕهاتنیان لە ماڵەوە بوومایە، یەكەم شت كە دایكم دەیكرد ئەوەبوو كە یەك ڕاست دەهاتە لای من و هەوڵی دەدا بە جۆرێ تێمبگەێنێت كە شەڕی نێوان ئەو وباوكم خەتای ئەوە، ئەو باوكمی تووڕە كردووە، باوكیشم كە تووڕە دەبوو ئاگای لە خۆی نەدەما، قایشی پشتی دەردەهێناو دەكەوتە گیانی دایكم، جارێكیان نەمتوانی دان بە خۆمدابگرم، ڕۆیشتم پاڵێكم بە باوكمەوە نا و خۆم خستە نێوان ئەو و دایكم، هەڕەشەم لێ كرد، گوتم:ئەگەر واز نەهێنی ناچار دەبم...، باوكم بە چاوی سوورهەڵگەڕاوە دەرپەڕیوی بە نەفرەتەوە تەماشایەكی كردم، دایكم لە پشتەوە دەستی گرتم زللەكی خێواندە پەناگوێم و گوتی:دوا جارت بێ لە رووی باوكت دەست بەرز بكەیتەوە، هەرچیەك بێت باوكتە. باوكە بە بینیی ئەم هەڵوێستەی دایكم هێور بووەوە، زەردەخەنەیەكی تاڵی هاتە سەر لێوی، فرمێسك لە چاوەكانیدا قەتیس مابوون، بە هێمنی ڕۆیشتە دەرەوە. لە كاتی ڕۆیشتنی دیاربوو فرمێسكەكانی دەیسڕییەوە، ئەو كات زۆر سكم پێ سووتا، دایكم گوتی:پیاوێكی بەدبەختە بەڵام دڵی پاكە، من لە تۆ باشتر دەیناسم. دایكم بە چاوەكانی پڕ لە فرمێسكی باوكمی بەڕێكرد و منی بردە ژوورەوە. بەردەوام دووبارەی دەكردەوە «دواجارت بێ شتی وابكەیت، هەر چیێك بێت ئەو باوكتە، نابێ بێرێزی لەگەڵدا بكەیت، تێگەیشتی كوڕم؟» زۆرجار باوكم درەنگانی شەو بە سەرخۆشی دەگەڕایە ماڵەوە، دایكم بەبێ ئەوەی خۆی تێك بدات یا ناڕەزایەتی دەرببڕێت یارمەتی باوكمی دەدا و دەیبردە ژوورەكەی، تەنانەت جلوبەرگیشی بۆ دەگۆڕی. هەمیشە لە خۆم دەپرسی باشە دایكم چۆن بەرگەی ئەم ژیانە دەگرێ. ئەو ڕۆژەی كە باوكم مرد خراپترین ڕۆژی ژیانم بوو. باوكم مرد، ئەویش چ مردنێك، لە كاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە سەرخۆش بوو، بە سەر كەوتبووە ناو زێرابێكەوە. شەو تا بەیانی لە ناو زێرابەكەدا مابۆوە، دایكم تابەیانی چاوی نەچوبووە سەرێك و چاوەڕێی گەڕانەوەی باوكمی دەكرد. بەیانی یەكێك لە دەرگایدا، دایكم سەراسیمە خۆی گەیاندە دەرگا، یەكێك لە دراوسێیەكانمان بوو، كە هەواڵی مردنی باوكمی بۆ هێناین. هەر وەكو گوتم شێوەی مردنی باوكیشم وەكو ژیانی پڕ بوو لە شەرمەزاری، مردنەكەشی لە زێرابەوە بوو. گەرچی مردنی باوكم بۆ دایكم كارەساتێكی گەورەبوو، بەڵام هەستم كرد، لە نێوان دەرو دراوسێ و خزم و كەس و كارەكانمدا رووداوێكی ئەوەندە گرنگ نەبوو، بگرە هەبوو كە دەیگوت باش بوو لە كۆڵیان بووەوە. تەنیا كەسێك كە لە قووڵایی دڵەوە بۆ باوكم دەگریا دایكم بوو. منیش دەگریام بەڵام گریانی من زیاتر لەبەر فرمێسكەكانی دایكم بوو، كە بۆ پیاوێك دەگریا، تا مرد نەمبینی ڕۆژێك لە ڕۆژان وەك مرۆڤ هەڵسوكەوتی لەگەڵ بكات. لەگەڵ ئەمەشدا دایكم هەرگیز وەكو باوكم سنوورەكانی نەبەزاند هەمیشە وەڵامی دایكم لە بەرامبەر ئەو هەموو سووكایەتی و بێڕێزیەی باوكم بێجگە لە خزمەت كردن هیچی تر نەبووە. دوای تێپەڕبوونی ماوەیەك بە سەر كۆچی دوایی باوكم، یەكەم شت كە بە مێشكمدا هات ئەوەبوو كە بڕیارمدا دەستێك بە ناوەوەی ماڵەكەماندا بێنم، كاتێ سەبارەت بە بڕیارەكەم لەگەڵ دایكم قسەم كرد، سەرەتا بە گومانەوە تەماشایەكی كردم، پاشان گوتی: خۆ من بێجگە لە تۆ كەسی ترم نییە، تۆ تەنیا یادگاری باوكتی كە بۆم بەجێماوی، هەرچۆنێك ئارەزووتە وابكە. كە بینیم دایكم بە بڕیارەكەم قایلە پێم گوت:وابزانم پێویستیمان بە دوو هەفتەیە بۆ نووژەنكردنەوەی خانووەكە، ئەم ماوەیە لە ماڵی خاڵم دەمێنینەوە تا وادەكەی دووهەفتەكە تەواو دەبێت. دایكم گوتی:باشە كوڕم چۆنت پێ باشە وابكە. پێشبینییەكەم ڕاست دەرچوو نووژەنكردنەوەی خانووەكە دوو هەفتەكە پێچوو. هەوڵمدا هەموو ئەو كەلوپەلانەی بۆنی كۆنی و رابردوویان لێدەهات بە نرخێكی زۆركەم بفرۆشتم، دەمویست ماڵەوەمان لە پاشماوەی ئەو شتانە پاك بكەمەوە كە دەبوونە هۆی ئازاردانی دایكم. بەتایبەتی ژووری نووستنەكەی لە پەردەكانی بگرە تا دەگاتە تەختەكۆنەكەی نووستنیان، هەمووم نوێكردنەوە، سێتێكی نوێی نووستنم بۆ ژووری دایكم دابین كرد. شەوی یەكەم كە گەڕاینەوە ماڵەوە دایكم بە بینینی ناوماڵەكە سەری سوڕما و گوتی: كوڕم دەڵێن ئەم ماڵە سەر لە نوێ دروست كراوەتەوە. كاتێ چووە ژوورەكەی خۆی، بە چاوی فرمێسكاوی گەڕایەوە، منی لە باوەش گرت و گوتی:چیت كردووە كوڕم، ئەوەندەی نەدەویست. گوتم:دایەگیان، گرنگ ئەوەیە تۆ ئاسوودەبیت، من لەپێناوی ئاسوودەیی تۆ ئەوەی پێم بكرێت بۆت دەكەم، من خزمەتكاری تۆم دایە، تۆڵەی باوكیشم بۆت دەكەمەوە. ئەگەر باوكم كەمتەرخەم بووە بەرامبەر بە تۆ، ئەوە كوڕەكەی وەكو خزمەتكارێك لە خزمەتدایە. دایكم دەستی بە دەممەوەناو بە دەنگێكی لەرزۆكەوە گوتی:تۆ خزمەتكار نیت، تۆ یادگاری باوكتی. دووبارە منی لە باوەش گرت و دەستی بە گریان كرد. ئەو شەو بۆم دەركەوت كە دایكم قەت پێی خۆش نییە بە خراپە باسی باوكم بكەم، چونكە وا هەستم كرد خۆشەویستی دایكم بۆ من، لەبەر ئەوەیە كە من كوڕی ئەو پیاوەم كە تەمەنێك لەگەڵیدا بە ئازارو ئەشكەنجە بەسەر بردووە. بە نەبوونی ئەو لە ماڵەوە دایكم هەست بە بۆشایێكی گەورە دەكات. ئەو شەوە كاتێ لە دایكم جیابوومەوە دوای ئەوەی كە بەڵێنم لێ وەرگرت كە چیتر چاوەكانی فرمێسكای نەبینم، دایكم زەردەخەنەیكی تاڵی هاتە سەر لێوی و گوتی:تا تۆم هەبێت، خەمی هیچم نییە. لە چاوەكانی دایكم ڕامام، هەستم كرد، چاوەكانی لە ژوورەكەدا بە شوێن ون بووێكدا دەگەڕێن، بە حەسرەتەوە ژوورەكەی دەپشكنی. سەرەڕای نیگەرانی بۆ دایكم لە ژوورەكەی هاتمە دەرەوە، دووسێ جار لێم دووبارە كردەوە كە زوو بخەوێت. دڵم هەر لەلای دایكم بوو. ئەو شەوە تا بەیانی سێ چوار جار سەردانی دایكم كرد، بەڵام دایكم خەوی لێنەكەوتبوو، دواجار نەمتوانی دان بە خۆمدا بگرم بە هێمنی لێی چوومە ژوورەوە، پێم گوت: خێرە دایەگیان تا ئێستا نەخەوتووی؟ خۆ نەخۆش نیت؟ دایكم دوای كەمێك بێدەنگی گوتی:كوڕم تەختەكۆنەكەی من و باوكت لە كوێ داناوە، من لەسەر ئەم تەختە خەوم لێناكەوێت. گوتم:بۆ دایە گیان ئەم تەختە چ عەیبیتی؟ تەختەكۆنەكەی ئێوە هیچی بەسەرێكەوە نەمابوو، سووتاندم. دایكم لەوپەڕی بێدەنگی تەماشایەكی كردم و ئاخێكی هەڵكێشاو گوتی: بەڵام ئەو تەختەی كە تۆ باسی لێوەدەكەی، گوایە هیچی بەسەرێكەوە نەمابوو بۆنی باوكی تۆی لێدەهات. دایكم بەم قسەیە تێی گەیاندم كە چەند تەنیایە و من چەند لێی دوورم.
Top