ئافرەتێك: بەبێ هیچ تاوانێك تەڵاقی عاتیفی دراوم

ئافرەتێك: بەبێ هیچ تاوانێك تەڵاقی  عاتیفی دراوم
تەكنەلۆژیا وایكردووە، ئامێرەكانی پێوەندیكردن لەم سەردەمەدا سەر بە هەموو ماڵێكدا بكات. لەبواری سیاسی، چۆن خوازیارانی دیموكراسی و لیبڕالیزم، سوود لەو تەكنەلۆژیایە وەردەگرن و پڕوپاگەندەی جیهانی مەدەنی و بانگەشەی پلانی شارستانی و دەستەبەركردنی مافەكانی مرۆڤ دەكەن، بە هەمان مەودا و بگرە زیاتریش، تیرۆریستان بۆ پێكانی ئامانج و جێبەجێكردنی پیلانەكایان كەڵكیان لەو تەكنەلۆژیایە وەرگرتووە. بەڵام بە هۆی ئەوەی لە بڵاوكردنەوەی ئەم بەسەرهاتەدا زیاتر خۆمان بە ناخی دیاردەی كۆمەڵایەتییەكاندا شۆڕدەكەینەوە، بۆیە پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە لە ئێستادا ئامێر و ئامرازەكانی پێوەندیكردن تا چەند مەترسی بۆ سەر شێواندنی شیرازەی خێزانی دروست كردووە، بەتایبەت كە دەبینین تەنانەت بەشێك لە منداڵانیش خاوەنی مۆبایل و ئایپاد و لاپتۆپی خۆیانن، ئەمەش لە كۆمەڵگە نەریتییەكان بە كۆمەڵگەی كوردییشەوە هەزاران كێشە و گرفتی دروست كردووە، هۆكارەكەشی بەپێی بۆچوونی شارەزایان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هێشتا لەسەر هەمواركردنی زەمینەی سوودوەرگرتنی ئەرێنی لەو ئامێرانە، كاری بەرچاو نەكراوە، بۆیە شاهیدی دەیان كێشەی كۆمەڵایەتین كە هەندێكیان نەك هەر قەرەبووكردنەوەیان سەختە، بەڵكو مەحاڵیش بووە. ئافرەتێك كە خۆی بە قوربانی ئەو دۆخە دەزانێت، باسی نهێنییەكانی ژیانی بۆ گوڵان دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

سەرپۆشێكی بۆری بە سەردا داوە و كراسێكی قۆڵدرێژی رەنگ بەنەوشەی بەسەر پانتۆڵەكەیدا بەرداوەتەوە. باڵایەكی بەرز و جووتێ چاوی گەشی گەورە و گۆنایەكی خڕی داپۆشراو بە گۆشەی لەچكەكەی، لەگەڵ لێوە وشك هەڵاتووەكانی چاوەڕوانی بەربانگ دەكات، هەتا رۆژووەكەی بشكێنێ و سەرەڕای هەموو ئازارەكانی شوكرگوزاری خوای خۆی بكات. ئەوە دیمەنی بەسۆز-ی تەمەن 38 سال بوو.
بەسۆز وەك خۆی باسیكرد، دایكی سێ منداڵە و یەكێك لە منداڵەكانی كچێكی پەككەوتەیە و تووشی شێواوی عەقڵی بووە، كە لە تەمەنی 11 ساڵانیش ناچارە دایبی بۆ ببەستێ، چونكە نازانێت پاكوخاوێنی خۆی رابگرێت. سەبارەت بە ژیانی رابردوویشی گەلێك نهێنی لە هەگبەی خۆیدا شاردووەتەوە و ئامادە نییە باسی هەموویان بكات. بەڵام كاتێك دوای دەمەتەقەیەكی زۆر تێمانگەیاند كە وتەكانی بە ناوی خوازراو و بە بێ وێنە بڵاودەكرێنەوە و تەنیا مەبەست لەو بەسەركردنەوەیە ئەوەیە كە بەسەرهاتەكان بۆ تاكی كۆمەڵگەی ئێمە بە هەردوو رەگەزەوە ببنە پەند و ئەزموونی لێ وەربگرن، ئامادە بوو بە راشكاوی پەردە لە سەر نهێنییەكانی ژیانی لابدات و بەمجۆرە باسی بەسەرهاتی خۆی بۆ گوڵان كرد.
«من لە خێزانێكی دەوڵەمەند و خاوەن موڵكم، مێردەكەشم خزمی خۆمانە و موڵكی زۆری هەیە و داهاتی زۆرە و دەیان دووكانی بە كرێ داوە و خاوەن باڵاخانە و شوقە و بازاڕە و كاری بارزگانیش دەكات. تەمەنم 17 ساڵ بوو، شووم پێكرد. تەمەنی ئەویش گونجاو بوو، ئەوكات 25 ساڵی بوو. خوێندەواری كەمە و لە دواناوەندی وازی هێناوە و لە كارگەكانی باوكی كاری كردووە. خەزوورم بە رەحمەت بێ، پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات، هەموو میراتەكەی بە وەسیەتی خۆی دابەش كرد و بەشێكی زۆی بەر مێردەكەم كەوت كە تەنیا كوڕی بووە و شەش خوشكی هەیە. ئێمە لە هیچمان كەم نەبووە، 21 ساڵە ژن و مێردین. دوو كوڕو و كچێكی سەقەتمان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو خزمان هیوای بە ژیانی ئێمە دەخواست، بەڵام لەوەتەی ئەم موبایل و ئینتەرنێت و شتانە هاتووە، مێردەكەم بە تەواوی گۆڕاوە. خۆی فێری ئەو شتانە كردووە، ئیتر بە تەواوی لە ماڵ و منداڵ دابڕاوە. كاتی بۆ ئێمە نییە. تاقەتی نییە بۆ چەند خولەكیش بووە، گوێمان لێ بگرێ، ناوێرین قسەیەك بكەین، دەڵێت: لە چیتان كەمە، خانوو، پارە، سەیارە، سەیران، هەموو شتتان هەیە. كوڕە گەورەكەم بیست ساڵی تەمەنە، قوتابی زانكۆیە و سەیارەی بۆ كڕیوە، هەموو كار و ئەركی ماڵی لە سەر شانە. ئەو دەمانباتە سەیران و ئاگای لە برا سەقەتەكەیەتی و زۆر دڵی خوشكەكەی رادەگرێت. باوكی دەڵێت: كوڕم پیاوانەیە و پێویستتان بە من نییە. لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو دوو ژنی بەسەرمدا هێناوە، هەردووكیشیانی تەڵاق داوە. بەردەوام لە سەفەرە، لەم رۆژانەشدا، لە رێگەی ئینتەرنێتەوە ئافرەتێكی دۆزیوەتەوە و بە راست و بە چەپ پارەی لی سەرف دەكات و بەڵێنیشی داوە بیخوازێت. هیچ حیسابێك بۆ ئێمە ناكات. زۆر جار لەگەڵ كوڕەكەم دەبێتە دەمەقاڵێیان، هەر نازانێت من ژنی ئەو ماڵەم، دایكی سێ منداڵیم، هاوسەرەكەم حیسابی جیران و دراوسێم بۆ دەكات، دەڵێت: ساقەسەری منداڵان ناوت لەسەر نفووسمە، دەنا تۆم لە دڵم سڕیوەتەوە. بە بێ ئەوەی هیچ هەڵەیەكم كردبێت، بەردەوام دەڵێت: من تەڵاقی شەرعیت نادەم، بەڵام تەڵاقی عاتیفیم داوی، عەتفت لام نەماوە. ئەوە چوارساڵە لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە بۆ ئەوەی هیدایەتی بدات، تەمەنی خەریكە لە پەنجا ساڵ تێدەپەڕێت، كەچی هەر دڵی لای سەفەر و سەیرانی وڵاتانە و رۆژ نییە، باسی ژن هێنان نەكات. منداڵەكانم زۆر خەم دەخۆن و هیچ چارەشمان نییە. باسی یەك شتی لەگەڵ بكەین، مێردەم دەڵێت ئەم ماڵە بۆ من دۆزەخە. تێیدا ناژیم. دەڕوات تا سێ چوار مانگ كەسمان نایبینین. چارەمان نییە تەنیا ئەوە نەبێت كە دوعای بۆ دەكەین بەڵكو خوای گەورە و میهرەبان هیدایەتی بدات. زۆر جار پێی دەڵێم پیاوەكە، باشە خۆت گوتەنی ئەوە منت تەڵاقی عاتیفی داوە، ئەدی منداڵان تاوانیان چییە، بۆ ئاوڕێكیان لێ نادەیتەوە؟ كوڕم قوتابی زانكۆیە، لە قۆناخی سەرەتایی تا ئێستا یەكجاریش باوكی سەردانی مەكتەبەكانی نەكردووە، بۆ ئەوەی بزانێت ئاستی چۆنە. هیوادارم خوای گەورە عاقیبەت بەخێرمان بكات. پرسی زۆر مامۆستا ئایینیم كردووە، هەموویان دەڵێن خوشكم خوت رابگرە و دوعای خێری بۆ بكە، تۆ دەمەدەمەی مەكە، با منداڵەكانت زیاتر قسەی لەگەڵ بكەن. ئیتر نازانم شوكرین بە بەشی خوای گەورە.»
Top