رەمەزان مانگی خواپەرستی و بەخۆداچوونەوە ... د. بشیر خلیل حداد*

رەمەزان مانگی  خواپەرستی و بەخۆداچوونەوە ...  د. بشیر خلیل حداد*
رەمەزان تاكە مانگە لە قورئانی پیرۆزدا ناوی هاتووە و ئەو مانگەیە كە قورئانی پیرۆزی تیا دابەزیوە. خوای باڵادەست دەفەرموێت: (شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِيَ أُنزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ) سورەتی (البقرە: 185). ئەم مانگە شەوێكی تیایە كە شەوی قەدرە و خواپەرستی تیایدا چاكترە لە هەزار مانگ كە ئەو شەوەی تیا نەبێت.
لەم مانگەدا خواپەرستییەك هەیە جیا لەوانی دیكە، ئەویش بەڕۆژوبوونە، جیا لە هەموو فەرز و عیبادەتەكان خوای گەورە لە فەرمودەی قودسیدا كە پێغەمبەر بۆمان دەگێڕێتەوە، دەفەرموێت: (الصَومُ لِي وَأَنَا أَجْزِي بِهِ)، واتە رۆژوو بۆ منە و هەرخۆیشم پاداشتی دەدەمەوە، بە مانای هەرخۆم دەزانم چۆن و چەند پاداشتەكە دەدەمەوە. لە رێگای عیبادەتی بەرۆژووبوونەوە مرۆڤ لە سروشتی مرۆڤایەتی بەرزدەبێتەوە بۆ سروشتی فریشتەكان، چونكە فریشتەكان ناخۆن و ناخۆنەوە و زاوزێ ناكەن و نێر و مێیینەشیان نییە. بە هۆی تەراویح و لە رێگای قورئان خوێندنەوە و زیكر و هەستكردن بە تام و چێژی ئیمان، مرۆڤەكان دڵنەرم و لێبووردە دەبن. هەستی مرۆڤ دۆستی و یارمەتیدانی یەكدی و چاكبوون و چاكسازی لە ناخیان دروست دەبێت، بە درێژایی ئەم چەند رۆژەی مانگی رەمەزان كە خوای گەورە بە (أیاما معدودات)یان ناودەبات، وزەیەكی رۆحی و ئیمانی وەدەست دەهێنن و توێشووی دنیا و دواڕۆژیان لە خۆ پارێزی (تەقوا) و زاد و زەخیرەی پاك و چاك كۆدەكەنەوە.
لەبەر ئەمەیە كە مانگی رەمەزان مانگی نوێبوونەوە و خاوێنبوونەوە و بەرزبوونەوەیە لە ئاستی نزمیی دونیا بەرەو بڵندی و فراوانیی ژیانی نەبڕاوەی دوایی. موسڵمانان پێویستە ئەم مانا جوانانە لەم مانگەدا ببینن و ئاكاری جوان و رەفتاری شیرین و گوفتاری پەسند و رەوشتی بەرز بكەنە ئالیەتی گەیشتن بە رەزامەندی خوا .
بەڕۆژووبوون هەر ئەوە نییە كە ورگ و دامنت برسی بكەیت، بەڵكو پێویستە ناخ و رۆح و دەروونت لە مانا جوان و بەرزەكانی پڕبكەیت.
جوانییەكانی عیبادەت بریتییە لە گەڕاندنەوەی هەموو كار و ئەرك و چالاكییەكان بۆ ناو بازنەی شەریعەتی خوا و ئامادەكردنی نییەتی پاك و بێگەرد بۆ رەزامەندی خوا و رەنگدانەوەی لە كار و كردەوەكانماندا. چەند جوان و دروستە كە بازرگانی موسلمانی رۆژووگر، دڵسۆزی لە كارەكەی و راستگۆیی لەگەڵ خەلك و یارمەتیدانیان بە عیبادەت بزانیت و پێشێلكردنی مافی خەڵك و رووگرژی لەگەڵیان و بەرزكردنی نرخی كالاكان بە حەرام و تاوان بزانێت. چونكە پێغەمبەرمان (د. خ) دەفەرمویت: (التاجر الصادق الأمین مع النبیین والصدیقین والشهداء)، واتە بازرگان و دووكانداری راستگۆ و دەستپاك حەشری لەگەل پێغەمبەران و پیاوچاكان دەكرێت.
چەند جوان و دروست و پێویستە كە باوك لە ماڵەوە زمان شیرین و روو بە پێكەنین بێت و لە بەر بەڕۆژووبوون تووڕە نەبێت و هەڵنەچێت. پێویستە هەمووان بزانن كە هەركەس لە كاتی بەڕۆژووبووندا زمان و دەست و چاوی نەپاراست لە گوفتار و رەفتاری ناپەسەند، جگە لە خۆبرسیكردن و خۆتێنوكردن هیچی تری بۆ نامێنێتەوە. هەروەك پێغەمبەرمان (د.خ) دەفەرمویت: ( رُبَّ صَائِمٍ لَيْسَ لَهُ حَظٌّ مِنْ صَوْمِهِ إِلَّا الْجُوعُ وَالْعَطَشُ).
دەی كەواتە با هەموومان ئەم مانگە بكەینە مانگی خۆناسین و خواناسین و مانگی بەخۆداچوونەوە و چاككردنی كردەوەو پاككردنەوەی دڵەكانمان.
ئاگری تینووێتی و زەحمەتی برسییەتی بكەینە پاككەرەوەی دڵ و دەروونمان و رۆشنكەرەوەی هەست و بیرمان. فتاركردنەوەی بەربانگ بكەینە گەیشتن بە چڵەپۆپەی بەندایەتی و گوێڕایەڵی بۆ فەرمانەكانی خوا و رەوشتە جوانەكان. پارووەكانی پارشێو بكەینە زادەی جەستە و رۆحمان بۆ هێزی ئیمان و باوەڕمان. زیكر و نوێژ و خوێندنەوەی قورئان بكەینە مەشخەڵی رێگای تاریك و دوورمان. پێویستە ئەوەشمان لە بیر بێت كە لەم رۆژە پیرۆزانەدا دەرگاكانی رەحمەت ومیهرەبانی خوایی واڵایە بۆ پاڕانەوە و داواكردن. دەبا هەموومان پڕبەدڵ و بە دڵسۆزییەوە دوعا بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان بكەین و بڵێین: خوایە بە گەورەیی خۆت بیانپارێزە و بە هێزی خۆت بەهێز ودامەزراویان بكە و بە سەركەوتنی یەكجارەكی دڵی ئەوان و ئێمەش شاد بكە. خودایە تۆ مافی ژیان و ئازادی وسەربەرزی و كەرامەتت بە هەموو مرۆڤەكان رەوا بینیوە، دەی خوای گەورە و باڵادەست میللەتی ستەمدیدەی ئێمەش شاد بكەیت بە ئازادی و سەربەخۆیی و بینینی ئاڵای دەوڵەتی كوردستان و سەركەوتنی یەكجارەكی بە سەر هەموو دوژمنان وناحەزان.
بە هیوای رەمەزانێكی پڕ فەر و خێر و بەرەكەت، رەمەزانی خۆگۆڕین و سازكردن بەرەو پاكسازی دڵ و دەروونمان و چاكسازی لە كار و كردەوەكانمان و یەكخستنی ریزەكانمان و پتەو كردنی برایەتی نێوانمان.
هەر پیرۆز بێت هاتنەوەی مانگی تاعەت و عیبادەت و مانگی خواپەرستی و بەخۆداچوونەوە لە كوردستان و لە هەموو جیهان.

*مامۆستای زانكۆ و وتاربێژی مزگەوتی جەلیل خەیات/هەولێر
Top