كچێك لەلایەن خۆشەویستەكەیەوە رفێنراوەو کوژراوە

كچێك لەلایەن خۆشەویستەكەیەوە رفێنراوەو کوژراوە
كچێكی دانیشتووی شاری هەولێر دوای مانگێك لە ونبوونی، تەرمەكەی لە شاری دهۆك دەدۆزرێتەوە. موختاری گەڕەكەكەیان دەڵێت رفێنەرەكان بێهۆشیان كردووە و بە ئۆتۆمبێلی جامڕەش لە بازگەكان دەربازیان كردووە، بەڵام پۆلیسی دهۆك دەڵێت كچەكە لەلایەن خۆشەویستەكەیەوە كوژراوە.

بەیان نادر، تەمەن 35 ساڵ و دانیشتووی گەڕەكی كورانی عەنكاوە كە نووسەر بووە لە قوتابخانەی بنەڕەتیی عەشتار لە شارۆچكەی عەنكاوە، رۆژی 17/5/2016 چووەتە دەوام و نەگەڕاوەتەوە. دوای نزیكەی مانگێك لە دیارنەمانی، رۆژی 15/6/2016 تەرمەكەی لە شاری دهۆك دۆزرایەوە.

ئاری نادر، برای كچە كوژراوەكە رایگەیاند "خوشكەكەم نووسەر بوو لە قوتابخانە، ئەو رۆژەی ون بوو كەمێك نەخۆش بوو، گورچیلەكانی ژانیان هەبوو، سەعات 7:45 خولەك لە ماڵ دەرچووبوو، گوتبووی كە دەوامم تەواو بوو، سەردانی پزیشك دەكەم".

ئاری گوتیشی "سەیری كامێراكانی دەوروبەری قوتابخانەكەمان كرد، خوشكەكەمان لە قوتابخانەكەی دێتە دەرەوە و ماوەیەك بە پیادە دەڕوات، دواتر لەلای ئۆتۆمبێلێكدا ون دەبێت".

ئاری دەڵێت لەو رۆژەوەی خوشكەكەی ون بووە، بەردەوام سۆراغیان كردووە تاوەكو شەوی 15/6/2015 لەلایەن پۆلیسی دهۆكەوە لە كوشتنی ئاگادار دەكرێنەوە و پاشان دەچن تەرمەكەی وەردەگرنەوە.

ئاری گومان دەكات خوشكەكەی بۆ پارە و سامان كوژرابێ‌ و دەڵێت "خوشكەكەم ئەو رۆژەی ون بووە 12 تاك بازنی لەدەستدا بووە و ملوانكەیەكی بچووكیشی لەملدا بووە".

"بە ئۆتۆمبێلی جامڕەش رفێنراوە"

عەلی عەزیز، موختاری گەڕەكی كورانی عەنكاوە، وتی"ئەو كچە دانیشتووی گەڕەكەكەمان بوو، ماوەی مانگێك بوو دیار نەمابوو، دواتر كەسوكارەكەی تەرمەكەیان لە نەخۆشخانەی دهۆك وەرگرتەوە".

عەلی عەزیز باسی چۆنیەتی رفاندنی ئەو كچەی كرد و گوتی "بەپێی زانیارییەكان ئەو كچە لەلایەن زیاتر لە كەسێكەوە رفێنراوە، رفێنەرەكان بێهۆشیان كردووە و بە ئۆتۆمبێلێكی جامڕەش لە بازگەكان دەربازیان كردووە".

موختاریش گومان دەكات كە ئەو ژنە بۆ زێڕەكانی كوژرابێ‌ و گوتی "بایی نزیكەی شەش هەزار دۆلار زێڕی پێوەبووە".

"لەلایەن خۆشەویستەكەیەوە كوژراوە"

بەڵام پۆلیسی دهۆك قسەیەكی دیكەی هەیە لەبارەی كوژرانی ئەو كچە. رائید هێمن سلێمان، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی دهۆك رایگەیاند "ئەو كچە پەیوەندی لەگەڵ كوڕێكی خەڵكی شارۆچكەی قەسرۆكی قەزای شێخان هەبووە، كوڕەكە كچەكەی بە ئۆتۆمبێل هەڵگرتووە و هێناویەتی بۆ سنووری قەزای شێخان، لەوێ‌ بووەتە كێشەیان، كوڕەكە كچەكەی كوشتووە و تەرمەكەشی لە ئاقاری گوندی كۆخی لە سنووری قەزای شێخان فڕێداوە."

بە گوتەی رائید هێمن، بكوژ تەرمی كچەكەی لە شوێنێكی دوورەدەست فڕێداوە، بۆ ئەوەی وا بە ئاسانی و زوویی نەدۆزرێتەوە، بەڵام باوەڕپێكراوێكیان ئاگاداری كردوونەتەوە كە رووداوێكی لەو شێوەیە لە قەزای شێخان روویداوە، بۆیە ئەوانیش هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینیان بۆ دۆزینەوەی تەرمی كچەكە دەستپێكردووە، دوای ئەوەی تەرمەكەیان دۆزیوەتەوە، رەوانەی پەیمانگەی دادپزیشكی دهۆكیان كردووە. رائید هێمن دەڵێت "تاوەكو ئێستا نازانین ئەو كچە چۆن و لەبەرچی كوژراوە، چاوەڕێی راپۆرتی پەیمانگەی دادپزیشكی دەكەین، بۆ ئەوەی راستی رووداوەكەمان بۆ ئاشكرا ببێ‌".

سەبارەت بە ناسنامەی بكوژەكەش، رائید هێمن گوتی "بكوژەكە دەستنیشان كراوە، بەڵام خۆی بەدەستەوە نەداوە و لە هەوڵی دەستگیركردنیداین. دادوەر بەپێی مادە 406 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركردووە".




رووداو
Top