ئافرەتێكی نانەوا... سەرەڕای ئاریشەكانی ژیانی بە هاوكاری خۆبەخشان پشتیوانیی پێشمەرگە دەكات

ئافرەتێكی نانەوا...  سەرەڕای ئاریشەكانی ژیانی بە هاوكاری خۆبەخشان پشتیوانیی پێشمەرگە دەكات
ئەو قەیرانە ئابوورییەی بە هۆی شەڕی داسەپاوی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و ئابڵۆقە و بڕینی بودجە و مووچەی دانیشتووانی هەرێم لەلایەن دەسەڵاتدارانی بێ ئیرادەی بەغدا بە فیتی دەرەكی و هەروەها داڵدەدانی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارەی شەڕ، ماوەی دوو ساڵە بەرۆكی حكومەت و خەڵكی باشووری كوردستانی گرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشمەرگە بە گیانبازی و خۆنەویستی و فیداكاری سنوورەكانی لە دەستی دڕندەكانی داعش پاراستووە، خەڵكی سڤیلیش بە خۆڕاگری رووبەڕووی ئەو قەیرانە گەورەیە بوونەتەوە و سەرەڕای ئەوەش بە هەموو رێكار و رێگەیەك پشتیوانی لە پێشمەرگە دەكەن. ئافرەتێكی كرێكاریش باسی ژیانی رابردووی خۆی و چۆنیەتی كاری خۆبەخشانەی بۆ پشتیوانی لە هێزەكانی پێشمەرگە دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی



ژمارەیەك ئافرەت لە نانەواخانەیەكی گەورەدا نانی ساجی دەكەن و دواتر خاوەن كارەكە نانەكان دەستەدەستە لە سەر یەك هەڵدەچنێ و رەوانەی بازاڕیان دەكات. هەركام لەو ئافرەتانەی كە لەو كارگەیەدا كاردەكەن و لەو رێگەیەوە بژیوی خێزانیان دابین دەكەن، هەڵگری چارەنووسێكی سەیر و دەیان چیرۆكی دڵتەزێنن. خەرامان نایف یەكێكە لەو ئافرەتانە و وەك خۆی باسیكرد تازە تەمەنی لە چوار دەیە تێپەڕیوە، بەڵام قەدەر تووشی زۆر مەینەتی كردووە، بۆیە روخساری پیرتر لە تەمەنی دەردەكەوێت.
خەرامان بە خەمبارییەكی زۆرەوە باسی ئەوە دەكات كە كوڕێكی جوانەمەرگ بووە و لە دوای ئەو رووداوەش هاوسەرەكەی زیاتر لە دە ساڵە تووشی نەخۆشییەكی قورسی دەروونی بووە و بەردەوام پێویستی بە چاودێریی چڕ هەیە. بەسەرهاتی ئەو خاتوونە لە سەر زاری خۆی دەبیسین: «پیاوەكەم خەڵكی دەشتی هەولێرە و لە گوند جووتیاری دەكرد، كاتێك بەعسی گۆڕبەگۆڕ گوندەكەیانی تەخت كرد و هەموو ماڵەكان خاپوور كران، خەڵكە ماڵوێرانەكە، یان هەڵهاتن، یان بۆ كۆمەڵگە زۆرەملێیەكان گوازرانەوە، یان كوژران. باوكی ئەحمەدی مێردم خۆی و خێزانەكەی رزگار كرد و دواتر لە قوشتەپە گیرسانەوە. ئەو لەگەڵ باوكی رەحمەتیم برادەری كۆن بوون و لە نێوان خۆیان ئیتفاقیان كرد و بێ ئەوەی پرس بە من و باوكی منداڵان بكەن، ئێمەیان لە یەكدی مارەبڕ كرد. ئەگەرچی من تەنیا 16 ساڵم تەمەن بوو، مێردەكەشم تەمەنی لە سی ساڵ زیاتر بوو، بەڵام ئێمە هیچ كێشەمان نەبوو، پێكەوە بە خۆشی دەژیاین و خوای گەورە پێنج منداڵی پێداین. سێ كچ و دوو كوڕ، بەڵام دە ساڵ پێش ئێستا كوڕە گەورەكەم كە تەمەنی تەنیا 13 ساڵان بوو، بە هۆی وەستانی هەردوو گورچیلەی كۆچی دوایی كرد، دوای ئەوە زۆری پێنەچوو ئەحمەدی مێردیشیم جەڵتە لێی دا و تووشی شەلەل بوو. ئیدی منی جەرگ سووتاو هەرچی ئەركی ناوماڵ و دەرەوەی ماڵیشە كەوتە سەرشانم. مەینەتی زۆرمان بینی. زۆر جار بە قاپە چێشتی جیرانان دەژیاین، منیش بەردەوام كاری ماڵانم دەكرد و نانم بۆ خەڵك دەكرد، ئەوە تا ئێستاش هەر بەردەوامم و لەم نانەواخانەیە نانی خۆماڵی دەكەم. ئێمە كۆمەڵێك ئافرەتین و پێكەوە كاردەكەین، خاوەن كارەكەمان خوای لێ رازی بێت، ئاگای لێمانە و هەموو هەفتەیەك مووچەكەمان دەداتێ. جومعان پشوومانە، بەڵام هەر دوو جومعە جارێك چەند ئافرەتێكی دەستەخۆشكم هەن كە پێكەوە كۆدەبینەوە و خەڵكی ئارد و پێداویستیمان بۆ دێنن و ئێمەش بە بێ بەرامبەر نان و كولیچە و كولێرە بۆ پێشمەرگە درووست دەكەین و بۆیان رەوانە دەكەین. ئێمە بە رۆژ و بە شەو دوعا بۆ برا پێشمەرگەكانمان دەكەین و داوا لە خوای گەورە دەكەین بیانپارێزێ، چونكە ئەوان شەرەف و خاك و نامووسمان دەپارێزن».
خەرامان لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا بۆ گوڵان باسی ئەوە دەكات كە هاوسەرەكەی بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت كاربكات و بەردەوام لە ماڵەوە لە لایەن كچەكانیەوە چاودێری دەكرێ و خزمەتی دەكەن. سەبارەت بە خۆیشی گوتی: «ئەوا دوو سێ ساڵە تاقانە كوڕێكم هەیە، بووەتە پێشمەرگە و بەردەوام پێم دەڵێت: دایكە تۆ ماندووبوونی زۆرت بینیوە و كاتی هاتووە پشوو بدەیت، ئەو زۆر نیگەرانە لەوەی كە من لە نانەواخانە كاردەكەم. بەڵام من راهاتووم، دەستم لە گیرفانی خۆمە و لە خوای گەورە بە زیاد بێت، موحتاجی كەس نیم. كرێچی نین و خۆم و كوڕەكەم بە باشی خێزانەكمان بەڕێوە دەبەین. خۆشەویستیی من بۆ پێشمەرگە تەنیا ئەوە نییە كە تاقانە كوڕەكەم پێشمەرگەیە، ئێمە منداڵ بووین سوێندمان بە سەری پێشمەرگە دەخوارد. لەگەڵ سۆز و خۆشەویستیمان بۆ پێشمەرگە گەورە بووین و تا مردنیش هەر بەردەوام دەبین و ئەگەر پێویست بكات ئێمەی ئافرەت و دایكانی كورد هەموومان دەبینە پێشمەرگە، چونكە میللەتی ئێمە غەدری زۆری لێكراوە، كەسوكارمان ئەنفال كراون و ماڵ و خانوومان وێران بووە و ئەگەر پێشمەرگە نەبێت، تووشی ئەو كارەساتانە دەبینەوە، ئێستاش ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ پێشمەرگە و بۆ ئەم كوردستانە دەیكەین و پەنا بە خوا دەبینە خاوەن دەوڵەت و نەجاتمان دەبێت لەوەی چاولەدەستی بەغدا بین».
Top