ئافرەتان خۆیان بۆ پێشوازی لە مانگی رەمەزان ئامادە دەكەن

ئافرەتان خۆیان بۆ پێشوازی  لە مانگی رەمەزان ئامادە دەكەن
لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزانیش بە هۆی ئەوەی زۆربەی ئافرەتان وەك پیاوان بەڕۆژوو دەبن، ئەرك و ماندووبوونیان گەلێك زیاتر دەبێت. ئەوان لەوە نیگەرانن كە زۆربەی پیاوان بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا لە ماندووبوون و شەونخوونی ئافرەت بێ ئاگان و پێیانوایە هەر خۆیان بەرۆژوون و نەك ئەركی سەرشانی كابانی ماڵ سووك ناكەن، بگرە قورستریشی دەكەن. بێگومان خانمان بۆ پێشوازی لە هەر بۆنە و جەژنێك ئامادەكاری و بەرنامەی پێشوەختەیان هەیە، لە مانگی رەمەزانیش گەلێك ئەركیان قورستر دەبێت، لە بەر ئەوەی سەرەڕای بەڕۆژووبوونیان هەموو ئەركی پاك و خاوێنی و دروستكردنی خواردنی خوانی بەربانگ و پارشێویان لە ئەستۆیە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگی رەمەزان تایبەتمەندی و تام و چێژێكی تایبەتی لای ئەوان دروستكردووە، زۆربەشیان خوازیاری ئەوەن لەم مانگەدا هاوكات لەگەڵ بەجێهێنانی ئەركی ئایینیدا كێشی لەشیشیان كەم بكەنەوە، هاوكات نیگەرانن لەوەی زۆرجار ئەوە پێچەوانە بۆتەوە و بە هۆی خەو و خواردنی زۆرەوە كێشیان زیاتر بووە. بەشداربوونی ئەم راپۆرتەی گوڵان خوێندنەوەی زیاتریان بۆ ئەو بابەتە هەیە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی



«هەموو ساڵێك بە درێژایی مانگی رەمەزان بە بێ پارشێوكردن بەڕۆژوو دەبم و تەنیا یەك ژەم دەخۆم، بەڵام كێشم زیاتر دەبێت.» ئەوە قسەی هاوژین شێرزاد بوو كە وەك خۆی ئاماژەی پێكرد ئەو ژنی ماڵەوەیە و كاتەكانی رۆژانەی زیاتر بۆ كاروباری ناوماڵ تەرخان دەكات. هاوژین لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «لە ترسی تینووبوون بە درێژایی رۆژ لە ماڵ نایەمە دەرەوە و زۆربەی كاتەكە بە خەو بەسەر دەبەم، تەنانەت وەرزشیش ناكەم، دوای بەربانگیش بە هۆی ئاوخواردنەوەی زۆر جەستەم قورس دەبێت، دیسان ناتوانم بچمە دەرەوە، بەڵام بۆ ئەمساڵ بڕیارم داوە خشتەی خەوتن و جوولەی رۆژانەم رێكبخەمەوە و بەسەر هەموو ئەوانەدا زاڵ بم.»
دیمەن محەمەد پسپۆڕی بواری كۆمەڵایەتییە و لە دەستپێكی قسەكانیدا ئاماژە بەوە دەكات كە «مانگی رەمەزان لە هەموو مانگەكانی دیكە جیایە و لەم مانگەدا موسڵمانان خۆیان لە پێش سپێدەوە هەتا كاتی بەربانگ لە خواردن و خواردنەوە بێبەش دەكەن، ئەوەش كاریگەری دەروونی و تەندروستی لەسەر مرۆڤ دەبێت.» گوتیشی: «ئەوەی ئێمە دەمانەوێت جەختی لەسەر بكەینەوە، باری دەروونیی ئافرەتانە كە لەو مانگەدا بە هۆی سەرقاڵ بوونیان بە ئامادەكردنی خوانێكی شیاو و جوان بۆ خانەوادەكەیان، روژانە رووبەڕووی كێشەی جۆراوجۆر و تەنانەت گرفتی دەروونی دەبنەوە، چونكە ماندووبوونێكی جەستەیی و دەروونیی قورس باڵ دەكێشێت بە سەر ژیانیاندا، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی بیر لە جەستەی خۆیان نەكەنەوە و لە ئەنجامدا هۆكارێكیشە بۆ زیادبوونی كێشی لەشیان، ئافرەتی فەرمانبەر و ئافرەتی ماڵەوەش جیاوازن، رەنگە ئافرەتی فەرمانبەر تا رادەیەك دەتوانێت زاڵ بێت بە سەر جەستەی خۆی و كێشی لەشی، ئەویش بە هۆی سەرقاڵییەوە بە كارەكەی و ئەنجامدانی چالاكیی روژانەی لە پیشەكەی و هەروەها جێبەجێكردنی كاروباری ماڵەوەشی لەسەرە، بەڵام ئافرەتی ماڵەوە لە بەر ئەوەی لە ماڵەوەیە و كاری دەرەوەی نییە، روژانە زیاتر گرینكی بە خەو دەدات و تا درەنگانێك دەخەوێت، دواتریش سەرقاڵی ئامادەكردنی خواردن دەبێت و لە گرینگیدان بە لەش و لاری كەمتەرخەمی دەكات. باشترین رێگەچارە بو ئەوەی زاڵ بێت بە سەر باری دەروونی و تەندروستیی خۆیدا ئەوەیە كە رۆژانە وەرزشێكی سووك ئەنجام بدات و دوای ژەمە خواردنی بەربانگ پیاسەیەك بكات و هەوڵبدات سەردانی خزم و هاوڕێیانی بكات، كە جگە لە بەسەربردنی كاتی خوش لەگەڵیان، هەندێك جووڵەشی زیاد دەكات، بەڵام نەك لە میوانیش هەر خەریكی خواردن و خواردنەوە بێت، هەروەها ناشكرێت لایەنی روحانییەت لە یاد بكەین، ئەویش بە زیاتر گرینگیدان بە نوێژ و خوێندنی قورئانی پیرۆز و پتەوكردنی پێوەندی لەگەڵ خوای گەورە بۆ ئەوەی دەروونی ئاسوودەتر بێت و دوور بێت لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراوی دەروونی و تەندروستیی خراپ، لە بەر ئەوەی مانگی رەمەزان مانگی مێهرەبانی و دڵسۆزی و بەخشندەیی و ئاسوودەیی و نوێبوونەوە و ئارامبوونەوەی دڵ و دەروونە.»

مامۆستا ناسك شێخ عەبدولقادر، سەبارەت بە هەمان پرس بۆ گوڵان گوتی: «وەك هەموو لایەك دەزانین، مانگی رەمەزان مانگی لێبووردەیی و ئارامكردنەوەی دڵەكانە، بەڵام زۆرجار ئافرەتان لەو ماوەیەدا تووشی هەڵچوونی دەروونی دەبن، ئەمەش بە هۆی ماندووبوونی زۆرەوە كە دەبێتە هۆی بیتاقەتی و گۆڕانی فسیۆلۆژی لە جەستەیان، لە كاتی واشدا كەمتر ئەقڵ دەتوانێت دەست بگرێت بەسەر بەشەكانی جەستەدا. بۆ ئەمەش پێویستە خانمان هەوڵ بدەن لەسەرخۆ و هیمن بن، باشترین رێگاش دانانی بەرنامەیەكی تێروتەسەلە لەم مانگەدا كە ئەویش بە رێژەیەكی كەم وەرزشكردن و هەروەها زیاتر خۆ مەشغوڵكردنە بە خوێندنەوەوە بۆ تەزكیەكردنی رۆح. كیشەیەكی دیكە كە زیاتر رووبەڕوومان دەبێتەوە، زیادبوونی كیشە، بۆ رزگاربوونمان لەم كێشەیەش پیویستە پاڵ كەوتن و خەوتن كەم بكەینەوە و خواردنی تەندروست بخۆین و زیاتر بایەخ بە خواردنی سروشتی وەك سەوزە و میوە و شیرەمەنییەكان بدەین.»
لە لای خۆیەوە د. عەتیە حەمە سەعید، راوێژكاری نەخۆشییەكانی ئافرەتان و منداڵبوون و چارەسەری نەزۆكی، هێما بۆ ئەوە دەكات كە «ئافرەت تایبەتمەندی جەستەیی خۆی هەیە و بۆ مانگی رەمەزانیش چەند رێنمایی و ئاسانكاری تایبەتی بۆ كراوە. كە لەم خاڵانە كۆكراونەتەوە:
1-لە كاتی سووڕی مانگانە، یان هەر خوێن هاتنێك، چونكە خۆی بێهێز دەبێت و لەلایەنی شەریعەتیشەوە نابێت بە رۆژوو بێت، دەتوانێت لە كاتێكی دیكەدا رۆژووەكەی قەرەبوو بكاتەوە.
2-لەكاتی سكپڕیدا: ئافرەتی دووگیان لە سەرەتای سكەكەیدا تاكو 3 مانگی لەوانەیە تووشی دڵهەڵچوون و رشانەوە ببێت، لەو كاتەدا دەتوانێت بەڕۆژوو نەبێت، تاكو باش دەبێت. بەڵام زۆر ئافرەت هەیە كە سكپڕی كاری تێناكات و دەتوانێت بە ئاسایی بەڕۆژوو بێت. لە مانگی 4 و 5 و 6 ی سكەكەی دەتوانێت بەرۆژوو بێت، چونكە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر كۆرپەكەی نابێت. لە مانگی 7 و 8 و 9 بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا ئافرەتی دووگیان واباشترە بەڕۆژوو نەبێت، چونكە برسێتی و تێنوویەتی كاردەكاتە سەر كورپەكەی و دەتوانێت لەكاتێكی تر رۆژووەكانی قەرەبوو بكاتەوە.
3- لەكاتی 40 رۆژەی دوای منداڵبوون: لە بەر پاك و خاوێنی و بێتاقەتی ئافرەتەكە و لەلایەنی شەریعەتیشەوە ئافرەت نابێت بە رۆژوو بێت.


4-لەكاتی شیردان: بە گشتی بەڕۆژووبوون دەبێتە هۆی كەمكردنەوی شیری دایك، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا، چونكە دایك پێویستی بە شلە و میوەی زۆر هەیە بۆ زیادبوونی شیرەكەی، بۆیە دایكان دەتوانن لەو مانگەدا بەرۆژوو نەبن و دواتر قەرەبووی رۆژووەكانیان بكەنەوە.

5-ئەو ئافرەتانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە وەك فشاری خوێن و شەكرە و نەخۆشییەكانی هەناسە و ...تاد، ئەوان بە گوێرەی قورسیی نەخۆشیەكەیان و ئەو دەرمانانەی دەیخۆن، دەتوانن لەلایەن پزیشكی پسپۆڕی خۆیان بڕیاری بەڕۆژووبوون وەربگرن.

بەگشتی ڕۆژوو لە پاڵ ئەوەی كە ئەركێكی ئایینی و رۆحییە، هاوكات رێنماییەكی تەندروستیشە بۆ ئیسراحەتدان بە گەدە و ریخۆڵەكان و فێری ئارامی و خۆپاككردنەوە لە دەردە دەروونییەكانمان دەكات و لە دڵشكاندنی خەڵك و فیتنە و ئەزیەتدان دوورمان دەخاتەوە. لەكاتی بەرۆژووبوون واباشە بۆ پاك راگرتنی دەم و هەناسەت زوو زوو دەمت بە ئاو بشۆیت و پاك و خاوێنی لەشت رابگریت. لەكاتی رۆژووشكاندنیش واباشە رۆژوو بە شلە و خورما بكرێتەوە و پاشان دەتوانیت كەمێك شلەی سەوزە بخۆیت، دواتر نوێژ بكە و پاشان ژەمە سەرەكییەكەت بخۆ، هەوڵبدە ژەمە سەرەكییەكەت خواردنێكی زۆر قورس و چەور و سووركراوە و تیژ نەبێت و بەشی زۆری سەوزە بێت و بە لەسەرخۆیی خواردنەكەت بخۆ. پاشان تاكو نووستن هەوڵ بدە میوە و شلەی زۆر بخۆی، لە كاتی پارشێویش خواردنی قورس و چەور مەخۆ، بڕێكی زۆر شلە و سەوزە و میوە بخۆ بۆ ئەوەی ریخۆڵەكانت ئەزیەت نەدەیت و پێویستە ئاوێكی باشیش بخۆیتەوە، بەوە دەتوانی هاوسەنگی جەستە و دەروون وەك خۆی بهێڵیتەوە.»
كەوسەر عەلی تەمەن 45 ساڵ ئافرەتی ماڵەوەیە و بەمجۆرە باسی ئاریشەكانی خۆی لە مانگی رەمەزاندا دەكات: «هاوسەرەكەم نەخۆشی شەكرەی هەیە، شەوانە دوو جۆر هەویر دەشێلم، یەك گەنم بۆخۆمان و یەكیش جۆ بۆ هاوسەرەكەم. بۆ منداڵەكان برنج و بۆ ئەویش ساوار لێدەنێم، خەسووشم نەخۆشی زەختی هەیە، بۆیە هەموو خواردنەكان بە دوو مەنجەڵ لێدەنێم، یەكی بێ خوێ و ئەوی تر ئاسایی بۆ خۆمان .
سنۆبەر سابیر رەشید چالاكی بواری مافی ئافرەتانە و سەرەتا هاتنی مانگی رەمەزان لە هەموو موسڵمانانی جیهان بەگشتی و موسڵمانانی كوردستان بەتایبەتی پیرۆز دەكات و هیوادارە «ئەم مانگە سەرەتایەك بێت بۆ ئاشتەوایی و قبووڵكردنی یەكتری و پێكەوەژیان و گەڕانەوەی ئاشتی و ئارامی بۆ ناوچەكەمان»، وتیشی: «گومانی تێدا نییە ئافرەتان هەمیشە رۆڵیان دیار و بەرچاوە لە زۆربەی لایەنەكانی ژیان و فاكتەرەكانی پتەوكردنی خێزان، ئافرەتان هەمیشە رۆڵێكی ئەكتیڤ و پۆزەتیڤیان لە كۆكردنەوەی خێزان و چارەكردنی كێشەوگرفتەكان و پەروەردەكردنی منداڵان و بەرنگاربوونەوەی ئاستەنگەكانی ژیانی رۆژانە هەبووە، بەتایبەتی ئەو ئافرەتە بەڕێزانەی كە كاران لە كومەڵگە و خاوەنكارن، واتە بەشێوەیەكی گشتی ئافرەتان هەمیشە ئەركەكانیان زیاتر بووە لە پیاوان، هەڵبەتە لە مانگی پیرۆزی رەمەزانیش ئەركیان گەلێك زیاتر دەبێ، چونكە جگە لەوەی وەك موسڵمانێك ئەركەكانی خواپەرستی و عیبادەتەكانیان بەجێ دەهێنن، لە هەمان كاتدا ئەركی رۆژانەی ماڵەوشیان گرانتر و زیاتر دەبێت، چەندین جۆر خۆراك ئامادە دەكەن. لێرەشدا ئەركی برا و هاوسەر و باوكان بە دیار دەكەوێ، كە دەكرێ بە روویەكی خۆش و بە رەفتاری جوان مامەلە لەگەڵ خوشك و هاوسەر و دایكیان بكەن، بە شێوەیەك لانیكەم دەستخۆشییان لێ بكەن و گوفتاری خۆش بە كاربهێنن بۆ سوپاسكردنیان و ناوبەناو هاوكارییان بكەن لە ئامادەكردنی خۆراك و رازاندنەوەی خوان، چونكە ئەو هاوكارییانە هۆی حەسانەوە و دەرچوونی ماندووبون و ئارامبوونەوەی دەروونیان، ئەمانەش لە كۆتاییدا دەبنە مایەی خۆشگوزەرانی خێزان.»
توێژەری كۆمەڵایەتی محەمەد گۆمەشینی، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «بە پێوەری مرۆڤسالاری ئافرەت و پیاو هاوبەشن لە ئەرك و ماف و بەڕێوەبردنی خێزاندا، بەڵام پیاوسالاری و بێ مافكردنی ژن بە بیانووی ئایینی، سنووری هەموو كەلتوورێكی تێپەڕاندووە، بەتایبەتی لە كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی و عورفی هەمیشە جۆرێك لە كۆت بەند لەسەر ئافرەت بووە، زۆرجاریش ئەو عورفە بۆتە مۆدێلی ژیان و تەجازوی ئایین و یاساشی كردووە، هۆكارەكەشی رەنگە بریتی بووبێت لە بیركردنەوەیەكی لۆكاڵی و ناوچەیی»، وتیشی: «نموونەی جوان و بەرچاویشمان زۆرە لە بەشداریی ژنان لە بەڕێوەبردنی ماڵ و خێزان كە رۆڵی گەورەیان بووە و كۆلەگەی ژیانی هاوبەش بوون. ژن بە مانا كۆمەڵایەتییەكەی بریتییە لە چەترێك بۆ مەنزڵی حەوانەوەی و كارگێڕی خیزان و سەنگ راگرتنی، بەڵام هەندێك نەریت و كەلتووری كۆن هەن كە هەمیشە مافەكانی ئافرەتی پێشێل كردووە. تەنانەت ئەوەی كە شتێك لای دین و یاسا ئاساییە، لە رووی عورفەوە بە عەیبە كراوە، كە نموونەی بەرچاویان هاوكاریكردنی پیاوە لە كاری ناوماڵدا، بەڵام لە راستیدا خێزانی بەختەوەر ئەوەیە كە هەموو هاوكار بن و پێكەوە بن و بە دەستەجەمعی كار بكەن و كارەكانی ناوماڵ دابەش بكەن، بەتایبەت كە باسەكە رەمەزانە و بریتییە لە زیاتر ئەنجامدانی كاری چاكە و خێر و هاوكاری، بە رای منیش نزیكترین كەس كە شایستەی هاوكاری بێت، خێزان و ژنی مالەڵە و ئەوەش دەبێتە بونیادی خۆشەویستی و بەختەوەری، ئەوەی زانراوە لە رووی ئایینەوەش پێغەمبەر (د.خ) زۆرجار كاری ماڵەوەی كردووە، ئەوەش مانای راستەقینەی ژیان و ئایینە. بۆیە پێویستە لەو رووەوە مامۆستایانی ئایینی لەو مانگە زیاتر جەخت لەسەر سوننەتە جوانەكان بكەنەوە و پیاو لای ژن جوان بكەن، ژنیش لای پیاو جوانتر بكەن، بەوەی هانیان بدەن كە بنەمای خێزانی بەختەوەر و ئاسوودە بریتییە لە رێز و خۆشەویستی و هاوكاری، بۆیە ناكرێت وا هەژمار بكرێت كە كار و ئیشی ناوماڵ تەنها لە ئەستۆی ئافرەتە.»
تارا نەزیر فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتی كارەبای زاخۆ. ئەو یەكێكە لەو هەزاران ئافرەتەی كە رایانوایە پیاوان لە مانگی رەمەزاندا رەچاوی ماندووبوونی خانمان ناكەن. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «لە مانگی رەمەزان هەموو ئافرەتان زیاتر هیلاك دەبن، بەتایبەتی ئافرەتی كارمەند، كە دەگەڕێتەوە ماڵەوە، سەرەڕای ئەوەی هیلاك و بەڕۆژووە، یەكسەر جلی كاركردن و مەتبەخ لەبەر دەكات، چونكە ئەو كاتەی هەیەتی بەشی ئیسراحەت و پاڵدانەوە ناكات، بەڵكو مەتبەخەكە بە توندی بانگی دەكات بۆ ئەوەی بە ئەركەكەی هەڵبسێت و خوانێك لە حەز و ئارەزووی تاكەكانی خێزان ئامادە بكات، ئیدی بۆی نییە باسی ماندووبوون و شەكەتی بكات، یان داوای كەمێك ئیسراحەت و حەوانەوە بكات، دوای بەربانگكردنیش شەهیەی هەمووان پێچەوانەی شەهیەی كابان دەكرێتەوە، چونكە دڵەڕاوكێی سوێری و كەمخوێی خواردنەكان شەهیەی كابان دەبەستێ، ئافرەت هێشتا نانەكەی بە تەواوی نەخواردووە، سینییەك چا پێشكەش دەكات، ئەمجارە نۆرەی خاوێنكردنەوەی مەتبەخ و قاپ شووشتن دێت، دوای ئەوە شیرینی و میوە دێنێتە بەردەست ئەندامانی خێزان، سەڕای ئەوەی لە شەوانی رەمەزان سەردانە كۆمەڵایەتییەكان لە نێو خێزانەكان زیاتر دەبێت، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هاوسەرەكەی و تێكڕای ئەندامەكانی خێزان هەست بەوە ناكەن كە ژنەكەش وەكو ئەوان بەڕۆژووە، هێشتا لە كارەكانی بەربانگكردنیش نەبۆتەوە، سفرە رازاندنەوەی پارشێو دەست پێدەكات. كەچی هاوسەرەكەی یان دەخەوێت، یان كاتەكانی بە قوڕئان خوێندن، یان سەیركردنی تەلەفزیۆن بەسەر دەبات، منداڵەكانیش هەر یەكەو سەرقاڵی مومارەسەكردنی ئارەزووەكانیان دەبن».
پارێزەر دەروون حەمەدەمین، باسی ئەوە دەكات كە زۆرینەی دانیشتووانی باشووری كودستان موسڵمانن و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە ئایینی ئیسلام بەتایبەتی هانی پیاوانی داوە لە ئەركی ناوماڵ و خێزان هاوكاری ئافرەتان بكەن. نموونەش بەوە دەهێنێتەوە كە زۆر سەرچاوە باسی ئەوەیان كردووە كە پێغەمبەری موسڵمانان هاوكاری هاوسەرەی خۆی كردووە .
Top