دایكانی خاوەن منداڵی پەككەوتە بە فرمێسك گوزارشت لە ئازارەكانیان دەكەن

دایكانی خاوەن منداڵی پەككەوتە بە فرمێسك گوزارشت لە ئازارەكانیان دەكەن
بەپێی جاڕنامەی مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان كە لە ساڵی (1975) لەلایەن كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دەرچووە، پێویستە لەسەر حكومەت چاودێری دەروونی و پزیشكی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دابین بكات، بۆ دووبارە ئامادەكردنیان و رێنماییكردنیان بۆ گەشەپێدانی تواناكانیان تا راددەی رەخساو، كەسی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان كە زۆر جار بە كەمئەندام ناوی دەبەن، مافی ئەوەی هەیە بە گوێرەی توانای خۆی كاری بۆ دابین بكرێت، بۆ ئەوەی لە سەر خێزان و حكومەت نەبنە بارگرانی، هاوكات زۆربەی دەروونناسان جەخت لەوە دەكەنەوە كە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و ئەوانەی بەهۆی زگماكییەوە، یان بە هۆی هەر رووداوێكی سرووشتی و مرۆیی بەشێكی جەستەیان لەدەستداوە، لە پرۆسەی ژیان دانەبڕاون، بەڵام بە هۆی تایبەتمەندیی جەستەییەوە كۆمەڵێك گرفت و بەربەست رووبەڕوویان دەبێتەوە، یەكێك لە گەورەترین گرفتەكانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانیش بەخێوكردن و خزمەتكردنیانە كە دایكان لەم ئەركە گرانە پشكی شێریان بەردەكەێت. لەو بارەیەوە بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان راوبۆچوونی خۆیان دەخەنەڕوو.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

چیمەن بەرزنجی كە دایكی منداڵێكی تووشبووی (ئۆتیزم)ـە، هەر لە سەرەتای قسەكانیدا فرمێسكە قەتیس ماوەكانی نێوچاوی بە سەر گۆنایدا دێتەخوارێ و بە خەمبارییەكی زۆرەوە دەڵێت: «موعاناتی دایكانی كەمئەندام هەر زۆر زۆرە و تەواو نابێ، كچەكەم تەمەنی 16 ساڵە، 16 ساڵیشە من لە ماڵەوەم، لە سلێمانی سەنتەرێكی ئۆتیزم هەیە، بەڵام بەپێی پێداویستی ئەو منداڵانە نییە، ماوەی چەند ساڵە من لەگەڵی هەوڵدەدەم، فێری بكەم خۆی بشوات و خۆی پاك بكاتەوە، بەڵام بێسوود بووە، تاوەكو ئێستا خۆم پاكی دەكەمەوە، ئێمەی دایكان كە منداڵی پەككەوتەمان هەیە، چوونە دەرەوە و سەردان و سەیرانمان لێ حەرام بووە، تەنانەت ناتوانین بۆ ماڵە باوك و برا و خوشكمان بچین، بە كورتی لە هەموو خۆشییەكانی ژیان بێبەشین، منیش ئەوە 16 ساڵە لەناو چواردیواری ماڵەكەم خۆم و ئەو منداڵەم زیندانین، تەنانەت فریای ئەوە ناكەوم خزمەتی منداڵەكانی دیكەم بكەم، منداڵەكەم لایەنی هۆشی زۆر لاوازە، خۆی لە مەترسی لانادات، ناتوانێ خاوێنی خۆی رابگرێت، ئەوەش كێشەیەكی زۆری بۆ دروست كردووین، هەرچەندە هاوسەرەكەشم یارمەتیدەرمە، بەڵام كێشەمان شتێكی درێژخایەنە و لەوانەیە تا مردنمان بەردەوام بێت.»
ئەو دایكە دوای ئەوەی فرمێسكەكانی بە گۆشەی لەچكەكەی دەسڕێتەوە، داوادەكات سەنتەرێكی مۆدێڕنی ئۆتیزم بكرێتەوە، بۆ ئەوەی تووشبووان بەو نەخۆشییە راهێنانیان پێ بكەن، فێریان بكەن خۆیان خاوێن بكەنەوە و خزمەتی خۆیان بكەن، گوتیشی: «ئەگەر ئەوە نەكرێ، ئەوا دوای مردنی ئێمە ئێمە لەوانەیە بكەونە سەر شەقامەكان و كەسانی نەفسنزم تەعەدایان لێ بكەن، بڕوابكەن هەموو دایك و باوكی منداڵی لەو جۆرە وەكو شێتیان لێهاتووە و تووشی دەیان گرفتی دەروونی بوون، دایكی وا هەیە خەریكە خۆی ئینتیحار دەكات، دایك و باوكمان هەیە، خەریكە بە هۆی منداڵەكەیانەوە جیادەبنەوە، هەروەها خێزان هەیە دوو سێ منداڵی وای هەیە، دووانی بردۆتە دەرەو و یەكێكی لێرە ماوەتەوە، ئەوەش جۆرێكە لە جیابوونەوە. من فەرمانبەر بووم و ئێستا هاوكارەكانم بەڕێوەبەری گشتین، كەچی من بە هۆی كچەكەمەوە وەزیفەم لەدەست دا.»
شیرین سابیر وەك خۆی باسیدەكات دایكی دوو منداڵی تووشبوو بە نەخۆشی تالاسیمیایە، ئەو دایكە بە حەسرەتەوە گوتی: «مانگی دووجار لەگەڵ منداڵە نەخۆشەكانم بۆ چەندین كاتژمێر لە نەخۆشخانە دەمێنمەوە تا خوێنیان تێدەكرێت، ئینجا تووشی دەیان گرفتیش دەبینەوە، چونكە خوێنی هەردوو منداڵەكەم ناقسە، زۆرجار خوێنمان دەستناكەوێ، ناچارین پەنا بۆ دۆست و برادەر ببەین، لە كاتی خوێن وەرگرتنیش زۆر جار سۆندەی كانولە دەگیرێ، یان بە خوێنەكە تووشی هەستەوەری دەبن، یانیش لە بن خوێنەكە تووشی لەرز و تا دەبن، بۆیە هەر رۆژێكم مەرگە و شەو نییە خەو بە چاكبوونەوەیان نەبینم، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا نزیكەی ساڵێكە مووچەیان پێنەدراوە.»
چنوور مەغدید دایكی كچێكی مەنگۆڵە، وەك خۆی باسیكرد كچەكەی تەمەنی 17 ساڵە و لایەنی ژیریی زۆر خراپە و تا ئێستا دایبی بۆ دەبەستێت. گوتیشی: «كچەكەم هەمیشە گۆشەگیرە، حەز بە قەرەباڵغی ناكات و تەنانەت تێكەڵی خوشك و براكانیشی نابێت، وام لێهاتووە نەتوانم بەشداری شین و شایی عەزیزانیشم بكەم، بەڵام گرفتی لەوانەش گەورەترم هەیە، كچە بێ بەختەكەم كە مانگانە دەكەوێتە سووری مانگانە، نازانێ پارێزگاری لە خۆی بكات، دواجار بڕیاری ئەوەمانداوە لەم چەند رۆژی داهاتوودا دكتۆر منداڵدانەكەی بۆ لاببات، باوەڕتان ببێ مانگانە زیاتر لە 100 هەزار دینار بۆ دایبی و كلینسی تەڕ سەرف دەكەم، لە كاتێكدا خۆم ژنی ماڵەوەم و هیچ داهاتێكم نییە، لێرەوە داواكارم حكومەت ئەو بارە گرانەمان لەگەڵ هەڵبگرێت، چونكە ئێمەی دایكان بە تەنیا لە هەقی ئەو بارە قورسە نایێین.»
نیشتمان محەممەد دایكێكی دیكەیە كە كچێكی ئۆتیزمی هەیە، ئەو رایوایە: «منداڵەكانی ئۆتیزم لە بواری دەروونی، ئابووری، كۆمەڵایەتی زۆر مەغدوور و بێبەشن، تەمەنیان بەرەو گەورەبوون، دەڕوات، بێئەوەی بتوانین هیچیان بۆ بكەین.» گوتیشی: «كچەكەی من تەمەنی 14 ساڵە و 14 ساڵە لە ژوورەوەیە، هیچ هەوڵێك بۆ باشتربوونی لەلایەن حكومەت و لایەنە پێوەندیدارەكان نەدراوە، ئەوەش گرفتێكی گەورەی خێزانەكەمانە نەك تەنیا بۆ من و باوكی، بەڵكو كاریگەری خراپی لەسەر خوشك و براكانیشی دروست كردووە. لە راستیدا گرفتەكانمان هەژمار ناكرێ و ئەگەر پشتگیریمان نەكرێت، ناتوانین بەتەنیا ئەو بارە قورسە هەڵبگرین، منداڵی ئۆتیزم بە دەرمان چارەسەر ناكرێ، چارەسەری ئەو راهێنانە، راهێنانیش شارەزایی و پسپۆڕی خۆی پێویستە، بەداخەوە لە كۆمەڵگەی خۆمان ئەو كەسانەی راهێنان ئەنجام دەدەن، كەسانی بەتوانا و شارەزا و پسپۆڕ نین، ئەركی سەنتەر ئەوە نییە منداڵەكان لە ژوورێك بكات و بیانخەوێنن، ئێمەی دایكان توانای ئەوەمان هەیە منداڵی خۆمان بخەوێنین، بەڵكو پێویستە راهێنانیان پێ بكرێ و فێری ئەوەیان بكەن نان بە دەستی خۆیان بخۆن، منداڵ هەیە تائێستا ناتوانێ نان بەدەستی خۆی بخوات.»
بەپێی ستانداری جیهانی دەبێ رۆژانە 7بۆ8 كاتژمێر راهێنان بە منداڵی ئۆتیزم بكرێ، سەرەڕای ئەمانەش هاوینان 3مانگ پشووە، لە كاتێكدا منداڵی ئۆتیزم هەتا كۆتایی ژیانی نابێ لە راهێنان داببڕێ، ئەم سەنتەرانە لە تەمەنی 5 بۆ 13ساڵی منداڵ وەردەگرن، واتە گەنجە ئۆتستیكەكان لە راهێنان و مەشق بێبەش دەكرێن، ئەوەش گەورەترین كێشە بۆ خێزانەكان دروست دەكات، چونكە هەتا منداڵەكە گەورەتر دەبێت لەناو خێزان و كۆمەڵگەدا كێشەكەی گەورەتر دەبێت و كۆنتڕۆڵكردنی سەختتر دەبێت. منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم سەرەڕای حاڵەتەكەی خۆیان، چەندین كێشەی تەندروستییان هەیە، بەردەوام كێشەی ددان ئێشەیان هەیە، چونكە زۆربەیان ددانی شیرییان ناكەوێ، مەگەر بە نەشتەرگەری لاببرێت، هەروەها بەهۆی جۆری خواردن و باش هەزمنەكردنی بەردەوام كێشەی گەدە و كۆلۆنیان هەیە، هەندێكشیان كێشەی گوێ و چاو و و دڵیان تووش دەبێت، بۆیە پێویستە نەخۆشانی ئۆتیزم سەر بە وەزارەتی تەندروستی بوونایە، نەك وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی.
هەر سەبارت بە هەمان پرس توێژەری دەروونی هێمن ساڵح دەڵێت: «دایك یەكێكە لەو كاراكتەرانەی كە پێناسە نەكراوە، ئەوەی دایك بۆ منداڵ و كۆرپەكانی دەیكات، هیچ كۆمەڵناس و دەروونناسێك نەیتوانیوە لە رووە دەروونی و كۆمەڵایەتییەكەیەوە وەسفی بكات، چونكە دایك لەو دیوی ویژدانەوە بیردەكاتەوە و هەمیشە وەكو پێشمەرگەیەك مەرگی پێش ژیانی منداڵەكانی خستووە، لەو چوارچێوەیەشدا بێگومان ئەو دایكانەی كە خزمەتی كۆرپە كەمئەندام و خاون پێداویستییە تایبەتییەكان دەكەن، كێشە و گرفتیان زۆر گەورەترە، چونكە ئەوانە دوو دایكن و وەكو دوو كاراكتەری دایكایەتی خزمەت بە منداڵە كەمئەندامەكەیان دەكەن، لێرەشدا دۆخی ژیانی ئەوانە زۆر پێویستی بە هاوكاری هەیە، چ لەلایەن هاوسەر و منداڵەكانی دیكەیەوە بێت، چ لەلایەن حكومەتەوە كە گرینگە ئەو ئەركە گەورەیەی كە ئەو جێبەجێی دەكات، وەكو خزمەتێكی حكوومی بێت، هێندەی ئاگاداربم لە ئێستادا ئەو منداڵانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن و رێژەكەیان بەرزە، حكومەت مۆڵەتی داوە بە دایكەكە و وەكو ئەركێكی خزمەتی حكوومی سەیری دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە هەزاران دایكی دیكەمان هەیە كە فەرمانبەر نین و ئەو بەرپرسیاریەتییە قورسەیان لەسەر شانە، بۆیە پێویستە ئەوانیش مووچە و پێداویستی تایبەتی منداڵە كەمئەندامەكەیان بۆ دابین بكرێت، چونكە ئەوانە جگە لەوەی وەكو هەر منداڵێكی دیكە پێویستیان بە خۆراك و خواردن هەیە، ئەركێكی دیكەیان ئەوەیە كە دەبێت زۆر پێداویستی پاككەرەوە و بەردەست و خۆراكی تایبەتیان پێبدرێ، كە ئەوەش رنگە بۆ خێزانێكی كەمدەرامەت زۆر قورس بێت و ئەركی دایكەكە هێندەی دیكە قورس بكات، لەبەرئەوە گرینگە لە هەموو بوراێكدا ئەو دایكانە وەكو ئەو چۆن منداڵە كەمئەندامەكەی خزمەت دەكات، بە هەمان شێوە ئەویش خزمەت بكرێت.»
لەلای خۆیەوە پەیمان عەبدولكەریم بەڕێوەبەر لە بەڕێوەبەرایەتی كەمئەندامانی هەولێر بۆ گوڵان گوتی: «وەكو بەڕێوەبەرایەتی كەمئەندامانی هەولێر چوار پەیمانگە و دوو سەنتەرمان هەیە كە تایبەتن بە خزمەتكردنی كەمئەندامان، نزیكەی 550 كەمئەندام لای ئێمە سوودمەندن، واتا لە پەیمانگە و سەنتەرەكانمان وەرگیراون، كە لە رێگەی لیژنەی پزیشكی و مەرج و رێنماییەكان وەردەگیرێن، ئێمە ناتوانین بڵێین خزمەتكردنیان لە ئاست وڵاتانی پێشكەوتوودایە، بەتایبەتی لە بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستاندا كە لە بارودۆخێكی ناهەموارداین، ئەویش بە هۆی قەیرانی دارایی لەلایەك و شەڕی نەخوازراوی داعش، كە كاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو چین و توێژێك دروستكردووە، ئەگەر بە ویژدانەوە قسە بكەین، بەو قەناعەتە دەگەین كە حكومەتی هەرێم تا ئاستێكی باش خزمەتی پێشكەش كردوون و حیسابێكی تایبەتیان بۆ كراوە، لە سەرووی هەموویانەوە دایكانی فەرمانبەر مۆڵەتی یەكجارەكی بە مووچەیان پێدراوە، بێ ئەوەی هیچ لە مووچەكەیان كەم ببێتەوە، لە ماڵەوە دانیشتوون و خزمەتی منداڵە كەمئەندامەكەیان دەكەن، هەروەها كەمئەندامان بە هەمان ماف و ئیمتیازاتی پەروەردە دەخوێنن و بڕوانامە وەردەگرن، جگە لەوەی رۆژانە راهێنانی جەستەییان پێدەكرێت، وێڕای ئەوەی ساڵانە نزیكەی 60 پاس بۆ هاتوچۆی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت لەلایەن حكومەتەوە دابین دەكرێت، هەروەها مانگانە لەلایەن حكومەتەوە بڕی 30 هەزار دیناریان وەكو خەرجی گیرفان بۆ سەرف دەكرێت.»
Top