قەیرانی دارایی ئافرەت لە ئارایشگەكان دووردەخاتەوە

قەیرانی دارایی ئافرەت لە ئارایشگەكان دووردەخاتەوە
ئەگەرچی ئافرەتان تایبەتمەندی خۆیان هەیە و بەردەوام گرینگی بە خۆجوانكردن و خۆڕازاندنەوە دەدەن، بەڵام باری دارایی و دۆخی شەڕ و ئاسایشی وڵاتیش كاریگەری زۆری لە سەر ئەو خووەی خانمان هەیە. ئەگەر سەرنجی ئارایشگەكانی تایبەت بە ئافرەتان بدەین، دەبینین لە پاش دروستبوونی ئەو قەیرانی داراییە و بە هۆی كەمبوونی مووچە كاریان زۆر كەمتر بووە.


گوڵان: كۆمەڵایەتی

«هەموو مانگێگ بۆ بۆیەكردنی قژم دەچووم بۆ ئارایشگە، مانگی وا هەبوو دووجار دەچووم، جا بۆ حەمام زەیت بووایە، یان بۆ لوولكردنی قژ، یان بۆ بۆیەكردنی پرچ، بەڵام ئەوە ماوەی حەوت مانگە نەمتوانیوە بچم، لەبەر ئەوەی ئێستا باری دارایی خراپ بووە. وەك هەموو مان دەزانین ئێستا باری ئابووری هەرێمی كوردستان گرفتی هەیە و مووچە لە كاتی خۆی نییە و ئەوەشی دەدرێ بە كەمیی دەیدەن، ئەمەش كاریگەری زۆری هەیە لەسەر بژێوی خەڵك. بۆیە ئێستا وەك جاران ناتوانم بچمە ئارایشگە و ناچارم ئەو كارانەی لە ئارایشگە بۆیان دەركردم، لە ماڵەوە خۆم بیكەم، بەڵام وەك هی ئارایشگە جوان نییە.» ئەوە قسەی نازە-ـی تەمەن 25 ساڵ بوو. ئەو وەك خانمێكی فەرمانبەر ئاماژە بەوە دەكات كە «ئەو هاوسەرانەی هەردووكیان فەرمانبەرن فشاری زۆریان لەسەرە و ئەم قەیرانی داراییە كێشەی زۆری بۆ دروست كردوون، چ بگا بەو خێزانەی كە تەنیا یەكێكیان مووچەخۆرن، ئاخۆ دەبێ چۆن گوزەران بكەن؟» گوتیشی: «من ئەو پارەیەی دەیدەمە ئارایشگە، ئێستا هەڵیدەگرم بۆ شتێكی پێویستتر، چونكە ئارایشگەكان نرخیان هەر وەك جارانە و هیچ دانەبەزیوە، بەو حاڵەش مووچەكەم بۆم دەرناهێنێ بچمە ئارایشگە».


رازە ئەحمەد تەمەنی 23 ساڵە و ئافرەتی ماڵەوەیە و وەك خۆی باسیكرد، ماوەی چوار مانگە هاوسەرگیری كردووە. ئەو بە نیگەرانییەوە دەڵێت: «بەداخەوە لە رۆژی هاوسەرگیریم نەمتوانی بڕۆمە ئەو ئارایشگەی كە خۆم حەزم دەكرد،چونكە نرخەكانی زۆر گران بوو. بۆیە لە ماڵەوە هاوڕێیەكم كاری ئارایشتی بۆكردم، گەرچی جێی دەستخۆشییە. چونكە زۆر بە منەوە خۆی ماندوو كرد، بەڵام لەو رۆژە گرینگەی ژیانم زۆر لە خۆم رازی نەبووم، تەنیا لەبەر دڵی هاوسەرەكەم بەرگەم گرت و ئەو رۆژەم تێپەڕاند .»


هاوناز كەمال مامۆستایە و ئەویش سەبارەت بەو قەیرانە داراییە و كاریگەری لە سەر دۆخی جوانكاریی خۆی دەڵێت: «پێش ئەوەی ئەم قەیرانە رووبدات، هیچ نەبا دوو هەفتە جارێك دەچوومە ئارایشگە، چونكە بەردەوام حەز دەكەم گۆڕانكاری لە شێوەم بكەم، بەلامەوە گرینگ نەبوو نرخەكەی هەرچەندێك با، بەڵام ئێستا لەگەڵ ئەم وەزعە زۆر كەم دەچم بۆ ئارایشگە و زۆربەی شتەكان لە ماڵەوە خۆم دەیكەم، بەڵام بێگومان وەك ئەوەی ئارایشگە بۆم دەرناچێ.» هاوناز گوتیشی: «ماوەی ساڵێكە دەمەوێت برۆكانم تاتۆ بكەم، بەڵام ناتوانم لەبەر ئەوەی مووچەكەم ئێستا بۆتە 300 هەزار دینار و بەشی هیچ شتێك ناكات، بەداخەوە ئارایشگەكانیش نرخەكانیان زۆر كەم دابەزاندووە، بۆیە خانمان ئێستا زۆر كەم روو لە ئارایشگەكان دەكەن».
خاوەنی ئارایشگەی شەهدی لە هەولێر باسی ئەوە دەكات كە «بەهۆی قەیرانی داراییەوە كارەكانی جوانكاری و ئارایشگەكان زۆر كەم بۆتەوە، چونكە لە ئێستادا باری بژێوی هاووڵاتیان زۆر لاواز بووە». گوتیشی: «هاووڵاتیان لە ئێستادا زۆر كەم بایەخ بە جوانكاری دەدەن، چونكە شتی گرینگتر هەن لە ژیاندا و خەڵكی كەمدرامەت ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان بژین، ئەوانەی كە ئێستا دێنە ئارایشگا بە زۆری دەوڵەمەندن و بارایی داراییان زۆر باشە، راستە مامۆستا فەرمانبەر و كارمەندیش دێن، بەڵام ئەوان لە چاو جاران كەمتر دێن، بە زۆری لە بۆنەكان دێن، یان دوومانگ جارێك دینە ئارایشگە. زۆر جار ئافرەت هەیە دێت دەڵێ مامۆستام، یان قوتابیم، ئێمەش بە نرخێكی هەرزانتر بۆی دەكەین، ئەو ئافرەتانەی كە دەیانناسین بە قەرز جوانكارییان بۆ دەكەین، واتە تا كاتێك مووچە وەردەگرن، حیساب ناكەین.» سەبارەت بە نرخەكانیش گوتی: «هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئەم دۆخە ئێمە 15%ی نرخەكانمان دابەزاندووە، هەر ئەوەندە دەتوانین نرخەكان دابەزێنین، چونكە شوێنی ئارایشگەكە بە كرێیە و كرێشی زۆرە، زۆرجار ترسی ئەوەم هەیە نەتوانم كرێی دووكانەم بدەم.»
Top