رۆڵی ئافرەتان لە سەرخستنی ریفراندۆم و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی

رۆڵی ئافرەتان  لە سەرخستنی ریفراندۆم و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی
ئەگەرچی ریفراندۆم بۆ پرۆسەیەكی نەتەوەیی و دیاریكردنی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەت، گشت هاونیشتمانییەك دەگرێتەوە و هیچ جیاكارییەكی رەگەزی نابێت تێیدا رەنگ بداتەوە، بەڵام بیرمەندان گوتەنی ئافرەتان نیوە باشەكەی كۆمەڵگەن و لە پەروەردەكردنی نەوەكان و گۆشكردنیان بە هەست و سۆز و بیری نەتەوەیی رۆڵی گەورە و بەرچاویان هەیە، لە ئێستاشدا كە باشووری كوردستان لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ دیاریكردنی چارەنووسی نزیك دەبێتەوە، گرنگە بزانین ئافرەتانی كورد چۆن دەبێت شان بدەنە ژێر ئەو بارە چارەنووسسازە كە مانەوە لەگەڵ عێراق، یان جیابوونەوە و سەربەخۆیی كوردستان دەستنیشان دەكات. هەر لەو بارەیەوە بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان را و سەرنجی خۆیان دەخەنەڕوو.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

سەرەتا د. ڤیان سەبری ئەندامی یەدەكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، باسی ئەوە دەكات كە بارودۆخەكە گونجاوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لە رێگەی ریفراندۆمەوە لەسەر ئایندەی خۆیان و مانەوەیان لەگەڵ عێراق، یان جیابوونەوە بڕیار بدەن. گوتیشی: «سەربەخۆبوون هەنگاوێكی مەزنە و لەوانەیە گرژی لەگەڵ بەغدا دروست بكات و گرفتی دیكەشمان بێتەڕێ، بەڵام گەیشتن بەم مافەمان كارێكی مەحاڵ نییە، بەڵكو پێویستی بە هۆشیاری سیاسی هاوبەشی ژن و پیاو هەیە، پێویستی بە چڕكردنەوەی تێڕوانینەكانە لەسەر گرنگیی بەشداری ژن لە تێكڕای كایە گرنگەكان، بەشداری پێكردنی تاكەكانی كۆمەڵگە دوور لە جیاوازی رەگەزی و نەتەوەیی و مەزهەبی لە پێناو هەنگاونان بەرەو سەركەوتن لە ئایندەدا.»
د. ڤیان ئاماژە بەوە دەكات كە «بەپێی رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان گەلی كوردستان گەلێكی رەسەن و دۆستی گەلانی جیهانن، لە سەرووی هەموویانەوە رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدنی و سیاسییەكانە كە ساڵی 1966 دەرچووە و عێراق لە ساڵی 1970 پێوەی پابەندبوو.» گوتیشی: «لە هەلومەرجی ئێستادا بە یەكگرتن و یەكدەنگی و وەلانانی بەرژەوەندی كەسی و حزبی دەبێت كار بكەین و بەرژەوەندی هەرێمەكەمان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكانی دیكەوە بێت. بێگومان پرسی سەربەخۆیی گەلی كورد ئەگەرچی مەحاڵ نییە، بەڵام كارێكی ئاسانیش نییە، بەهۆی ناجێگیری باری سیاسی عێراق دوودڵی و ترس لە بەرپرسیارێتی لای تاكی كورد دروست بووە، ئەویش لە سایەی توندڕەوی قەومی شۆڤینی و بیری رەگەزپەرستی زۆرینەی سەركردە عێراقییە عەرەبەكانەوە كە هەمیشە بەرامبەر بە سەركەوتنەكانی كورد كینە لەدڵن، بێگومان ئەوەش بەربەست لە بەردەم ریفراندۆم دروست دەكات. ریفراندۆمێكی جەماوەری كە ئەگەری مانەوە و جیابوونەوە لە وڵاتێك دەستنیشان بكات، پێویستی بە قبووڵكردنی هەردوو لا لە موعادەلەكەدا هەیە بۆ ئەوەی ئەنجامەكەی لە ناوخۆ و لە دەرەوەش قبووڵكراو بێت.» هێمای بۆ ئەوەش كرد كە «وێڕای هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی تاوەكو ئەم ساتەش لێرە و لەوێ لە سیاسییەكانی ئەمریكا و ئەوروپا گوێبیستی ئەوە دەبین كە ئەوان لەگەڵ سەربەخۆیی و جیابوونەوەی كورد نین، بەڵكو لەگەڵ یەكپارچەیی عێراقدان، لێرەوە بەرپرسیاریەتییەكی گەورە دەكەوێتە ئەستۆی حزبە كوردستانییەكان و بەتایبەتی ئەو حزبانەی كە لە حكومەت و پەرلەمان بەشدارن، پشكی زۆری ئەو بەرپرسیاریەتییەش بەر پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەوێت. هەروەها ئەركێكی قورسیش دەبێ لەسەرشانی ئافرەتانی ناو حزبە سیاسییەكان و ئافرەتانی پەرلەمانتار، ئافرەتانی كۆمەڵی مەدەنی و ئافرەتانی ئەكادیمی كە بە جددی بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەی كوردستانی لە هەمبەر گرنگیی بەشداریكردنی لە ریفراندۆم و دیاریكردنی چارەنووسی گەل كار بكەن و ئەكتیڤ بن بۆ ئەوەی ریفراندۆم ببێتە هەڵمەتێكی سیاسیی بەهێز بۆ رازیكردنی وڵاتانی جیهان، بەتایبەت نەتەوە یەكگرتووەكان، بۆ ئەوەی گەلەكەمان مافی چارەی خۆنووسین بەدەست بێنێت، شوێن پەنجەی ئافرەتیش بە هەموو هێزیەوە لەم دەستكەوتەدا بدرەوشێتەوە.
فەریدە قوبادی چالاكی سیاسی و كۆمەڵایەتییە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «سەربەخۆیی كوردستان ئاواتی هەموو تاكێكی كوردە و دەیان ساڵە لە پێناویدا كورد خوێن و رۆح و گیانی خۆی بەخشیوە، بۆیە بەشداری لە ریفراندۆم نەك ئەرك و مافی هەر تاكێكی كوردە، بگرە ئەوە ئەولەوییەتە بۆ ئەوەی خوێنی شەهیدانمان بە فێڕۆ نەڕوات.» بەڵام هەر لە ئێستاوە دەبێت كار بۆ ئەوە بكەین كە ئەو دەوڵەتە لە سەر بنەماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ بونیاد بنرێت، بۆ ئەوەی چیدیكە ژنی هاونیشتمانی لە كوردستان سەر بە هەر نەتەوە و ئایینێك بێت، هیچ پیاوێك نەوێرێت ئازاری بدات».
كەسایەتی ئەكادیمی و مامۆستای زانكۆ دكتۆر مەغدید سەپان، سەبارەت بەهەمان پرس بەمجۆرە تێڕوانینی خۆی دەخاتەڕوو: «ئافرەتی كورد وەك پیاو دەتوانێ خزمەتی ریفراندۆم بكات و كار بۆ سەربەخۆیی كوردستان، یان دەوڵەتی كوردستان بكات. لەوانەیە باش نەبێ، لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان ئافرەت لەپیاو جیابكەینەوە، چونكە باس لە كوردستانێك دەكرێ، كە دەبی بۆ هەموو كەسێك وەك یەك بێت و هەموو كەسیش تێیدا مافی پارێزراو بێت، چونكە دەوڵەت بۆ هەموو هاووڵاتیێكە كە لە خۆشی و ناخۆشییەكان بە یەكسانی تێیدا بەشدارن، نەك بۆ كەسێك و دووان». گوتیشی: «راستە بەشی ژنان لە كۆمەڵگەی كوردەواری لەو ئازادییەی كە هەزاران كەس گیانیان بۆی بەخت كردووە، كەمترە لەوەی شایەنی ئازایەتی و ماندوویی نەزانی و جوانیی ئەوان بێت و كەمترە لەوەی ئێمە خەونی پێوە دەبینین، بەڵام زیاترە لەوەی كۆنەپەرستان بە ژنانی رەوا دەبینن. سەبارەت بە پرسی ریفراندۆمیش بۆ سەربەخۆیی كوردستان، دەبێ لەلایەن كەسانی شارەزا و بەتوانا بۆ ماوەیەكی زۆر لە میدیاكان بە چڕی باسی لێوەبكرێ، چونكە بە گوێرەی هەندێك نووسراو و بەرنامەی تەلەفزیۆنی، دیارە تا ئێستا یەكلایی نەكراوەتەوە و جەماوەر پێویستی بە زانیاری زۆرتر هەیە. دەبێ توێژینەوەی قووڵ و هەفتانە و ئاماری نوێی لەسەربكرێ، بۆ ئەوەی لەم دێبەیت و گفتوگۆ و بەرنامە و نووسینانە وەڵامی هەموو پرسیارێك بدرێتەوە، كە خەڵك پێش دەنگدان دەبێ بیزانن.» ئەوەشی روونكردەوە كە پرسی ریفراندۆم لە مێژوودا پرسێك نوێ نییە و كورد داینەهێناوە، بەڵكو لە هەموو وڵات و كۆمەڵگەیەك لەسەر پرسە نیشتمانی و چارەنووسسازەكان، وەك نەریت و ئەركێكی نیشتمانی رای جەماوەر وەردەگیرێ، كە ئایا ریفۆرم لە دەستوور بكەن، یان پارەی وڵات بگۆڕن، یانیش بچنە ناو یەكێتییەك لەگەڵ كۆمەڵێك وڵاتی درواسێ، یان لە دەوڵەتێك جیاببنەوە. ئەم پرسكردنە، دیوە جوانەكەی سیستمی دیموكراتییەتە و بەردەوامیش حكومەت و حزبە گەورەكان بە وەڵامی رازین و وەك خۆی قبووڵی دەكەن.»
نووسەر و وەرگێڕ ساماڵ ئەحمەدی سەبارەت بە هەمان پرس بەمجۆرە بۆ گوڵان راوسەرنجی خۆی دەربڕی: «یەكێك لە پێوانەكانی سەركەوتنی پەرەسەندوویی هەمەگیری كۆمەڵگە بەشداریكردنی سەرلەبەری ئەندامانی كۆمەڵگەیە لە كاروباری سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتیی خۆیاندا. هەرچەند تاكو ئێستاش لە سەرانسەری دنیادا و بەتایبەت لە وڵاتانی خۆرهەڵاتیدا پیاوان زیاتر نەیانویستووە و ئەگەر تاكو رادەیەك ویستبێتیشیان نەیانتوانیوە بە شێوەیەكی باش بەرگری لە چالاكییە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانی ژنان بكەن، بەڵام نەشیانتوانیوە ئەو راستییە بشارنەوە كە بەشداریكردن و هاوبەشیی ژنان لە هەموو بوارەكانی ژیان و بەتایبەت لە كاروباری سیاسیدا پێویستییە و ئەگەر ئەو توێژە گرینگەی كۆمەڵ، كە نیوەی كۆمەڵگە پێك دێنێت، لە هاوكێشە و كاروبارە سیاسییەكاندا بەشداری نەكات، لانیكەم دیموكراسی تووشی نەزۆكی دەبێت.» گوتیشی: «یەكێك لە گرینگترین میكانیزمەكانی دیاریكردنی چارەنووسی گەلان ریفراندۆمە، كە ئەندامانی كۆمەڵگەیەك، یان نەتەوەیەك لەو رێگایەوە ویستی خۆیان رادەگەیەنن، نەتەوەی كوردیش یەكێك لە نەتەوە هەرە گەورەكانی دنیایە، كە تاكو ئێستاش نیشتمانەكەی لەلایەن چوار پێنج وڵاتەوە داگیركراوە، هەربۆیە لە مێژووی خۆیدا چەندین شۆڕشی گەورەی خولقاندووە، كە سەرباری جینۆساید و ئەنفال و كۆمەڵكوژكران، توانیویەتی هەبوونی خۆی بپارێزێت و لانیكەم بەشێكی نیشتمانەكەی رزگار بكات. ژنی كورد، سەرباری ستەمی نەتەوایەتی، ستەمی رەگەزیشی دەرهەق كراوە، چونكە فەرهەنگی وڵاتانی داگیركەری كوردستان، كە زیاتر لە ژێر كاریگەریی، فەرهەنگێكی پیاوسالار بووە و زۆر بە كەمی ئیجازەی بە ژن و بەتایبەت بە ژنی كورد داوە دەنگی خۆی دەرببڕێت. بەڵام لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەی كورددا، ژن لە گەلێك بواردا پاڵپشت و تەنانەت كۆڵەكەی شۆڕشەكانی كورد بووە. هەربۆیە لەم دۆخەشدا، كە بەشێكی نیشتمانی كورد ئازادە و سەرباری ئەوەی كە گەلی ئەو بەشە ئازادەی كوردستان زیاتر لە ١٢ ساڵە بە هەموو شێوەیەك هەوڵ بۆ پێكەوەژیانی ئاشتییانە لەگەڵ باقیی گەلانی عێراق دەدات، كەچی ئەقڵییەتی نێوەندخوازی عێراقی لەم قۆناغەدا ئەو گەلە ئاشتیخوازەی ناچار كردووە بیر لە سەربەخۆیی بكاتەوە، ژنی كورد دەبێ بە شێوەیەكی یەكسان و بەبێ هیچ جیاوازییەك لەگەڵ پیاوان هەوڵ بۆ سەرخستنی ریفراندۆمی مافی دیاریكردنی چارەنووسی نەتەوەی كورد بدات.چالاكی مەدەنی مەهاباد خەسرەو رایوایە: «ئافرەتان نیوەی كۆمەڵگەن و دەتوانن كاریگەرییان لە سەر گشت جومگەكانی كۆمەڵگە هەبێت، بەڵام هەتا یاساكان گرێدراوی نەریت و كەلتووری كۆن بن، بەربەست لەبەردەم كاریگەرییان دروست دەكرێت و سوود لە تواناكانیان وەر ناگرن.» گوتیشی: «ریفراندۆم بۆ دیاریكردنی چارەنووسی نەتەوەیەك، پرسێكی نەتەوەییە و گرنگە وەك تاك تێیدا بەشدار بین و نابێت هیچ عەقڵییەتێك رێگری بۆ دروست بكات. بەڵام پێش هەموو شتێك دەبێت خۆمان لە دەست یاساكانی گرێدراوی كەلتوور و نەریت و شەریعەت رزگار بكەین.»
نوخشە جۆڵا چالاكی مەدەنی و پەروەردەییە و سەرەتا جەخت لەوە دەكاتەوە كە «وەكوو مرۆڤێكی كورد بە هەموو شێوەیەك لەگەڵ جیابوونەوەم لە عێراقێك، كە دوای داعش حەشدی شەعبیمان تووش دەكات.» گوتیشی: «لە دەنگدان بە درووستكردنی دەوڵەت، زۆر فاكتەر هەن كە دەبێت لەبەر چاوی بگرین، بۆ نموونە ئەگەر ئایین لە سیاسەت جیا نەكرێتەوە، یان ئەگەر یاساكانی ئافرەت بكاتەوە بە كۆیلە، ئەوا ئەو دەوڵەتە هەر دروست نەكرێت باشترە، دەبێت لەو دەوڵەتەدا مرۆڤ شكۆی هەبێت، بە بێ هیچ جیاكارییەكی رەگەزی و ئایینی و تائیفیی، بەڵام ئەگەر شكۆی مرۆڤ لەو دەوڵەتەدا پارێزراو بێت بە بێ ئەوەی سەیری رەگەزی بكرێت و یەكسانی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی بچەسپێندرێ و ئافرەتیش وەك پیاو لە كردنەوەی گرێكوێرەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریدا بەشدار بێت، ئەو كات ئافرەت دەتوانێت دایكێكی باش بێت بۆ پەروەردەی منداڵەكانی و هاوسەنگەرێكی باش بێت بۆ برای پێشمەرگەی و كچێكی دڵسۆزی ئەو سەرۆكەش دەبێت كە دەیەوێت بۆ نەتەوەكەی باوكێكی باش بێت.»
ئیسماعیل هەنارەیی كارگێڕی ناوچەی چەمچەماڵی پارتی دیموكراتی كوردستانە و سەرەتا ئاماژە بەوە دەكات كە «لە ساڵی 1953 بارزانی مستەفا پێش هەمووان دركی بە سەنگ و توانای ئافرەتان كرد، بۆیە (رێكخراوی یەكیتی ئافرەتانی كوردستان)ـی بۆ دامەزراندن تا لە چوارچێوەی ئەو رێكخراوەدا ئافرەتان پەرە بە توانا و حەزەكانی خۆیان بدەن و ریزەكانیان بۆ كوردایەتی و خزمەتی خاك و نیشتمان یەك بخەن.» گوتیشی: «چۆن لە رابردوودا ئافرەتان خەباتیان كردووە بۆ ئەم رۆژگارەی ئێستا كە گەلی كورد بە ئازادی بگەیەنن، لە ئێستاشدا ئەركێكی مەزنتر هاتۆتە رێگەی ئافرەتانی كوردستان ئەویش خەونی لە مێژینەی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی و گەلی كوردە، كە لە سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی كوردستاندا بەرجەستە بووە. لەم قوناغەدا دەبێت ئافرەتان ریزەكانیان رێكبخەن و لە چوارچێوەی ئۆرگانەكان و رێكخراوەكان و دەستەكاندا لە نێو كۆمەڵگەدا چالاكیی ماندوویی نەناسانە ئەنجام بدەن و ئاراستەی بیری نەتەوەیی و سەربەخۆییان بكەن، بە باس و خواس و كۆڕ و سیمینار و بڵاوكردنەوەی بڵاوكراوە لە سەر گرنگی و سەربەخۆیی و ئەرك و مافی ئافرەتان لەپرسی ریفراندۆمدا كاری جددی بكەن، چونكە بە سەربەخۆیی كوردستان ئافرەتانی كورد زیاتر و زۆرتر لە بەدەستهینانی مافەكانیان نزیكتر دەبنەوە و گەلی كورد بە خەونی چەندین ساڵەی دەگات.»
نووسەر و رۆژنامەنووس گوڵستان وەلی، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «زۆربەی نەتەوەكانی جیهان كە لە ئێستادا خاوەنی دەوڵەت و شوناسی تایبەت بە خۆیان و خاوەنی شكۆ و سەروەرین، ژن رۆڵی گرنگی لە خەبات و رزگاری ئەو نەتەوانەدا هەبووە. بێگومان مێژووی كوردستانیش پڕە لەو دایكانەی نەترسانە و بوێرانە و لێبوردانە خوێنی پاكی هاوسەر و كوڕ و برا و باوكیان لە پێناوی ئازادی گەلەكەیاندا بە خاكی پیرۆزی كوردستان بەخشیوە، تەنانەت لە ئێستاشدا سەدان كچی ئازا و چاونەترس لە بەرەكانی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش خاكی پیرۆزی كوردستان دەپارێزن، لە ئێستاشدا ژنی كورد دەبێ سەرەتا لە پێناو بە دەستهێنانی مافە رەواكانی خەبات بكات و ئەم خەباتە گرێبدات بە خەبات لە پێناو رزگاری و بە خاوەن دەوڵەت بوونی نەتەوەكەی و ریفراندۆمیش گرنگترین پرسی شوناسی نەتەوەیە و دەنگی زۆرینە و پێكهاتەی نەتەوەیە و بە دڵنیاییەوە لەم پرۆسەیەدا ژن رۆڵی سەرەكی دەبینێت. ژن وەك كاراكتەرێكی چالاك لە دروستكردنی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و لە پرسی شوناسدا رۆڵی هەیە و هیچ شوناسێك بە بێ ژن ناكرێ. ئەو شوناسەی ژنی تێدا نەبوو، كەلێنی گەورەی تێدەكەوێ، بۆیە دەڵێن زمانی دایك، لەبەر ئەوەی دایك لە سەرەتاوە منداڵ پەروەردە دەكات، ئەو پەروەردەكردنەشە كە ئینتیمای نیشتمانی دروست دەكات. لەئێستاشدا گرێدانی ژن بە ریفراندۆمەوە گرێدانێكی پێویستی كۆمەڵایەتی و سیاسییە و ئەگەر ژن لەو بوارەدا پشتگوێ بخرێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە سەركەوتوو نابێت، چونكە ژن پێگەیەكی كۆمەڵایەتی بەهێزی هەیە و توانای ئەوەی هەیە زۆر شت یەكلایی بكاتەوە، تەنانەت دەتوانێ مانەوەی نەتەوە لە جوغرافیایەك جێگیر بكات، یان بیگوازێتەوە بۆ شوینێكی دیكە، با ئەوەما لە بیر نەچێت كە بەشێكی زۆر لەو كەسانەی دەنگیان دا بە جیابوونەوەی ئیرەلەندا و ئیسكۆتلەندا، ژن بوون.»
Top