سێیەمین تاقانەی كیمیابارانی هەڵەبجە دۆزرایەوە

سێیەمین تاقانەی كیمیابارانی هەڵەبجە دۆزرایەوە
گوڵان – كۆمەڵایەتی

نزيكەی سێ دەیە لەمەوبەر هەڵەبجە بە فەرمانی سەدام حوسێن و لە سەردەستی رەشی عەلی حەسەن مەجید (عەلی كیمیایی) كیمیاباران كرا و زیاتر لە 5000 هاووڵاتیی كورد هەناسەبڕ كران. ئەو تاوانە كۆكوژییە سەرەتای ئازارێكی كوشەندە بوو كە دوای 28 ساڵ تا ئێستاش چیرۆكی تراژیدیا و دڵتەزێنی لە هەگبەدا هەڵگرتووە و هێشتا بەركەوتووانی ئەو كیمیابارانە، یان چارەسەر وەردەگرن، یان گیانيان لە دەست دەدەن. كۆرپە بەجێماوەكانی سەردەمی كیمیابارانەكەش كە كاتی خۆی رەوانەی وڵاتی ئێران كراون، زۆربەیان خێزانەكەیان لەدەست داوە و وەك تاقانەی كیمیاباران عەوداڵی دۆزینەوەی خانەوادە و خزم و كەسی خۆیانن. شەمسی قوربەیی بەرپرسی كۆمەڵگەیەكی خزمەتگوزاری راوێژكاری -تەندروستی و توێژەری كۆمەڵایەتییە لە پارێزگای سنە -ی سەر بە رۆژهەڵاتی كوردستان و لە دیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان تیشك دەخاتە سەر ژیانی رابردووی بارزان كە تاقانەی سێیەمی قوربانییانی كیمیابارانی هەڵەبجەیە و بەمجۆرە چۆنیەتی دۆزینەوەی خزمەكانی دەخاتەڕوو.




"هەموو ساڵێك لە رۆژی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە-دا یادی قوربانييانى ئەو تاوانە نەگریسە دەكرێتەوە، ئەمساڵ لەو ساڵیادەدا ئالان و چیا دوای 28 ساڵ بە خزمانی خۆیان لە هەڵەبجە شاد بوونەوە. گەرچی چیا (بارزان جەعفەری) هەموو ئەندامانی خێزانەكەی لە كیمیاباراندا شەهید كراون و ئالان (ئەعزەم مووسائییان) تەنیا خوشكێكی رزگاری بووە، بەڵام ئەوان دوای ئەوەی بە خزمانی نزیكی خۆیان شاد بوونەوە، پێكەوە تاجەگوڵینەیان لە سەر مەزاری دایك و باوك و برا و خۆشكی خۆیان دانا. ئەو دیمەنە پڕ بوو لە دوو هەستی دژبەر، لە لایەك زامی لەدەستدانی ئازیزترین كەسان و رژانی فرمێسكی خەم لە چاوانی حەسەرتبارانی دابڕاو، لە لایەكی دیكەوە بزە و خەندەی تێكەڵ بە لەئامێزگرتنی خزمان و بە یەكدی شادبوونەوە."


ئەوە دەستپێكی قسەكانی شەمسی قوربەیی بوو. ئەو خاتوونە توێژەرێكی كارامەی كۆمەڵایەتییە و بەرپرسی كۆمەڵگەیەكی خزمەتگوزاری و هاریكاری تەندروستییە لە پارێزگای سنە -ی سەر بە رۆژهەڵاتی كوردستان و فەرمانگەكەی سەر بە رێكخراوێكە كە بە(سازمان بهزیستی) ناو دەبردرێ.
خانم قوربەیی بەمجۆرە بەسەرهاتی بارزان و چۆنیەتی ئاشنابوونی خۆی لەگەڵ تاقانەیەكی كیمیاباراندا دەخاتەڕوو: "بارزان ساڵی 1367ی هەتاوی (1988) هاوكات لەگەڵ بۆمبارانی شیمیایی هەڵەبجە لەگەڵ دەیان منداڵی بێكەس كە لەو بۆمبارانە رزگاریان ببوو، لە لایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تەحویلی سازمانی بێهزیستی كراون و بە سەر چەند شاردا دابەش كراون. ئاماری دروستی ئەو منداڵانە بە تەواوی دیار نییە، بەڵام شۆفیرێك كە ناوی لامان پارێزراوە، خۆی باسی ئەوەی كرد كە نزیكەی 60 منداڵی لە سنووری هەڵەبجەوە بۆ ئێران جێبەجێ كردووە، ئاماری دیكەش هەیە كە ئاماژە بەوە دەكات ژمارەی ئەو منداڵانە 104 كەس بوون. دوای دڵنیابوون لە باری تەندروستی بارزان، ئیدارەی بێهزیستی لە شاری سنە لە دوای مۆڵەتپێدانی داداگا بارزان بە دوو هاوسەر دەسپێرن كە ساڵانێكی زۆر لە نێعمەتی منداڵ بێبەش بوون، باوكی ناوی(محەمەد باقر جەعفەری) و كارمەندی ئیدارەی دارایی بووە و دایكیشی (پەروانە محەمەدی) مامۆستا بووە و وەك خەڵك باسی دەكەن، زۆر بە دڵسۆزی بارزانیان پەرورەدە كردووە. پەروانە خانم مامۆستایەكی دڵسۆز و دایكێكی فیداكار و سالارەژن بوو، بە جۆرێك كوڕەكەی پەروەردە كردووە، كە لە خوێندن و وەرزش زۆر سەركەوتوو بێت، باوكیشی لە هیچ شتێك بۆ بەختەوەری كوڕەكەی درێخی نەكردووە، بۆیە ئێستا دەبینین بارزان پیاوێكی ئەخلاقمەند و وەرزشكار و راستگۆ و جوامێرە. كاتێك بارزانی كۆرپەیان بە منداڵی خۆیان قبووڵ كردووە، نەیانزانیوە چ رۆژێك لەدایك بووە، بۆیە رۆژی لە دایكبوونی پەروانە خانمی دایكی، بۆ كوڕەكەیان دەستنیشان كراوە و ناسنامەی ئێرانییان بۆ دەرهێناوە و دوای ئەوەش ژیانی خێزانییان بە بەختەوەری بەڕێ كردووە. بارزان لە زانكۆ بەشی پەیمانگەی وەرزشی تەواو كردووە، بەڵام بە هۆی فشارە رۆحییەكانی نەیتوانیوە زیاتر لەوە درێژە بە خوێندن بدات. چۆنیەتی ئەو بارە دەروونییەی ژیانیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاتەی كە هێشتا مێرمنداڵ بووە، دایكی بە هۆی نەخۆشییەكی كوشەندە گیانی لە دەست دەدات و 13 ساڵ دواتریش باوكی بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە سەفەری بێ گەڕانەوە دەكات و بارزانی تاقانەی دوو خێزان بە تەنیا دەمێنێتەوە. ماوەی چوار ساڵە باوكی بارزان بە رەحمەتی خوای گەورە چووە، بەڵام پێش ئەوەی كە كۆچی دوایی بكات، كاتێك نەخۆش بووە، داوای لە بارزان كردووە ژیانی هاوسەری پێكبهێنێت بۆ ئەوەی لانیكەم نەوەكەی ببینێت، بارزانیش لەگەڵ خانمێك بە ناوی دونیا نازدار هاوسەرگیری دەكەن و بەوە دڵی باوكی خۆش دەكات و ئێستاش كچێكی جوان و خنجیلانەیان هەیە."


چۆنیەتی ئاشكرا بوونی نهێنییە گەورەكەی بارزان


شەمسی قوربەیی لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا بۆ گوڵان بەمجۆرە پەردە لە سەر ئاشكرابوونی رازێكی 28 ساڵە هەڵدەداتەوە كە بارزانی تاقانەی تووشی شۆك كردووە: "بارزان كاتێك منداڵ بووە و هێشتا نەخراوەتە بەر خوێندن، كەسێك بە تەلەفۆن پێی دەڵێت: تۆ كوڕی ئەو خانەوادەیە نیت كە ئێستا لەگەڵیان دەژی! ئەویش هەمان رۆژ بەرۆكی دایك و باوكی دەگرێت و داوایان لێدەكات راستییەكەی بۆ ئاشكرا بكەن، بەڵام هیچیان رێ بە خۆیان نادەن كە بارزان لەو تەمەنەدا تووشی سەدمەی رۆحی بكەن، تا دواهەناسەشیان ئەو راستییەیان لە بارزان شاردەوە. بەڵام باوكی بارزان پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات، بە خەزووری بارزان -ی وتبوو: نهێنییەكی گەورەی ژیانم هەیە، پێویستە تۆ بیزانی، ئەویش ئەوەیە كە بارزان لە منداڵەكانی رزگاربووی هەڵەبجەیە. خەزووریشی دوای كۆچی دوایی باوكی بارزان، ئەو نهێنییە بۆ بارزان دەدركێنێ. لەو رۆژەوە تا ئێستا ماوەی چوار ساڵی رەبەقە بارزان لە هەوڵی بەردەوامدا بووە بۆ ئەوەی پێناسەی راستەقینەی خۆی بدۆزێتەوە و بە دایك و باوكی یەكەمی شاد ببێتەوە. "


چۆنیەتی ئاشنابوون لەگەڵ بارزان



"نزيكەی سێ ساڵ پێش ئێستا رۆژێك بارزان هات بۆ شوێنی كارەكەم و داوای ناوی كارمەندان و توێژەرانی كۆمەڵایەتیی ئیدارەكەمانی لە بیست ساڵی رابردوودا كرد، زۆر بە لامەوە سەیر بوو, كاتێك گوێم لە چیرۆكی دڵتەزێنی ژیانی گرت، خۆم بەرامبەر بە رابردووی بە بەرپرسیار زانی. هەر ئەو كات بەڵێنم بە خۆم دا كە هەموو هاوكارییەكی بكەم. بە هاوكاری بەشی ئەرشیڤ و هاوكارانی دێرینم نامەی واگوزاری (تەبەنی كردن)ی بارزانمان بە خانەوادەی دووەمی دۆزییەوە و نزیكەی دە مانگ بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی یاسایی دادگا هاتوچوومان كرد. پەیدابوونی هاوناز (مەریەم) و باسكردنی لە راگەیاندنەكان وزەی گەورەی بە ئێمە بەخشی و خانەوادەكەی مەریەم لە كامیاران چاوەڕوانی وەڵامی (دێ ئێن ئەی) بوون. بە سوودوەرگرتن لە بەدواداچوونەكانی ئەوان سەردانی هەڵەبجەمان كرد و بەڕێز قایمقامی هەڵەبجە و هەروەها بەڕێز كاك لوقمان عەبدولقادر سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانییانی هەڵەبجە زۆر هاوكاریمانیان كرد. وەك دوو لیژنە لە ئێران و هەرێمی كوردستان كارمان كرد. بەڕێز د. فەرهاد بەرزنجە كە كار پشكنینی دی ئێن ئەی دەكات و پێویستە هەمووان رێز لە كاری دڵسۆزانە و بەرپرسانەیان بگرین، ماوەی مانگێكە ئاگاداری كردینەوە كە وەڵامی پشكنینەكە هاتووەتەوە. كۆمەڵەی قوربانییانی هەڵەبجە لە ساڵیادی كیمیابارانی شارەكە بارزان و و ئالان (ئەعزەم مووسائییان)ی بانگهێشت كرد. ئالان پشكنینی خوێنی بۆ كرابوو، وەڵامەكەی هاتبووەوە، ئەو لە خێزانی خۆی تەنیا خوشكێكی مابوو، كاتێك یەكتریان لە ئامێز دەگرت، خۆری ئاسمانیش بزەی شادی دەدرخشایەوە، بەڵام بارزان لە خێزانەكەی خۆی تەنیا خۆی مابووەوە، بەمجۆرە ئەو بوو بە سێیەمین تاقانەی كیمیاباران و تەنیا مام و ئامۆزا و پوورەكانی لە ئامێزیان دەگرت و بەوەش خوێنیان بۆ یەكتری بە جۆش دەهات.



بارزان لە بری باوكی پەیكەرەكەی دەدۆزێتەوە



وەك خانم قوربەیی باسیكرد، دوای ئەوەی دەركەوت بارزان ناوی (چیا) و كوڕی تۆفێق حەمەعەلی ناسراو بە(تۆفێق كارەبا) بووە كە لە خێزانە هەشت كەسییەكەیان تەنیا ئەو رزگاری بووە، لە رێوڕەسمی یادكردنەوەی قوربانییانی كیمیاباران كە ئەمساڵ لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەچوو، بە دیداری خزمەكانی شاد بووەوە و ئەوانیش بە گەرمی لە ئامێزیان دەگرت و دەیانگوت: بۆنی تۆفێقی باوكی لێدێت و خۆشحاڵی خۆیان بە رژانی فرمێسكی شادی دەردەبڕی.
شەهید تۆفێقی باوكی بارزان كەسایەتییەكی خۆشەویستی خەڵكی شارەكە بووە و ئێستاش پەیكەرەیەكی بۆ دروست كراوە كە لە بەردەم دایرەی كارەبا لە هەڵەبجە دانراوە.



شەمسی قوربەیی جەخت لەوە دەكاتەوە كە بارزان شانازی بەو پەیكەرەیەوە دەكات. وتیشی: "تاقانەكەی دوو خانەوادە سەرەڕای ئەوەی تووشی شۆك بووە لەوەی كە دایك و باوك و سێ خوشك و دوو برای بە دەستی رژێمی بەعسی نەفرەتی شەهید بوون، ئێستا لە ناو خزم و كەسوكاریدا دەژی و تاوانبارانی دڕندەی ئەو كۆمەڵكوژییەش كۆشك و تەلاریان رووخا و بە سزای گەل گەیشتن."


قوربەیی لە كۆتایی قسەكانیدا دەڵێت: "شوكر بۆ خوای گەورە دوای نزیكەی دووساڵ و نیو لە هەوڵدانمان بۆ دۆزینەوەی كەسوكاری بارزان، بە ئاواتی خۆی گەیشت. ئەو كە هەموو كات بە منی دەگوت بە بوونی تۆ هەست بە بێ دایكی ناكەم، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە ئاواتی ئەوە بوو دایك و باوكی راستەقینەی خۆی لە ئامێز بگرێ، بەداخەوە ئەو ئاواتە گەورەیەی نەهاتەدی. منیش ئەگەرچی ئەخلاقی پیشەیی توێژەری كۆمەڵایەتی و دەروونی وا دەخوازێ كە خۆیان گیرۆدەی رووداوەكان نەكەن و تەنیا بە ڕێنمایی هەوڵی چارەسەری گرفتە كەسییەكان بدەن، هەروەها سەرەڕای ئەوەی كە لە لایەن خانەوادەكەمەوە زۆر جار رەخنەم لێگیراوە بەوەی كە كاتی زۆری ژیانم بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە داناوە، بەڵام هەر ئەوەی كە هەوڵەكانمان بێ ئەنجام نەبوون، زۆر دڵخۆشم و ئەوەش ناشارمەوە كە هەست دەكەم بارزان دایكی سێهەمیشی هەیە و وەك كوڕی خۆم خۆشم دەوێت."



بەرنامەی بارزان بۆ داهاتووی چییە؟


بارزان بە هۆی سەرقاڵبوونی بە دیداری خزمانی نەیتوانی دیمانەیەكی لەگەڵ گۆڤارەكەمان هەبێت، بەڵام لە ئاخافتنێكی تایبەتدا كە بەڵێنی دا هەموو ژیانی رابردووی بە وردی بۆ گوڵان باس بكات، لە بارەی بەرنامە و ئامانجی داهاتووی ژیانی گوتی: هيوادارم بتوانم بەشێكی زۆری كاتەكانی ژیانم بۆ دۆزینەوەی منداڵانی دابڕاو لە هەڵەبجە تەرخان بكەم و دەستەیەكی چالاك بۆ ئامانجە گەورەیەم پێكبهێنم. "



لە كۆتاییدا ماوە بگوترێ: ئەنفال و كیمیابارانی كورد لە باشووری كوردستان برینی قووڵی سارێژنەبووی مێژووی نەتەوەیەكی جینۆساید كراوە و رژێمی بەعسی رووخاو لە عێراق، بەو تاوانە نەگریسانەى دەیویست كورد پاكتاو بكات و هەموو خواست و ئامانجە نەتەوەییەكانی كوردان بتوێنێتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەو كۆكوژییانە كە دەیان هەزار قوربانی لێكەوتەوە، ئیرادەی گەلی كورد بە چۆكدا نەهات و لە سەر گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەكانی مكۆمتر راوەستا و تا هەنوكەش كە شەڕی داسەپاوی داعشییەكان بە درێژایی هەزار كیلۆمەتر بەرۆكی گرتووە، لە قوربانیدان بەردەوامە، لە ئێستاشدا زلهێزانی جیهان دان بە شكستهێنانی ئەو رێككەوتننامەیەدا دەنێن، كە خاكی كوردی بە بێ ویستی كوردان و پرس پێكردنیان دابەش كرد. رێككەوتننامەی سایكس پیكۆ، بۆ ماوەی سەدەیەك كوردی تووشی نەهامەتی و مەینەت و كوشتن و كۆكوژی و سەركوت و ماڵوێرانی كرد، بەڵام هاوكێشەی سیاسی و ژیۆپۆلیتیكی و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و ئیرادەی گەلی كورد و قارەمانەتی پێشمەرگە و پێگە و پلاتفۆرمی درەوشاوەی سەرۆك بارزانی، كوردی لە گشتپرسی بۆ دیاریكردنی چارەنووسی نەتەوەیی خۆی نزیك كردووەتەوە. تەنیا ئەو نەقشەڕێگەشە كە گەرەنتی ئەوە دەكات، جارێكی دیكە كورد تووشی كۆمەڵكوژی و جینۆساید نەبێتەوە.

سپۆت:


تاقانەكەی دوو خانەوادە سەرەڕای ئەوەی تووشی شۆك بووە لەوەی كە دایك و باوك و سێ خوشك و دوو برای بە دەستی رژێمی بەعسی نەفرەتی شەهید بوون، ئێستا لە ناو خزم و كەسوكاریدا دەژی و تاوانبارانی دڕندەی ئەو كۆمەڵكوژییەش كۆشك و تەلاریان رووخا و بە سزای گەل گەیشتن
ئالان پشكنینی خوێنی بۆ كرابوو، وەڵامەكەی هاتبووەوە، ئەو لە خێزانی خۆی تەنیا خوشكێكی مابوو، كاتێك یەكتریان لە ئامێز دەگرت، خۆری ئاسمانیش بزەی شادی دەدرخشایەوە، بەڵام بارزان لە خێزانەكەی خۆی تەنیا خۆی مابووەوە، بەمجۆرە ئەو بوو بە سێیەمین تاقانەی كیمیاباران
باوكی بارزان پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات بە خەزووری بارزان -ی وتبوو: نهێنییەكی گەورەی ژیانم هەیە، پێویستە تۆ بیزانی، ئەویش ئەوەیە كە بارزان لە منداڵەكانی رزگاربووی هەڵەبجەیە



شۆفیرێك كە ناوی لامان پارێزراوە، خۆی باسی ئەوەی كرد كە نزیكەی 60 منداڵی لە سنووری هەڵەبجەوە بۆ ئێران جێبەجێ كردووە
دايكى بارزان مامۆستایەكی دڵسۆز و دایكێكی فیداكار و سالارەژن بوو، بە جۆرێك كوڕەكەی پەروەردە كردووە، كە لە خوێندن و وەرزش زۆر سەركەوتوو بێت، باوكیشی لە هیچ شتێك بۆ بەختەوەری كوڕەكەی درێخی نەكردووە، بۆیە ئێستا دەبینین بارزان پیاوێكی ئەخلاقمەند و وەرزشكار و راستگۆ و جوامێرە
Top