پێشمەرگەکانمان بەرگری لە خاک دەکەن، ئێمەی ئافرەتانیش بە ورەیەکی بەرزەوە ماڵەکانی خۆمان دەپارێزین

پێشمەرگەکانمان بەرگری لە خاک دەکەن، ئێمەی ئافرەتانیش بە ورەیەکی بەرزەوە ماڵەکانی خۆمان دەپارێزین
د.ڤیان سلێمان سکرتێری گشتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان:



لەگەڵ دروستبوونی شەڕی داعش ئێمە پاڵپشتی برا پێشمەرگەکانمان بووین و ھەوڵمان داوە ورەی خەڵکی خۆمان لە نێو ماڵەکانی خۆیان بەرزبکەینەوە، بۆیە لە رێگای کورتەنامەیەکەوە پەیامی خۆمان گەیاندە ئەندامەکانمان کە ژمارەیان لە لامان ھەیە و نزیکەی ٥٣ ھەزار ئەندامن کە دەمانگوت پێشمەرگەکانمان بەرگری لە خاک دەکەن، ئێمەی ئافرەتانیش بە ورەیەکی بەرزەوە ماڵەکانی خۆمان دەپارێزین
راپرسیەکمان لە نێوئافرەتانی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دا و فۆرمێکمان دروست کرد بە ناوی بەرگری لە خاکی ھەرێمی کوردستان و تیایدا پرسیارمان لە ئافرەتان کرد کە (بە چ شێوازێک ئامادەی بەرگری لە خاکی ھەرێمی کوردستان بکەیت؟) نزیکەی دوو ھەزار ئافرەت ئامادەبوون چەک ھەڵگرن، ھەروەھا نزیکەی سێ ھەزار ئافرەت ئامادە بوون لە پشتەوەی بەرەکانی جەنگ ھاوکاری پێشمەرگە بکەن
ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتان ئامادەیی خۆیان دەربڕی کە لە رووی دارایی ھاوکاری بکەن، بەوجۆرە ١٦ ملیۆن دینار کۆکرایەوە و نزیکەی ١٢ ملیۆنی خرایە سەر سەندوقی یارمەتی پێشمەرگە و چوار ملیۆنیشی کە ئافرەتانی یەکێک لە کەمپەکان پێویستیان بە ھاوکاری بوو، بۆمان بردن.
یەکێک لە کارەکانمان ھەڵمەتی خواردن دروستکردن بوو بۆ پێشمەرگە و خورادن بۆ چەندین شوێنی جیاجیای بەرەکانی جەنگ بردرا. لە ھەمان کاتدا ھەڵمەتی دروستکردنی کولێچەشمان دەست پێکرد و بۆ بەرەکانی جەنگمان دەنارد، وەک پاڵپشتییەکی مەعنەویش سەردانی ھەموو بەرەکانی جەنگمان کردووە
ھەڵمەتی خوێن بەخشینمان رێکخست بە ناوی: لەپێناو بەرگری لە نیشتمان بە خوێن لەگەڵتانین، تاکو ئێستا سێ جار خوێنمان بەخشیوە و ھەرجارەو زیاتر لە ١٠٠٠ بتڵ خوێنمان بە برا پێشمەرگەکان بەخشیوە

ئێستا دوو ھێزی ئافرەتان ھەن بە ناوی (ھێزا کچێن رۆژێ) و (ھێزا ئاگری) کە کۆمەڵێک ئافرەتی خۆبەخش لەگەڵیانن، جگە لەوەش ٢٠١ کچ لە ئەکادیمای سەربازی زاخۆ دەرچوون کە ئەمانە ھەمووی جێگای خۆشحاڵین
ئەو کچە ئێزیدییانەی کە لە ژێر دەستی داعش رزگاریان دەبێت، ئێستا لە نێو ھەرێمی کوردستان پەراکەندەن و بە لەبەرچاوگرتنی لایەنی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەکەمان ئێمە وەک یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بە تەنسیق لە گەڵ لایەنی پێوەندیدار ھەوڵ دەدەین پێوەندییان پێوە بکەین. سەردانیان دەکەین و خۆمانیان پێدەناسێنین و ئامانجی خۆمانمانیان بۆ روون دەکەینەوە و ژمارە تەلەفۆنێکی تایبەتمان ھەیە بۆ ئەوەی پێوەندیمان پێوە بکەن و یارمەتییان بدەین
ئەو کچانەی کە ھێشتا لە ژێر دەستی داعشدان، یەک دوو جار حاڵاتی وا روویداوە و پێوەندیمان پێوە کردوون و لایەنی پێوەندیداریشمان ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەوەی رزگاریان بکەن

بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەبەر دەستمانن، زۆرترین نەخۆشییەکان لە ئافرەتانی کوردستاندا ھەیە، بۆیە پێویستی بە کاری زیاتری تەندروستی ھەیە
پێوەندیمان لەگەڵ کۆمەڵێک پزیشک و دەرمانخانەکان کردووە، بۆ ئەوەی کاتێک خێزانی سەربەرزی پێشمەرگە و شەھیدان سەرەدانیان دەکەن، نووسراوی یەکێتی ئافرەتانیان پێبێت و داشکاندنێکی تەواویان بۆ بکرێت
ئێمە کۆمەڵێک کارمان کردووە وەک دابینکردنی کەل و پەلی قوتابخانە بۆ منداڵانی شەھیدان و لەگەڵ سەرمایەدارەکان قسەمان کردووە. واتە پردێک بووین لە نێوان سەرمایەدارەکان و خێزانی شەھیدان و لە رێگای ئەنجومەنەکانمانەوە ئەو خەڵکانە دەدۆزینەوە کە پێویستییان بە ھاوکاری ھەیە
حکومەت ھەرێمی کوردستان لەم روانگەیەوە درێخی نەکردووە و پێویستیشی بەوە نەبووە کە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان پێشنیاری بۆ بکات، لەبەر ئەوەی چەندین ساڵە بایەخیان بە کورسی تایبەت بە منداڵە شەھیدەکان داوە و تەنانەت لە خوێندنگە ئەھلییەکان حکومەت خۆی پارەی منداڵانی شەھیدەکان دەدات




گوڵان – کۆمەڵایەتی


د.ڤیان سلێمان سکرتێری گشتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لەم دیدارەیدا لەگەڵ گوڵان تیشکدەخاتە سەر کار و چالاکیی رێکخراوەکەیان بۆ خزمەتکردنی ئافرەت و خانەوادەی سەربەرزی پێشمەرگە و شەھیدان و بەدواداچوون بۆ دۆخی ئافرەتانی ئێزیدی لە ژێر دەستی دڕندەکانی داعش و ھاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە تاکو ئێستا نزیکەی ٧٨ سمیناریان لەسەر ریفراندۆم ئەنجام داوە و جەختیش لەوە دەکاتەوە بەتایبەتی لەم قوناغەی ئێستادا زۆر پێویستە تاک بە تاکی ھاووڵاتیان بە ھەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاکانەوە یەکڕیزی و یەکگروتوویی ناوماڵی کوردستان بپارێزین.

• یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ئەو رێکخراوەیە کە نوێنەرایەتی ئافرەتانی کوردستان دەکات لە کایەی سیاسی و بەشداریان لە پرۆسەی سیاسیی کۆمەڵگەدا، دیارە لەو کاتەوەش کە شەڕی داعش بە سەر ھەرێمی کوردستاندا سەپاوە، ئەم رێکخراوە رۆڵی خۆی ھەبووە لە بەشداری ئافرەتان لەم شەڕەدا، لەو بوارەدا تا ئێستا چیتان کردووە؟
- یەکێتی ئافرەتانی کوردستان رێکخراوێکە لە ھەناوی کۆمەڵگە دروست بووە و بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگەیە، بەتایبەتی ئەرکی ئەم رێکخراوە ھەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا لە پێناو ئەرکێکی زۆر پیرۆز ھەوڵی داوە، ئەویش جێگیرکردنی پرۆسەی یەکسانی لە نێو کۆمەڵگە و بەتایبەتی لە نێو دوو توێژی ئافرەت و پیاو بووە . یەکێتی ئافرەتانی کوردستان گرینگی زۆر بە ئافرەت دەدات و باوەڕی بەوە ھەیە کە ئەگەر ئافرەت زانا بێت و پێش بکەوێت، ئەوا کۆی کۆمەڵگە پێش دەکەوێت. ئافرەت دەورێکی باڵای لە پەروەردەکردنی کۆمەڵگە ھەیە، بۆیە دەبێت ئافرەت وشیار بێت و بە مافەکانی خۆی ئاشنا بێت، ھەروەھا ھەوڵ بدات ھاوکێشەی ئەرک و ماف لە نێو کۆمەڵگەدا یەکسان بکات. یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە گشت قۆناغەکانی تەمەنیدا دەوری باڵای ھەبووە و بە پێی ئەو بارودۆخە ھەموار و ناھەموارانەی بە سەر کوردستاندا تێپەڕیوە، بەرنامە و چالاکیی خۆی ھەبووە. بەداخەوە لە ٣/٨/٢٠١٤ کە شەڕی نەخوازراوی داعش بە سەر ھەرێمی کوردستاندا داسەپا، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لەو دۆخەشدا رۆڵی خۆی بینیوە، یەکەم ھەوڵمان ھاوکاریکردنی ئاوارەکان بوو. ھەروەھا کەمپینی کۆکردنەوەی پێداویستییەکانمان رێکخست و لە سەرتاسەری ئەنجومەنەکانی کوردستان کۆمەڵێک کەمپین راگەیەندران. ھەر بۆیە لێرەوە زۆر سوپاسی ئەو کەسانە دەکەین کە ھاوکارییان کردین و متمانەیان بە ئێمە کرد بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا چەندین کاروانی ھاوکاری بگەیێنینە شوێنە جیاوازەکان و تاکو ئێستاش بەردەوامین و نزیکەی ٢٨ کاروانیشمان بۆ ئاوارەکان ناردووە. ھەروەھا کارمان کردووە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی مەعنەوی و پاڵپشتیکردنی ئافرەتان و منداڵان لە نێو کەمپەکاندا، بەتایبەتی کچە ئێزیدییەکان. ھەروەھا ژمارە تەلەفۆنێکی تایبەتمان ھەبوو، دەماندانێ بۆ ئەوەی ھەرکات پێویستیان بە ھاوکاری ھەبێت، پێوەندیمان پێوە بکەن، ئێمەش لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە بەپێی توانا ھاوکاریمان دەکردن. جگە لەوەش لە نێو کەمپەکان کۆمەڵێک سمینار و خولمان بۆ ئافرەتان کردەوە. ھەورەھا لە یەکێک لە کەمپەکان باخچەی منداڵانیشمان کردووەتەوە. ھاوکات لەگەڵ دروستبوونی شەڕی داعش ئێمە پاڵپشتی برا پێشمەرگەکانمان بووین و ھەوڵمان داوە ورەی خەڵکی خۆمان و بە تایبەتی ئافرەتان لە نێو ماڵەکانی خۆیان بەرزبکەینەوە، بۆیە لە رێگای کورتەنامەیەکەوە پەیامی خۆمان گەیاندە ئەندامەکانمان کە ژمارەیان لە لامان ھەیە و نزیکەی ٥٣ ھەزار ئەندامن کە دەمانگوت پێشمەرگەکانمان بەرگری لە خاک دەکەن، ئێمەی ئافرەتانیش بە ورەیەکی بەرزەوە ماڵەکانی خۆمان دەپارێزین. جگە لەوەش راپرسیەکمان لە نێوئافرەتانی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دا و فۆرمێکمان دروست کرد بە ناوی بەرگری لە نیشتیمان و تیایدا پرسیارمان لە ئافرەتان کرد کە ( بە چ شێوازێک ئامادەی بەرگری لە خاکی ھەرێمی کوردستان بکەیت؟) نزیکەی دوو ھەزار ئافرەت ئامادەبوون چەک ھەڵگرن، ھەروەھا نزیکەی سێ ھەزار ئافرەت ئامادە بوون لە پشتەوەی بەرەکانی جەنگ ھاوکاری پێشمەرگە بکەن. جگە لەمەش ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتان ئامادەیی خۆیان دەربڕی کە لە رووی دارایی ھاوکاری بکەن، بەوجۆرە ١٦ ملیۆن دینار کۆکرایەوە و نزیکەی ١٢ ملیۆنی خرایە سەر سەندوقی یارمەتی پێشمەرگە و چوار ملیۆنیشی کە ئافرەتانی یەکێک لە کەمپەکان پێویستیان بە ھاوکاری بوو، بۆمان بردن. لە ئەنجامی راپرسییەکەش یەکێک لە کارەکانمان ھەڵمەتی خواردن دروستکردن بوو بۆ پێشمەرگە و خواردن بۆ چەندین شوێنی جیاجیای بەرەکانی جەنگ بردرا. لە ھەمان کاتدا ھەڵمەتی دروستکردنی کولێچەشمان دەست پێکرد و بۆ بەرەکانی جەنگمان دەنارد، وەک پاڵپشتییەکی مەعنەویش سەردانی ھەموو بەرەکانی جەنگمان کردووە. ئەم کارانەی ئێمە تائێستاش ماوە ماوە بەردوامە. ھەروەھا ھەڵمەتی خوێن بەخشینمان رێکخست بە ناوی: لەپێناو بەرگری لە نیشتمان بە خوێن لەگەڵتانین، تاکو ئێستا سێ جار خوێنمان بەخشیوە کە ھەرجارێ زیاتر لە ١٠٠٠ بتڵ خوێنمان بەخشیوەتە برا پێشمەرگەکان .



وەک یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ئامادەیی و داوای ئافرەتانمان گەیاندە جەنابی سەرۆک بارزانی کە دەرفەتی بە پێشمەرگەبوون بۆ ئافرەتان دەستەبەر بکرێت ، بەتایبەتی لە نێو ئافرەتانی لێقەوماوی دەستی شەڕ و ئێزیدیەکان چونکە ئەمە داواکاری ھەرە سەرکی ئەوان بوو، دواتر بە خۆشحاڵییەوە ئەو ھەنگاوە نرا و کاری لە سەرکرا، ئێستا دەبینین رۆژ بە رۆژ ئافرەتی زیاتر رووی تێدەکەن، زۆرجاریش پێوەندیمان پێوە دەکرێت و داوادەکەن ناونووس بکرێن بۆ ئەوەی ببن بە پێشمەرگە، بەڵام لای ئێمە ناونووس ناکرێن و بۆ شوێنی تایبەت بە خۆی رێنماییان دەکەین. ئێستا دوو ھێزی ئافرەتان ھەن بە ناوی (ھێزا کچێن رۆژێ) و (ھێزا ئاگری) کە کۆمەڵێک ئافرەتی خۆبەخش لەگەڵیانن، جگە لەوەش ٢٠١ کچ لە ئەکادیمای زاخۆ دەرچوون کە ئەمانە ھەمووی جێگای خۆشحاڵین. سەرەڕای قەیرانی دارایی، ئێمە لە کار و چالاکییەکانمان بەردەوامین و کومەڵێک ئەندامان ھەیە خۆبەخشانە کاردەکەن. ھەروەھا کۆنفرانسێکی زانستیمان بەست لە ژێر دروشمی (خەباتی ئافرەت جۆشدەرەو و وزەی خەباتی نەتەوەییمانە) بە ئامانجی ئاوردانەوە ھەروەھا بە دۆکیومێنت کردنی رۆڵ و خەباتی ئافرەتانی باشوری کوردستان لە خەباتی نەتەوەیی و سیاسی باشوری کوردستان لە ماوەی شۆڕش و راپەرین و وێستگەکانی خەباتی سیاسی پاش راپەرین ھەروەھا کاریگەری شەر بە شێوەیەکی گشتی لەسەر ئافرەت .، کە سێ مەبەستمان ھەبوو، یەکەم: ئێمە لە کاتی شەڕداین و کاریگەرییەکانی جەنگ لە سەر لایەنی ئابووری ،دەروونی و کۆمەڵایەتی ئافرەتان بە شێوەیەکی زانستیانە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. دووەم: ھاندانێک بێت بۆ ئافرەتان کە چۆن لە رابردوو لە بزاڤی رزگاریخوازی کورد رۆڵی بەرچاویان بینیوە، ئێستاش بە ھێزێکی زیاترەوە بەردەوام بن. سێیەم: بە دکیومێنتکردنی رۆل وخەباتی ئافرەتان لە بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان کە تا ئێستا وەکو پێویست بایەخی پێ نەدراوە و لێکۆلینەوەی زانستی لەسەر نەکراوە. جگەلەوەش چارەسەری کێشەکۆمەڵایەتیەکان و دابینکردنی ھاوکاری یاسایی و کۆمەڵایەتی و دەر وونی بۆ ئافرەتە خاوەن کێشەکان ئەرکی رۆژانەمانە و لە سالی ٢٠١٥ ، توانیمانە ئەم خزمەتگوزاریە پێشکەشی١٦٩ ئافرەت بکەین. ھەروەھا لە چوارچێوەی ھەڵمەتەکانی وشیاری و شیاندنی ئافرەتان ٢٠٠ سیمینار، ٣٩ ورکشۆپ و ٣٦ خول لەم ساڵەدا ئەنجام دراون.



• ئەی تا چەند ھەوڵتان داوە لە پێوەندییەکانی خۆتان لەگەڵ رێکخراوەکانی جیھانیدا کەڵک وەربگرن کە لەو شەڕەدا ھاریکاری کوردستان بکەن؟
- ئێمە وەک یەکێتی ئافرەتانی کوردستان پێوەندییەکی باشمان لە گەڵ رێکخراوەکانی وڵاتانی دیکە ھەیە و نامەیەکمان ئاراستەکردن بۆ ئەوەی ھاوکاری ھەرێمی کوردستان بکەن، ھەوەرھا لە رۆژی ٨/٣ بە ھاوکاری کۆمەڵێک رێکخراو داواکاریەکمان ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ ئەوەی یارمەتیدەری ئافرەتانی کوردستان بن.

• ئەوەی تائێستا ئێمە بینیویمانە چالاکیی رێکخراوەکەتان زیاتر سەردانی برا پێشمەرگەکان بووە لە بەرەکانی شەڕ، ھەروەھا بەخشینی خوێن بووە بۆ پێشمەرگە بریندارەکان، ئەم چالاکییانە جێگەی دەستخۆشین، بەڵام ئایا تاچەند ئاوڕتان لە کەسوکاری شەھیدانی پێشمەرگەی شەڕی داعش داوەتەوە و چۆن تێکەڵاوی خێزانی شەھیدانی پێشمەرگە دەبن؟
- ئێمە وەک یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، سەردانی ماڵە شەھیدەکانمان کردووە و ھاوخەمیی خۆمانمان دەربڕیوە، ھەروەھا لە رادیۆ ھێلێن دەستمان کرد بە بەرنامەیەک بە ناوی: شەھیدەکان لە یادمان زیندوون، ھەروەھا ھەوڵمان داوە ھاوکارێکی راستەقینەی بنەماڵەی شەھیدان بین، بۆیە ھەم لە لایەنی مەعنەوی و ھەم لە لایەنی ماددی بە پێی توانا ھاوکاریان بووین. ئەو کەمپینانەی کە کردومانەتەوە بۆ خزمەتکردن بەوان بووە، ھەورەھا لە رێگای خێرخوازانەوە ھاوکاری ماددی ئەو خێزانانەمان کردووە کە لە لایەنی ماددییەوە لە دۆخێکی خراپدان، لە رووی مەعنەویشەوە بەردوام پاڵشتیان بووین، تاکو ئێستاش بەردوامین. ھەموو روژانی یەک شەم و سێ شەم خولی دوورمانمان بۆ خێزانە شەھیدەکان کردۆتەوە بۆ ئەوەی بتوانن باشتر بژیوی ژیانی خۆیان دابین بکەن، ھەوەھا بەرنامەمان ھەیە بۆ گەڕاندنەوەی ھیوا بۆ خێزانی شەھیدەکان و لە بەرنامەماندایە خولی فێربوونی ئۆتۆمبێل و خولی نەھێشتنی نەخوێندەواری و خولی کۆمپیتەر بۆ کچان و خێزانی شەھیدەکان بکەینەوە. ھەورەھا ھەر ئافرەتێک داوای ھاوکاریمان لێ بکات، ئێمە ئامادەین ھاوکاری بکەین.



* وەک و یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کە خاوەنی ٥٣ ھەزار ئەندامن چ کارێکتان بۆ کچە ئێزیدییەکان کردووە؟
- ئەو کچە ئێزیدییانەی کە لە ژێر دەستی داعش رزگاریان دەبێت، ئێستا لە نێو ھەرێمی کوردستان پەراکەندەن و بە لەبەرچاوگرتنی لایەنی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەکەمان ئێمە وەک یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بە تەنسیق لە گەڵ لایەنی پێوەندیدار ھەوڵ دەدەین پێوەندییان پێوە بکەین. سەردانیان دەکەین و خۆمانیان پێدەناسێنین و ئامانجی خۆمان بۆیان روون دەکەینەوە و ژمارە تەلەفۆنێکی تایبەتمان ھەیە بۆ ئەوەی پێوەندیمان پێوە بکەن و یارمەتییان بدەین، ئێمە پاڵپشتیی مەعنەوییان دەکەین و دکتۆری دەروونی و تەندروستییان بۆ دابین دەکەین و بە ھەموو شێوەیەک ھاوکاریان دەبین. لێرەدا دەمەوێت زۆر سوپاسی کۆمەڵێک پزیشک و پارێزەر و توێژەری دەروونی بکەم کە خۆبەخشانە ھاوکاریمان دەکەن. ئەو کچانەش کە ھێشتا لە ژێر دەستی داعشدان، یەک دوو جار حاڵاتی وا روویداوە و پێوەندیمان پێوە کردوون و لایەنی پێوەندیداریشمان ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەوەی ھاوکارییان بکەن و رزگاریان بکەن.


* پرسێکی دیکە مەسەلەی دایک و خوشک و کچ و ژنی پێشمەرگە و شەھیدانە، ئێوە خۆتان دەزانن تەندروستیی ئافرەت چەند گرنگە، ھەروەھا دەشزانن لە کۆمەڵگەی ئێمە کەمتر بایەخ بە تەندروستیی ئافرەت دەدرێت، یان با وابڵێین کەمتر ئافرەتان بە شێوەیەکی ئاشکرا باسی نەخۆشییەکانی خۆیان دەکەن، دەشزانن نرخی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئافرەتان گرانە، بۆیە پرسیار ئەوەیە ئایا تاچەند لەگەڵ خانمە پزیشکەکانی کوردستان ھەماھەنگیتان کردووە، بۆ ئەوەی لە بواری تەندروستی کارئاسانی بۆ ئافرەتانی کەسوکاری پێشمەرگە بکەن کە بە شێوەیەکی شیاو خزمەتگوزاری تەندروستییان پێشکەش بکرێت؟
- ئێمە ھاوکارین و دەرگامان واڵایە بۆ ھەرئافرەتێک بە تایبەتی کە خێزانی پێشمەرگە و شەھیدان بێت داوای ھاوکاری بکات. ئەوەش زۆر راستە کە بواری تەندروستی بۆ ئافرەت زۆر گرینگە. بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەبەر دەستمانن، زۆرترین نەخۆشییەکان لە ئافرەتانی کوردستاندا ھەیە، بۆیە پێویستی بە کاری زیاتری تەندروستی ھەیە. لەم روانگەیەوە ئێمە بۆ خێزانی شەھیدان و پێشمەرگەکان پڕۆژەمان ھەیە و کاری لەسەر دەکەین، بەڵام نازانین تا چەند سەرکەوتوو دەبین، چونکە ئەمە دەگەڕێتەوە سەر لایەنە پێوەندیدارەکان و ئەو کەسانەی کە کارمان لەگەڵ دەکەن، پڕۆژەکەش بریتییە لەوەی کە پێوەندیمان لەگەڵ کۆمەڵێک پزیشک و دەرمانخانەکان کردووە، بۆ ئەوەی کاتێک خێزانی سەربەرزی پێشمەرگە و شەھیدان سەرەدانیان دەکەن، نووسراوی یەکێتی ئافرەتانیان پێبێت و داشکاندنێکی تەواویان بۆ بکرێت. تا ئێستاش چەندین دکتۆر ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە کە بەشدار بن لەم پڕۆژەیە و دکتۆرەکانیش تەنیا بەشی ئافرەتان نییە و کۆمەڵێک بەش دەگرێتەوە .



* لایەنێکی دیکە پرسی خوێندنی منداڵانی شەھیدان و پێشمەرگەیە، دیارە لە ھەموو وڵاتێک ئەگەر شەڕ ھەبێت، ئەو وڵاتە لە کاتی شەڕدا ئیمتیازێک دەداتە کەسوکاری شەھیدان و بریندارەکان و ھەروەھا ئەو جەنگاوارانەی کە لە شەڕدا بەشدارن، بەتایبەتیش لە پرسی خوێندنی منداڵەکانیان، ئایا ئێوە وەک یەکێتی ئافرەتان تاچەند ئەم پرسەتان وەک پێشنیار لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا باس کردووە بۆ ئەوەی ئیمتیازێک لە بواری خوێندن بە منداڵانی شەھید و بریندار و پێشمەرگەکانی بەرەکانی شەڕ بدەن، بۆ نموونە لانیکەم ساڵانە چەند کورسییەکیان لە قوتابخانە و زانکۆ ئەھلی و حکوومییەکانیان بۆ دابین بکرێت؟
- ئێمە کۆمەڵێک کارمان کردووە وەک دابینکردنی کەل و پەلی قوتابخانە بۆ منداڵانی شەھیدان و لەگەڵ سەرمایەدارەکان قسەمان کردووە. واتە پردێک بووین لە نێوان سەرمایەدارەکان و خێزانی شەھیدان . ھەروەھا لە رێگای ئەنجومەنەکانمانەوە ئەو خەڵکانە دەدۆزینەوە کە پێویستییان بە ھاوکاری ھەیە و ناوەکانیان دەدەینە ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ھاوکاری پێشکەشی کەمدەرامەت و خاوەن پێویستی بکەن. بە خوشحاڵییەوە حکومەت ھەرێمی کوردستان لەم روانگەیەوە درێخی نەکردووە و پێویستیشی بەوە نەبووە کە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان پێشنیاری بۆ بکات، لەبەر ئەوەی چەندین ساڵە بایەخیان بە کورسی تایبەت بە منداڵە شەھیدەکان داوە و تەنانەت لە خوێندنگە ئەھلییەکان حکومەت خۆی پارەی منداڵانی شەھیدەکان دەدات، بۆیە ھیچ ھەنگاوێکمان نەناوە بۆ ئەم مەبەستە، ناشتوانین کورسییان بۆ دابین بکەین، چونکە ئێمە رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنین، ئەوە کارێکی قورس دەبێت بۆمان کە تێچووی ساڵانەی قوتابی دابین بکەین. ئەرکی ئێمە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و پێگەیاندنی خودی ئافرەتە، ھەروەھا پێدانی پێشنیار بە حکومەت کە چۆن ئافرەت باشتر دەتوانێت دەوری خۆی ببینێت. لەگەڵ ئەوەشدا کارمان بۆ کردنەوەی دایەنگەکان کردووە و دایەنگەیەکمان ھەیە لە ھەولێر و بەردەوام دەبین لەم ھەنگاوانە، چونکە لەم کاتەدا دەرفەتی کار بۆ کۆمەڵێک ئافرەت دروست دەبێت کە لە دایەنگەکان کاربکەن و خانەوادەی منداڵەکانیش نرخێکی کەمتر دەدەن کە تەنیا بەشی تێچووی ئەم دایەنگەیە بکات کە خۆی بەڕێوەببات، بەبێ ئەوەی ھیچ قازانجێکی بۆ بمێنێتەوە. ئەوەش دەرفەتێکە بۆ ئافرەت بۆ ئەوەی منداڵەکەی بە نرخێکی کەمتر لە دایەنگە دابنێت بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی لە کۆمەڵگەدا بدۆزێتەوە و زیاتر بایەخ بە خۆی بدات. ھەورەھا لە کاتی کردنەوەی دەورات منداڵ نابێتە رێگر لە بەردەم ئافرەت و دەتوانێت منداڵەکەی لە دایەنگە دابنێت تا دەورەکەی تەواو دەبێت. ھیوادارین لایەنە پێوەندیدارەکانیش ھاوکارمان بن بۆ کردنەوەی ئەم جۆرە دایەنگەیانە لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بە تایبەت لەو شوێنانەی کە تاکو ئێستا دایەنگەی لێ نییە .


* وەک ھەموومان دەزانین سەرۆکی ھەرێم کار لەسەر ئەوە دەکات ھەرێمی کوردستان ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، ئێوە وەک یەکێتی ئافرەتانی ھەرێمی کوردستان رۆڵتان لەم پڕۆژەیە چییە؟
- تاکو ئێستا نزیکەی ٧٨ سمینارمان کردووە لەسەر ریفراندۆم و ھەر لەگەڵ دروستبوونی ئەم پرسە گرینگە گروپێکمان دانا بە ناوی (ئافرەتانی چالاکڤان) کە کۆمەڵێک ئافرەتی چالاکی رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی تێیدا بەشدار بوون، یەکێک لە چالاکییەکانی ئێمەش پەیامی ئەم گروپە بوو کە لە پەرلەمانی کوردستان پاڵپشتی خۆمان بۆ جەنابی سەرۆک دەربڕی . ھەروەھا بەیاننامەیەکیشمان دەرکرد کە کۆمەڵێک ئافرەتی بەتوانا تێیدا بەشداربوون، ھەر لەسەر ریفراندۆم لە سەرتاسەری کوردستان سمینارمان رێکخستووە و بەردوامین لە ئەنجامدانی کۆڕ و سمینار، چونکە بەتایبەتی لەم قوناغەی ئێستادا زۆر پێویستە تاک بە تاکی ھاووڵاتیان بە ھەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاکانەوە یەکڕیزی و یەکگروتوویی ناوماڵی کوردستان بپارێزین.
Top