پلاتفۆرمی ئافرەتانی كوردستان و جیهان لە ساڵی 2015

پلاتفۆرمی ئافرەتانی كوردستان و جیهان  لە ساڵی 2015
ساڵی رابردوو بەگشتی بۆ كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ساڵێكی پڕنەهامەتی بوو، پشكی گەورەی ئەو كارەساتانەش بەر باشووری كوردستان كەوت كە سەرەڕای بڕینی بودجە و مووچەی لە لایەن حكومەتی بەغداوە، هەروەها سەرباری داڵدەدانی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە، شەڕی دڕندەترین هێزی تیرۆریستیشی تووش بوو، لەو شەڕە داسەپاوەشدا ئەگەرچی پێشمەرگە و سەركردایەتی ئەو هێزە قارەمانە، دڕندەكانی داعش-یان لە سەر خاكی كوردان راماڵی، بەڵام قوربانییەكی زۆریشیان دا، بەتایبەتی كە تا ئێستاش هەزاران پاكیزەی كوردی ئێزیدی لە ژێردەستی دڕندەكانی داعشدا ماون و وەك -سەبایا- و دەستكەوتی شەڕ لە بازاڕەكانی شاوەتپەرستانی داعش كڕین و فرۆشتنیان پێدەكرێ.لەگەڵ ئەو هەموو نەهامەتی و كارەساتانەشدا ئافرەتی كورد شان بە شانی پێشمەرگە، دەیان داستان و حیماسەتیان خولقاند،. گوڵان لە راپۆرتێكی تێروتەسەلدا لاپەڕی كارنامەی ساڵی رابردووی ئافرەتانی كوردستان و جیهان هەڵدەداتەوە.


گوڵان: كۆمەڵایەتی


سەرەتا د.ڤیان سلێمان سكرتێری گشتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان: باسی ئەوە دەكات كە «رێرەوی مرۆڤایەتی لە سەرەتاكانی هەزارەی سێیەم بە خێراییەكی بەرچاو روو لە پێشكەوتن بوو، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پێشكەوتنە زانستییەكان و پێشكەوتنی هزری مرۆیی، ناچونیەكی لە گوزەرانی ژیان و جیهانبینی بوو بە هۆی دروستبوونی شەپۆلێك لە ناڕەزایی و ئەوەی یارمەتی ئەمەی دا پێشكەوتنە زانستییەكان بوو لە بوارەكانی گواستنەوەو گەیاندن و راگەیاندن، ئەمەش كاریگەری هەبوو لەسەر بڵاوبوونەوەی هۆشیاری ئافرەت لەم ناوچانەدا. رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بەتایبەت كارا لە بواری ئافرەت ئەم هەلەیان قۆستەوە و كاریان كرد لەسەر پێشهاتەكان و لێكەوتەكانی گۆڕانكارییە جۆراوجۆرەكان، كە ئەم رەوتە بەردەوام بوو بۆ ماوەی چەند ساڵێك، بەڵام ئەم پێشكەوتنانە بە هۆی هێرشی تیرۆریستانی داعش نەهامەتییەكی گەورەی بەدوادا هات بۆ كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەگشتی و ناوچەكە و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، كە بووە هۆی ژیان لەدەستدانی ژمارەیەكی زۆر لە مرۆڤەكان و ئاوارەبوونی ملیۆنان كەسی لێكەوتەوە، لێرەشدا هەمدیسان باجی گەورەی ئەم شەڕە ئافرەت دای و كارەساتی كچە ئێزیدییەكان و بە دیل گرتنیان و فرۆشتنیان وەك كۆیلە و دەستدرێژیكردنە سەریان، هیچ مانایەكی نییە جگە لە گەڕانەوەی مرۆڤایەتی بۆ دواوە بە هەزاران ساڵ كە لە وەحشیگەری رێكخراوە تیرۆریستیەكان و كەسانی توندڕەو دەركەوتوونەتەوە. كارەساتی ئافرەتانی كوردی ئێزیدی بوو بە هۆی ئەوەی سەرجەم وڵاتانی جیهان هۆشیار ببنەوە بەرامبەر بە دۆخی ئافرەت لەم ناوچەیەدا. هەر بۆیە دەبێت ئەم دەرفەتە بقۆزینەوە و ببێتە وەرچەرخانێك بۆ بەشداریكردنی راستەوخۆی ئافرەت لە جەنگی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندوتیژی، كە لە ئێستادا هەندێك لە دەرەنجامەكانی بە روونی دیارە وەك دەركەوتنی چەندین ئافرەتی رزگاربووی دەستی داعش وەك چالاكوان بۆ گەیاندنی ئەو كارەساتە بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەم بەشدارییەی ئافرەت بە یەكجاری كۆتایی بەو ئەفسانەیە هات كە پێیوایە باڵادەستبوونی پیاو لە كۆمەڵگەدا سرووشتییە، بەڵكو دەركەوت ئەوە دەستكرد و بەرهەمی سیستەمی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەكانە.»


د. ڤیان هێما سەبارەت بە چالاكیەكانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان گوتی: «وەك یەكێتی ئافرەتانی كوردستان سەرەڕای ئەوەی كە رێكخراوەكەمان ساڵی رابردووی لەگەڵ سەختترین دۆخی ئابووریدا بەڕێكرد، بەڵام بە ئیرادە و پشوودرێژی و بڕوابوونمان بە گیانی خۆبەخشی توانیمان چەندین چالاكی و پرۆژە ئەنجام بدەین، وەكو بەردەوامیدان بە پرۆگرامی هۆشیاری كۆمەڵایەتی بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرەكانی ستەمی كۆمەڵایەتی دژی ئافرەت كە زیاتر لە (٢٤٠) كۆڕ و سیمینار و (٣٦)خولی راهێنانی پیشەیی جۆراوجۆر و بەشداریكردن لە (٩٣٤) پرسەی شەهیدانی شەڕی داعش لە سەرتاسەری كوردستان، (12) سەردان و بەسەركردنەوەی هێزی پێشمەرگە و رێكخستنی (٢) هەڵمەتی خوێنبەخشین كە زیاتر لە (١٠٠٠) ئافرەت بەشدارییان تێدا كرد، توانیمان لەسەر ئاستی هەرێم و وڵاتانی ئەوروپا هەڵمەتی كۆكردنەوەی كۆمەك بەڕێوەببەین و لەو چوارچێوەیەشدا (٢٨) كاروانی كۆمەك و هاوكاریمان گەیاندۆتە كەمپی ئاوارەكان و هێشتا بەردەوامین، پێشكەشكردنی پشتگیری یاسایی و سایكۆلۆژی و لۆجیستی بۆ (١٦٩) ئافرەت كە دووچاری كێشە و توندوتیژی خێزانی ببوونەوە، ئەنجامدانی كۆنفرانسێكی زانستی لەسەر رۆڵی ئافرەت لە شۆڕش و راپەڕینەكان و كاریگەری هەمەلایەنەی شەڕ لەسەر ئافرەت وەك هەوڵێك بۆ بە دۆكیومێنت كردنی رۆڵی ئافرەتانی باشووری كوردستان لە شۆڕشەكانی گەلی كوردستان، بەڕێوەبردنی پرۆژەی بایەخدان بە منداڵانی خێزانە لێكترازاوەكان كە ژمارەیان (272) خێزانی جیابووەن. دیدار و یەكتربینینی ئەم منداڵانە كە ژمارەیان (425) منداڵن لە لایەن پەیمانگای پرسە كۆمەڵایەتییەكانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بەڕێوەدەبرێ و لەو میانەشدا ئەمساڵ (٢٠٩٢) دیداریان بۆ ئەنجام دراوە، كار كردن بە رێگای جۆراوجۆر بۆ گەیشتنی ئافرەت بە مافە سیاسی و مەدەنییەكانی و بەشداریكردنی لە كۆی جومگەكان وەك هاوبەشی پیاو بە هەمان ماف و ئەرك و بەركەوت و بەرپرسیاریەتی.»


هەرسەبارەت بەم پرسە فلۆرین گۆرگیس سێودین، بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، كردنەوەی سەنتەری كوردستان بۆ جێندەرناسی لە زانكۆی سۆران، بە «گەورەترین دەستكەوتی ئافرەتانی كوردستان» هەژمار دەكات كە وەك خۆی باسیكرد لە 3ی كانوونی یەكەمی ساڵی ٢٠١٥ دوای هەوڵ و كۆشش و ماندوبوونێكی زۆر بە فەرمی كرایەوە، وتیشی: «ئەم سەنتەرە ناوەندێكی ئەكادیمی و زانستی گرنگە و سەرەڕای ئەمە دەبێتە ناوەندێكی مەشق و راهێنان و گەشەپێدانی زانستی بۆ دامەزراوە فەرمی و نافەرمی و تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستاندا. هەروەها لایەنێكی تری دەستكەوتەكان بەردەوام بوونی هەوڵ و كۆششەكان بوو، بۆ بە جیهانی كردن و ناساندنی پرسی ژنانی ئێزیدی و مەسیحی و پێكهاتەكانی دیكە و هەوڵدان بۆ ناساندنی تاوانەكانی گرووپی تیرۆریستی داعش وەك پاكتاوی نەژادی و جینۆساید، ئێمە لە ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیمان نووسراوێكی تایبەتی بۆ ئەم مەبەستە بگەیەنینە كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و لە رێگەی چەندین كەناڵەوە هەواڵمانداوە پاڵپشتی وڵاتانی جیهان بۆ دەرچوونی ئەم بڕیارە بەدەست بهێنین.»


ڤیان سەبری ئەندامی یەدەكی سەركردایەتی پارتی دیموكرانی كوردستان: رایوایە ساڵی 2015 لەسەر ئاستی جیهان لێوانلێو بووە لە رووداو و چیرۆكی جیاواز، لە سەرانسەری جیهاندا جێپەنجەیان لەسەر بوارەكانی سیاسەت و زانست و كۆمەڵایەتی و ئابووری و هونەر دیار بووە، تەنانەت ئاژانسی هەواڵی بی بی سی ناوی 100 ئافرەتی كارای ئاشكرا كرد كە لە ساڵی 2015دا چالاكییەكانیان مایەی دڵخۆشی بوون، چالاكییەكانیان هەمەلایەن بوو لە بڕیارسازی تاوەكو پەرستاری بەرەكانی جەنگ، وێڕای بوارەكانی سیاسەت و زانست و فێركردن و هونەر، هەر لەو ساڵەدا ئەنجیلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا سەركەوتنی بەدەستهێنا، هیلاری كلینتۆن پاڵێوراوی یەكەمی حزبی دیموكرات بوو بۆ گرتنەدەستی پۆستی بەڕێوەبردنی كۆشكی سپی، جگە لەوەی لە ساڵی 2015 ئافرەتانی دەوڵەتانی كەنداو چەندین پێشكەوتنیان لە بوارەكانی سیاسەت و زانست و ئابووری و كۆمەڵایەتی بەدەستهێنا و بۆ یەكەمجار ئافرەتانی سعودیە توانییان لە هەڵبژاردنەكان خۆیان كاندید بكەن و سەركەوتنی گەورە تۆمار بكەن، سەبارەت بە ئافرەتی كوردیش لە ساڵی 2015 پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆكسل پێشوازی لە دایكە عائیشە كرد و نازناوی دایكی شەهیدانی جیهانی پێ بەخشی، هەروەها جێگەی شانازییە كە كچە كوردی ئێزیدی نادیە موراد بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی 2016 بەربژێر كراوە، دەخوازین ساڵی 2016 ساڵی كۆتایی هاتنی یەكجارەكی داعش بێت، ساڵی رزگار بوونی كچان و ژنانی ئێزیدی بێت لە دەستی وەحشە تیرۆریستەكانی داعش. هەر لەساڵی 2015بە فەرمانی سەرۆك بارزانی خولی سەربازی كرایەوە بۆ ئەو ئافرەتانەی خولیای بوون بە ئەفسەری سەربازییان هەبوو.


رۆژنامەنووس بەهرە حەمە رەش رایوایە: «زۆرن ئەو ژنانەی كە بەردەوامم لەگەڵ پێشكەوتنەكانی جیهاندان»، لە كوردستانیش نموونەی بە پەرلەمانتار د.ڤیان دەخیل، هێناوە كە لە ساڵی2014 و ٢٠١٥ بەرگری لە كوردانی ئێزیدی كرد و لە بەدەستهێنانی پاڵپشتی جیهان بۆیان، رۆڵێكی باڵای هەبوو. وتیشی: «نادیە موراد، وێڕای كەوتنە بەر دەستدرێژی و توندوتیژی داعش، بە گەشبینییەوە دەیەوێت چاوی بە سەركردەكانی جیهان بكەوێت و توندوتیژیەكانی داعشیان بۆ بگێڕێتەوە. لەسەر ئاستی جیهان ژنانی بوێر زۆرن، ئەنجێلا مێركڵ، ئازایەتییەكی بێوێنەی نواند بەرامبەر بە وەرگرتنی پەنابەران لە ئەوروپا، سوزان ویجسكی بە سێیەمین ژن پێشكەوتوو لە بواری ئای تی ناسێنرا و ناونیشانی دوازدەهەمین ژنی دەوڵەمەندی جیهانی بە دەستهێنا. شریل سندبرگ، بەڕێوەبەری كارگێڕی فەیسبووك و یەكێك لە دەوڵەمەندترین ژنانی سیلیكن ولی-یە. سند برگ، خوێندنی لە زانكۆی هارڤارد تەواو كردووە، یەكەمین ژنە كە چووە ناو دەستەی بەڕێوەبەری فەیسبووك، زۆربەی سەركەوتنەكانی فەیسبووك دەتوانرێ بە تێگەیشتنی ئەو لە بواری ئابووری گرێ بدرێت، هەروەها ماریسا مایر كە تەمەنی 40 ساڵە، دەساڵ لەمەوبەرە بووەتە بەڕێوەبەری گشتی یاهو، ناوبراو لە كاتێكدا بە یەكێك لە پێنج ژنە پێشكەوتووەكانی جیهان لە 2014 ناسێنرا. ئورسولا برنز یەكەمین بەڕێوەبەری گشتی ژنی ئەمریكی بە رەگەز ئەفریقی بوو كە بووە سەرۆكی ئێكسرۆكس و پۆستی بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای زیراكس-ی وەرگرت، هەروەها شر وانگ پێشینەیەكی جوانی لە پیشەسازی ئەلكترۆنیكدا هەیە. زیرەكی «شر وانگ» سەرۆكی دەستەی بەرێوەبەركان و بەرێوەبەری بۆچوونی ستراتیژی ناوبراو لە بواری تەكنەلۆژیا و كاردۆزینەوە لەو بوارەدا بووە هۆی ئەوەی كە رۆڵێكی بەرچاوی لە بواری دامەزراندنی ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیای بازرگانی لە بواری تەكنەلۆژیای زانیاری هەبێت.


ویرجینیا رومتی، كە زۆرتر بە ناوی جینی رومتی بانگ دەكرا. یەكەمین بەڕێوەبەرێكی گشتییە لە كۆمپانیای «ئای بی ئم». لە كاتێكدا پێگەی دەیەمین ژنە دەوڵەمەندی جیهانی هەیە. هەروەها ساڵی 2015 باشترین ژنی بواری ئای تی یە.
حەیات مەجید ئەندام پەرلەمانی كوردستان: لە لای خۆیەوە ئاماژە بەوە دەكات كە «ساڵی 2015 لە هەموو روویێكەوە بەتایبەت بۆ ئافرەتان ساڵێكی سەخت و قورس بوو، لەگەڵ ناهەمواری ساڵی 2015دا بەهێزی ئافرەتانی كوردستان، جارێكی دیكە سەلماندیان كە ماندووترین و ئارامگرترین ئافرەت، ئافرەتی كوردە كە هەمووكات دەستی ئاشتی و ئارامی بۆ هەموو بۆ كۆمەڵگە درێژكردووە و خاوەنی توانای زۆر و بۆێری راستەقینەیە لە ساتە نەهامەتی و سەختەكاندا.» لەگەڵ ئەوانەشدا هەر لە وڵاتانی ناوچەكەدا ئافرەتان دەستكەوتی بەرچاویان هەبووە. نموونەی بەرچاویان ئەوە بوو كە بۆ یەكەم جار ژنان لە مێژووی سعودیەدا مافی دەنگدان و خۆكاندیدكردنیان بەدەست هێنا و توانییان ٢٠ كورسیش بەدەست بهێنن. نموونەی دیكەی دەستكەوتەكان ئەوە بوو كە كچە پاكستانییەك لە ساڵی 2014 توانی سنووری تەمەنیش بشكێنێ و لە ژێر تەمەنی یاسایی -18 ساڵ - ببێتە خاوەن خەڵاتی نۆبڵ، دوابەدوای ئەو دەستكەوتەی مەلالە یوسف زای، ساڵی 2015 لە لایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە وەك ساڵی كچان دەستنیشان كرا.


هەر لە ساڵی رابردو عەقیلە ئاسفی كە مامۆستایەكی پەنابەری ئەفغانییە خەڵاتی نانسێن پەنابەری ساڵی 2015 ی لەلایەن كۆمسیۆنی ئاشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كارویاری پەنابەران پێبەخشرا، لەبەرامبەر ئەو هەوڵ و كۆششەی بۆ فێركردنی كچانی ئاوارەی ناو كەمپەكان دابووی، عەقیلە باسی رۆژانی سەرەتای دەستبەكاربوونی خۆی وەكو مامۆستا دەكات و دەڵێت: سەرەتا خەڵكەكە منداڵە كوڕەكانیان دەهێنا و نانووسیان دەكردن، كورسییە بەتاڵەكان ئەوەیان بەبیرهێنامەوە كە كچانیش هاوشێوەی كوڕان پێویستیان بە خوێندن و فێركردنە، توانیم كچانیش لە پڕۆگرامی فێركردن بەشداری پێبكەم و خۆشترین كاتیشم ئەو كاتە بوو كە قوتابییە كچەكانم دەست بە قەڵەم دەبینی.


تەوەكول كرمان ئەو رۆژنامەنووسە چالاك و مافناسەیە كە خەڵاتی نۆبلی ئاشتی ساڵی 2015 ی پێبەخشرا.
هەر لە ساڵی 2015 Forbes بەمجۆرە ریزبەندی ئافرەتانی سەركەوتووی جیهانی لە بواری -ئای تی- دەستنیشان دەكات:
• سۆزان وجیسكی، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای یوتیوب.
• شریل سندبرگ داهێنەری Lean-Inو بەڕێوەبەری جێبەجێكاری فەیسبووك.
• ماریسا مایر بەڕێوەبەری گشتیی یاهوو.
• ئورسوولا برنز بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای زیراكس (Xerox).
• شێر وانگ بەڕێوەبەری گشتی HTC.
• ویرجینیا رۆمتی بەڕێوەبەری گشتی IBM.
• مەگ وایتمێن بەڕێوەبەری گشتی HP.
• سێفرا كاتیز بەڕێوەبەری گشتی Oracle.


• سێندی كارتێر بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای IBM.
• ئانجێلا ئاهرێنس، بەڕێوەبەری گشتی تیمی كوك لە كۆمپانیای ئەپڵ.
هەر لە ساڵی رابردوودا ئافرەتان لە وەرگرتنی خەڵاتی نۆبل-یش بێبەش نەبوون.


• خانمە زانای چینی -تۆیۆ یوو وەك یەكەم زانای چینی و دوازدەیەمین ئافرەتی زانا لە بواری پزیشكی یەكێك لە وەرگرانی خەڵاتی نۆبڵی ساڵی 2015 بوو.
• خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات بە خانمێكی خەڵكی بێلارووس بە ناوی سویتلانا ئالێلكسیوڤیچ پێشكەش كرا، بەوجۆرەش چواردەیەمین ئافرەت تا ئێستا بووەتە خاوەن ئەو خەڵاتە.
بێگومان بوونی ئەو ئافرەتانە لەو پێگە جیهانییانەدا سەلمێنەری ئەو راستییەیە كە ئافرەت لە كاری بەڕێوەبەریدا هیچی لە پیاو كەمتر نییە.
Top