جینۆسایدی هەڵەبجە و شنگال ناسنامەی گەلێکی ستەمدیدەن کە بەهۆی نەبوونی دەوڵەت و کیانی سەربەخۆوە ئەم تاوانانەی دەرهەق کراوە

جینۆسایدی هەڵەبجە و شنگال ناسنامەی گەلێکی ستەمدیدەن کە بەهۆی نەبوونی دەوڵەت و کیانی سەربەخۆوە ئەم تاوانانەی دەرهەق کراوە
ئیراد منوچر سان ئەحمەد
پسپۆڕی بایلۆجی بۆ گوڵان:

- ڕووبەڕووبوونەوەی بەرفراوانی دانیشتووانی کورد لە عێراق و باشووری کوردستان لە سەدەی بیستەمی رابردوودا بە چەکە کیمیاوییەکانی وەک: (گازی خەردەل، گازی سیانید و گازە دەمارییەکان) بووە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی شەهیدبوونی هاونیشتمانییانی کورد و برینداربوونی جەستەیی و دواتر بەجێهێشتنی کاریگەرییە لاوەکییەکان لەسەر بەرکەوتووانی ئەم چەکانە، کە تا رۆژی ئەمڕۆش بریندارەکان بەدەست نەخۆشییە درێژخایەنەکانی تایبەت بە کاریگەری ئەو چەکە کیمیاییانەوە دەناڵێنن. بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان نزیکەی ٢.٩%ی دانیشتووانی کورد لە باشووری کوردستان بەر چەکە کیمیاییەکان کەوتوون. تراژیدیای ئەم مەرگەساتە هەردەم وەک دیۆەزمەیەک خۆی نیشانی دانیشتووانی هەڵەبجە دەدات، تا ئێستاش برینداران و بەرکەوتەکانی ئەو کیمیابارانە بە دەست نەخۆشی درێژخایەنەوە دەناڵێنن کە هەڕەشە لە ژیانیان دەکات، پاشماوەی ئەو خانووانە، یان ئەو ماڵانەی کە تا ئێستا ئاوەدان نەکراونەتەوە، ئەوەش کێشە و گرفتی خۆی هەیە و لەلایەکی دیکەوەش گەڕانەوەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە و دڵەڕاوکێ و حەسرەتی ئەو خێزانانەی کە منداڵەکانیان ون بوون، بەردەوام پەیامی نەرێنی دەدەنە هەڵەبجەییەکان و کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەدەمەوە هاتنی قوربانییان و بریندارەکان بارگرانی زۆری لە رووی دەروونییەوە لەسەر ئەو شارە بەجێهیشتووە.


* ئێوە زیاتر کارتان لەسەر ئاسەواری کیمیاباران لەسەر ئافرەتانی بەرکەوتووی ئەو کارەساتە کردووە، ئایا ئەو نەخۆشییانە چین کە بەهۆی ئەو کیمیابارانەوە ئافرەتانی هەڵەبجە تووشی بوون؟



- پشکی گەورە لە نەهامەتییەکانی چەکە کیمیاییەکان لەسەر دانیشتووانی هەڵەبجە بەر ژنان کەوتووە، لەبەر ئەوەی زۆرێک لەو بریندارانە باری ئابوورییان لاوازە و خاوەن داهاتی خۆیان نین، بەردەوام رۆژانە بڕێکی زۆر لە دەرمان و چارەسەر وەردەگرن، زۆرێک لە دەرمانەکانیش لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکڕن، ئەو نەخۆشییانەی کە لە ژنانی بەرکەوتە بەم چەکانە و کاریگەری لەسەریان بەجێهێشتووە، ناڵاندنیانە بەدەست نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک کۆئەندامی هەناسە، بینین و پێست، هەروەها لە میانەی ئەو توێژینەوەی کە ساڵی ٢٠١٥ لە سەر ژنانی بەرکەوتەی چەکە کیمیاییەکان ئەنجاممان دا، دەرکەوتووە دوای زیاتر لە ٢٦ ساڵ لە ئەنجامدانی ئەو تاوانە زۆرێک لە ژنە برینداربووەکان تووشی گرفتی لە بارچوونی منداڵ بوون، هەندێکیان بەهۆی بوونی گرفت لە کۆئەندامی هەناسە وەک بوونی نەخۆشی کۆکەی درێژخایەن، هەندێکی دیکەشیان هۆکارەکەی نەزانراو بووە کە پێویستی بە پشکنینی پزیشکی پێشکەوتوو هەیە بۆ زانییی هۆکارەکانی، بە جۆرێک ئەو ژنانە زیاتر لە یەک منداڵ و دووان و سیانیان لە بارچووە، هەروەها رێژەیەکی دیکەیان خاوەن منداڵی کەمتوانان کە ئەمەش پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە لە ئاستی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ئەم ژنانە تووشی زیانگەیاندن بە سیستەمی وەچەخستنەوە بوون، چونکە لە رووی زانستییەوە گازە ژەهراوییەکان بەتایبەتی گازی خەردل کە بە ڕێژەیکی زۆر بەکارهاتووە لەو شارەدا، تونای زیانگەیاندنی جینی هەیە، کە ئەویش روودانی بازدانە Mutationدەبێتەهۆی لەدایکبوونی منداڵی پشێوی زگماکییەکان و ئەگەری تووشبوون بە نەزۆکی هەیە لەو ژنانەی کە بەری دەکەون، ئەمەش بەپێی ئەو دۆزەی بەری دەکەوێـت، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت.


* هەندێک لەو ئاسەوارانە درێژخایەنن و کاریگەری لە سەر کۆرپەلە (جنین) دەبێت، ئایا تاچەند ماکی ئەم نەخۆشییە رەنگدانەوەی لەسەر نەوەکانی داهاتوو دەبێت، بەتایبەتی ئەو منداڵانەی کە دایکیان، یان داپیرەیان بەرکەوتووی ئەو کیمیابارانەن؟


- بۆ زانینی کاریگەری جینیی ئەم چەکانە لەسەر نەوەکانی ئایندە پێویستە پشکنینی تایبەت بە جینی لە هەڵەبجە ئەنجام بدرێت، چونکە بەپێی توێژینەوەکان چەکی کیمیایی کاریگەری لە وەچەکانی ئایندە هەیە، بەڵام تا ئێستا نازانریت ئایا ئاسەواری بەکارهێنانی چەکە کیمیاییەکان تا چەند ماوە و کاریگەرییەکەی تا چەند وەچە بەردەوام دەبێت، ئەمەش وەک ئاماژەمان پێکرد، دەبێت کاری زیاتری لەسەر بکرێت. تا ئێستا تەنیا یەک توێژینەوەی زانستیی دانپێدانراو لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە کە لە ساڵی ١٩٩٨ لەلایەن زانکۆی لیڤەرپول و لەلایەن ژنە پڕۆفیسۆری بۆماوەزانی کریستین گویسدین ئەنجام دراوە، ئەمەش ئەرکی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و پسپۆڕانی ئەو بواریە کە توێژینەوەکانیان ئەنجام بدەن و چاوەڕوانی زانکۆ بیانییەکان نەبین. بەڵام دەکرێت راوێژیان پێبکرێت و سوودیان لێوەربگرن.




* ئەو خانمانەی بەر کیمیابارانی هەڵەبجە کەوتوون، پێویستیان بە هاوکاری و چاودێری تایبەتی هەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی بۆ دابینکردن و لیژنەی چاودێری بۆ داناون. ئایا تاچەند ئەم مووچە و چاودێرییە بۆتە هۆکاری ئەوەی ئەو خەڵکە بەرکەتووە سوودی لێوەربگرن؟




- ئەو خانمانەی کە بریندارن لە هەڵەبجە هەندێکیان تا ئێستاش ئەوە مافەیان وەرنەگرتووە، لە بەر ئەوەی هەندێک لە بریندارەکان بە شێوەیەکی گشتی دوای هێرشەکەی ساڵی ١٩٨٨ بۆ سەر شاری هەڵەبجە ئاوارەی وڵاتی ئێران بوون، دوای گەڕانەوەی ئەم خێزانانە لیژنەکانی دەستنیشانکردنی برینداربووانی کیمیایی دەرفەتیان پێنەداون بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت، رێژەیەکی زۆریش لەو برینداربووانە ژنانن، ئەو ژنە برینداربووانەی کە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچە وەردەگرن، نادادپەروەری لە مووچەکەیان هەیە، چونکە رەچاوی رێژەی بریندارییان نەکراوە، واتە هەندێک لە بریندارەکان رێژەی بەرکەوتنیان بە چەکەکان زۆرترە و لەسەر جەستەیان کاریگەری زۆری هەبووە، بە جۆرێک تووشی چەندها نەخۆشی درێژخایەن وەک کێشەی هەناسە و نەخۆشی بینین و شێواندنی پێست بوون، بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە رێژەی برینەکانیان زۆرە و مووچەکانیان لە ئاست دابینکردنی چارەسەرەکان نییە، چونکە چارەسەرەکانیان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکڕن. لەم دۆخەی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەم قەیرانی ئابوورییەدا کە زۆر بارگرانییە بۆ بەڕێکردنی ژیانی خەڵکی ئاسایی، بۆیە بریندارانی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی ناچارن چارەسەر وەربگرن، لە دۆخێکی مەترسیداردا ژیان بەسەر دەبەن. لەبەر ئەوەی بەئاسانی ناتوانن چارەسەرکانیان دەست بکەوێت و باری ئابوورییان زۆرتر لاوازە، هەروەها چاودێری کۆمەڵایەتی بۆ برینداربووان تا ئێستا بوونی نییە، ژماریەک لە برینداربووان بەتایبەتی ژنان دووچاری جیابوونەوە هاتوون و تووشی نائومێدی بوون لە ژیان، بە هۆی سەختی برینەکانیان ناتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان بەڕێبکەن. بۆ نموونە هەندێکیان بیناییان لە دەست داوە، یان نەشتەرگەری قورسیان بۆ ئەنجام دراوە و پێویستیان بە چاودێریکردن هەیە، لە کاتێکدا ئەم ژنانە بە تەنیا ژیان بەسەر دەبەن. زۆربەشیان ناتوانن بە راشکاوی باسی گرفتەکانیان بکەن، چونکە لیژنەی تایبەت بەو بوارە نییە و بوونی سەنتەرەکانی پێدانی دڵنیایی بۆ ژنان لە ئێستا لە هەڵەبجە دەتوانین بڵێین نییە، یان ئەگەر هەشبێت زۆر لاوازە و ناتوانێت بگاتە ژنان.




* وەک باست کرد زۆر جار ژنان لە کاتی خۆیدا دەرهاویشتەی ئەو نەخۆشییە باس ناکەن، لەوانەیە ئەمە جۆرێک لە شەرمکردن، یان هەست بە کەمیکردن بێت، ئایا تا چەند توانراوە لیژنەیەکی پسپۆڕ دابین بکەن، بۆ ئەوەی راستەوخۆ لەگەڵ ئەو خانمانە قسە بکەن و ئەوانیش بە راشکاوی قسەی خۆیان بکەن؟


-لیژنەی پسپۆڕ بۆ پێدانی دڵنیایی و هاوکاری بۆ ژنانی هەڵەبجە دابین نەکراوە، ئەمەش کاریگەری خۆی هەیە و برینداربووەکان ناتوانن بە ئازادانە باسی گرفتە تەندروستییەکانی خۆیان بکەن. هەندێک لە ژنە برینداربووەکان لەبەر شەرمکردن لە لیژنەکانی پزیشکی بەتایبەتی ئەو لیژنانەی کە رەگەزی مێی تێدا نییە، جەستەی خۆیان نیشان نادەن بۆ دەرخستنی ئاسەواری برینداربوونەکەیان، بۆیە گرنگە لە کاتی دانانی لیژنەکان رەچاوی دانانی رەگەزی مێ بکرێت، چونکە کۆنتاکتی ئاسان و زۆرترە لە گەڵ برینداربووانی ژن. بەداخەوە تا ئێستا بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لە پارێزگای هەڵەبجە نەیتوانیوە ئامارێکی دروست لە سەر ژمارەی برینداربووان بخاتەڕوو، ئەمەش کەمتەرخەمییەکی دیکەیە کە بەرامەبەر بە بریندابووانی چەکی کیمایی لەو شارەدا کراوە.




* کیمیابارانی هەڵەبجە، کارەساتێکی مرۆیی جیهانییە، بۆیە گرنگە ئەم کەیسە وەک کەیسێکی جیهانی لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بەردەوام هاوکاری بکرێت، ئایا تا ئێستا چەند رێکخراوی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی بەردەوام هاوکاری بەرکەوتووانی کیمیایی هەڵەبجەی کردووە و بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە پێویستیان بە چارەسەر هەیە لە دەرەوەی وڵات، چی کراوە؟


- تا ئێستا هیچ رێکخراوێکی نێودەوڵەتی بە فەرمی چارەسەرکردنی برینداربووانی نەگرتۆتە ئەستۆ، ئەو چارەسەرکردنەی برینداربووانیش کە سەرەڕای کەموکورتییەکان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و لە وڵاتی ئیران دەکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی دەگرێـت.




* جۆری ئەو گازەی لە کیمیابارانی هەڵەبجە بەکارهاتووە، وەک دەڵێن یەکێکە لە خراپترینی ئەو گازانەی کە ئاسەواری درێژخایەن بەجێدەهێڵێت، ئەمەش نەک هەر لەسەر بەرکەتووان، بەڵکو لەسەر خاکەکەشی، ئایا تا چەند توێژینەوە لەسەر ئاسەواری ئەو ئەو گازە کراوە لە هەموو روویەکەوە و تاچەند توانراوە ئاسەوارەکانی لەسەر ژینگە و مرۆڤە بەرکەوتووەکان مەزندەبکرێت؟


- جۆری ئەو چەکە کیماییانەی کە لە پارێزگای هەڵەبجە بەکارهاتووە، گازەکانی خەردل و ڤی ئێکس و تابوون و سارین بووە کە بە گازی دەماری ناودەبرێن و لە کاتی بەکارهێنانی ئەو چەکانەدا ئەو ناوچەیە تووشی تێکچوونی سیستەمی ژینگە بووە، چونکە زۆرێک لە شیردەرەکان لەو ناوچەیە بە هۆی بەرکەوتنیان راستەوخۆ بە گازە ژەهراوییەکان لەناوچوون، بەوەش هەڵەبجە جگە لەوەی سەروەتی مرۆیی لە دەستدا، ژینگەی ئەو ناوچەیەش تووشی زیان بوو. رۆژنامەی نیویۆرک تایمز کە لە بۆردوومانی هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ وەسفی ئەو تاوانەی کردووە، وێنای ئەوەی کردووە کە زیندەوەرانی ئەو ناوچەیە تووشی چ خەسارێک بوون. زۆربەی ئەو چەکانەی لە هەڵەبجەدا بەکارهاتوون، توانای شیبوونەوەی ئاویان هەیە، سەڕەرای ئەوەی بوونی ترش و تفتێتی خاک کە زیانی بۆ زیندەوەران و مرۆڤیش هەیە، بۆیە پێویستە توێژینەوەی زیاتر بکرێت، لەبەر ئەوەی ئەو توێژینەوانەی کە تا ئێستا کراوە لە سەر هەڵەبجە، لە ئاستی پێویستدا نییە و نەیتوانیوە دڵنیایی تەواو بە دانیشتووانی پارێزگاکە بدات.


* بەشی زۆری ئەو گازەی بەکارهاتووە، بێگومان لەلایەن کۆمپانیا دەرەکییەکانەوە نێردراوە بۆ رژێمی پێشووی عێراق، ئێمە دەزانین هەندێک سکاڵا لەسەر ئەو کۆمپانییانە تۆمارکراون، ئایا تاچەند سزای ماددی دراون بۆ ئەوەی بۆ چارەسەری هەڵەبجە سوودی لێوەربگیرێت؟
- زۆر بەداخەوە تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کورستان نەیتوانیوە دەستنیشانی ئەو کۆمپانییانە بکات کە لە بەرهەمهێنانی چەکی کیمیایی دەستیان هەبووە و بە رژێمی پێشووی عێراقیان فرۆشتووە، بۆ ئەوەی قەرەبووی هەڵەبجە و برینداربووەکانی پێ بکاتەوە. هیچ کۆمپانیایەکیش لە سەر فرۆشتنی چەکە کیمیاییەکان بە عێراق سزا نەدراوە، تەنیا لە ئاستی تاکەکەسی ئەو کارە ئەنجامدراوە، ئەویش بازرگانی هۆڵەندی (فرانس ڤان ئانرات) بوو کە دادگای لاهای سزای ١٧ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.

بە پێی ئەو بەڵگانەی کە لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان هاتووە و لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوکراوەتەوە، %٧٠ی ماددە کیماییەکانی کارگەکانی بەرهەمهێنانی چەکی کیمیایی عێراق لەلایەن دوو کۆمپانیایی زەبەلاحی ئەڵمانی -کۆمپانیای کارلکۆلب (CARL KOLB COMPANY) و کۆمپانیای پیلۆت پلانت (PILOT PLANT )- دابینکراون، بەڵام تائێستا دادگاییکردنی بۆ ئەم جۆرە کۆمپانییانە ئەنجام نەدراوە، هەرچەندە ئێستا پارێزەرێکی نێودەوڵەتی بە ناوی گاڤێر ماریۆن وەک پارێزەرێک بۆ دۆسیەی هەڵەبجە کاردەکات بۆ بە دادگایکردنی ئەو کۆمپانییانەی تێوەگلاون بە بازرگانیکردنی چەکە کیمیاییەکان لە گەڵ رژێمی پێشووی بەعس لە عێراقدا، بەڵام کارەکانی زۆر بە سستی بەڕێوەدەچێت.


* ئێستا کاتێکی باشە لەگەڵ کارەساتی کوردانی ئێزیدی دووبارە کەیسی هەڵەبجە هەڵمەتێکی بۆ بکرێتەوە، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر هەڵەبجە بە ژینۆساید بناسرایە، لەوانەیە شنگال دووبارە نەبوایەتەوە. ئایا تاچەند هەوڵدراوە کەیسی کوردانی ئێزدی لەگەڵ کارەساتی هەڵەبجە پێکەوە گرێبدرێتەوە؟
- جینۆسایدی هەڵەبجە و شنگال هاوتەریبی یەکن، هەڵەبجە لە سەدەی بیست و شنگالیش لەسەدەی بیست و یەکدا جینۆساید کراون، بەڵام هێشتا لە ئاستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید نەناسراون، کە هەردووکیان ناسنامەی گەلێکی ستەمدیدەن کە بەهۆی نەبوونی کیانی سەربەخۆ و دەوڵەتەوە ئەم تاوانانەی دەرهەق کراوە. دەکرێـت بکرێتە سمبولێک بۆ ئەوەی وەک هۆلۆکۆستی جوولەکە دەوڵەتی سەربەخۆی پێڕابگەیەندرێت، گرنگە بۆ ناساندنی هەردوو کەیسەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و داندپێدانانی جینۆساید لە هەردوو کەیسەکە کاری هەمەلایەن بکرێـت. جینۆسایدی هەڵەبجە و شنگال ئەومان پێ دەڵین کە ئیمە هێشتا دڵنیاییمان وەرنەگرتوە لەوەی کە جارێکی دیکە نەوەکانی ئایندەمان لە ژێر ناوی جیا و پاساوی جۆراوجۆردا جینۆساید نەکرێنەوە.


* بۆ باشتر کردنی رەوشی قوربانییان و برینداربووانی بەرکەوتەی کیمیاباران چ پێشنیارێکتان هەیە؟
- پێشنیار دەکەین کلینێکی پزیشکی بە بێ بەرامبەر لە هەڵەبجە دابنرێ و سەرجەم پسپۆڕییەکانی لە نەخۆشییەکان تێدابیت، بۆ ئەوەی ژنانی بریندار بتوانن بەئاسانی چارەسەر وەربگرن. چونکە بەپێی راپرسیەکان ژنان لە خزمەتگوزراییە تەندروستییەکان لە پارێزگای هەڵەبجە رەزامەند نین. لە لایەکی دیکەوە هەتا ئێستا لە هەندێ ناوچەی هەڵەبجەدا بۆمبی کیمیایی نەتەقێنراوە بوونی هەیە، بە جۆرێک لە هەندێ شوێندا سەڕەرای بوونی ئەو بۆمبانە ئێستا بوونەتە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان و مەترسی زیانگەیاندنی تەندروستی لێدەکرێت، پێویستە لایەنی پێوەندیدار بە پەلە کار بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچانە بکات. هەروەها زۆرێک لە بریندارەکان سکاڵایان هەیە لەکاتی سەردانیکردنیان بۆ وڵاتی ئێران بۆ وەرگرتنی چارەسەر، سەڕەرای ئەوەی کە ماوەی دوور و درێژ دەبڕن بە سواری ئۆتۆمبێل، لە میکانیزمی چارەسەرکردنەکانیان رازی نین و دووچاری مامەڵەی ناتەندروست دەبنەوە، بەتایبەتی ژنان لە کاتی مانەوەیان لە وڵاتی ئیران تووشی کۆمەڵیک گرفت دەبنەوە، بۆیە پێشنیاردەکەین بەدوادچوون بکرێت بۆ ئەو سکاڵایانەی کە نەخۆشەکانی برینداری کیمیایی دەیکەن.


* ئایا تاچەند دەرهاویشتەی ئەم چەکە کیماوییە لەسەر ئەو منداڵانە دەرکەوتووە کە دایکیان، یان باوکیان بەر ئەو چەکە کەوتوون و تاچەند ئاسەواری لە سەر نەوەکانی داهاتوو دەمێنێت؟
- بەپێی ئەو توێژینەوە زانستییانەی کە لە سەر بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە جەنگی یەکەمی جیهان و سەربازە برینداربووەکانی جەنگی ئێران –عێراق کراوە، کاریگەری لەسەر نەوەکانی ئەو بەرکەوتووانە هەبووە، ئەوەش بەپێی وەرگرتنی دۆزی چەکەکان دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی ئەگەری زۆری هەیە کە ئەو چەکانە کاریگەری نەرێنی لەسەر وەچەخستنەوە هەبێت. زۆرێک لە زاناکان گازی خەردەل بە گازی تەقینەوەی جینی بۆ نەوەکانی ئایندە ناوە دەبەن، چونکە دەبێتە هۆی روودانی بازدانی خانەیی، ئەمەش دەبێتە هۆی لەدایکبوونی منداڵی پشێوییە زگماکییەکان و گرفتی گەورە دروست دەکات.


*وەک توێژەرێکی کیمیاباران ئەمساڵ چۆن یادی ئەو کارەساتە دەکەیتەوە؟
- بە هاوکاری رێکخراوی هونەری نێودەوڵەتی سوید و رەوەندی کورد و رێکخەرانی مەراسیمی یادی هەڵەبجە لە شاری یوتوبۆری سوید، یادی ٢٨ ساڵەی کیمیابارنی هەڵەبجە دەکرێتەوە، منیش بانگهێشت کراوم و بە خستنەڕووی توێژینەوەیەک لەسەر کاریگەری ئەو چەکانە لەسەر ژنانی بەرکەوتە لە رووی کومەڵایەتی و جەستەیی و کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ئەو چەکانە بەشداری دەکەم. هەروەها پێشنیارەکانی چارەسەرکردنی بریندارەکانی هەڵەبجە بە شێوەیەکی گشتی و بەتایبەتی لەم دۆخەی ئێستا کە قەیرانی ئابوورییە دەخەمەڕوو.


* با دواپرسیارمان ئەوە بێت، وەک دەزانن یادی راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١ ـە و ئایا چ خوێندنەوەیەکت بۆ رۆڵی ئافرەتی کورد لەو بوارەدا هەیە؟
- ئافرەت لە مێژووی شوڕش و ڕاپەرینە ئازادیخوازەکانی جیهاندا رۆڵی بەرچاوی هەبووە و بە داینەمۆی شۆڕشە ئازادیخوازەکان ناسراوە. ئەگەر چاوێک بە مێژووی سەرجەم ڕاپەڕینەکانی کوردستانیشدا بخشێنینەوە، دەبینین ژنان و کچان رۆڵی زۆر گەورەیان بینیوە لە هەموو شۆڕشە یەک لە دوا یەکەکانیش قوربانی زۆریان داوە. بۆ نموونە لە شاڵاوەکانی ئەنفالی گەرمیان و بارزان زۆرترین قوربانییەکانی ژن و منداڵان بوون، لە راپەڕینی ئازادکردنی شاری هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ و دواتر هێرشکردنە سەر ئەو شارە بە چەکی کیمایی لە لایەن رژێمی بەعس لەو سەردەمدا، شەهیدبوونی هەزران هاووڵاتی سڤیلی لێکەوتەوە کە بەپێی ئامارەکان زۆرترین قوربانی لەو شارەدا بە هەمان شێوە ژنان و منداڵان بوون. هەروەها بە هۆی ئەو سیاستەی بەعس پێش ڕاپەڕین لە شارەکانی هەرێمی کوردستان پیادەی دەکرد بەرامبەر بە خانەوادەی ئەوانەی کە کەسوکاریان پێشمەرگەی شاخ بوون، وەک زیندانیکردنی دایک و هاوسەر و خوشکانیان و دواتر ئەشکەنجەدانیان، هێمای ئەوەن کە ژنان باجی زۆر گەورەیان داوە. ئەمە جگە لەوەی ژنانی زۆر هەبوون کە لە شارەکانی کوردستان لە ئەرکەکانی رێکخستنی شۆڕشەکان بەشداربوون، کە دیارترینیان شەهید(لەیلا زانا)یە.

زۆرێک لە ژنانی کوردستان لەسەردەمی خەباتی شاخدا ڕۆڵیان هەبووە لە ناردنی جبەخانەی سەربازی بۆ پێشمەرگەکان و چەندەها سیناریۆیان دروست کردووە بۆ ئەوەی بیگەیەننە دەستیان، هەندێکیان چەندەها کیلۆمەتریان بە پێ بڕیوە، یان وەک هۆیەکی پێوەندی کاریان کردووە بۆ گەیاندنی پەیامەکان لە رێکخستنەکانی ناو پارێزگاکانی کوردستان بۆ ناوەندەکانی سەرکردایەتی شۆڕش، ئەو ژنانەش کە لە خەباتی شاخدا بەشدارییان کردووە، رۆڵی گەورەیان گێڕاوە لە هاوکاریکردنی برا پێشمەرگەکان، لە هەمان کاتدا لە ناو سەختیی چیاکاندا ژیانیان بەسەر بردووە و تا ئێستاش سەرگوزەشتەی خۆیان دەگێڕنەوە کە چۆن لەو دژوارییەدا منداڵیان بووە و پەروەردەیان کردووە. دواتریش لە راپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەمان کە ژنان بە هاندەری بەشداریکردن لە راپەڕیندا ناسرابوو، خۆشیان زۆر بە چاونەترسی شان بە شانی پیاوان لە هەڵمەتەکانی ڕزگاریکردنی شارەکانی هەریمی کوردستان بەشدارییان کرد، بەڵام بەداخەوە لە سەر زەمینەی واقیعی ئەمڕومان دەبینین ژنان لە هەموو کایە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا تا رادەیەکی زۆر پەراوێز خراون. راستە لە کایەی سیاسیدا چەند هەنگاوێکیان ناوە، بەڵام ئافرەتان بە شێوەیکی گشتی لە ناوەندی بڕیاردان بەتایبەتی بۆ دۆزە هەستیارەکان دوور خراونەتەوە، لە کاتێکدا سرووشتیان هەردەم هەڵگری پەیامی ئاشتی بووە، بەڵام ناوەندی دەسەڵاتی کوردی دەرفەتی نەداوە پڕبەپری خۆی ئەو پەیامە بگەیەنن. هەروەها ئەو دۆخەی ئەمڕۆ هەرێمی کوردستانی تێکەوتووە، بەتایبەتی ئەو ململانێیە ئاڵۆزەی سیاسییەکان بە هۆی نەبوونی ئەو پەیامە ئاشتیخوازییەی ئافرەت و غیابی ژنانە کە گوێ لە بیروڕاکانیان ناگیرێت، چونکە ژنان زۆر باشتر دەزانن باجی شەڕەکان و جەنگەکان چەندە قورس لە سەریان دەکەوێت. بەگشتی دەکرێ بڵێین: ژنان بەرهەمی زۆر کەمیان دوورییەوە لە راپەڕین، و وەک سەردەمی دەرەبەگایەتی بەرهەمەکانی هەر بۆ پیاوان بوون و ئەوان بوونە خاوەنی دەسەڵات، ئەمەش وەک شۆڕشی ئەمەریکا بوو، کە تەنیا بۆ رزگارکردنی پیاوان بوو لە کۆیلایەتی و گرتنەبەری دەسەڵاتێکی رەها بە بێ ئەوەی ژنی تێدا بەشدار بکەن.
Top