دایكێك دوای 25 ساڵ لە بەخشینی كوڕەكەی پەشیمان دەبێتەوە

دایكێك دوای 25 ساڵ لە بەخشینی كوڕەكەی پەشیمان دەبێتەوە
كۆڕەوی باشووری كوردستان لە ساڵی 1991 هەزاران چیرۆكی خەباتگێڕیی سیاسی و كۆمەڵایەتی لێكەوتەوە. لەو كۆڕەوەدا هەزاران كۆرپە و منداڵی كورد لە برسان و لە سەرمان گیانیان لە دەست دا، سەدان خێزان لە یەكتر ون بوون، تا ئێستاش ئاسەوارەكانی ئەو تراژیدیایە بە شێوازی جۆراوجۆر سەرهەڵدەدات و برینەكان دەكولێنێتەوە. كوڕە شەهیدێك كە لە ساڵی 9911 تەمەنی چوار مانگ بووە، لە لایەن دایكیەوە بە خێزانێكی بێ منداڵ دەدرێ، دوای 25 ساڵ دایكی دەیدۆزێتەوە و بە یەكتر شاد دەبنەوە، بەڵام كوڕەكەی رەتیدەكاتەوە كە بۆ هەمیشە بۆ لای دایكی راستەقینەی بگەڕێتەوە.

قادر مەحموود، تەمەنی (61) ساڵە و باسی ئەوە دەكات كە لە كاتی كۆڕەوەكەی 1991 كوڕێكی تەمەن چوار مانگی بە منداڵی خۆی وەرگرتووە، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە لەو كاتەوە تا هەنوكە تەنیا دڵخۆشی خۆی و هاسەرەكەی ئەو كوڕە بووە. لە ئێستاشدا كە دایكی كوڕەكە دوای 25ساڵ سەردانی كردوون، نەك نیگەران نین، بەڵكوو زۆریش دڵخۆشن. خۆی گوتەنی «كوڕەكەمان ئێستا پیاوێكی تەواوە و خۆی دەتوانێت خاوەن بڕیاری خۆی بێت، كەسیش ناتوانێ رێگری لە سۆزی دایك بكات».
قادر مەحموود پیاوێكی رووخۆش و میواندار و خۆشەویستی خزم و جیران و دەوروبەریەتی. لە هەموو گەڕەكەكەیان باسی كەرامەت و بەدەنگەوەچوونی ئەو پیاوە و هاریكاری و یارمەتییەكانی بۆ خەڵك دەكرێت. ئێمەش كاتێك ئەو بەسەرهاتەمان بیست، سەردانی ماڵەكەیمان كرد و ئەویش بەمجۆرە نهێنییەكانی ژیانی بۆ گوڵان خستەڕوو:
«كاتی خۆی من و زارا كە بە یەك گەیشتین، خوای گەورە لە نیعمەتی منداڵ بێبەشی كردین. بۆ چارەسەری ئەوەش دەیان دكتۆرمان كرد، دوایی دەركەوت هۆكارەكە منم و هاوسەرەكەشم بەردەوام دڵی دەدامەوە و ئامادەبوو لام بمێنێتەوە. دوای چەندین ساڵ تووشی كۆڕەوەكەی 1991 بووین و لە شارەدێی (كۆڕێ) لەناو ئۆتۆمبێل بووین، ئافرەتێكی جلوبەرگ شڕ و منداڵێكی لە ئامێز گرتبوو، داوای كرد، هەڵی بگرینەوە، منیش رەدمكردەوە، چونكە شوێنمان نەبوو، بەڵامە خوشكەكەم گوتی: ئەو ئافرەتە دەناسم هاوڕێی دەستەخوشكەكەمە، مێردی شەهید بووە، با یارمەتی بدەین، منیش قبووڵم كرد، دایكی منداڵەكە چاوبەگریان وتی: ئەگەر مردیشم با بە تەنیا بمرم، ناتوانم چیتر ئەو منداڵە رابگرم، برسیەتی و سەرمایەتی، منیش دڵم پێ سووتا و منداڵەكەم لێ وەرگرت، ناونیشانی ماڵەكەشم پێ دا، وتم هەر كات هاتی دەتوانی بیبەیتەوە، ئەویش زۆر دوعای بەخێری بۆ كردین. منداڵەكەم خستە باوەشی زارا و ئاگام لێبوو بە توندی باوەشی پێدا كرد و ئەویش بە هەنیسكی گریانەوە وتی ئەم كچە دیاری خوای گەورەیە بۆ ئێمە، هەتا نەیانكردەوە بۆ شوشتن كەسمان نەمانزانی كچە، یان كوڕە، بەڵام هەر ئەو رۆژە دەركەوت كوڕە، ئێمەش بە لامانەوە هیچ جیاوازی نەبوو، وتمان ئەمانەتە و وەك چاومان دەپیارێزین. زۆر بە جوانی من و زارا منداڵەكەمان پەروەردە كرد، ئیتر هیچمان هەستمان بەبێ منداڵی نەدەكرد، زۆرمان دڵ پێی خۆشبوو، بەردەوام سوپاسی خوام دەكرد، كە ئەو دیارییەی پێ بەخشیوین، ئەو منداڵەمان لە مردن رزگار كرد، چووینە ئێران، دوای ماوەیەك بۆ زێدی خۆمان گەڕاینەوە و دەستمان بە سۆراخ و پرسینی دایكی هیوا كرد، كەسوكاری دیار نەبوون، ئەو ناونیشانەشی بە ئێمەی دابوو، هەڵەبوو، تا دواتر لە رێگەی خوشكەكەم كەسوكارەكەیمان دۆزییەوە، بەڵام كەس ئامادە نەبوو، لەخۆی بگرێ، دەیانگوت دایكی شووی كردووەتەوە و منداڵی بەخێو ناكەین، هەروەها دایكیشی تەنیا خوشكێكی هەبوو، ئەویش لە دەرەوەی وڵات بوو، نەماندەتوانی پێوەندی پێ بكەین، بۆ ئەوەی منداڵەكەی بۆ بگەڕێنینەوە، بۆیە بڕیارمان دا لای خۆمان بیهێڵینەوە، بە ناوی خۆمان ناسنامەمان بۆ دەرهێنا و ناومان نا - هیوا-، دادوەریش بڕیاری دا ئەومنداڵەمان پێ بدات، چونكە منداڵمان نەدەبوو، رۆژگار هاتوچوو، هیوا كوڕێكی بەنازی ماڵەوەمان بوو، هەموو شتێكمان بۆ دابین دەكرد، نەیدەزانی ئێمە دایك و باوكی راستەقینەی نین، هەر بە دایكە و باوكە بانگی دەكردین، لە قوتابخانەش زۆر زیرەك بوو، قۆناغەكانی خوێندنی بە سەركەوتوویی بڕی، تازە پێی نابووە تەمەنی گەنجی كچێكی زۆرخۆشەویستبوو، لەلای هاوڕێكانی پێمگوت: كوڕی شیرینم دڵت بە هەر كچێكەوەیە ئامادەم بۆت بخوازم، بەڵام ئەو بیروهۆشی لەسەر تەواوكردنی خوێندن بوو، بەڵێنم پێدا ئەگەر لە كۆلێژی باش وەربگیرێ، ئۆتۆمبێلێكی بە دیاری بۆ بكڕم، بۆیە هیوا شەو رۆژی لەسەر خوێندن دانا، بە یەكەوە گەشتوگوزارمان دەكرد، زۆر هاوڕی بووین، زاراش هەموو هیوای ژیانی هەر هیوا بوو. كەس و كارەكەشمان ئەو نهێنییەیان پاراست، كە ئەو كوڕی ئێمە نییە، هەروەكو كوڕی خۆمان سەیرمان دەكرد. دوای رووخانی رژێم رۆژێك زەنگی مۆبایلم لێی دا، كەسێك خۆی بە باوكی رەهەند ناساندو باسی دۆزینەوەی دایكی هیوای كرد، بەڵام ئێمە رەتمان كردەوە، چونكە لە رووی یاسایی ناسنامەی بە ناوی ئێمەیە، هیوا لە كۆلێژی یاسا وەرگیراو دیاری ئۆتۆمبێل منی وەرگرت، رۆژێك دوو كەس هاتنە ماڵەوە داوای وەرگرتنەوەی هیوایان كرد، گوایە یەكێكیان مامیانە، دنیا لەبەر چاوم تاریك بوو، خەریك بوو بمرم، بە تووڕەییەوە وەڵامم دانەوە، ناخۆشە كەسێك بیست ساڵ خزمەتی بكەی، لەناكاو لێت بسێننەوە، هەرگیز جێگەی قبووڵكردن نەبوو، هیوا بە مەسەلەكەی زانی و ئێمەش هەموو شتێكمان بۆ باس كرد. ماوەیەك زۆر پەرێشان و خەمبار بوو، جارێكی دیكە مامی هاتە ماڵمان و پێی گوت: دایكت دەیەوێت بتباتە هەندەران، رات چییە، هیوا لەگەڵ مامی تووشی مشتومڕێكی زۆر بوون، وتی: تەنیا حیساب بۆ باوكم دەكەم، ئەویش لە بەر ئەوەی شەهید بووە، رێزی دەگرم و بە باوكی دەزانم، دەنا جگە لە دایكە زارام دایكی تر ناناسم. ئیتر كێشەكە كۆتایی هات و سەردانیان نەكردەوە. لە مانگی رابردوو دایكی هیوا كە ناوی (شێوە)یـە پێوەندی كرد و زۆر سوپاسی كردین و چەندین جار لەگەڵ زارا قسەی كردووە، بەڵام هیوا رازی نەبوو تەنانەت قسەشی لەگەڵ بكات. شێوە خانیش زۆر دەپاڕاوە بۆ ئەوەی رازی بكەین، ناچار هیوا قسەی منی نەشكاند قسەی لەگەڵ دایكی راستەقینەی كرد. بڕیار وایە بەمزووانە لە هەندەران بگەڕێتەوە. دایكی لە وڵاتی هۆڵەندا دەژی و شووی كردووەتەوە. كێشەكەی خۆی هەموو بۆ هیوا باسكردبوو، باوەڕ بكەن سێ رۆژ یەك ژەم خواردنی بۆ نەخورا، تووشی نەخۆشی خەمۆكی بوو، باوەڕی نەدەكرد. تاوەكوو دایكی هاتەوە و ئێوارەیەك لە دەرگای دا، دوو كەسی لەگەڵ بوو، هاتنە ژوورەوە، دانیشت داوای كرد چاوی بە كوڕەكەی بكەوێ، هیوا لە ماڵ نەبوو، تێلمان بۆ كرد وتمان وەرەوە. دایكی ناسنامەی باوكی هیوا و خودی هیوای بۆ هێنابوو. هیوا لە نفووس ناوی رزگار بوو، ئێمەش لاریمان نەبوو، ئەوە قەدەرە و لەگەڵ كاری خوای گەورە هیچ ناكرێت، بۆیە بە گەرمی پێشوازیمان كرد و رێزی زۆرمان گرتن، لە ناكاو هیوا هاتە ژوورەوە و دایكی هیوا هەستا و لە ئامێزی گرت و تێر بۆی گریا، بەڵام هیوا هیچ هەستی نەبوو، وەڵامیشی نەبوو، دوای چەند ساتێك دایكی گوتی: كوڕم من دایكی تۆم، هیوا بە تووڕەیی وەڵامی دایەوە و گوتی: ئەی تا ئێستا لە كوێ بووی؟ بۆچی هەواڵی منت نەپرسیوە؟ تۆ بڕۆ لەگەڵ مێردەكەت بەختەوەر بە، من لێتان تێك نادەم. خۆ من منداڵ نیم، تازە پیاوێكم و قەرزاری ئەو دایك و باوكەم كە منیان بەخێو كردووە. ئەوان لە تۆ بەوەفاتر بوون، ئەگەرچی دایكی خۆم دۆزیوەتەوە، بەڵام ئامادە نیم دایكی و باوكی دوووەمم بەجێ بهێڵم، بە ناسنامە و یاسا بوومەتە كوڕی ئەوان، دایكی ئەو قسانەی بیست، زۆر بێتاقەت بوو، باسی چەند شتێكی كرد و پاساوی زۆری بۆ كارەكانی هێنایەوە، بەڵام بێسوود بوو، وەك دوا قسەشی وتی: من تەنیا دەمەوێ كوڕەكەم خاوەن ناسنامەی راستەقینەی خۆی بێت. دواتر لە دادگا سكاڵای تۆماركرد، بەڵام هیوا لەسەر داواكاری خۆی ناوەكەی نەگۆڕی، یاساش رێگەی پێداوە، خۆی بڕیار بدات، هیوا دەڵێ: دایك دەبێ لەسەر دەیان وڵات بازبدا و بە دوای جەرگی خۆی بگەڕێ، ئەو بۆ خۆشی خۆی چووەتە ئەوروپا و شووی كردووە، دواجار كە تەمەنم گەیشتە 25 ساڵ و خەمی بەخێوكردنم نەماوە، ئینجا بیری كەوتووەتەوە كە كوڕێكی هەبووە، هەرگیز، لەو دایكە بێ بەزەییە خۆش نابم كە منی لە سەر جادە بەخشی.
زارا داوای لە هیوا كرد حورمەتی دایكی بگرێت، وتی تۆ وا فێر نەكراوی بە سەر كەسدا هاوار بكەی، چ بگا بە دایك، بە خواستی خوای گەورە رازی بە، تۆ دوو دایكت هەیە و حەڵاڵت ناكەم ئەگەر پشت لە دایكی راستەقینەت بكەی. ئیتر هیوا دەستی هەر دوو دایكی گرت و دەستی هەر دووكیانی ماچ كرد. منیش تەنیا وتم: كوڕەكەمان ئێستا پیاوێكی تەواوە و خۆی دەتوانێت خاوەن بڕیاری خۆی بێت، كەسیش ناتوانێ رێگری لە سۆزی دایك بكات.
Top