ئافرەتێكی قوربانیی دەستی قومار بەسەرهاتی خۆی بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە

ئافرەتێكی قوربانیی دەستی قومار بەسەرهاتی خۆی بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە
زۆرێك لە توێژەرانی كۆمەڵایەتی و دەروونناسان باسی ئەوەیان ورووژاندووە كە لە وڵاتانی دواكەوتوو، یان تازە پێگەیشتوودا، لەگەڵ گەورەبوونی شارەكان، ئاكار و ئامانج و ئاوات و نەریتی جیاواز بەرفراوانتر دەبن و تەنانەت بەشێك لە بەها ئەخلاقییەكانیش نەك تەنیا كاڵ دەبنەوە، بگرە پێشێلیش دەكرێن. نموونەش بەوە دەهێننەوە كە لە شارە گەورەكان، فێڵ و قۆڵبڕین و ساختەچییەتی و دزی و زۆر تاوانی كۆمەڵایەتی ئەنجام دەدرێ. تەنانەت بەشێكی زۆر لە گەنجان لە بری ئەوەی سوود لە تەكنەلۆژیا وەربگرن بۆ پێگەیاندنی خۆیان، كەچی خۆیان و كۆمەڵگەكەشیان دووچاری زیان دەكەن. دەستپێكی ئەو زیانگەیاندنانەش درۆكردن و فریودانی یەكترە و تەنانەت هەندێك مانای «خۆشەویستی»یش خەوشدار دەكەن و خۆشەویستی خۆیان تووشی خەم و پەشیمانی و پاشگەزبوونەوە دەكەن. كچێكیش خۆی بە نموونەیەكی شكستخواردووی ئەوینداری دەزانێت و نهێنییەكانی بەسەرهاتی خۆی بۆ گۆڤاری گوڵان دەخاتەڕوو.


رۆژین كچێكی تەمەن 32 ساڵانی دانیشتووی شاری سلێمانی-یە و ماوەی هەشت ساڵە كاری بازرگانی دەكات. وەك خۆی باسیكرد، ئەو تاكە كچی خێزانێكی زەنگین دەوڵەمەندەی شارەكەیە و باوكیشی لە دوای تەواوكردنی قۆناغی زانكۆ هانی داوە لە كەرتی تایبەت و تایبەت بۆ خۆی كار بكات. بۆیە پشكێكی زۆری ئەركی كۆمپانیاكەی كە كاری هاوردەكردنی خواردەمەنییەكان بووە بۆ هەرێمی كوردستان بەو سپاردووە. ئەوەش گەرچی سامانێكی زۆری بۆی كۆ كردووەتەوە، بەڵام وەك خۆی باسیدەكات «زۆر بە ئاسانی بەفیڕۆ چووە.» نهێنی ئەو بەفیڕۆچوونەی سامانەكەشی بەمجۆرە دەخاتەڕوو:
«سێ برای لە خۆم گەورەترم هەیە و هەموویان زیاتر لە بیست ساڵە لە دەرەوەی وڵات دەژین و منداڵەكانیان رازی نابن بە گەڕانەوەیان، هەموویان باری داراییان باشە و لە سلێمانی و لە دەرەوەی وڵاتیش موڵك و ماڵی خۆیان هەیە و زۆر جاریش هاوكاری منیان كردووە. تا چەند ساڵێك پێش ئێستا باوكم توانای كاری هەبوو، منیش لە دوای تەواوكردنی خوێندنی زانكۆ لە كۆمپانیاكەی كارم دەكرد. بەڵام ئێستا بۆ سێ ساڵ دەچێت تووشی نەخۆشییەكی مەترسیدار بووە و لە ماڵەوە كەوتووە و توانای هیچ كارێكی نییە. چەندینجار براكانم بردیانە دەرەوە و خۆیشم سێ چوار جار بۆ چارەسەری پزیشكی بردوومە بۆ ئێران و ئوردن، بەڵام بەداخەوە رۆژ دوای رۆژ باری تەندروستییەكەی خراپتر بووە. دایكیشم ئەوەندەی خەمی پێخواردووە، خەریكە تەندروستی ئەویش دەكەوێتەوە مەترسییەوە. لە ماوەی ئەو سێ ساڵەی كە باوكم وا بە سەختی نەخۆش كەوتووە، بۆخۆم و خاڵێكم كاری كۆمپانیاكە رادەپەڕێنین. دایك و باوك و براكانم و تەنانەت خزمانیش زۆر حیسابم لەسەر دەكەن و هەر هەموویان رێزم دەگرن، بەڵام ماوەیەكە هەست دەكەم شەرمەزاری هەموویانم. هەشت مانگ پێش ئێستا كوڕێك كە لە سەردەمی زانكۆ هاوڕێم بوو، لە دەرەوەی وڵات هاتبووەوە. لە رێگەی فەیسبووكەوە پێوەندیمان هەبوو. زۆر خۆی لێم نزیك كردەوە، وتی بەنیاز نییە بگەڕێتەوە بۆ هەندەران و لە كوردستان دەمێنێتەوە. پێشنیاری هاوسەرگیری كرد، منیش زۆر كەس هاتبوونە داواكاریم و رەدم كردبووەوە، وتم تەمەنم خەریكە بەسەر دەچێت، ئەوە بوو قبووڵم كرد و خانەوادەكەشم لارییان لێ نەبوو. تەنیا یەكێك لە كچە هاوڕێكانم پێداگری دەكرد، كە ئەو كوڕە دەناسێت و كەسێكی شیاوی من نییە. بەڵام بەداخەوە من گوێم لێ نەگرت. وامدەزانی لە حەسوودییەتی و منی بۆ براكەی دەوێت، نەمزانی براكەی پێی وتبوو، كامەرانی هاوسەرم كەسێكی قۆڵبڕ و قوماربازە. بۆیە وەك كەسێك سیحری لێ كرابێت، بە كامەران رازی بووم و ژیانی هاوبەشمان دەست پێكرد. لە دوو مانگی یەكەمی ژیانمان زۆر باش بوو، لە ئێران و توركیاوە خواردەمەنییەكانی هاوردە دەكرد و لە تەواوی هەرێم بە سەر ماركێتەكاندا دابەشی دەكرد. منیش خۆم ئابووریناسم و ژمێریاریم خوێندووە و دەمزانی حیساباتی چۆنە. زۆر دەستپاك خۆی خستەڕوو، تاوەكوو رۆژێك داوای كرد جگە لە خواردەمەنی، پاككەرەوەش هاوردە بكەین، وتی پاككەرەوە ئێكسپاریەر نابێ و قازانجیشی لە خواردەمەنی زیاترە. پێكەوە لە توركیا سەردانی چەند كۆمپانیای گەورەمان كرد و داواشی كرد لە توركیا خانوویەك بكرێن و گوتی: خانووەكە دواتر سوودی دەبێت و بۆ حەوانەوەی خۆشمان باشە. منیش بیرم لەوە نەكردەوە كە خانووەكە بە ناوی خۆم بكەم. هەموو متمانەیەكم پێی كرد و خانووم بەناوی ئەو كڕی. كە هاتینەوە ماوەیەك بوو شەوانە، یان نەدەهاتەوە، یان بە سەرخۆشی و لە درەنگانی شەو دەهاتەوە. هەر جارەو بیانوویەكی هەبوو. دەیگوت میوانداری بارزرگانی فارس و توركم كردووە، شتی لەو جۆرە. منیش بە دڵسافی بڕوام پێدەكرد. تا دوایی وەك مار پێوەی دام. هەرچی پارەی كاشم هەبوو بردی و گوتی لە توركیا مادە پاككەرەوە دەهێنێت، بەڵام ئەو رۆیشتنە رۆیشت هەرگیز نەمبینییەوە. دواتر زانیم خانووەكەشی فرۆشتووە و لە توركیا هەمووی لە سەر مێزی قومار داناوە. ئێستاش شوێنبزر بووە و كەس شوێنی نازانێت. خۆ ئەگەر بشیدۆزمە نازانم چۆن مامەڵەی لەگەڵ بكەم. بەڵام دڵنیام كەسێكی قومارچی هەرگیز جێی متمانە نییە و لە كۆتاییدا هەموو شتێكی و تەنانەت كەرامەت و نامووسەكەشی دەدۆڕێنێت، بۆیە هەست دەكەم پێویستە من ببم بە پەند بۆ هەموو ئافرەتان، هەتا بە چاوی كراوەتر هاوسەری ژیانیان هەڵبژێرن».
Top