ئافرەتانی كوردستان شانبەشانی پێشمەرگە خۆیان بە پارێزەری خاك و ئاسایشی كوردستان دەزانن

ئافرەتانی كوردستان شانبەشانی پێشمەرگە خۆیان بە پارێزەری خاك و ئاسایشی كوردستان دەزانن
پەلامار و هێرشەكانی گرووپی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش) بەرەو سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، بارودۆخێكی نەخوازراوی هێنایە ئاراوە و قۆناغێكی دیكەی كۆكوژی و ئەنفالی كوردان دەستی پێكرد، كە تا هەنووكەش هەوڵەكانی ئەو دڕندانە لە دژی خاك و خەڵكی كوردستان بەردەوامە و لە هیچ تاوانێكیش سڵ ناكەنەوە، ئەوەش بە هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر ناوچەكە بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی هەژمار دەكرێت. لە كاتێكدا پێشمەرگە لەگەڵ دوژمنی داگیركەر لە سەنگەردایە، ئافرەت جگە لەوەی بەشداری لە شەڕی دژی تیرۆریستی داعش كردووە، هاوكات لە ریزی هێزەكانی ناوخۆ پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵگەی لە ئەستۆ گرتووە و ژمارەیەكی بەرچاو لە خانمانی كوردستان لە ریزی هێزەكانی ناوخۆ شانبەشانی پیاوان لە ئەركدان. هەر لەو بارەیەوە بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان راو سەرنجی خۆیان دەخەنەڕوو.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

سەرەتا پەرلەمانتاری كورد نەجیبە نەجیب وەك ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵ رۆڵی ئافرەتی كورد لە گشت جومەگەكانی كۆمەڵگەی كوردەواریدا بەرز دەنرخێنێت و هاوكات دەڵێت: «ئافرەتانی كورد سمبولی ئاشتی و ئارامی و ئازایەتین و ئەم رۆڵەی كە ئەمڕۆ لە پێناو پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵگەی كوردی لە ئەستۆیان گرتووە، رۆڵێكی مێژووییە، تەنانەت لە رابردووشدا هاریكاری پێشمەرگەیان كردووە و رۆڵی ئافرەتان لە شۆڕشدا هیچ بۆشاییەكی لە رووی پێشكەوتنی كوردەوە نەهێشتەوە، لە زیندان و سەنگەر و رێكخستنەكاندا ژنان كۆڵەكەیەكی خەبات و تێكۆشان بوون، هەتا ئێستاش دەبینین كە تەنانەت لە چالاكییە چەكدارییەكانیش ئافرەتان لە هەر چوارپارچەی كوردستان هاتوونەتە پاڵ حزب و كۆمەڵە چەكدارییەكانی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە خەباتی رزگاریخوازی و نەتەوایەتی، هەموو ئەمانەش دەرخەری ئەو راستییەن كە ژنی كورد لە یەك بواردا پێشەنگ نین، بەڵكو لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا سەرمەشقن».
ئەو پەرلەمانتارە رایوایە «پەلامارەكانی داعش بۆ سەر كوردستان نیشانی دونیای دەرەوەی دا، كە ئافرەتی كورد دەتوانێ لە بەرامبەر دڕەندەترین و دەمارگرژترین هێزی جیهان بوەستێت و پارێزگاری لە وڵاتەكەی بكات».
هەر سەبارەت بەو پرسە سەلام كەریم راوێژكار لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، جەخت لەوە دەكاتەوە كە تێڕوانینی ئیسلام بۆ ئافرەت زۆر گەورە و پڕ بایەخ بووە، پێشیوایە كە دابونەریت و نەفامی و ناتێگەیشتوویی تاك گرێ و كۆسپی خستۆتە نێو ئەو پڕۆسەیە، نەك ئایین. گوتیشی: «خزمەتی خاك و وڵات فەرزە لەسەر گشتمان، جا چ كچ بێت، یان كوڕ، ئەو ئافرەتانەی بە جلی سەربازییەوە خزمەت دەكەن، دایەنی میللەتن. لەسەردەمی خەلافەتدا پیاو و ژن پێكەوە دەستنوێژیان گرتووە. حەزرەتی عائیشە لە جەنگی (جمل) بەربوویەوە بە یاوەری 50 پاسەوان بۆ مەدینە نێردرایەوە، پاش گەڕانەوەی حەرزەتی عائیشە، سەیری كرد گشتیان كچن كە ئیمامی عەلی وەك یاوەر لەگەڵی ناردوون، پێغەمبەر (د.خ) لە سوڵحی حودەیبییە پرس و رای بە ئوم سەلەمە كرد و پەیڕەوی راكەی كرد و بۆ شكاندنی ئیحرام نەچوون بۆ شاری مەككە».
ئەو ڕاوێژكارە ئایینییە هێمای بۆ ئەوەش كرد كە «یەكەم كەس كە بووە موسڵمان، ئافرەت بوو، كە خەدیجەی خێزانی پێغەمبەر بوو. یەكەم شەهید لە مێژووی ئیسلام ئافرەت بوو بە ناوی سومەییە». گوتیشی: «ئەوڕۆ مەكری تیرۆر و تیرۆریستان بووەتە قەیرانێك و دەبێ گەلان و میللەتان دەست لەناو دەستی یەكتر پێكەوە بۆ بنبڕكردنی ئەو قەیرانە هاوكاری یەكتر بن، ئیمەی كوردیش وەك خێزانێك بڕوانینە ئەو قەیرانە و كچان و خوشكانمان ئەوانەی لەو بوارە كاردەكەن و پاش ئەوەی راهێنان و قۆناغەكانی تەواو دەكەن، دەبێ بە چاوی رێز و سوپاسەوە سەیریان بكەین كە ئەم ئەركە قورسە دەخەنە ئەستۆی خۆیان بۆ خزمەتی خاك و نیشتمان».
رۆژنامەنووس وچالاكوانی مەدەنی زەینەب ئەركەوازی، لە دەستپێكی قسەكانیدا هێما بۆ ئەوە دەكات كەوا لەم دۆخە ناهاموارەی كوردستان و لە كاتی رووبەڕووبوونەی شەڕی داعش و نائارامی ناوچەكانی خوارەوەی عێراق، پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەكان لە سەنگەرەكانی شەرەف و كوردایەتی بەرگری لەخاكی كوردستان دەكەن، ژنانیش بەشێكی گەورەی ئەم تێكۆشانەن و قوربانی زۆریانداوە. گوتیشی: «جێی شانازییە بۆ ئێمەی كورد ژنانی شنگال و كۆبانی بوونەتە سمبولی خەبات و تێكۆشان، هەروەها لە سەرەتای هێرشەكانی داعشەوە ژنانی كوردستان چەكیان هەڵگرت بۆ پاراستنی خاك و وڵاتی خۆیان، تا ئێستاش چ لە سەنگەرەكانی جەنگ و چ لە ناو شارەكاندا بە هاوەڵی برا پێشمەرگەكان لە خەباتدان و سەلماندوویانە كە هیچیان لە پیاو كەمتر نییە و هەمیشە لە گشت بوارەكاندا رۆلی خۆیانیان بینیوە.»
لەلای خۆیەوە عارف روشدی راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ستایشی ئەرك و رۆڵی ئافرەتی كورد دەكات و رایوایە «ئافرەتانی كوردستان لە جێبەجێكردنی ئەركە نیشتمانییەكانیان هەرگیز دوورەپەرێز و دەستەوەسان نەبوون، لە هەموو قوناغەكانی خەباتی گەلەكەماندا شان بەشانی تێكۆشەران لە مەیدانی خۆڕاگری و قوربانیداندا بوون.» گوتیشی: «ئافرەتانی مەینەتباری كوردستان بێجگە لە ئازار پێگەیاندنیان لەلایەن نەیارانی گەلەكەمانەوە، هەڵگری باری قورسی لەدەستدانی هاوسەر و برا و كەسوكارەكان بوون، لەم قوناغە قەیران ئامێزەشدا درێغییان نەكردووە و سەدان ئافرەت چوونەتە رێزی پێشمەرگە، ئافرەتانی ماڵەوەش خۆراك و پێداویستییەكانی بەرەكانی جەنگیان دابینكردووە، هاوكات زۆرینەی ئافرەتانی كارمەندی حكومەت لە ئاستێكی باشی تێگەیشتندان، لە بارەی تەنگژەی دارایی هەرێمەكەمان و خاوەن هەڵوێستی جوانن، بۆیە دەبێ حكومەتی هەرێم ئەم هەڵوێستە شایستانەی ئافرەتانی كوردستان بە هەند وەربگرێت و لە كاتی گونجاو قەرەبوویان بكاتەوە، پێش هەموو شتێك هەوڵی جددی بخاتە گەڕ بۆ نەهێشتن، یان كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری لە نێو توێژی ئافرەتاندا و دابینكردنی بیمەی كومەڵایەتی بو ئەوانەی توانای كاركردنیان نییە، یان نەخوش و تەمەن گەورەن».
بەرپرسی ئەكادیمیای پارتی دیموكراتی كوردستان قادر قاچاخ، هێما بۆ ئەوە دەكات كە ئافرەت و پیاو تەواوكەری یەكترن و هەر لەو رووەوە ئاماژە بەوە دەكات كە «ئەگەرچی داهێنەرانی بەناوبانگ ئافرەت نەبوون، بەڵام ئافرەت بە پەروەردە و فێركردن گەورەترین داهێنانی كردووە». قادر قاچاخ گوتیشی: «پێموایە ئەوەی پیاو دەیكات، ئافرەت باشتر و دڵسۆزانەتر ئەنجامی دەدات، بەردەوام شەرم و ترس دوو هەڕەشە و دوو كۆسپی گەورە بوون، كە عەشیرەتگەری و دیدی بەرتەسكی ئایینی سەرچاوەی ئەوەن كە ئافرەت نەتوانێ رۆڵی كارای لە كاروباری رۆژانەدا هەبێت، سەردەم سەردەمی ئینتەرنێت و جیهانگەراییە و لە بنیادنانی كۆمەڵگە نێر و مێ تەواوكەری یەكترن، خزمەتی پۆلیسیش ئەركێكی پیرۆزە و جگە لەوەی كە سیستەمی دیموكراتی هەمیشە دەسەڵات دەخاتە دەست پۆلیس و ئەم ئەركە پیرۆزەش شایانی ئافرەتی دڵسۆز و بە هەڵوێستە، جێگەی سەرفرازییە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرفەتی بە ئافرەت داوە لەم بوارە هەستیار و پیرۆزە شوێن پەنجەی دیاربێت و خزمەت بكات، یەكێك لە پێوەرەكانی دەسەڵاتی دیموكراتی و پێشكەوتوویی هەبوونی ئەفسەر و پۆلیسی ئافرەتە.»
Top