لە گێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆیدا بۆ گوڵانكچێك پەیامێكی بۆ باوكان هەیە

لە گێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆیدا بۆ گوڵانكچێك پەیامێكی بۆ باوكان هەیە
زۆر جار پیاوانی ئایینی و چالاكانی مافی مرۆڤ و زانایانی كۆمەڵناس و دەروونناس، باسی چۆنیەتی بەختەوەری و بەهاكانی شیرازەی خێزانییان كردووە و سەرمەشق و رێنمایی زۆریشیان خستۆتە بەردەم تاك، بۆ ئەوەی بیكاتە نەخشەڕێگەی بەختەوەری خۆی و خێزانێكی لەسەر بونیاد بنێت. كچێكیش لە گێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆیدا بۆ گوڵان، پەیامێكی بۆ باوكان هەیە و پێشنیار دەكات هەموو باوكان هەوڵ بدەن لەگەڵ كچی خۆیان هاوڕێیەتی بكەن و لە توندوتیژی دوور بكەونەوە.

«من و كوبرا هاوتەمەن و هاوگەڕەك و هاوپۆل بووین. زۆربەی كاتەكانی ژیانمان پێكەوە بووین. لە منداڵییەوە وەك دەستەخۆشك ئاگاداری یەكتر بووین. ئەوەی ژیانی ئێمەی لە یەكتر جیا دەكردەوە، تەنیا جۆری مامەڵەی باوكمان بوو. باوكی كوبرا پیاوێكی بازرگان و دەوڵەمەند و زۆر تووڕە بوو. بە كورتی دیكتاتۆری ماڵەوە بوو. كەس نەیدەوێرا لە بەرامبەری فزە بكات. هەموو هەینییەك براكانی كوبرای بە زۆر لەگەڵ خۆی دەبرد بۆ مزگەوت. ئەوەی لەو ماڵە نوێژی نەكردبا، نان نەبوو بیخوات. تەنانەت منیشی فێری نوێژكردن كرد. تەنیا یەك شتی باشم لەو پیاوە بینی، ئەویش ئەوە بوو فێری نوێژی كردین. بەڵام من بە دڵ عاشقی خوای خۆم بووم، كاتێك نوێژم دەكرد ئارام و دڵخۆش دەبووم. كەچی كوبرا و براكانی بێزار دەبوون. كەم رۆژ هەبوو دایكی كوبرای داماو لێدان نەخوات، لەگەڵ ئەوەشدا دوای پێنج منداڵ ژنی بە سەردا هێنا و ئەوەندەی دیكە ژیانیانی تاڵ كرد. بەپێچەوانەوە باوكی من نەك هەر پیاوێكی ئارام و رۆشنبیرە، كە بەردەوام رێزی لە دایكم گرتووە، بەڵكو لە گەڵ منیش زۆر هاوڕێ بووە. تەنانەت لە تەمەنی هەرزەكاریم زۆر جار باوكم پێداویستیی ژنانەشی بۆ دەكڕیم، واتە زیاتر لەدایكم، لەگەڵ باوكم هاوڕێ بووم. لە هەموو ژیانمدا جگە لە یەك جار هەرگیز درۆم لەگەڵ باوكم نەكردووە، ئەویش پێوەندی بە هاوڕێكەمەوە بوو، نەدەكرا نهێنی ئەو ئاشكرا بكەم. ساڵ هات و ساڵ رۆیی و من و كوبرا بۆ ماوەی نۆ ساڵی تەواو رۆژانە پێكەوە دەچووینە قوتابخانە. زۆر جار باسی ئەوەمان دەكرد كە سێ ساڵی دیكە دەچینە زانكۆ و هەردووكمان دەبین بە پزیشك و داهاتوویەكی گەشمان دەبێت. زۆریش زیرەك بووین و بە جددی سەرقاڵی خوێندن بووین. بەڵام هەستم كرد كوبرا ماوەیەكە گۆڕاوە و تەنانەت لە سەعی كردنیش باش نییە. هەر زوو زانیم كەوتووەتە داوی خۆشەویستی. خۆیشی لێی نەشاردمەوە و نامەكانی كوڕەكەی پیشان دەدام. ئەو پێوەندییە بەردەوام بوو. زۆر جار لەكاتی گەڕانەوەمان بۆ ماڵەوە، كوڕەكە بە ئۆتۆمبێل دەهات و كوبرای سەردەخست و پێكەوە دەڕۆیشتن. زۆرم ئامۆژگاری كرد، گوتم ئەوەندە بە ئاشكرا پێوەندی لەگەڵ ئەو كوڕە مەگرە. گوێی پێنەدام. من تەنیا یەكجار لەگەڵ ئەو كوڕە قسەم كرد، ئەویش كاتێك كوبرا نەخۆش بوو، لە رێگەی قوتابخانە هەواڵی كوبرای لێ پرسیم و داوای كرد لەگەڵی سەركەوم و نزیكم بكاتەوە، بەڵام رەتمكردەوە و گوتم هەرگیز لە هیچ شوێنێك نەیێتە سەر رێگەم. دوای ماوەیەك ئەو دەستەخوشكەم تووشی شۆكی كردم. بەردەوام دەگریا و كوڕەكەش دیاری نەما. بۆ ماوەیەك كوبرا هۆكاری خەمباری و گریانەكەی لێ شاردمەوە، بەڵام دواجار دركاندی و گوتی: ئەو كوڕە كچێنیمی هەڵگرتووە و حاشاشی لێدەكا. وەك باسیكرد رۆژێك كە خێزانی كوڕەكە هەموویان لە سەفەر بوون، كوبرای لەگەڵ خۆی بردبوو بۆ ماڵەوە و لەوێ تووشی ئەو كارەساتەی كردبوو. ئەوەندەشی پێنەچوو كوڕە لە هۆڵەنداوە تەلەفۆنی بۆ كرد و ئەوەش زیاتر كوبرای پەرێشان كرد. ئیتر كەوتە سووچی ماڵ و تەنانەت لە خوێندن و قوتابخانەش دابڕا. كوبرا تاقانە بوو. زێڕ و زیوی زۆری هەبوو. باوكی بازرگانێكی دەوڵەمەند بوو، تەنانەت زڕدایكەكەشی خۆشی دەویست، لەگەڵ ئەوەشدا دڵی بە هیچ خۆش نەبوو. بەڵام ئەو دەستەخوشكەم دووبارە كەوتەوە داوی خۆشەویستی و ئەمجارەیان لەگەڵ پیاوێك تێكەوتبوو كە تەمەنی زۆر لە خۆی گەورەتر بوو. باسی شتی وای دەكرد كە نەدەكرا گوێی لێ بگرم. وازم لێ هێنا و زۆریش بەو دابڕانە خەمبار بووم. باوكم وای دەزانی شەڕمان بووە و هەواڵی كوبرای لێ پرسیم و وتی: بۆ دیاری نییە، خۆ شەڕتان نەبووە؟ منیش بۆ یەكەمجار شتێكم لە باوكم شاردەوە و خۆم بە گوناهبار دەزانی. دوای ماوەیەك بیستم كوبرا لەگەڵ خۆشەویستی دووەمی چووەتە دەرەوەی وڵات. هەر بەوە سوكنایی خۆم دەداوە كە كوبرا رزگاری بووە و بە دەستی باوك و براكانی نەكوژراوە. بەڵام نایشارمەوە وازهێنان لە كوبرا تووشی سەدمەی كردم. لەبەر ئەوەی زۆرم خۆش دەویست زیاتر لە دە ساڵ زۆربەی كاتەكانی ژیانمان پێكەوە بووین. ئەو گەیشتە ئەڵمانیا و زۆر هەوڵی دا تاوەكوو دیسان پێوەندیمان هەبێت، منیش سەرقاڵی خوێندن بووم و لە زانكۆ، خەونەكەم بەدیهات و هیوادارم وەك پزیشكێكی خاوەن كەرامەت بتوانم خزمەتی خۆم و گەل و نیشتمانەكەم بكەم. ئەوەی لەم بەسەرهاتەدا ویستم باسی بكەم، تەنیا بۆ ئەوەیە باوكان بتوانن لەگەڵ كچی خۆیان هاوڕێ بن، لانیكەم لەبەر ئەوەی بەلاڕێدا نەچن. من و باوكم نموونەی ئەو هاوڕێیەتییەن. منیش هەر لە قۆتاغی یەكەمی زانكۆ كەوتمە داوی خۆشەویستی، بەڵام یەكسەر لە لای باوكم دركاندم. ئەویش زۆر بە ئاسایی وەری گرت و داوای كرد لە كافیتریایەك پێكەوە كۆببینەوە. خۆشەویستەكەم زۆر شەرمن بوو، بەڵام لە بەر خاتری من قبووڵی كرد و هات. كاتێك پێكەوە دانیشتین باوكم گوتی: ئێوە گەنجن مافی خۆتانە خۆشەویستتان هەبێ، بەڵام دەبێت ئاگاتان لە كەرامەتی خۆتان و منیش هەبێ، بۆیە تەنیا یەك داواكاریم هەیە، ئەویش ئەوەیە بەڵێن بدەن هەرگیز لە شوێنی چۆڵ و خەڵوەت یەكتر نەبینن. گەر قسەیەكتان هەبوو، لە شوێنێكی گشتی دابنیشن و قسەی خۆتان بكەن. خۆشەویستەكەم دەستی باوكمی ماچ كرد و باوكم دەستێكی بەسەردا هێنا. باوكم ئێمەی لە كافیتریاكە بەجێهێشت و هەستم كرد، فرمێسك چاوی تەڕ كردووە. ئەو دڵە گەورە و بەرچاوڕوونییەی باوكم وایكرد، خۆشەویستەكەم عەوداڵی بوو. بۆیە دوو رۆژی پێنەچوو لەگەڵ خێزانەكەی هاتنە خوازبێنیم. ئێستە مارەبڕی یەكترین و خۆمان بە بەختەوەرترین هاوسەری جیهان دەزانین. گەرچی هێشتا زانكۆمان تەواو نەكردووە و دەبێت خۆمان بۆ ژیانی داهاتوومان ئامادە بكەین. لە كۆتاییدا روو لە هەموو باوكان دەكەم و دەڵێم: پێویستە باوكان هەوڵ بدەن لەگەڵ كچی خۆیان هاوڕێیەتی بكەن و لە توندوتیژی دوور بكەونەوە. ئەوە تەنیا كلیلی بەختەوەری خێزانییە».
Top