هاوسەرەكەم ..من و دوو منداڵی كردە قوربانی سەرخۆشییەكانی خۆی

هاوسەرەكەم ..من و دوو منداڵی كردە قوربانی سەرخۆشییەكانی خۆی
دەروونناس و توێژەرانی كۆمەڵایەتی زۆر جار باسی ئەوەیان كردووە كە زێدەڕۆیی لە هەر شتێك، ئاكامی باشی نابێت، بەتایبەتی لە خواردنەوە كحوولییەكان كە جگە لەوەی جۆرێك لە ئاڵوودەبوونی لێدەكەوێتەوە، وازهێنان لە خواردنەوەشی كارێكی دژوار دەبێت. زۆر جاریش بووەتە هۆی تێكدانی شیرازەی خێزانی و تەنانەت جیابوونەوەی هاوسەرانی لێكەوتۆتەوە. یەكێك لەو ئافرەتانە بەسەرهاتی خۆی بۆ خوێنەرانی گوڵان دەخاتەڕوو.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

گوڵچین تاقانە منداڵی خێزانێكە و ئێستا ئافرەتێكی بێوەژنە و تەمەنی 39 ساڵە و ماوەی شەش ساڵیشە خۆی و دوو منداڵی لەگەڵ دایكی لە ماڵی باوكیدا دەژین. ئەو خاتوونە پێیوایە باوكی لە خەمباری ئەودا تووشی نەخۆشی بووە و كۆچی دوایی كردووە. ئەو بە نیگەرانییەكی زۆرەوە ئاوڕ لە رابردووی خۆی دەداتەوە، بە جۆرێك تەنانەت حەز ناكات باسی بكات، بەڵام دوای گفتوگۆیەكی چڕوپڕ رازی بوو بەسەرهاتی خۆی بۆ گوڵان بخاتەڕوو، تاوەكو خۆی گوتەنی هەموو هاووڵاتییەك پەندی لێ وەربگرن.
گوڵچین بەمجۆرە باسی نهێنییەكانی ژیانی هاوبەش و چۆنیەتی جیابوونەوەی لە هاوسەرەكەی دەكات:
«من تاقانە منداڵی دایك و باوكم بووم. ئەوان دوای ساڵ 17 ساڵ چاوەڕوانی، بوون بە خاوەن منداڵ و من لەدایك بووم. باوكم لەگەڵ ئەوەی پیاوێكی ئایینی بوو، بەڵام بڕوای بە فرەژنی نەبوو. لۆمەی هەموو خزم و دۆستانی خۆی قبووڵ كرد. بەڵام هەرگیز ئامادە نەبوو ژنی دووەم بهێنێت. زۆریش نازی منی هەڵدەگرت و هەمیشە دەیگوت: بە دە كوڕت ناگۆڕمەوە. منیش دەرسەكانم بە سەركەوتوویی تەواو كرد و دوای دەرچوونم لە بەشی كۆمەڵناسی زانكۆ، وەك توێژەر دامەزرام. بەردەوام خوازبێنیم بۆ دەهات، چ لە قۆناغی زانكۆ، چ دوای دامەزرانم وەك فەرمانبەر، بەڵام خۆشەویستیم بۆ دایك و باوكم وایكردبوو، هەمووم رەفز دەكرد. چونكە ئەوان كەسیان نەبوو، تەنیا بە من دڵخۆش بوون. گەرچی باوكم باری دارایی باش بوو، چەندین دووكانی بە كرێ چووبوون و پێویستی بە داهاتی من نەبوو. بەڵام من بۆ خۆم حەزم نەدەكرد، پیاوی سەرماڵم هەبێت، یان بڕۆمە ماڵی شوو، دایك و باوكم تەنیا بەجێبهێڵم. باوكیشم زۆر جار زۆری لێدەكردم و دیگوت: كچم خۆت بە دیار ئێمەوە پیر مەكە، دواتر كەس سەیرت ناكات، تا گەنجی شوو بكە و ماڵی خۆت دابنێ. قەدەر وایكرد، كوڕێك بە ناوی لوقمان هاتە ناو ژیانم. ئەو كات كوڕێكی گەنج بوو، زۆرم خۆش ویست، گەرچی خوێندەواری وای نەبوو، ماڵی باوكیشی زۆر هەژار بوون، بەڵام زۆر هۆگرم ببوو، بەڵێنی زۆریشی پێدام، بۆیە منیش رازی بووم بێتە خوازبێنیم و پارەیەكی زۆریشم پێ دا، بۆ ئەوەی لای كەسوكارم نەشكێتەوە و بەو پارەیە جلو و بەرگ و زێڕم بۆ بكڕێت. لای كەسیش باسم نەكرد. ئەوە بوو بە خۆشی و كامەرانی بە یەكتر شاد بووینەوە، باوكیشم خانوویەكی بۆمان كڕی و ژیانێكی خۆشمان دەست پێكرد. بەڵام هەموو خۆشی ژیانمان یەك ساڵ بڕی نەكرد، كچەكەم كە منداڵی گەورەمە و ئێستا تەمەنی 15 ساڵانە، ئەو كات تەمەنی یەك ساڵ بوو، زۆر جار لە دەست هات و هاواری باوكی لە گەرمەی خەو رادەچڵەكا، هەمیشە ماڵمان پڕ بوو لە میوانی مەشرووبخۆر. زۆربەشیان زگورتی بوون. لوقمان بە تەواوی ئاڵوودەی مادە كحولییەكان ببوو. هەموو جارێكیش لە گرانباییەكانی دەكڕی، هیچ كارێكی نەدەكرد، تەنانەت بە زۆرەملێ خانووەكەی منیش كە باوكم بۆمانی كڕیبوو، فرۆشتی. هەر تەحەمولم كرد، تا كوڕێكمان بوو، وامزانی ئەوە دڵخۆشی دەكات و گۆڕانكاری بەسەردا دێت. ئەو كات تەكسییەكم بۆ كڕی و لوقمانیش هەزار بەڵێنی دا واز لە مەیخواردنەوە بهێنێت، بەڵام دوای شەش مانگ دیسان تێكەوتەوە و بەڵێنەكەی نەبردەسەر. تەنانەت وای لێهاتبوو، لەگەڵ نانی بەیانیان عارەقەكەی دەخواردەوە. كاتێكیش دەیخواردەوە یەكسەر دووسێ هاوڕێی بە بیر دەكەوتەوە، ئیتر بەردەوام پێكەوە بوون. هیچ كاسبییەكی نەدەكرد، ئەوەشی دەستی دەكەوت یەكسەر بە سندانەكەی دەدا. شەوێكیان خۆی و هاوڕێیەكەی تا درەنگانی شەو لە ماڵی ئێمە خواردیانەوە. ئەوەندەیان خواردەوە وامزانی بێهۆش كەوتوون. من و كچ و كوڕەكەشم لە ژووری خۆمان خەوتبووین، ژوورەكە تاریك بوو، نیوەشەو هەستم كرد لوقمان هاتۆتە سەر جێگەكەم، هەر دەستی بۆ دەبردم، چەند جار تكام كرد، گوتم: لوقمان واز بێنە، میوانمان هەیە. ئەو هەر دەستی بۆ دەهێنام. كاتێك دەستم لە دەستی دا، هەستم كرد ئەوە لوقمان نییە، بە پەلە هەستام و گڵۆپەكەم پێكرد، هاوڕێیەكەی لوقمان بوو. دەستی خستە سەردەمم و زۆر پاڕاوە و هەزار سوێندی خوارد و وتی: بە هەڵە هاتووم، بمبوورە. منیش بە توندی لە ناو دەمی ئەو بێ ئابڕوویەم دا، نزیكەی بانگی سبەی بوو، تاوەكو بە پەلە لوقمانم لە خەو هەستاند، ئەو بێنامووسە هەڵهات، هەموو قەلبم دەلەرزی، گریان مەجالی نەدەدام قسە بكەم، لوقمان هێشتا سەرخۆشی بەری نەدابوو، كە باسی ئەو رووداوەم بۆ كرد، بڕوای پێنەكردم و تێم بەربوو، ئەوەندەی لێدام دەم و كەپووم بە خوێن بوو. ئەوە دواڕۆژی پێكەوە بوونمان بوو. دەستی منداڵەكانم گرت و چوومەوە ماڵی باوكم. هەرگیز ئەو تەعەدایە و ئەو بێ غیرەتییەم لە بیر ناچێت لە بەر دانیشتنێكی بۆ عارەقخواردنەوە، من و هەر دوو منداڵەكەی فەرامۆشكرد».
گوڵچین لە كۆتایی قسەكانیدا باسی ئەوەی كرد، كە دوای ئەو رووداوە هەرگیز بڕوای بە بەڵێنەكانی لوقمان نەكردووە، بۆیە بە زەبری یاسا لێی جیا بۆتەوە. سەبارەت بە چارەنووسی لوقمانی كۆنەهاوسەریشی وتی: «لوقمان كارێكی وایكرد باوكم لە خەمباری ئەودا تووشی جەڵدە بوو، ئەوەندەشی نەبرد، كۆچی دوایی كرد. لوقمانیش ئەوەندەی من بیستوومە، تەكسییەكەشی فرۆشتووە و هیچی بۆ نەماوە، پارەیەكی زۆریش قەرزدار بووە، كەس نازانێت لە ترسی خاوەن قەرزەكان بۆ چ شوێنێك رۆیشتووە و لە كوێ خۆی حەشار داوە. چونكە دوای ئەوەی كە حكومەتی عێراق بڕیاری دا 100 مووچە بە جارێك بداتە فەرمانبەران، لوقمان بەڵێنی بە دەیان كەس دابوو، كە ئەو پارەیەیان بۆ وەربگرێت و لە بەرامبەریشدا بڕێك پارەی لێوەرگرتبوون، هەروەها دەڵێن عەردێكی بە حەوت كەس فرۆشتووە، بۆیە زۆر كەس هەڕەشەی لێدەكەن، بە قسەی خزمێكی خۆیی گوایە لە ئێران بینیویانە و ئێستا لە بری مەیخواردنەوە پەنای بۆ مادە هۆشبەرەكانی دیكە بردووە».
Top