خیانەتی هاوسەری دایكی چوار منداڵ سەرگەردان دەكات

خیانەتی هاوسەری دایكی چوار منداڵ سەرگەردان دەكات
ئەو چیرۆكانەی كە خیانەتی هاوسەری بووەتە هۆكاری لێكترازانی خێزانێك كەم نین، دوای جیابوونەوەشیان منداڵەكانیان دەبنە قوربانی یەكەم و چارەنووسیان دەكەوێتە مەترسییەوە. یەكێك لەو ئافرەتانەی كە بە هۆی خیانەتی هاوسەری شیرازەی خێزانی تێكچووە و تەنانەت لە سۆزی دایكایەتی بۆ چوار منداڵەكەی بێبەش كراوە، نهێنییەكانی ژیانی بۆ گوڵان دەدركێنێت.

باڵایەكی مام ناوەند و پێستێكی سپی و پرچێكی رەش و درێژی هەیە كە تا ناوقەدی شۆڕ بووەتەوە. گەرچی تەمەنی لە 40 ساڵ تێپەڕیوە، بەڵام زۆر گەنجتر لە تەمەنی دیارە و هێشتا لە روخساریدا گەنجی و جوانی خۆی دەنوێنێت، بەڵام چاوەكانی پڕن لە نیگەرانی و دوودڵ بوونی لە دوابڕیاری بۆ جیابوونەوە لە هاوسەرەكەی و لە دەستدانی سۆزی چوار منداڵەكەی بە تەواوی خەمباری كردووە.
بەهرەی تەمەن 42 ساڵ، یەكێكە لەو سەدان قوربانییانەی كە بەهۆی خیانەتەوە خێزانەكەیان لەبەر یەك هەڵوەشاوەتەوە. ئەو دایكی چوار منداڵە و پەشیمانی خۆی بۆ لەدەستدانی منداڵەكانی ناشارێتەوە و هاوكات جەخت لەوە دەكاتەوە كە «خیانەتی هاوسەری تاوانێكی زۆر قورسە و كەم كەس دەتوانێت قبووڵی بكات».
بەهرە بە خەمبارییەكی زۆرەوە بەمجۆرە باسی ژیانی رابردووی دەكات: «ئەو پیاوەی كە شووم پێكرد لە گەنجێتیمدا زۆر گیرۆدەی من بوو، كە هاتە داواشم ئامادە بوو هەر چییەك من بمەوێ، بۆمی بكات، ئەوە بوو شووم پێكرد و زۆریش بەختەوەر بووم، لە هیچ شتێكم كەم نەبوو، نە لە خۆشەویستی هاوسەرەكەم و نە لە ماڵ و نە لە پارە، هەر چییەك بڵێیت، هەموویم هەبوو، خوای گەورە چوار منداڵیشی پێ بەخشیم، بەڵام نەمزانی ئەو خۆشییە تا سەر نابێت و دواتر بێ ماڵ و منداڵ و بێ پارە دەبم. تازە هەمووشتێكم لەدەست چوو، بەڵام كە باسی دەكەم، هەست دەكەم كەمێك لە ئازارەكانم سووك دەبێت».
بەهرە زۆر بە تامەزرۆییەوە باسی منداڵەكانی دەكات و دوای ئەوەی بە گۆشەی لەچكەكەی فرمێسكەكانی سڕییەوە، بە دەنگێكی لەرزۆكەوە گوتی: «بە حەسرەتم پێش مردنم تەنیا جارێك منداڵەكانم ببینم، بەڵام مێردەكەم لەوەشدا هەر خیانەتم لێدەكات، بڕوا بكەن هیچ شتێك بەقەد خیانەتكردن ناخۆش نییە، چەند ساڵ عاشقانە لەگەڵی ژیام، كەچی بینیم لەسەر هەمان جێگەی من لەگەڵ ئافرەتێكی تر خەریكی رابواردن بوون، بۆیە لەو رۆژەوە كە بەو شێوەیە ئەوم بینی، تەنانەت منداڵەكانیشم لەبەر ئەو پیاوە خیانەتكارە نەهاتە بەرچاو، بۆیە تەڵاقی خۆمم وەرگرت، من بە منداڵی چوارەمی خۆم دووگیان بووم، دوو كچ و كوڕێكم هەبوو، كوڕەكەی دیكەشم هێشتا لە دایك نەبووبوو، كەچی باوكیان لەپاش ئەوەندە منداڵە كەوتە داوی حەزەكانی خۆی و خیانەتی لێ كردم».
وەك ئەوەی بەهرە باسیكرد، لە كاتی بینینی خیانەتەكەدا مێردەكەی زۆری لێ دەپاڕێتەوە و داوا دەكات گەر كەس بەو رووداوە نەزانێ، چی بوێت، بۆی دەكات، لە بارەی چۆنیەتی رازیبوونیشی دەڵێت: «بێ شوێن بووم، دایك و باوكم نەمابوو، نەمزانی بۆ كێ بڕۆم، بۆیە قبووڵم كرد، بەڵام بەو مەرجەی كە مێردەكەم نەیێتەوە ماڵ، گوتم با منداڵەكانم نەزانن كەوا باوكیان چی كردووە لەو تەمەنە، ئەویش خانوویەكی بەرامبەر ماڵی خۆمان گرت و لەوێ دانیشت، بەڵام منداڵەكانم بەردەوام سەردانیان دەكرد، تا رۆژێك مێردەكەم هاتە ژوورەوە و گوتی: دەمەوێت قسە بكەین، دانیشتین كە گوێم گرت، گوتی: ئەو ژنەی لەگەڵم بوو، دەیهێنم، بەڵام من ناهێڵم منداڵم لێی هەبێت، ئەوە بوو قەناعەتی بە من هێنا و ئەویش ژنەكەی هێناو هەوێی بەرامبەر ماڵم دانا، رۆژانە من لە خەمخواردن زیاتر هیچ شتێكی ترم نەبوو، مێردەكەم بەردەوام شتی جوانی دەكڕی و دەیبردە ماڵەكەی بەرامبەرم، رۆژ بە رۆژ خەمی زیاترم بۆ دەخوارد، زۆرم لە كزی دا، تا رۆژێك بینیم كە هەوێیەكەم زگی هەیە، ئیتر چیتر پێم قبووڵ نەكرا و یەكسەر ماڵم جێهێشت، بەڵام بریا قەد ئەو هەڵەیەم نەكردبا، هەوێ هاتە جێگەی من و تەنانەت منداڵەكانیشم لای باوكیان گرت، باوكیان دڵی هەمووانی برد، تەنیا ئەو كوڕەم نەبێت كە تەمەنی دوو ساڵی تەواو نەكردبوو، ئیتر من لە ماڵی خوشكم مامەوە، بۆ ماوەی ساڵێك كەس نەهاتە شوێنم، خوشكم و زاواكەمان چەندجار چوون بێ فایدەبوو، منداڵەكانیشم ئامادە نەبوون من ببینن، ئەوە بوو ژنەكەی هێنا ناو ماڵەكەی من و كچە گەورەشمی بە شوو دا و كوڕە بچووكەكەشی لێ سەندمەوە، بۆیە ئەوەندەی تر بێزار بووم، چووم داوای تەڵاقم كرد لە دادگا، دواتر كێشەكەمان یەكلایی بوویەوە و تەڵاقی دام، منداڵەكانیشم هەموویان لای باوكیان و زڕداكەكەیان مانەوە و نەهاتنە لای من، منیش تەنیا خەمم بەدیار ئەو منداڵانەوە دەخوارد».
بەهرە لە كۆتایی قسەكانیدا بە خەمبارییەكی زۆرەوە گوتی: «ئێستا دانیشتووم لە ماڵی خوشكەكەم و منداڵەكانی ئەو گەورە دەكەم، بەڵام سوپاس بۆ خوا تەنها كچە گەورەكەم بڕوای بە من كرد، دوای بەشوودانی ئێستا بە نهێنی دێت سەردانم دەكات، تەنیا ئەو دەزانێت كە باوكیان چ غەدرێكی بەرامبەرم ئەنجام داوە، بەڵام منداڵەكانی ترم هیچ كاتێك نایانەوێت تەنانەت بشمبینن، باوكیان ئەوەندە منی لەبەرچاویان ناشیرین كردووە، بەڵام چی بكەم؟ تەنیا داواكارم خوا هەقم بكاتەوە، چونكە ئەوەی لە ژووری نووستنی خۆم لەگەڵ مێردەكەم بینیم، دواتر بوو بە هەوێم و ماڵ و منداڵمی داگیر كرد..».
Top