قەرزی بچووك دەروازەیەك بۆ دەربازبوونی ئافرەت لە توندوتیژی

قەرزی بچووك دەروازەیەك بۆ دەربازبوونی ئافرەت لە توندوتیژی
قەرزی بچووك لە سەرەتاوە لە پێناو سووك كردنی رێژەی هەژاری بە رێگەچارەیەكی ئابووریی گونجاو دەستی پێ كرد، بەڵام ئەگەری هەیە سەبارەت بە پێگەی كۆمەڵایەتیی ئافرەتان قازانجی درێژخایەنی كاریگەریی پۆزەتیڤانەی لێ بكەوێتەوە. ئەمڕۆ ئافرەتان 80%ی كۆی 70 ملیۆن وەرگری قەرزی بچووك لە سەرتاسەری جیهان پێكدەهێنن، توێژینەوەكان ئەوە دەردەخەن كە ئافرەتانی وەرگری قەرزی بچووك، بە پێچەوانەی ئافرەتانی دیكە، بە ئاستێكی زیاتر بەشدارن لە بڕیاردان لەسەر ئاستی خێزاندا، زیاتر بە جموجۆڵ و هۆشدارترن لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە، هاوكات ئەو ئافرەتانەی قەرز وەردەگرن كەمتر دووچاری توند و تیژیی خێزانی دەبنەوە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

محەمەد یونس كە (بانكی گرامین) ی لە وڵاتی بەنگلادیش دامەزراند، دەستی كرد بە پڕۆژەی قەرزی بچووك، لەسەر ئەو بنەمایەی كە ئەگەر هاتوو قەرز بەپێی مەرجی گونجاو و لۆژیك بە خەڵكی هەژار بەخشرا، ئەوكات ئەگەری ئەوە هەیە ملیۆنان خەڵكی هەژار بە ملیۆنان جزدانی پڕ پارەوە پێكەوە بتوانن گەورەترین پرۆسەی پەرەپێدان وەدی بێنن.
لە رابردووشدا وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی قەرزی بچووكەوە توانی لە ماوەی سێ ساڵدا زیاتر لەحەوت هەزار گەنج لە وەرگرتنی ئەو قەرزە سوودمەند ‏بكات.
( دوای ئەوەی هاوسەرەكەم لە دەستدا، بڕیارمدا بۆ بەخێوكردنی دوو كچەكەم كارێك بكەم، یەكەمجار لە كۆمپانیایەكی توركەكان بوومە خزمەتكار و ماڵم پاك دەكردەوە و چێشتم لێدەنا، بەڵام بەهۆی جوانی و جاحێلیمەوە لەلایەن بەڕێوەبەری ئیدارە تەشقەڵەم پێدەكرا، لەوێ رۆیشتم و ئەمجارە لە ماڵی دكتۆرێك هەمان كارم دەكرد، بەڵام دیسان ئاسوودە نەبووم، ئەوان پێیان خۆش نەبوو منداڵەكان لەگەڵ خۆم ببەم و چەندین جار لەسەر ئەوە تووشی ئیهانە كردن بووم و ناوە ناوە دەیانگوت كار وا بڕوا دەرت دەكەین، دواجار لەرێگەی مێردی خوشكەكەم لە رێكخراوێك 20 وەرەقەم قەرز كرد و لەناو حەوشەكەی خۆمان دوكانێكم كردەوە، ئێستاش لایەكی دوكانەكەم كردۆتە چێشتخانە و خواردنی خێرای وەك لەفە و نۆكاو و نیسك و پاقلە و شێلمی تێدا دەفرۆشم، دوو ساڵە بەهۆی داهاتەكەم لەگەڵ منداڵەكانم لە ژیانێكی شەرفمەندانە دەژین)، ئەوە قسەكانی شلێر سەفائەدین بوو، ئەو پێیوایە كە داهاتی سەربەخۆ ئافرەت لە هەموو ئەگەرێكی ناخۆش و هەموو چەشنە توندوتیژییەك دەپارێزێ.
زیاتر قەرز دەدەین بە ئافرەتانی ماڵەوە
ئەمڕۆش لە هەرێمی كوردستاندا چەندین دەزگا و رێكخراو بە مەبەستی پێدانی قەرزی بچووك بە هاووڵاتیان دامەزراون و لەم پێناوەدا كار دەكەن، رێكخراوی ئاییندەی گەش كە لە كاتی كابینەی حەوت دامەزراوە و تا ئێستا زیاتر لە حەوت هەزار قەرزی بچووكی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی جۆراوجۆر بە ئافرەتان داوە كەبڕەكەی 14 ملیۆن دۆلار بووە، هیوا عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی ئاییندەی گەش بۆ پێدانی قەرزی بچووك بە گوڵانی راگەیاند: یەكێك لە ئامانجەكانمان هێنانی ئافرەتە بۆ ناو بازاڕی كار، بۆ ئەوەی لە ژێر رەحمەت و سێبەری داهاتی پیاو بێتە دەرەوە و ببێتە خاوەن داهاتی خۆی، چونكە ئازادی تاكە كەس لە ئازادی ئابوورییەوە دەست پێدەكات و سەرچاوە دەگرێ، بەهۆی ئەوەی كە بەرزترین رێژەی ئافرەت لە رێكخراوەكەمان لە قەرزی بچووك سوودمەند بووینە لەساڵی 2012 لەلایەنUSAID ئاژانسی ئەمریكی بۆ گەشەپیدانی نێودەوڵەتی خەڵاتی رێزلێنانمان پێ بەخشراوە، تەنانەت ئێمە رێژە یان سنوورمان بۆ سوودمەند بوونی ئافرەت نییە، بەڵكو بەپێی خواستی ئافرەتە، ئافرەتیش لای ئێمە رێژەی 33% سوودمەندانی قەرزی بچووك پێكهێناوە، دیارە بارودۆخ و پێویستی كۆمەڵگە وایكردبێت كە ئافرەت كەمتر تێكەڵی بازاڕ دەبێت، لەكاتێكدا ئێمە حەز دەكەین زیاتر ئەو قەرزانە بدەینە ئەو ئافرەتانەی كە لە ماڵەوەن، ئافرەتیش كە لەماڵەوە كار دەكات كۆمەڵێك خەرجی لێ كەم دەبێتەوە، دەیەوێ داهاتێكی دیكە پاڵپشت بە داهاتەكەی دیكەی خێزانەكەی دروست بكات، پڕۆژەكانیش بریتین لە ئارایشگەری، دوورمان، دەستڕەنگینی و كاری دەستی، نان كردن لە ماڵەوە، كردنەوەی دوكان لە حەوشەكەی خۆی و ...هتد، وێڕای ئەوەی هەندێك ئافرەت پڕۆژەی دیكەیان لە دەرەوەی ماڵ بە ئەنجام گەیاندووە.
ئافرەت رۆڵی باڵای هەیە لە گەشەی ئابوری وڵات
شیلان بیانی نووسەر لە بواری ئابووری و خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە کارگیری کار، هێما بۆ ئەوە دەكات كە داهاتی خۆیی یا تاکی بریتییە لەو بڕە پارەیەی لە ئەنجامی کارێک یان قازانجێک بە دەستی دەکەوێت، گوتیشی: پێدانی قەرز بە ئافرەتان ئاسانکارییەکە بۆ دروستکردنی پرۆژەیەکی بچووک یا گەورە بەمەش دابینکردنی داهاتێکە بۆ تاک، مارگریت تاتشەر کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بوو فەلسەفەیەکی داڕشت بە ناوی تاتشەریە ناوبرا کە باسی لەوە دەکرد تایبەتمەندی و ئاستەنکگراوەکان بناغەی تاکن لە رووی کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە و شتێک نییە بە ناوی کومەڵگا، هەروەها زۆر لەسەر مەسەلەی مافی ئافرەت کاری کردووە، کەواتە بەپێ ئەو فەلسەفەیە داهاتی تاکی زۆر گرنگە، جا ئەگەرئەو داهاتە بۆ ئافرەت بێت چونکە متمانە بە خۆبوون لە لایەک و پشت نەبەستن بە كەسانی تر لە لایەکی ترەوە و هەروەها توانای ئافرەتەکەش زیاددەکات.
هەروەها شیلان بیانی رایگەیاند كە ئافرەت رۆڵی باڵای هەیە لە گەشەی ئابوری وڵات، چونکە نەبوونی کار بۆ ئافرەتان رێژەی بێکاری زیاد دەکات و بەو پێیەی کە نیوەی دانیشتوان ئافرەتە ئەمەش وا دەکات کە ئەو رێژە زۆرە بێکار بێت و ئابووری وڵات بۆ داهاتوویەکی بێکاری و رەش ببات و لە ساڵی 2014 دا کۆبونەوەی جی بیست کە گەورەترین کۆبونەوەی جیهانی وڵاتانە لەسەر ئابوری، لەم کۆبونەوەیەدا گەورەترین تەوەر باس لێ کرا بریتی بوو لە ئاسانکاری و هاوکاریکردنی ئافرەتان بۆ کارکردنیان بە شێوەیەک کە پلان بۆ ساڵی 2025 بە رێژەی %25 زیاد بکات واتە 100 ملیون ئافرەت هەلی کارکردنی بۆ بڕەخسێت و بەشدار بێت لە داهاتوودا، هەڵبەتە ئەو باس و لێکدانەوانە گرنگی بەشداری ئافرەت زیاد دەکات لە کارکردن و ئەمەش پێویستی بە هاوکاری و یارمەتییە، لە ئێستادا حکومەتی هەرێم جگە لە دامەزراندن پێویستە قەرز بە ئافرەتان بدات بۆ تەشەنەسەندنی پرۆژەکان.
تا ئێستا لە هەندێك شوێندا ئافرەت بۆی نییە كار بكات
لەلای خۆیەوە گوڵاڵە پشدەری چالاكی كۆمەڵگەی مەدەنی ئەوەی خستە روو كە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، بۆ بەردەوامی و بەرەنگاربوونەوەی ژیان پێویستە کەسەكان کار یاخود پیشەیەکیان بەدەستەوە بێت کە ڕیز و خۆشەویستی و ئاسودەیی خۆی تێدا ببێت و ژیانی بە شێوەیەکی باش و سوودمەند بگۆڕێت.
گوتیشی: هەڵسوڕانی چەرخی ئابووری نەك تەنیا بۆ تاکەکان گرنگە، بەڵکو بۆ وڵاتیش. ئەوەش دەزانین کە هەبوونی پارە و باشی باری ئابووری واتە هێز و دەستەڵات بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگە کە ئافرەتانیش دەگرێتەوە، ئەگەر ئەو ڕەگەزە بە نیوەی ئەم کۆمەڵگەیە ئەژمار بکرێن.
لە وەرچەرخان و گۆڕانی بە پەلەی کوردستاندا و قۆناغی گەشەکردندا، گۆڕانکاری زۆری بەسەر بارودۆخی سیاسی، ئابووری و کولتووری و کۆمەڵایەتیدا هات و ئافرەتیش خۆی لە نێوان ئەم گێژەڵووکەدا بینیەوە و بەرەو کەنارێکی نوێ ڕۆیشت. واتە ئەو نوێگەراییەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا کەوتە ناو کۆمەڵگەی کوردی،ئافرەتی بە شێوەیەکی ترلە جاران ئاشنا کرد بە مۆدێرنیزە بوون وبە بەربەستی کەمتر لە پێشان بێتە دەرەوەی ماڵ و بازنەی خێزان وئەو زیاتر بتوانێت لە لایەنی ئابوورییەوە لەسەر پێی خۆی بوەستێت.
پێشموایە ئیستاش بە هەبوونی ئەو هەموو گۆڕانکارییەی کە ڕوویداوە، لە ناو کوردستاندا بەربەست هەن بۆ نەگەیشتنی ئافرەت بە زۆرێک لە هیواکانی، چونکە زۆربەی کات ویستەکانی پشتگوێ دەخرێن و متمانەی کەمتری پێ دەکرێت ئەوەش دەبێتە هۆی کەمتر بوونەوەی هەوڵ و هەنگاوی بەهێزی ئافرەت لە باری پێشکەوتنی بۆ نموونە ئابووری و دەستەبەرکردنی داهاتی ژیانی و بەشداری لە مەیدانی کارو پیشەدا.
پشدەری ئەوەشی نەشاردەوە کە هیچ وڵاتێک لە جیهاندا نییە کە تێیدا جیاوازی نێوان ئەو دوو ڕەگەزە نەکرێت، بەڵام لە کوردستاندا زەمینە نالەبارترە تاکو هەندێک وڵاتانی دراوسێ یاخود ئەوروپا. یەکێک لە ڕێبەستەکان دەگەڕێنمەوە بۆ جیاوازی تێڕوانین و ووردبوونەوەی ڕەگەزی نێر لە ئافرەت، کەمتەرخەمی دەستەڵات و خودی ئافرەت خۆی چۆن بەرەنگاری هەڵوێستەکانی ئەوان دەبێتەوە.
لە ناو هەندێک لە خێزانەکان و تایفەکاندا هەر ئافرەت بۆی نییە کار بکات و لە چواردیواری ماڵی و ئەرکی خزمەت لە ماڵەوەدا بچێتە دەرەوە و کاری دەرەوەی ماڵ و ناو دامودەزگاکان بە کارێکی نزم و مەترسیدار بۆ ئافرەتی خۆیان دەبینن.
هەروەها لەو پڕۆژە یاسای قەرزی بچووک بۆ گەورەکچان وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی هی ساڵی ٢٠١٣ کە لە بوودجەی ساڵی پاردا واتە ٢٠١٤دا پەسند کراوە پێموایە هەنگاوێکی باشە، بەڵام پێشتر پێویستە کاری لەسەر بکرێت و بە بەرنامەیەکی گونجاو و شایستە پێشتر ڕێخۆشکەری بکەن تاکو بزانن کێ شایانیەتی و کێ دەتوانێت بە باشترین شێوە کەڵک لەم هەلە وەرگرێت. تۆ ناتوانی پارە بدەیت بە کەسێک کە پلانی تۆکمە و بەهێزی نەبێت کە سەرکەوتوو دەبێت، یاخود کەسێک کە لێهاتوو نییه پێویستە فێر بکرێت و ڕاهێنانی پێ بکرێت تاکو کەسێکی بە توانا لە پیشەکەیدا لێ دەرچێت.
بە دڵنیایی ئافرەت بە وەرگرتنی قەرزی بچوک و بە هەڵسەنگاندنی پڵانەکە و بەراووردکردنی ئەگەری ئەنجامی باش دەتوانێت دەست بە ئەنجامدانی پڕۆژەکەی بکات و ئەگەری سەرکەوتنی زیاتر دەبێت.ئەوەش پێویستە کە ئافرەتی خاوەن پڕۆژەکە بە ڕێگەی هاوکاری لەلایەن پسپۆرێک لەم بوارەدا و بە ڕاوێژی بەردەوام لەگەڵ ئەودا ئەنجامی باشتری دەبێت.
بەڵام ئایا ئەو پشتیوانییە هەیە؟ ئەگەر هاتوو لە پڕۆژەکەیدا سەرکەوتنی نەهێنا،کەسێک هەیە کە لە شکەستەکەیدا دووبارە دەستی بگرێت و پشتیوانی بێت بۆ هەستانەوەی یاخود بەپێچەوانە قۆناغی توانجلێدان و دابەزاندنی هیوا و ئیڕادەکەی لەلایەن دورووبەری دەست پێ دەکات؟
هاوكات«یونس» بە مەبەست قەرزی بچووكی بۆ ئافرەتان بەرز راگرت، ئەویش لەبەر هۆكاری دادپەروەری چونكە ئافرەتان بە گشتی لە پیاوان هەژارترن، كۆت و بەندی زیاتریان لە سەرە، مافیان لە ئیش و كاری بازاڕ و وەرگرتنی مووچە سنووردارە، لە ماڵەوەش بەشێكی نایەكسانیان لە ڕووی بڕیاردانەوە پێ دراوە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا، لایەنی ئابووریانە هاندەری «یونس» بوو، چونكە ئافرەتان لە كاتی دروستی خۆیدا لە پیاوان زیاتر پابەندن بە دانەوەی قەرز.
Top