قوربانیه كی دیكه ی به شوودانی خوار هه ژده ساڵ ،پێنج ساڵه كوڕه كه یان لێ سه ندوومەتەوه و نه مدیوه

قوربانیه كی دیكه ی به شوودانی خوار هه ژده ساڵ ،پێنج ساڵه كوڕه كه یان لێ سه ندوومەتەوه و نه مدیوه
گوڵان: كۆمەڵایەتی


قوربانییەكانی هاوسەرگیری لە ژێر تەمەنی یاسایی (ژێر 18 ساڵ) ژمارەیان كەم نییە، زۆربەی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییانەش تەنانەت ئەگەر بە زۆرەملێش نەبن، یان بە خۆشەویستیش بە یەك گەیشتبن، نەهامەتی و تراژیدی زۆری لێكەوتووەتە. یەكێك لەو قوربانییانە دایكێكە كە بە خەم و پەژارەیەكی زۆرەوە خەمی دڵی خۆی بۆ گوڵان دەكاتەوە و باسی ئەوە دەكات كە دوای جیابوونەوەیان هاوسەرەكەی منداڵەكەی رفاندووە و ماوەی چوار ساڵە لە بینینی تاقانەكەی بێبەشی كردووە.

كراسێكی شینی تۆخ و تەنوورەیەكی درێژی رەشی لەبەردایە و سەرپۆشەكەی لە گەردەنی ئاڵاندووە. پەیتا پەیتا پەنجەكانی دەستی لە یەكتر هەڵدەپێكی و سەری دادەخات و هەنیسكە قەتیس ماوەكانی گلێنەی چاوی لە فرمێسك پڕدەكات و بەسەر گۆنایدا شۆڕ دەبێتەوە.
ئەوە دیمەنی ئافرەتێكی تەمەن 21 ساڵە كە وەك خۆی باسیدەكات لە تەمەنی 15 ساڵی بە شوو دراوە، بەڵام یەكساڵ دوای چوونە ناو قەفەسی زێڕین، كە ئەو بە (قەفەسی مەرگ) ناوی دەبات، سەرەڕای ئەوەی دەبێتە دایكی كوڕێكی چاوگەش، لە هاوسەرەكەی جیا دەبێتەوە.
وەك فەریدە باسیدەكات، دادگا منداڵەكەی تا تەمەنی حەوت ساڵان بە دایكی دەسپێرێت و باوكیشی مۆڵەتی پێدەدرێت كە هەفتانە چاوی بە كوڕەكەی بكەوێت، بەڵام منداڵەكەی لە تەمەنی 11 مانگان كە تازە گاگۆڵەی دەكرد و هێشتا سەرپێ نەكەوتبوو، لە لایەن باوكیەوە دەڕفێندرێت و بۆ ماوەی چوار ساڵە لە بینینی كوڕە تاقانەكەی بێبەش كراوە. ئەو دایكە لێقەوماوە بەمجۆرە بەسەرهاتە دڵتەزێنەكەی بۆ خوێنەرانی گوڵان دەخاتەڕوو.
«دوای ئەوەی باوكم كۆچی دوایی كرد و دایكم بە گەنجی بێوەژن كەوت. من و دوو برام و دایكم بە تەنیا ماینەوە، بەڵام خانووی خۆمان هەبوو، مووچەی خانەنشینی باوكیشم بەشی دەكردین و مامەكانیشم یارمەتییان دەداین. براكانم گەورە بوون و وازیان لە خوێندن هێنا و یەكیان بوو بە فیتەر و ماڵی خۆی جیا كردەوە و براكەی دیكەشم لە سەر سنوور سەرقاڵی مامەڵەكردن بوو. بەنزینی لە ئێرانەوە دەهێنا و دەیفرۆشت. من و دایكم بە تەنیا ماینەوە. من بە پێچەوانەی براكانم زۆر حەزم لە خوێندن بوو. تەمەنم 15 ساڵان بوو، لە پۆلی نۆی بنەڕەتی بووم. گەرچی من بە تەمەن منداڵ بووم، بەڵام زۆر بەهەیكەل بووم. زوو زوو خوازبێنیم دەهات. یەك دەڕۆیشت و یەك دەهات، بەڵام من كەوتبوومە ناو داوی خۆشەویستیی كوڕێكی جیرانمان. ئەویش باوكی نەمابوو، دایكیشی لای خێزانی ئێمە زۆر خۆشەویست بوو. خۆیشم كوڕەكەم زۆر خۆش دەویست. زۆر كوڕێكی جوان و ئارام و لەسەرخۆ دیار بوو. لەگەڵ دایكی هاتەخوازبێنیم و دایكیشم هەستی بەو خۆشەویستییەی ئێمە كردبوو، ئاگام لێبوو بە براكانمی وت: با حەیامان نەچێت و زوو بە مێردی بدەین. ئەوە بوو براكانمی رازی كرد و لە یەك هەفتەدا هەموو شتێك تەواو بوو. مارەبڕین و زەماوەند و گواستنەوە هەمووی پێكەوە بوو. رامیار تەمەنی 21 ساڵ بوو. شەش ساڵ لە من گەورەتر بوو. ئەو هەر لە منداڵییەوە سەرقاڵی كەسابەت بوو. مامەڵەی دۆلاری دەكرد و تەكسییەكیشی هەبوو. باری دارایی زۆر باش بوو، 50 مسقاڵ زێڕی بۆ كردم، جلوبەرگ و هەموو شتێكی بۆ كڕیم، تەنانەت جلی بووكێنی كڕی و بە ئیاجی نەهێنا. دەیگوت ئەوە بۆ بیرەوەری با هەر بمێنێت. ئەوە و قاعەیەكی گەورەی بۆ حەفلەكەمان گرت و ئاهەنگێكی گەورەی ساز كرد. خۆم بە بەختەوەرترین كچی دنیا دەزانی. بەڵام نەمزانی لە بری قەفەسی زێڕین دەچمە ناو قەفسی مەرگ، چونكە هەموو خۆشەویستییەكەی تەنیا یەك هەفتە بوو. لە هەفتەی یەكەمی هاوسەریمان دەستی لێ بەرز كردمەوە. ئەگەر زبڵی ماڵەوەم ببردایەتە بەر دەرگا، ئەوا دنیا خراپ دەبوو. هەموو شەوێك درەنگ دەهاتەوە و بیانووی جۆراوجۆری پێدەگرتم و لێیدەدام. تا وای لێهات رۆژ نەبوو دایكی لە ژێر دەستی دەرمنەهێنێ. دووگیان بووم، وتم لەوانەیە ببێ بە باوك باشتر بێت، هەر تەحەمولم كرد. بەڵام ئەو هەر خراپتر دەبوو. شەوێكی زستان میوانمان هات، خزمی خۆیشی بوون، دوای رۆیشتنی میوانەكان، لە بەر ئەوەی بە دەنگی بەرز لە ژووری ژنان پێكەنیبووم، بردمیە گەرماوەكە و ئاوی ساردی بەسەردا كردم و بە سۆندە نیوەگیانی كردم. هەموو لەشم رەش داگەڕابوو. دەرگەی لەسەر پشت داخستبوو. دایكیشی نەیتوانی فریام بكەوێت، هەر هاوارم بكردیایە، زیاتری لێدەدام، تا دایك و براكانی هاتن من بوورابوومەوە. ئەو بێویژدانە بەزەیی بە دووگیان بوونیشمدا نەهاتەوە. ئەوەندەی لێدابووم بەحاڵ هەناسەم مابوو، بەپەلە منیان بردە نەخۆشخانە، ویستیان لە دایك و براكانمی بشارنەوە، گوتیان لە سەربان بەر بۆتەوە، بەڵام دكتۆرەكان گوتیان هەموو لەشی ئاسەواری لێدانی لەسەرە و هیچ وەحشێك ئەوها لەكەس ناكات. ئەوە بوو پۆلیسی نەخۆشخانە هاتە ناو كێشەكە و ئیفادەیان لە خەسووم وەرگرت، منیش هەموو رووداوەكەم بۆ گێڕانەوە. ئیتر رامیار لەبەر چاوم بوو بە وەحش، بوو بە وەحشێكی دڕندە كە نەمدەتوانی تەنانەت بۆ یەكجاریش بیبینمەوە. كارمان كەوتە دادگا و دوای لەدایكبوونی كوڕەكەم، بە بڕیاری دادوەر منداڵەكەیان بە من دا و منیش وازم لە هەموو مافێكی خۆم هێنا. تەنانەت مارەییەكەشم پێ بەخشی. بەڵێنم بە خۆم دا شوو نەكەمەوە و هەموو ژیانم بۆ كوڕەكەم تەرخان بكەم. رامیار باری دەروونی تەواو نەبوو. هەروەها كەسێكی زۆر داوێن پیس بوو. زۆر نامەی خۆشەویستی تەنانەت هی ژنە عەرەبیش لە ناو مۆبایلەكەی بوو. تەكسییەكەشی تەنیا بۆ خۆشی خۆی كڕیبوو. دەنا ئەو مامەڵەی دۆلاری دەكرد و پارەی زۆریشی هەبوو، پێویستی بە تەكسی نەبوو. نەمزانی ئەو كوڕە ئارامەی ناو گەڕەك، چەند روخساری جوانە، ئەوەندەش ناخی پیس و دڕندەیە. خۆی خیانەتی دەكرد و متمانەی بە كەسیش نەبوو. جگە لە تەڵاق رێگەچارەی دیكەم نەبوو. دوای جیابوونەوەمان جار و بار دایكی رامیار دەهات منداڵەكەی بۆ باوكی دەبرد، چەند سەعاتێك لای دەبوو، دەیانگەڕاندەوە. رامیار بەردەوام هەڕەشەی لێسەندنەوەی منداڵەكەی دەكرد، داوای دەكرد پێكبێینەوە، بەڵام هەموو پردەكانی رووخاندبوو. كوڕەكەم گەوەرتر بوو، هەموو دڵخۆشیم تەنیا ئەو بوو. تەمەنی تەنیا 11 مانگ بوو، تازە گاگۆڵەی دەكرد، رۆژێك رامیار بە بیانووی دیتنی لەگەڵ خۆی بردی، شەویش نەیهێناوە. بۆ سبەینێ تەلەفۆنی كرد و باسی ئەوەی كرد كە تەكسییەكەی فرۆشتووە و ئەوەی هەیبووە لەگەڵ خۆی بردوویەتی، كە گوتی لە ئێرانم، ئەژنۆم شكا. ئەوە چوار ساڵە كاری من گریانە. ئەو بێ زەمیرە تەنیا یەكجار بە تەلەفۆن هێشتی دەنگی كوڕەكەم، ئێستا ژمارە تەلەفۆنیشی نازانم. دنیا لە بەر چاوم تاریك بووە و تەنیا پەنا بۆ خوای گەورە دەبەم و دوعا دەكەم كۆڕەكەم بپارێزێت وبە دیداری شادم بكاتەوە».
Top