پشتگوێخستنی پشكنینی پزیشكی پێش هاوسەرگیری قوربانی لێدەكەوێتەوە

پشتگوێخستنی پشكنینی پزیشكی پێش هاوسەرگیری قوربانی لێدەكەوێتەوە
ئافرەتێك لە شەوی یەكەمی گواستنەوەیدا، لەلایەن هاوسەرەكەیەوە بە بیانووی «نەمانی كچێنی»، سووكایەتی پێدەكرێ و دوای ئەشكەنجەیەكی زۆر پەلكێشی ماڵی باوكی دەكرێتەوە، بەڵام دواتر دەردەكەوێت، كە ئەو ئافرەتە تووشی هیچ هەڵە و لادانێكی ئەخلاقی نەبووە و وەك خوشكەكانی باسیدەكەن، تەنیا رەنگی كچێنییەكەی كاڵ بووە، هەر ئەوەش وادەكات ببێتە قوربانیی كەمتەرخەمی و نەزانیی هاوسەرەكەی و دواتر خۆی باری دەروونی بە تەواوی تێكدەچێت، هەر بە هۆی ئەو ناوزڕاندنەشەوە دوو خوشكی تەمەنی هاوسەرگیرییان تێدەپەڕێت. یەكێك لە خوشكەكانی ئەو بەسەرهاتە بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

بە چلەی هاوین و زستان، لە سەرما و گەرما، (ئەوەندەی نەنووستبێت)، لە بەردەم بەلوعەیەكی ئاو لە حەوشەی ماڵی باوكی دادەنیشێت، پەیتا پەیتا دەموچاوی دەشوا، كاتێكیش ماندوو دەبێت، دڵۆپ دڵۆپ ئاوەكە بەردەداتەوە و گوێ لە دەنگی چكانی ئاوەكە دەگرێ.
ئەوە دیمەنی رووناكی بێوەژنە كە تەنیا یەك شەو لە ماڵی هاوسەرەكەی بووە، رێزان خوشكی بچووكیەتی و تەمەنی لە 45 ساڵ تێپەڕیوە. ئەو پێش ئەوەی بەسەرهاتی خۆیان بگێڕێتەوە، نەفرەت و بێزاری خۆی بەرامبەر بە زاواكەی رابردوویان دەردەبڕێت و دەڵێت: «زاواكەمان غەدری گەورەی لە خوشكم كرد و حەیای خێزانەكەمانی برد، بۆیە خوا تۆڵەی لێكردەوە و بۆ چەندین ساڵ زەلیلی سەر جێگەی كرد و بە ئازارێكی زۆرەوە مرد».
وەك رێزان باسیكرد، باوكیان پیاوێكی نابینا بووە و لەگەڵ خێزانەكەشی «زۆر میهرەبان و دڵسۆز» بووە، ئەو لە بارەی باوكیەوە زیاتر دەڵێت: «باوكم پیاوێكی لە خواترس و موسڵمانێكی باش بوو، پیاوێكی نابینا بوو، بەڵام بەردەوام قوڕئانی دەخوێند و دەنگیشی زۆر خۆش بوو، هەموو تەمەنی لە مزگەوت و لە سەر قەبران و ناو گۆڕستان بردە سەر».
ئەوەی كارەساتی گەورەی بۆ ئەو خێزانە دروستكردووە، هاوسەرگیریی رووناك بووە، رێزان بەمجۆرە باسی ئەو بیرەوەرییە دڵتەزێنەی خۆیان دەكات: «ئێمە چوار خوشك بووین و برامان نەبوو، خوشكی گەورەمان رووناك تەمەنی 15 ساڵ نەبوو، بەردەوام خوازبێنی دەهات، خزمان زۆریان داوایان كرد و باوكم هەر دەیگوت: جارێ منداڵە، ئەخیری كوڕێكی بێگانە هاتە خوازبێنی و ئەو كات خوشكم تەمەنی 16 ساڵ دەبوو، باوكیشم پرسی بە خوشكم كرد و دوای ئەوەی زانی بە كوڕە رازییە، ئامادە بوو بە مێردی بدات، بەڵام شەوی گواستنەوەكەی، بە نیوەشەو زاواكەمان خوشكمی هێنایەوە بۆ ماڵەوە، دەم و لووتی خوشكم بە خوێن بوو، دیار بوو زۆری ئازار دابوو، خوشكیشم هەر دەگریا و دەپاڕاوە و دەیگوت: لە خوا بترسە، بۆختانم بۆ مەكە، من ئەگەر كێشەم هەبایە چۆن مێردم دەكرد؟ با سەردانی دكتۆر بكەین، خۆ هەموو شت روون دەبێتەوە، زاواكەشمان هەر دەیگوت: بە عانەیەك تۆم ناوێ، رووی لە باوكم كرد و گوتی: كچت هەردووكمانی شەرمەزار كردووە و تەنیا بۆ كوشتن باشە. باوكم زۆر توڕە بوو، بەڵام ئەو كەسێكی هێمن و لەسەر خۆ بوو، دەست و دەنگی دەلەرزی و تەنیا وتی: كوڕم ماڵی خراپ بۆ خاوەنەكەی باشە، بەڵام لە خوا بترسە و بیر لە كوشتن مەكەوە، بوختان باش نییە، من كیژی خۆم بە سەربەرزی گەورە كردووە، تەنانەت نەچووەتە مەكتەب، یەك بازاڕی بە بێ دایكی نەكردووە، لە ناو گەڕەك بە مانگ دراوسێش نەیانبینیوە، گەر هەر سووری لەوەی كچمان خراپە، ئەوە تۆ بە رێی خۆت و ئێمەش بە رێی خۆمان». دوای دەمەقاڵێی زۆر زاوای نازاوا چووە دەرەوە و خوشكیشمی هەر لە ماڵی خۆیان لە زێر و زیو داماڵیبوو، دواتر باوكم تەنانەت خەرجی زەماوەندەكەشیانی داوە، لەو رۆژەوە خوشكم بە تەواوی تێكچوو، هەتا ئێستاش ئەوە 56 ساڵی تەمەنە بە چلەی هاوین و زستان، لە بەردەم بەلۆعەی ئاوەكەیە لە حەوشە و هەر دەموچاوی دەشوا، كاتێكیش ماندوو دەبێت، ئاوەكە قەترە قەترە بەردەداتەوە و گوێ لە دەنگی دەگرێ، خەویشی زۆر كەمە، دەیان دكتۆریشمان بردووە، هیچ سوودی نەبووە».
رێزان لە درێژەی قسەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە جیابوونەوەی خوشكی لە هاوسەرەكەی، كاریگەری زۆری لەسەر باوكی داناوە و هەر لەو بارەیەوە گوتی: «باوكم بە تەواوی گۆشەگیر ببوو، ئەوەندەی خەم خوارد، هەتا شەوێك جەڵدەی دڵ لێی دا و فریای نەخۆشخانە نەكەوتین و كۆچی دوایی كرد». گوتیشی: «بە بێتاوان خۆم و دوو خوشكم و باوكیشم بووینە قوربانی دەستی زاوایەكی نەفام و هەموو ژیانمانی شێواند»، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە دوای كۆچی باوكی باری گوزەرانیان چۆن بووە و چ داهاتێكیان هەبووە، گوتی: «مووچەی خانەنشینی باوكم وەردەگرین و دایكیشم دووكانێكی گچكەی هەیە و من و خوشكێكیشم كاری دروومان دەكەین، بەوانە دەژین و موحتاجی خوا نەبێت، موحتاجی كەس نین». ئەوەشی خستەڕوو كە لە دوای ئەو رووداوەی رووناكی خوشكی، خزم و كەسیش لێیان نەپرسیون و پەراوێزیان خستوون، گوتیشی: «من و خوشكێكی دیكەم هەر كچی ماڵەوەین و تەنیا خوشكە بچووكەكەمان مێردی كردووە، ئەویش مێردی بە پیاوێكی پەككەوتە كردووە، بەڵام لە ژیانی خۆی رازییە و سێ منداڵیان هەیە، ئێمەش جاروبار یارمەتییان دەدەین و ئەوەی لە دەستمان بێت، درێغی ناكەین، پیاوەكەشی كاسبە و بەشی خۆیان پەیدا دەكات».
زۆر جار پزیشكان سەبارەت بە كچێنی كچان و جۆرەكانی رێنمایی وردیان داوە، تەنانەت جەختیشیان لەوە كردووەتەوە كە هەندێك لە كچان لە شەوی یەكەمی هاوسەرییان، لەوانەیە خوێنیان نەبێت.
ئالان لەشكری توێژەری كۆمەڵایەتییە و لە ئاخافتنێكیدا بۆ گوڵان باسی ئەوەی كرد كە «بە هۆی رەچاو نەكردنی رێنماییە پزیشكییەكان، چەندین ئافرەت هەبوون كە مێردیان كردووە و بە بێ هیچ سووچێك تووشی دهیان كێشە كراون، ئافرەت هەبووە دوای چەندین ساڵ هەر بە كچێتی ماوەتەوە، واتە هاوسەرەكەی كێشەی هەبووە و بەردەوام بۆی داپۆشیوە»، گوتیشی: «پزیشكان و توێژەرانی كۆمەڵایەتی لە كوردستان جەخت لەوە دەكەنەوە كە بە هۆی ئەو نەریتانەی لە كۆمەڵگەی كوردیدا چەسپاون، پێویستە كوڕان و كچان پێش هاوسەرگیری هەموو پشكنینێكی پزیشكی ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی هیچ كێشە و گرفتێكیان بۆ دروست نەبێت و بە دڵنیاییەوە ژیانی هاوبەشیان دەست پێبكەن».
Top