قوربانییەكی هاوسەرگیریی زۆرەملێ نهێنییەكانی بۆ گوڵان ئاشكرا دەكات

قوربانییەكی هاوسەرگیریی زۆرەملێ نهێنییەكانی بۆ گوڵان ئاشكرا دەكات
هاوسەرگیری بە زۆرەملێ لە روانگەی ئایینی و ئینسانییەوە وەك تاوانێك هەژمار دەكرێ و زۆرینەی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییانەش جگە لە شكست و قوربانیبوون و تێكچوونی شیرازەی خێزانی، ئاكامێكی باشی نەبووە. گەرچی ئەو دیاردەیە لە كوردستان تا رادەیەكی زۆر رووی لە كەمبوون كردووە، بەڵام هێشتا ئەو تاوانە قورسە بە تەواوی بنبڕ نەبووە و ژمارەی ئەو كچانەش كە دەبنە قوربانی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییانە كەم نین. نارین یەكێكە لەو قوربانییانە و نهێنییەكانی ژیانی خۆی بۆ گوڵان ئاشكرا دەكات.

وەرزی هاوین باروبنەی خۆی بەست و پاییز لە دەرگەی سرووشتی دا، هەر لە ئێوارەیەكی سەرەتای مانگی رەزبەر بە مۆبایل پەیوەندییان بە پەیامنێرێكی بەشی كۆمەڵایەتی گۆڤاری(گوڵان)ـەوە كرد، دەنگی دەلەرزی و دەڵەڕاوكێیەكی زۆری پێوە دیار بوو، داوای دیداری كرد و گوتی: «دەبێت یارمەتیم بدەن، كچێك لە مردن رزگار بكەین، چونكە باوكی دەیەوێ بۆ جاری سێهەم بیفرۆشێ، ئەویش سوێندی خواردووە خۆی دەرمانخوارد بكات و كۆتایی بە ژیانی بهێنێت». رێنماییمان كرد بە پەلە سەردانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، یان بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بكات، بەڵام ئەو سوور بوو لەوەی كە كاتی بەدەستەوە نییە و كچەكەی رازی كردووە كە لە ماڵی باوكی هەڵبێت و رادەستی دایكی بكات كە لە دەرەوەی وڵات دەژی. ناچار كافتریایەكی خێزانیمان بۆ شوێنی دیدار دەستنیشان كرد. لە قاتی خوارەوە و لە تەنیشت جامخانەكە كە بە سەر شەقامدا دیدی هەبوو، دانیشتین، دوای ماوەیەك لە تەكسییەك دوو ئافرەت دابەزین، یەكیان بەتەمەن و باڵا مام ناوەند و ئەوەی دیكەشیان باڵابەرز و رووخسار منداڵ كە بە هیچ شێوەیەك بۆ ئەوە نەدەبوو بكەوێتە ناو پرۆسەی هاوسەرگیری. دواتر لە گۆشەیەكی قاتی دووەمی كافتریاكە دانیشتین و ئافرەتە بەتەمەنەكە بە نیگەرانییەكی زۆرەوە گوتی: «توخوا ئەو كچە منداڵە بەو هەموو جوانییەوە بۆ ئەوە دەبێت دوو جار بە شوو درابێت؟ دایكی ئەم كچە هاوڕێی منداڵیمە، چەندین ساڵە لە مێردەكەی جیابووەتەوە و لە دەرەوەی وڵات دەژی، باوكیشی بەو پەڕی بێ ویژدانییەوە كچێكی تەمەن 15 ساڵی لە ماوەی هەشت مانگدا دوو جار بەزۆرەملێ بە مێرد داوە و هەر جارەو زیاتر لە دەفتەرێك دۆلاری وەك شیربایی وەرگرتووە. ئێستاش بەڵێنی بە پیاوێكی هاوتەمەنی خۆی داوە، لە بری وەرگرتنی دوو دەفتەر شیربایی لێی مارە بكات».
پاشان ئافرهتهكهی هاوڕێی دایكی ئهو كیژۆڵهیه داوای كرد خۆی باسی كێشە و گرفتەكانی بكات.
نارین پەنجەكانی دەستی دەلەرزی، كاتێك فرمێسك گلێنەكانی چاوی تەڕ كرد، بە دەنگێكی لەرزۆكەوە بەمجۆرە باسی بەسەرهاتی خۆی كرد: «من لە كۆڵان یاریم دەكرد، زڕدایكم منی پەلكێشی ماڵەوە كرد و بە زۆر ماكیاژی بۆ كردم و گوتی: ئەمشەو خوازبێنیت دێت و دەبێت شوو بكەی، شەو دوای چاوسووركردنەوەی باوكم و هەڕەشەیەكی زۆر ناچار كرام، چای بۆ میوانان ببەم، دایكی زاوا دەیان جار گوتی: ماشاڵا لە جوانی بووكەكەم، ئیتر ئەوە بوو، منیان بە چاوی گریانەوە بردە ماڵی زاوا، هەر لە مانگی یەكەمی هاوسەریمان مێردە دڵپیسەكەم بەر بووە گیانم و بە دار سەری شكاندم، زڕدایك و باوكیشم منیان بردەوە و چیدی نەیانهێشت ئاشت ببینەوە، بە زۆر بە مێردیان دام و بە زۆریش تەڵاقیان پێ وەرگرتم. ساڵی بەسەردا نەچوو، دوای هەشت مانگ دیسان باوكم بە زۆرەملێ منی لە پیاوێكی دی مارە كرد، لە بری ئەوەش یەك دەفتەر دۆلاری پارە وەرگرت، گوایە ئەوە شیربایی منە، دوای ئەوەش دیسان منیان بە تەڵاقدان دا، ئێستاش بۆ جارێكی دی باوكم بڕیاری داوە من لە پیاوێكی خێزانداری هاوتەمەنی خۆی مارە بكات، من گوناهم چییە، خۆ ئەگەر دایكم نەبووایە هەر زوو خۆم كوشتبوو. دڵم هەر لای دایكمە زوو زوو تەلەفۆنی بۆ دەكردم و دەیگوت رزگارت دەكەم و دەتهێنمە لای خۆم، ئێستاش لە توركیا چاوەڕێم دەكات و كەسێكی ناردووەتە زاخۆ، تا بە قاچاخ دەرم بكات، ئەگەر پەلە نەكەم و باوكم بزانێت لە ماڵەوە هەڵهاتووم، ئەوا دەمدۆزێتەوە و دەمكوژێت، ئەگەر نەشمكوژێت و دیسان بیەوێ بمفرۆشێتەوە، ئەوا یەك چركە ماتڵی ناكەم خۆم دەرمانخوارد دەكەم، یان كۆتایی بەو ژیانە دۆزەخییەم دەهێنم، یان بە دایكم شاد دەبمەوە و ناهێڵم باوكم بۆ جاری سێهەم بمفرۆشێ».
چیدی فرمێسك و هەنیسكی گریان نەیهێشت نارین قسەكانی تەواو بكات، هاوڕێكەی دایكیشی هەندێك زێڕی دەرهێنا بۆ ناسیاوەكەی خۆی كە دراوسێیانە و گوتی: فریا ناكەوم ئەوانە بكەم بە پارە، تا دەگەمە زاخۆ با لای ئێوە بێت، هەندێك پارەم بدەنێ تا ئەو ئەمانەتە بگەیەنمە دەست دایكی، دایكی پارەی بۆ ناردووین و لەوێ وەریدەگرین و بۆتان دەگەڕێنمەوە.
بڕیاردان لە چركەساتێكی وادا كە لەوانەیە بەرپرسیاریەتی قورسی یاسایی دروست بكات، كارێكی ساكار و سادە نییە، بەڵام راستگۆیی ئەوان و ئەوەی كە ئەو ئافرەتە فیداكارە ئامادە بوو بە ماڵ و گیانی خۆی كچی هاوڕێیەكەی رزگار بكات، وایكرد، پارەی سەفەریان وەرگرت و بۆ ئێوارەی رۆژی دواتریش بە بزەی شادی و پێكەنینەوە پارەكەی گەڕاندەوەو لە فەیسبووكی دایكی كچەكەش وێنەی ئامێزی دایكانە و نارینی نەوجەوانی نیشانداین كە توندتوند باوەشیان بە یەكدا كردبوو.
Top