بەساڵاچووان لە خەڵوەتگەی خانەی پیراندا گلەیی لە كەسوكاریان دەكەن

بەساڵاچووان لە خەڵوەتگەی خانەی پیراندا گلەیی لە كەسوكاریان دەكەن
خانەی بەساڵاچووان، خەڵوەتگەی پیران، یان دوامەنزڵگەی ژیان، بەو شوێنە دەگوترێ كە هاوڵاتیانی بەساڵاچوو لەوێ دواڕۆژەكانی تەمەنیان بەسەر دەبەن. ئەوان هەركامیان هەڵگری میلودرامایەكی پڕ لە هەوراز و نشێوی ژیانن كە قەدەر چارەنووسیانی لەو خانەیەدا گیرساندۆتەوە. زۆربەی ئەو ئافرەت و پیاوە بەساڵاچووانەش كاتێك فرمێسك لە چاوەكانیاندا قەتیس دەبێت، كە باسی بیرەوەرییەكانی خۆیان دەكەن، ئەوان تەنیا بەوە دڵخۆشن كە لەگەڵ «هاوبەندییەكان»ـی خۆیان دەژین و گوێ لە ئازارەكانی یەكتر دەگرن، بەردەوامیش لە خەڵوەتگەی خانەی پیراندا گلەیی لە كەسوكاری نزیكیان دەكەن، بەوەی كە بەرامبەریان بێوەفایی دەنوێنن و جگە لەوەی قەرەبووی ئەرك و ماندووبوونی ڕابردوویان نەكردووەتەوە، بەڵكو بە دەگمەن سەردانیشیان دەكەن.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

خانەی بەساڵاچووان لە 24/5/2011 دامەزراوە، ئێستا زیاتر لە (70) بەساڵاچوو ژیانی تیادا دەگوزەرێنن، لەدوو بەش پێكهاتووە، بەشی یەكەمیان خانەی بەساڵاچووانی ئاساییە كە بەشێكی زۆر لەو بەساڵاچووانە لەخۆ دەگرێت، لە ڕەگەزی نێرن و چوونەتە تەمەنەوە، بەڵام هیچ نەخۆشییەكی، یان كێشەیەكی جەستەییان نییە و بەساڵاچووی ئاسایین، كە 20 كەسن، بەشی دووەمی خانەی بەساڵاچووان ئەو بەساڵاچوانە لەخۆدەگرێت كە لە ڕووی جەستەییەوە پەكیان كەوتووە، یان نەخۆشی جۆراوجۆریان هەیە، نزیكەی 50 كەس دەبن، لەو رێژەیەش 20 كەسیان ئافرەتن، سەرجەم ئەو ئافرەتانەش كە لەو خانەیەن پەككەوتەن.
ئاریشەكانی بەساڵاچووان لە سەر زاری خۆیانەوە
سدیق عوسمان، پیاوێك بەتەمەنە و بێزاری و بێتاقەتی بە ڕوخساریەوە دیارە، وەك خۆی باسیكرد، لەگەڵ ماڵ و منداڵەكەیدا رابردوویەكی زۆر تاڵی هەبووە، بۆیە حەز ناكات ئازار و برینەكانی رابردووی بكوڵینێتەوە، بەڵام نهێنییەكی ژیانی خۆی بەمجۆرە دەخاتەڕوو «من ماوەیەكی زۆرە تەمەنی خۆم بەتەنیا دەبەمە سەر، چونكە 25 ساڵ لەمەوبەر كە ماڵمان لە یەكێك لە گوندەكانی نزیك هەولێر بوو، ژنەكەم لەگەڵ پیاوێكی دراوسێماندا ڕەدوو كەوت، پێكەوە بۆ شوێنێكی نادیار رۆیشتن، ئیتر منیش منداڵەكانم پێ بەخێو نەكرا، چونكە نەمدەتوانی منداڵ پەروەردە بكەم و دەوامیشم هەبوو، بەناچاری منداڵەكانم دایە خوشكەكەم بۆ ئەوەی بۆم بەخێو بكات، ئیتر من چووم ژنێكی ترم هێنایەوە، عاقیبەتیش وایلێهات ئەوە ماوەی چوار ساڵ زیاترە ژنەكەم و دوو منداڵی خۆم منیان دەركردووە، ئاخر كەی خودا ئەم زوڵمە قبووڵ دەكات؟ من لە دوو ژن خاوەنی شەش منداڵم، كەچی كەسیان لێم ناپرسنەوە، هەر لەكۆڵانان دەكەوتم، دواتر هاتمە ئێرە، لێرە منیان حەواندەوە، بەڕاستی زۆر مەمنوونیانم»، گوتیشی «من هەموو كوڕەكانی خۆم كردە پیاو،خوێندنم پێیان تەواوكرد، كەچی وەفاكەیان ئەوە بوو كە دەیبینن، منیان لێرە فڕێداوە».
كارمەندانی خانەی بەساڵاچووان لەمنداڵەكانی خۆمان باشترن
سامیە عومەر ئافرەتێكی خەمباری بەتەمەن بوو، كە لە سەر قەرەوێڵەیەك راكشابوو، هەر بەدەم گریانەوە تەماشای دەوروپشتی خۆی دەكرد، چەندی دەكرد، نەیدەتوانی لەشوێنی خۆشی دابنیشێت، ئەو بەدەم هەنیسكی گریانەوە باسی خەمی رۆژگار و نهێنییەكانی ژیانی دەكات «بەبیرم دێت لەگوند ژیانێكی زۆر خۆشمان دەبردەسەر، ئەوەندە نەبێت هەر هەنێك بە هۆی كاری ڕۆژانە ماندوو دەبووین، ئەو كات ماڵمان لەگوندێكی دەشتی هەولێر بوو، هەر خەریكی كشتوكاڵ بووین، بەڵام لەو كاتەوە من دەردەسەرییەكانم دەستی پێكرد، كە ماڵمان لەدەشت نەماو هاتینە ئۆردووگای كانی قڕژاڵە و ئیتر مێردم كرد، دوای ئەوەی مێردەكەم مرد، بەتەواوی سەرگەردان بووم، بە تەنیا دەژیام، ئەوەش بۆ من بە تەنیا زۆر ناخۆش بوو، گەرچی من خاوەنی هەشت كوڕم كە هیچیان ئامادەنەبوون یەك دەقیقە جێگەم بكەنەوە، بۆیە هاتمە ماڵی كچەكەم، كچە تاقانەكەم كە ماڵی لە گەڕەكی كوردستانە جێگەی كردمەوە، بەڵام بەداخەوە زاواكەمان هەموو رۆژێك شەڕ و گەڕی دنیای بەمن و كچەكەم دەكرد، دەیگوت كچەكەت تەڵاق دەدەم، منیش لەبەر خاتری كچەكەم خۆمم سەرگەردان كرد، ئەوە بوو لەكۆتایی عومردا كەوتمە ئێرە، شوكر بۆ خودای گەورە و میهرەبان لە سەر جادە نەكەوتم، كارمەندانی ئێرەش بەخوای لەمنداڵەكانی خۆمان باشترن».
هەرمنداڵێكم بیانوویەكی بۆ دەركردنم دەدۆزیەوە
پیاوێكی سەرو ریش سپی لە ژوورێكی نێو خانەی بەساڵاچووان بەدەم خەم و خەفەتی رۆژگارەوە دەیڕوانییە تەلەفیزیۆنەكەو هاوكات یەكێك لە كارمەندەكانی بانگ كرد بۆ ئەوەی ئاوی بۆ بهێنێت، جاروبار خۆیشی لێیان تووڕە دەكرد، وەك خۆی باسیكرد لە ڕابردوودا پیشەی جووتیار بووەو زۆر لەكاركردندا بەتوانابووە، بەڵام قەدەر وەهای بەسەر هێناوە، ئەویش بەمجۆرە دڵی خۆی بۆ گوڵان كردەوەو گوتی «دوای پیربوونم منداڵەكانم منیان بەخێو نەدەكرد، هەرەیەكەیان بە بیانوویەك منی لە ماڵی خۆی دەردەكرد، باوكی 10 منداڵم، كەچی لە سەر شەقام دەخەوتم، شەوێكیان لەسەر شەقامی شەست مەتری خەوم لێكەوتبوو، پۆلیس منیان هێنا بۆ ئێرە، ئیتر دڵی چیو بە ئەولاد خۆش بێت، خۆ هەر لێم ناپرسنەوە».
پێویستە یەكە تەندروستییەكان گرنگی بەباری دەروونی بەساڵاچووان بدەن
لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچووانی هەولێر (توێژەری كۆمەڵایەتی كامەران تۆفیق)، هێمای بۆ ئەوە كرد، كە ئەو خانەیە لە دوو بەش پێكهاتووە، خانەی بەساڵاچووانی ئاسایی و خانەی پەككەوتەكان)، سەبارەت بەوەش كە بۆچی بەشەكان جیاكراوەنەتەوە؟ گوتی «خانەی بەساڵاچووانی ئاسایی، ئەو بەساڵاچووانە دەگرێتەخۆی كە كێشەی جەستەییان نییەو كەسانی ئاسایین، بەڵام چوونەتە تەمەنەوە، بەڵام خانەی پەككەوتەكان ئەو بەساڵاچووانە دەگرێتەخۆی كە لەڕووی جەستەییەوە پەكیان كەوتووە، واتا ئەو بەساڵاچووانە پێویستییان بە چاودێری بەردەوام هەیە، پەككەوتەمان هەیە، ناتوانێت خاوێنی خۆی ڕابگرێت، پەككەوتەمان هەیە هەموو جەستەی لەكار وەستاوە، تەنیا سەری كار دەكات و ناكرێت ئێمە پەككەوتەیەك كە بەم شێوەیە دەژی لەگەڵ بەساڵاچوویەك كە هیچ كێشەیەكی جەستەیی نییە پێكەوە دایانبنێین، لەبەر ئەوە ئێمە دوو بەشی جیاوازمان داناوە».
كامەران ئەوەش دەخاتەڕوو كە توانیویانە ژمارەیەك لە بەساڵاچووان لە ماوەی ئەم سێ ساڵەی كۆتاییدا بنێرنەوە بۆ ناو كەسوكاریان كە نزیكەی 50 بەساڵاچوو بوون، كێشەكانیان چارەسەربووە.
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی «بەشێكی زۆر لە بەساڵاچووان ڕووبەڕووی قەیرانی دەروونی بوونەتەوە و پێویستیان بەپزیشكی دەروونییە بۆ چارەسەركردن، بۆیە داوا لە بەشی نەخۆشییە دەروونییەكان دەكەین بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە هاوكاریمان بكەن، چونكە مرۆڤی بەساڵاچوو دڵیان زۆر ناسك دەبێت و زوو تووشی قەیرانی دەروونی دەبن، بۆیە داواكارم یەكە تەندروستییەكان زیاتر گرنگی بەباری دەروونی بەساڵاچووان بدەن .
Top