بە نەریتی جیاواز پێشوازیی لەسەری ساڵی زایینی دەكرێت

بە نەریتی جیاواز پێشوازیی لەسەری ساڵی زایینی دەكرێت
لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا وەك نەریتێكی ساڵانە بە شێوەی جۆراوجۆر پێشوازی لە سەری ساڵی زایینی دەكرێت، لەهەرێمی كوردستانیش چەند ساڵێكە جگە لە هاووڵاتیانی مەسیحی، پێكهاتە ئایینییەكانی دیكەش بەگشت چین وتوێژە جیاوازەكانەوە بە شێوازی جۆراوجۆر بەشداری لەم یادەدا دەكەن، زۆر كەس بەشێوەی ئاهەنگی خێزانی لەماڵی خۆیان ئەم یادە دەكەنەوە، هەندێك ڕوو لە لە یانەو شوێنە گشتیەكان دەكەن و ژمارەیەك لە خێزانەكان و بەتایبەتی گەنجان روو لە وڵاتانی دەرەوە دەكەن، كۆمەڵناسێك رایوایە گۆڕانكاریی كۆمەڵایەتی كاریگەرییان لەسەر ئەم یادكرنەوەیە هەیە، ئابووریناسێكش باشتربوونی باری ئابووری هاووڵاتیان بە هۆكاری سەرەكی دەزانێت.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

لەوانەیە نەوەكانی سەدەی رابردوو تاوەكو سەرەتای هەزارەی سێهەمیش ئاهەنگگێران و پێشوازی لە سەری ساڵی زایینی بەلایانەوە دیاردەیەكی نامۆ بووبێت، تەنانەت زۆر كەسیش تا هەنوكە بەگوناهی دەزانن بەو بۆنەوە پیرۆزبایی لە یەكتری بكەن، بەڵام بەگشتی لە ئێستادا بەهۆی ئەو گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەی كە هاتۆتەئاراوە، جگە لە گەڕەك و شارۆچكە مەسیحی نشینەكان، لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان ئاهەنگگێران و پێشوازی لە سەری ساڵی زایینی بۆتە مۆدیل و زۆربەی هاووڵاتیان بایەخێكی تایبەتی پێدەدەن.
ئەژی عەلی یەكێكە لەو گەنجانەی وەك خۆی باسیكرد ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە خۆی بۆ جەژنی سەری ساڵ ئامادەكردووە، ئەو بە خۆشحاڵییەوە دەڵێت «بێگومان جەژنی سەری ساڵ زۆر خۆشە بەلامەوە، چونكە ساڵ نوێ دەبێتەوە، واتە تێپەڕبوونی هەر ساڵێك نیشانەی ئەوەیە ئەزموونمان بۆ ژیان یاتر بووە و دەبێت زیاتریش خۆمان ئامادە بكەین بۆ ئەوەی بەسەر كێشەكانی ژیاندا زاڵ بین، بۆیە هەمووان مافی خۆمانە لەم رۆژەدا ئاهەنگ بگێڕین».
ئەژی ڕایوایە «لە ئێستادا خەڵك زیاتر رۆشنبیر بوون و زۆر گرنگی بە گۆڕانكارییەكان و نوێبوونەوە دەدەن، گوتیشی «جاران كەس یادی سەری ساڵی نەدەكردەوە، بە گوناهیان دەزانی ودەیانگوت جەژنی موسڵمانان نییە، بەڵام لە ئێستا بیركردنەوەی خەڵك گۆڕاوە و هەموو دەرفەتێك بۆ خۆنوێكردنەوە بە لایانەوە گرینگە».
كرمانج مستەفا تەمەنی 26 ساڵەو یەكێكە لەو هەزاران گەنجەی كە بۆ پێشوازی لە سەری ساڵی نوێ خۆی ئامادە كردووە، ئەو جەژنی سەری ساڵ بە ڕۆژێكی گرنگ دەزانێت و دەڵێت «ئەركە لەسەر هەمووان كە ڕێزی ئەو رۆژە بگرن، چونكە جگە لە دڵخۆشكردنی خەڵك، هیچ زیانێكی بۆ كۆمەڵگە نییە، كرمانج باسی ئەوە دەكات كە وەك گەنجێك شەوی سەری ساڵ تا درەنگانی شەو لەگەڵ چەند هاوڕێی خۆی لە دەرەوەی ماڵ دەبن، گوتیشی «لەگەڵ تەقاندنی تۆپی سەری ساڵ ئاسمان رووناك دەبێتەوە بە یاری ئاگرین كە سەیركردنی چێژێكی تایبەت بە خۆی هەیە».
بەشێك لەگەنجانیش بۆ بەسەربردنی كاتەكانیان لەشەوی سەری ساڵدا ڕوو لە وڵاتانی دەرەوە دەكەن، بەتایبەتی توركیا و لوبنان و ئیمارات، بە گوتەی خاوەنی یەكێك لە هێڵە ئاسمانییەكان ئێستا گەشتی گەنجان بە بۆنەی سەری ساڵی زایینییەوە بەرەو توركیا زۆر زیادی كردووە.
ئومێد سەلام خاوەنی هێڵی ئاسمانی فۆرنیس دەڵێت «پێشتر خەڵك و بەتایبەتی گەنجان لە سەری ساڵ دەچوونە سووریا، بەڵام بەهۆی پشێوی لەو وڵاتە، ئێستا زۆربەی هاووڵاتیان بۆ كات بەسەربردن روو لە وڵاتی توركیا دەكەن».
بەشێك لە گەنجانیش گلەیی لە حكومەتی هەرێم دەكەن، بەوەی كە پشووی سەری ساڵ زۆر كەمە و بەشی ئەوە ناكات گەشتێك بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجام بدەن، ئەوەتا كامەران ڕەشیدی تەمەن29 ساڵان دەڵێت «پێویست بوو بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵ لانیكەم هەفتەیەك پشووی فەرمی هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین گەشتێكی چەند رۆژە بۆ دەرەوەی وڵات بكەین و لە ماندوویەتی ساڵێكمان بحەسێینەوە».
هێمن عوسمان مامۆستای قۆناغی بنەڕەتییەو جەخت لەوە دەكاتەوە كە تا چەند ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی كوردستان هاووڵاتیان جگە لە نەورۆز یادی سەری ساڵی زایینییان بەو گەرموگوڕییە نەدەكردەوە، گوتیشی «پێشتر بەشێكی زۆر لەمامۆستایانی ئایینی ئەهەنگی سەری ساڵی زایینییان حەرام كردبوو، هەروەها هەتا ساڵی 2005 خەڵك تەنیا لەسەری ساڵ بەدیار كەناڵەكانەوە دادەنیشتن و جگە لەوەی سەیری ئاهەنگەكانی وڵاتانی دیكە بكەن، بایەخێكی ئەوتۆیان بە سەری ساڵی زایینی نەدەدا، بەڵام ئەمڕۆ دنیا گۆڕاوە، خەڵكی دەچن ئاهەنگ دەگێڕن و سەردانی دەرەوەی وڵات دەكەن».
بە بڕوای هێمن «ئێستا بە تەواوتی گۆڕانی ئابووری و كۆمەڵایەتی ڕوویداوە و خەڵك زیاتر حەزیان لە خۆشگوزەرانییە»، گوتیشی «من بەبیرم دێت ساڵانی رابردوو تەنیا چێژمان لەوە وەردەگرت كە سەری ساڵ پشوو بوو، نەدەچووین بۆ قوتابخانە، بەڵام ئێستا وەك جاران نییە و خەڵك ئامادەكاری بۆ پێشوازی لە ساڵی نوێ دەكەن» .
ئالان عەلی توێژەری كۆمەڵایەتییە و ڕایوایە «دابونەریتی كۆمەڵایەتی و بیركردنەوەی خەڵك سەبارەت بە جەژنی سەری ساڵی زایینی گۆڕاوە»، یەكێك لە هۆكارەكانیشی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە كە «لە دوای باشتر بوونی باری ئەمنی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان سەردانی خەڵك بۆ دەرەوەی وڵات و بەپێچەوانەوە هاتنی گەشتیاران بۆ كوردستان و بوونی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتی لە دەرەوەی وڵات وایكردووە، كەلتووری كۆمەڵگە جیاوازەكان تا ڕادەیەك تیكەڵ بە كەلتووری كۆمەڵگەی كوردی ببێت». گوتیشی «بێگومان یادكردنەوەی سەری ساڵی زایینی دەچێتە قاڵبی ئەوەی كە ئێستا گۆڕانێكی بنەڕەتی كۆمەڵایەتی روویداوە»، نموونەشی بەوە هێناوە كە «تا پێش رزگاری باشووری كوردستان لە دەست رژێمی بەعسی فەوتاو هاووڵاتییانی كورد تەنیا بایەخیان بە نەورۆز و سەری ساڵی كوردی دەدا، گوتیشی «لە ساڵانی هەشتاكان تا سەرەتای ساڵانی 2000یش لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە بەشداریكردن لە ئاهەنگەكانی سەری ساڵی زایینی شتێكی نامۆ بوو، بەڵام ئێستا بەپێچەوانەوە بۆتە شتێكی زۆر ئاسایی و هەموو خەڵك لەم ڕۆژەدا بەشداری ئاهەنگەكان دەكەن و حكومەتیش گرنگییەكی زۆری پێدەدات».
بەبڕوای ئەو توێژەرە «پێشوازیكردن لەسەری ساڵی نوێی زایینی لەناو كۆمەڵگەی كوردەواری دیاردەیەكی نوێیەو پێشتر خەڵك بایەخیان پێنەداوە، تەنانەت بەشێكی زۆر لە مامۆستایانی ئایینی بەشداریكردن لە ئاهەنگی سەری ساڵی زایینییان حەرام كردبوو، ئەوەش كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر خەڵك هەبوو»، گوتیشی «ئەمڕۆ جێگەی دڵخۆشییە كە هەرێمی كوردستان بۆتە هەرێمی پێكەوەژیانی ئایینەكان و موسڵمانان لە جەژنی مەسیحییەكان بەشداری دەكەن و مەسیحییەكانیش لە نەورۆز و جەژنە ئایینییەكانی موسڵمانان بەشداری دەكەن، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە كوردستان لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە كراوەتەوەو دەرمارگیری زەمەنی بەسەرچووە» .
Top