ئافرەتی خاوەن ئابووری بەسەر ڕێگرییەكانی كەلتوور و كۆمەڵگەدا زاڵ دەبێت

ئافرەتی خاوەن ئابووری بەسەر ڕێگرییەكانی كەلتوور و كۆمەڵگەدا زاڵ دەبێت
داهات و ئابووریی تاك لە پێداویستییەكانی بەردەوامبوونی مرۆڤە، ئەگەر لە ڕابردوودا دابینكردنی سەرچاوەی ئابووریی خێزان زیاتر لە ئەستۆی ڕەگەزی نێرینەدا بووە، لە ئێستادا تەنانەت لە كۆمەڵگە دواكەوتووەكانیشدا ئافرەتان بە رێژەی جیاواز خاوەن داهاتن و باری ئابووریی خێزان گەشە پێدەدەن، كەم كەسیش هەیە ئەو دەقەی فەیلەسووفی بەناوبانگ (كارڵ ماركس)ی نەبیستبێت، كە دەلێت: «ئەوەی ئابووری سەربەخۆی نەبێت، بیركردنەوەی سەربەخۆشی نابێت»، واتە كەسی خاوەن داهات دەتوانێت زیاتر خاوەن ئیرادەی خۆی بێت، لە هەرێمی كوردستانیش سەرەڕای بەربەست و كەموكورتییەكان بەرزبوونەوەیەكی بەرچاو لە رێژەی بەشداری ئافرەتان لە دابینكردنی بژیوی خێزان بەدی دەكرێت، بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتە ڕاو سەرنجی خۆیان لەو بوارەدا بۆ گوڵان دەخەنەڕوو.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

هەبوونی داهات و ئابووریی سەربەخۆی ئافرەت ئارامی و جێگیری دەروونیشی پێدەبەخشێت
خانمانی خاوەن داهات و ئابووری سەربەخۆ تا چەند پرۆسەی ژیانی هاوبەش سەركەوتوو دەكەن؟ ئەوە پرسیارێكەو زۆر جار لە ئاستی وڵاتانی جیهاندا ئاراستەی كەسایەتییە چالاك و ئەكتیڤەكان كراوە. لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا د.چنار سەعد عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت «یەكێك لە هۆكارەكانی بەردەوامبوونی زوڵم لەسەر ئافرەتان نەبوونی سەربەخۆیی ئابووری ئەو ڕەگەزەیە كە زۆرجار بۆتە هۆی ئەوەی سەربەخۆیی لەدەست بدات و بەردەوام چاوی لەدەستی پیاوەكەی، یاخود پیاوانی ناو خێزانەكەی بێت، بۆ ئەوەی سادەترین پێداویستی ڕۆژانەی بۆ دابین بكات، تەنانەت ئەگەر لە ژێر زوڵم و چەوسانەوەی پیاویشدا بێت، بۆیە بەناچاری دەبێ دان بەخۆیدا بگرێت و قبووڵی هەموو دۆخەكان بكات».
د.چنار سەعد لە ئاخافتنەكەیدا بۆ گۆڤاری گوڵان، جەخت لەوە دەكاتەوە كە «ئەگەر ئافرەت بتوانێت لەڕووی ئابوورییەوە پێگەیەكی سەربەخۆی هەبێت و بنەمایەكی لەژیانی رۆژانەیدا هەبێت، ئەوكات دەتوانێت پێگەیەكی كۆمەڵایەتی هەبێت، گوتیشی «بێگومان كاركردنی ئافرەتان و هەبوونی داهات و ئابووری سەربەخۆ تاڕادەیەكی زۆر هۆكارە بۆ كەمكردنەوەی چەوسانەوە لەسەر ئەو ئافرەتەو بەرزكردنەوەی پێگەی كۆمەڵایەتی و ئابووری و تەنانەت لەڕووی دەروونیشەوە ئارامی و جێگیری بە ئافرەت دەبەخشێت».
پێویستە حكومەت پلانی ستراتیژی و درێژخایەنی بۆ سەربەخۆیی ئابووری خانمان هەبێت
د.چنار پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە «كاركردنی ئافرەت لەگشت كایە ئابوورییە جۆربەجۆرەكاندا كاریگەریی بەهێزی لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی ئابووری و داهاتی كۆمەڵگە دەبێت. بە پێویستیشی زانی «حكومەتی هەرێم لەپێناو بەرزكردنەوەی پێگەی ئافرەت و سەربەخۆیی ئەو ڕەگەزە كە هۆكاری پێشكەوتنی كۆمەڵگە و چارەسەركردنی بەشێكی سەرەكی لە گرفتەكانی بەردەم مەدەنی بوونیەتی، بەرنامەی بۆ پێشخستنی لایەنی ئابووریی ئافرەتان هەببێت، گوتیشی «پێویستە حكومەتی هەرێم زۆرترین دەرفەت و ئاسانكاری بڕەخسێنێت بۆ كاركردنی ئافرەتان لە كەرتەكانی حكوومی و تایبەتدا». پێشنیاری ئەوەشی كرد كە خزمەتگوزارییەكانی داینگە و باخچەی ساوایان زیاتر بكرێت و گوتیشی «پێویستە حكومەت پلانی ستراتیژی و درێژخایەنی بۆ سەربەخۆیی ئابووریی خانمان هەبێت».
ئابووریی سەربەخۆ باشترین ئامرازە بۆ توانا خودییەكانی مرۆڤ بەگشتی و ئافرەت بەتایبەتی
توێژەری كۆمەڵایەتی هێژا بابەكر، ڕایوایە «لەوەتی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەیە، مرۆڤەكان ڕووبەڕووی توندوتیژی جۆراوجۆر دەبنەوە، بەشی هەرە زۆری ئەو توندوتیژییانەش بەهۆی نەبوونی لایەنێكی باشی ئابووری سەربەخۆیە»، گوتیشی «ئەگەر تاك لەڕووی ئابوورییەوە سەركەوتوو بێت، لەڕووی دەروونی و كۆمەڵایەتیشەوە كێشەی كەمترە».
ئەو كۆمەڵناسە پێیوایە «گرفتی ئابووریی هەموو كاتێك بەرۆكی مرۆڤایەتی گرتووە، بەتایبەتی ڕەگەزی مێ بەهۆی كەلتووری پیاوسالارییەوە هەمیشە بۆتە قوربانی و توندوتیژی بەرامبەر كراوە». گوتیشی «جیاوازییەكی زۆر لەنێوان ئافرەتی خاوەنی داهات و ئافرەتی بێداهاتدا هەیە، ئەگەر ئافرەتێك خاوەنی داهاتێكی دیاریكراو بێت، لەڕووی زۆر شتەوە جیاوازە لە ئافرەتێك كەهیچ داهاتێكی نەبێت، چونكە بوونی داهاتی سەربەخۆ جۆرە كەسایەتییەكی سەربەخۆ بە مرۆڤ دەبەخشێت و دەبێتە هاوكاری ڕزگاربوون لە زۆربەی كێشەكان، هەنگاوێكی گرنگیش دەبێت بۆ ئەوەی ئەو كەسە بتوانێت ژیانێكی سەربەستی هەبێت، واتە هەم لەڕووی دابینكردنی پێداویستییەكانی خۆی و هەم لەڕووی یارمەتیدانی خێزانەكەی ڕۆڵی كاریگەری دەبێت، ئەوەش توندوتیژیی راستەوخۆ لەسەر ئافرەتان كەم دەكاتەوە».
ئەو توێژەرە بە پێویستی دەزانێت «ئافرەت هەوڵبدات تواناكانی خۆی برەو پێبدات و كار بۆ ئەوە بكات كە داهاتێكی سەربەخۆ بۆ خۆی دروست بكات، گوتیشی «بێگومان لایەنی ئابووری كاریگەری زۆر گرنگی لەسەر ژیانی تاك لە هەموو كۆمەڵگەیەكدا هەیە، چونكە زۆربەی تاكەكان ژیانیان بە شێوازیێكی ماددی دیاریكراوەو پەیوەستە بە كۆمەلێك پرەنسیپی دیاریكراوی نێو كۆمەڵگەوە، ئەمە بێجگە لەوەی كە ئابووریی سەربەخۆ باشترین ئامرازە بۆ توانا خودییەكانی مرۆڤ بەشێوەیەكی گشتی و ئافرەت بەشێوەیەكی تایبەتی» .
ئافرەت بەهێزترین هێزە لە بەرهەمهێنانی كۆمەڵگەدا
نەژئەت كەریم پسپۆڕی كارگێڕییەو سەرەتا دەڵێت « ئافرەت بەهێزترین هێزە لە بەرهەمهێنانی كۆمەڵگەدا، بەڵام بەداخەوە لە هەموو سەرچاوەكانی بەدەستهێنانی ئابووری دابڕێنراوە، چونكە كەلتوور و كۆمەڵگە ڕێگری لێدەكەن».
ئەو پسپۆڕە كارگێرییە ڕایوایە «بەهێزكردنی پێگەی ئابووری ئافرەتان بە دامەزراندنیان لەكەرتی گشتی و وەرگرتنی مووچە بەدەست نایەت، چونكە لەو كاتەدا ئەو ئافرەتە تەنیا چاوی لەوەرگرتنی مووچەكەی دەبێت و هەوڵی فێربوونی هیچ كارێكی تر نادات، گوتیشی «بەداخەوە بەشێكی زۆر لە ئافرەتان تەنیا چاویان لە دامەزراندنەو ئەوەش وایكردووە كە هیچ بیر لەوە نەكەنەوە كە خۆیان لەڕووی كاركردنەوە بەهێزبكەن». جەختی لەوەش كردەوە كە «حكومەت بەدامەزراندن و بڕینەوەی مووچە توانای ئافرەتان دەڕووخێنێت»، نموونەشی بەوە هێناوە كە «بەهۆی 150 هەزار دینارەكەی چاودێرێ خێزان بەشێكی زۆر لەئافرەتانی گوندنشین وازیان لەكاركردنی ناو كارگەو كشتوكاڵ هێناوە، گوتیشی «حكومەت بە دامەزراندنی ئافرەت لە فەرمانگەكان وادەكات كە ئافرەتان تەنیا بیر لەوە بكەنەوە ببنە مووچەخۆر و هیچ هەوڵی بەهێزكردنی خۆیان نەدەن».
ئەو ئافرەتانەی خاوەنی سەرمایەو داهاتن ڕووبەڕووی توندوتیژی نابنەوە
ئابووریناس كەمال نامق سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت «لە زۆربەی كۆمەڵگەكان ئافرەتان پێشەنگن لەبەهێزكردنی ئابووری، لە كۆمەڵگەی ئێمەش ئافرەتان ڕۆلێكی بەرچاویان لەئاستی بەرهەمهێنمان هەبووە، گوتیشی «ئەو ئافرەتانەی كە خاوەنی سەرمایەو داهاتن، بەهیچ شێوەیەك ڕووبەڕووی تووندوتیژی نابنەوە بەلام بەپێچەوانەوەو ئەو ئافرەتەی هیچ داهاتێكی نییە، هەمیشە چاو لە دەستی برا و باوك و مێردیەتی و بە ئاسانی ڕووبەڕووی هەموو توندوتیژییەك دەبێتەوە».
ئەو ئابووریناسە جەختی لەوە كردەوە كە «ئافرەت هەتا چاوی لەوەبێت حكومەت مووچەی بداتێ، ناتوانێت كەسایەتییەكی كامڵ بۆ خۆی دروست بكات»، گوتیشی «سەرەڕای گرفتە كۆمەڵایەتییەكان ئەمڕۆ سەدان ئافرەتی كورد پڕۆژەی وەبەرهێنانیان هەیە و چەندین ئافرەت ئەندامی ژووری بازرگانین، ئەمە بێجگە لەوەی ڕێژەیەكی بەرچاو لەئافرەتان لە بواری سەربەخۆ و كەرتی تایبەت كاردەكەن، وەك ئەوانەی خاوەنی دایەنگە و ئارایشتگە و كارگەی دروومانن. بۆیە پێویستە ئافرەتان خۆیان هەوڵبدەن داهاتی سەربەخۆیان هەبێت».
Top