مافی ئافرەت یان مافی مرۆڤ..؟

مافی ئافرەت یان مافی مرۆڤ..؟
لەگەڵ ئەوەی لە سەرانسەری وڵاتانی جیهاندا بانگەشەی مافەكانی مرۆڤ دەكرێ، بەڵام تا هەنووكە ئافرەتان بەردەوام ڕووبەڕووی گرفتی كۆمەڵایەتی و دەروونی دەبنەوە، بەتایبەتی لە وڵاتە دواكەوتووەكاندا زۆرترین قوربانیانی توندوتیژی ئافرەتن، لە هەرێمی كوردستانیش وێڕای گۆڕانكارییەكان و بانگەوازی مافی مرۆڤ و پڕۆگرێسی پێگەی ئافرەت و بوونی ژمارەیەكی زۆری خانمان لە پۆستە باڵاكان و سەدان رێكخراو و سەنتەری چالاكی ئافرەتان، كەچی هێشتا ژمارەی تاوانەكان بەرامبەر بە خانمان لە ئاستێكی بەرزدایە. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە كە خانمان لە كۆمەڵگەی كوردی چ پێگەیەكیان هەیە؟ بۆچی مافی ئافرەتان لە بانگەشە و چەسپاندنی مافی مرۆڤدا جێگیر نەبووە؟ بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گوڵان وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە.

پرسی ئافرەتان لە كۆمەڵگەی كوردی گۆڕانكاریی بەخۆیەوە بینیوە
د. چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە تەوەری ئەم راپۆرتەی گوڵان بەمجۆرە ڕای خۆی دەخاتەڕوو «بە بۆچوونی من بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشووتردا گومانی تێدا نییە كە پرسی مافی مرۆڤ بەگشتی و ئافرەتان بەتایبەتی لە كۆمەڵگەی كوردیدا گۆڕانكاری بە خۆیەوە بینیوە، بەو مانایەی كە دۆخەكە لە جاران لەبارتر و كراوەترە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم بابەتەو دۆخەكەش بۆ مامەڵەكردنی ئەرێنی لەگەڵ ئافرەتان گونجاوترە».
چاككردنی ڕەوشی ئافرەتان كاری هەمەلایەنی پێویستە
د. چنار لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە وێڕای ئەو پێشكەوتنەی كە ئەمڕۆ وڵاتانی پێشكەوتووی ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمریكا پێی گەیشتوون، هێشتا پرسی مافی ئافرەت و مافی مرۆڤ بەگشتی بابەتێكی گرنگی ژیانی ڕۆژانەی ئەو وڵاتانەیە و بەدەیان ڕێكخراو و دامەزراوەی مەدەنی كار بۆ ئەو لایەنانە دەكەن. لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا پرسی مافی ئافرەت بەسەرچووە و تەنیا دەبێت مافەكانی بخرێتە ناو خانەی مافی مرۆڤەوە؟ گوتی «لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا كە زۆربەی مافەكانی ئافرەت دەستەبەر بووە، سەدان ڕێكخراو و دامەزراوەی مەدەنی كار بۆ مافەكانی ئافرەت دەكەن، كەواتە چۆن دەكرێت لە كوردستاندا كە تا بەئەمڕۆ ئافرەتان لەژێر فشاری خانەوادەكانیان رۆژانە خۆیان دەسوتێنن، یاخود بەناوی پارێزگاری كردن لە شەرەف، ژنكوژی لەڕووی نەریتی كۆمەڵایەتی ڕەوایەتی پێ دەدرێت، پێمان وابێت كاتی قسەكردن لەسەر پرسی ئافرەت لە كوردستاندا بەسەر چووە و كۆتایی پێهاتووە و ئێستا نۆرەی قسەكردنە لەسەر مافەكانی مرۆڤ؟ من پێموایە بابەتی مافی مرۆڤ و پرسی مافی ژنان دوو پرسی بەیەكەوە گرێدراون و لەیەكتر جیا نابنەوە هەنگاونان بۆ پێكەوەگرێدانی چەمكەكانی مافی ئافرەت و مافی مرۆڤ بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگە مسۆگەر دەكات و قۆناغەكانی چاككردنی ڕەوشی ئافرەتانیش كارێكی زۆر گرنگە و كاری هەمەلایەنی پێویستە».
جیاكردنەوەی ئافرەت لە پرسی
مافی مرۆڤ گرفتەكانی زیاتر كردووە
هەندێك لە چالاكانی كۆمەڵگەی مەدەنی جەخت لەوە دەكەنەوە كە لە كۆمەڵگەی كوردی ئافرەت بە پلە دوو هەژمار دەكرێت و لە زۆربەی مافەكانی بێبەش كراوە، بەڵام هەنار ڕەشید ئەندامی سەنتەری چاودێریی كۆمەڵایەتی، ڕایوایە «ئافرەتانی كورد بە بەراورد لەگەڵ ئافرەتانی ناوچەكە لە زۆر ڕووەووە جیاوازن و پێگەی بەرزتریان هەیە، چونكە لە كەم وڵاتی ناوچەكەدا ئافرەت پۆست و پلەی ئیدارییان هەیە، بەڵام لە كوردستانی ئازاد چەندان ئافرەتمان لەپۆستە باڵاكانی وەك وەزیر و بەڕێوبەری گشتی و ڕاوێژكار و ئەندامی پەرلەمان هەیە، لەبەر ئەوە ناكرێت بڵێین: ئافرەت هاووڵاتی پلە دووە».
ئەو توێژەرە ئەوەش دەخاتەڕوو كە سەرەڕای ئەوەی ئافرەتانی كورد لەپۆستە باڵاكاندا دەبینرێن و لە ناو كۆمەڵگەش چالاكییان هەیە، بەڵام هێشتا ئافرەتان ڕووبەڕووی كوشتن و بەزۆر بەشوودان و توندوتیژی جۆراوجۆر دەبنەوە، گوتیشی «لە كوردستان زۆر باسی مافی ئافرەت كراوەو دەكرێت، بەڵام ئەنجامێكی ئەوتۆی نەبووە، بە بڕوای من هێندە باسكردنی مافی ئافرەت و جیاكردنەوەی لە مافی مرۆڤ ئەوەندەی تر گرفتی بۆ ئافرەت دروست كردووە، و پێویستە هەمووان كار بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ بكەن و چیتر ئافرەت لە مرۆڤ جیانەكرێتەوە.
پێویستە هەر دیاردەیەك دژی ئافرەتە بنبڕ بكرێ
هەنار ڕەشید هێما بۆ ئەوەش دەكات كە «زۆر لە بابەتەكان لەقەبارەی خۆی زیاتر گەورە كراوە، بەجۆرێك ئەمڕۆ لەكوردستاندا ناتوانین بڵێین تەنیا كێشەی ئافرەتمان هەیە، بەڵكو كێشەی هەردوو ڕەگەزەكەیە و كاری بابەتی و ورد و زانستی دەوێ بۆ ئەوەی بەگشتی كێشە كۆمەڵایەتییەكان چارەسەر بكرێ»، گوتیشی «بە تەنیا باسكردنی بابەتەكان، كێشەی زیاتری لێدەكەوێتەوە، ئەگەر بێتو ئێمە بمانەوێت خزمەت بە ئافرەتان بكەین، نابێت هەر بڵێین ئافرەت دەكوژرێت و دەسووتێنرێت، بەڵكو پێویستە رێگەیەك بگرینەبەر بۆ ئەوەی هەر دیاردەیەك دژی ئافرەت بێت، بنبڕ بكرێ».
یاسا مافەكانی ئافرەتانیان زامن كردووە
سەبارەت بەهەمان پرس پارێزەر هاژە تاهیر، بۆ گوڵان ئەوەی روونكردەوە كە لەڕووی یاساو دەستووری عێراق و دەستووری هەرێمی كوردستانەوە ئافرەتان مافیان پارێزراوە، چونكە «زۆر یاسای وەك یاسای باری كەسی و یاسای توندوتیژی خێزانی مافەكانی ئافرەتانیان زامنكردووە». گوتیشی «لەكوردستان مافی مرۆڤ بەگشتی لەقەیراندایە و پێشێلكردنی مافەكان تەنیا ڕەگەزێك ناگرێتەوە».
ئەو پارێزەرە پێوابوو زەمەنی باسكردنی مافەكانی مرۆڤ و مافەكانی منداڵ بەسەرچووەو گوتی «ئێستا پێویستمان بەمافی مرۆڤە، چونكە هەموومان لەمافی مرۆڤدا خۆمان دەدۆزینەوە، جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مروڤ باسی پیاو ژن و منداڵ و بەساڵاچوو و كەمئەندامی وەك یەك كردووە، چونكە هەموویان مرۆڤن» .
بەڵام تاڤگە عومەر ڕەشید بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی و پاراستنی مافی مرۆڤ، جەخت لەوە دەكاتەوە كە «لە هەرێمی كوردستان ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ بەشێوەیەكی گشتی بەرەوپێش چووە، بەڵام هەر یەكێك لە چین و توێژەكان بەپێی پێویستی ئەو چینە زیاتر گرنگی پێدانی دەوێت، بۆ نموونە ئافرەتان لە كۆمەڵگەی ئێمەدا زیاتر پێویستیان بەوەیە كە گرنگییان پێبدرێت و هەوڵبدرێت مافەكانیان لەڕووی یاساوە بچەسپێندرێت، لەبەر ئەوەی هەتا ئێستا مافەكانیان بەشێوەیەكی گشتی پراكتیزە نەكراوە»، گوتیشی «بەبڕوای من پێویستە لەم قۆناغەدا بەشێوەیەكی فراوان كار لەسەر دەستەبەركردنی مافەكانی ئافرەتان بكرێت، بۆ ئەوەی مافەكانیان زامن بكرێت. جیاكردنەوەو باسكردنی چەمكەكانیش بە جیا، بۆ ئەوەیە كە بتوانین زیاتر گرنگی بەو چین و توێژە بدەین كە زیاتر مافیان پێشێل كراوە، بەڵام پێویستە بەشێوەیەكی گشتی كار لەسەر مافەكانی مرۆڤ بكرێت، بۆ ئەوەی هەموو تاكەكان لە سایەی مافی مرۆڤدا ئازاد بن و مافەكانیان پارێزراو بێت».
Top