گەنجان داوای بەشداری كارا لەكابینەی داهاتوودا دەكەن

گەنجان داوای بەشداری كارا لەكابینەی داهاتوودا دەكەن
لەكاتێكدا گەنجان شەڕی بڕوانامە و كارامەیی و لێهاتوویی و مەعریفە دەكەن، كەچی لەئێستادا بەهۆی كۆمەڵێ فاكتەری جۆراوجۆر گەنج لەپەراوێزی پڕۆسەی سیاسیدایە، هاوكات گەنجان و لاوانیش لەبەرامبەردا بێدەنگ و دەستەوەستان نین و لەسەر داواكارییەكانیان سوورن و خوازیارن رێژەی بەشداری كردنیان لەجومگەكانی دەسەڵات زیاتر بێت.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
گەنجان داینەمۆی گۆڕانكارییەكانن
سەرەتا شوان محەممەد خۆشناو مامۆستا لەكۆلیژی ئاداب بەشی مێژوو، ئاماژە بەوە دەكات كە گەنج ئەو توێژە كارایەیە دەستنیشانی گەنجی و پیری هەر كۆمەڵگەیەك دەكات، گوتیشی»ئەو كۆمەڵگەیەی رێژەی گەنجی لەناودا زۆرە، دەچێتە خانەی پۆلێنكردنی كۆمەڵگەیەكی گەنج، پێچەوانەكەشی هەر ڕاستە، وەكو دەگوترێت ئەگەر گەنجان ئەمڕۆ نیوەی كۆمەڵگە بن، ئەوا لە ئایندە هەموو كۆمەڵگە پێكدێنن، چونكە توێژی گەنجان داینەمۆی گۆڕانكاریەكانن لە هەموو ولاتێكدا، ئاییندە بۆ گەنجانە، بەڵام رۆڵی ئەزموونیش دەبێ‌ لە بەرچاو بگیرێ‌، لە سیستمی وڵاتە پێشكەوتووەكانیش ئەزموونی بەساڵاچووان بەهەند وەرگیراوە، ئەنجومەنێكی راوێژكاری هەیە بۆ ئەوان (ئەنجومەنی پیران)، رۆڵی گەورەشیان گێڕاوە».
شوان محەممەد لە درێژەی قسەكانیدا هێما بۆ ئەوە دەكات كە كوردستان یەكێكە لەو هەرێمانەی توانا و وزەیەكی زۆری تێدایە، واتە كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی گەنجە و مافی گەنجانە بەشداری كارایان هەبێت لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدارێتی و جومگە و كۆڵەگەكانی دەسەڵاتیان لەسەر بونیات بنرێ‌، گوتیشی «گەنجان رەگەزێكی بنەڕەتی بونیادی بووژانەوەی ئابووری و گۆڕانكارییە دیموكراسییەكانن، بۆیە پێموایە دەبێت داخوازییەكانیان بە دیقەتەوە تاوتوێ‌ بكرێت و لەبەرچاوبگیرێت».
سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا هاوتەمەنی
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانە
ئیبراهیم رەمەزان خۆشناو مامۆستای زانكۆ، بەشداری ریژەی گەنج لەهەڵبژاردنی ئەم دواییەی پەرلەمانی كوردستان بە نموونە دێنێتەوە و دەڵێت «ئەگەر سەیری بەشداری ریژەی گەنج بكەین لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان، ئەوا دەبینینن زیاتر لە 70%ی بەشداربووانی پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان گەنج بوون كە تەمەنیان لە نێوان (18 - 45) ساڵیە، بۆیە پێویستە زۆرترین رێژە كابینەی داهاتوو دیاری بكرێت بۆ گەنج كە زیاتر بێت، واتە زیاتر لە نیوەی وەزیرانی داهاتوو گەنج بن»، گوتیشی «من گەشبینم بە كابینەی داهاتوو، بە چالاك و كارایشی دەبینم، چونكە تاوەكو ئێستا نێچیرڤان بارزانی تاكە كاندیدە بۆ سەرۆكی حكومەت كە گەنجێكی بە ئەزموون و كارامەیە».
ئیبراهیم رەمەزان بەپێویستی دەزانێت گەنج رۆڵی زیاتریان پێ بدرێت لە بەڕێوەبردنی حكومەت، پێشیوایە گەنج توانای زیاتری بیركردنەوەی نوێی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕایوایە جگە لە بایەخدان بە كارامەیی گەنجان، شارەزایی و ئەزموونی بەتەمەنەكانیش دەبێت بە هەند وەربگیرێ. نموونەش بەوە دەهێنێتەوە كە «لە وڵاتێكی پێشكەوتووی وەكو بەریتانیا زۆرترین رێژەی گەنج لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا بەشدارن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دافید كامیرۆن (David Cameron) هاوتەمەنی كاك نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانە و وەزیریان هەیە تەمەنی 35 ساڵ بووە لە كاتی پێكهێنانی كابینەكەیان، كە ناوی دانی ئەلیكساندەر (Danny Alexander)ـە كە یەكێك بووە لە وەزیرە سەركەوتووەكانی ئەو وڵاتە، بۆیە پێویستە گەنج بەشداری كارای پێ بكرێت بۆ ئەوەی دادپەروەری كۆمەڵایەتی دەستەبەر بكرێت، كە كوردستان بۆ ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە دادپەروەری كۆمەڵایەتییە. گوتیشی «گەنج دەتوانێت بیر لەوە بكاتەوە كە كۆمەڵگە پێویستی بە چییە و دەتوانێت بەجددی كاری مەیدانی بۆ بكات، چونكە وزە و توانای گەنج بەراورد ناكرێت لەگەڵ كەسێكی بەتەمەن، هەر ئەوەش دەبێتە هۆی كارامەیی زیاتری حكومەت».
ئیبراهیم رەمەزان لە درێژەی قسەكانیدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە 80%ی ئەو دەنگانەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەدەست هاتوون، بۆ گەنج بووە، گوتیشی «بە پێویستی دەزانم زیاتر لە نیوەی كابینەكەی داهاتووی حكومەتی كوردستان گەنج بن، چونكە لە توێژینەوەی زانستی دەركەوتووە كە گەنج زیاتر توانای رازیكردنی بەرامبەری هەیە و لە گفتوگۆ سەركەوتووترە لە كەسێكی بەتەمەن، بۆیە پێویستە حكومەت و پەرلەمانی داهاتوو پلانیان هەبێت بۆ كاركردن بۆ گەنجان و لاوانی كوردستانی خۆشەویست لە هەموو ڕوویەكەوە بەشدار بكەن». ئەوەشی خستەڕوو كە «لە وڵاتی بەریتانیا هەموو رۆژانی سێ شەممەیەك سەرۆك وەزیرانی وڵات بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر گەرمترین پرس لە وڵات كە بە شێوەیەكی راستەوخۆ هاووڵاتی بینەری گفتوگۆكە دەبێت، ئەمەش وادەكات وڵات زیاتر پێش بكەوێت و بڕیاری باشتر لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان دەربچێت».
لەهیچ دەستوورێكی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جگە لە هەرێمی كوردستان بایەخ بە پرسی گەنج نەدراوە
لەلای خۆیەوە ئومێد خۆشناو سكرتێری یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە پرسی راپۆرتەكە سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە گەنج و لاو مافی خۆیانە داوای زیادكردنی رێژەی بەشداریكردنیان لە پۆستی حكوومی و سیادیدا بكەن و لەكایەكانی حكومەت بەشداربن، لەبەرئەوەی كۆمەڵگەی كوردستانی بە كۆمەڵگەیەكی گەنج دێتە هەژماركردن و نزیكەی 60% ی هاوڵاتیانی كوردستان گەنجن، گوتیشی «هەمیشە گوتوومانە گەنج توانا و هێزە و دەتوانێت بە بیری نوێخوازانەی خۆی ڕۆڵی لە كابینەی نوێدا هەبێت، بەڵام پێویستە ئەو بەشداریكردنە بەپێی مەرج و پێوەرەكان بێت، واتا بەپێی تایبەتمەندی و شارەزایی گەنج دەستنیشان بكرێت، بۆ ئەوەی لەپۆستەكەیاندا بتوانن خزمەت بە توێژەكەی خۆیان و هەموو كۆمەڵگەش بكەن».
ئومێد خۆشناو ڕایوایە گەنج لە رابردوودا پەراوێز نەخراوە و خودی گەنجیش كەمتەرخەم نەبووە و هەوڵی زۆری داوە، بەڵام «واقیعەكە وای خواستووە، تەنانەت لەدوای راپەڕینەوە قۆناغ بە قۆناغ گۆڕانكاری لە ژیان و گوزەرانی گەنج كراوە، لەكابینەی پێنجەمی حكومەتدا بیر لەوە كرایەوە وەزارەتێكی تایبەت بە توێژی گەنجان و لاوان هەبێت، مەرج نییە گەنج تەنیا لەپۆستی وەزیریدا دەتوانێ خزمەت بكات، بەڵكو دەیان لاومان هەیە بەڕێوەبەری گشتین، قایمقامن و پۆستی دیكەی جۆراوجۆریان پێدراوە». گوتیشی «هەر دەسەڵاتێك و حزبێكی سیاسی ئاسانكاری بۆ گەنج نەكات و بواری بەشداریكردنی بۆ نەڕەخسێنێت، بەرەو نەمان دەچێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەو بوارە بۆ گەنج نەڕەخسێنرا، ئەوا لاوان جێگە بەو دەسەڵاتە لەق دەكەن، خۆشبەختانە ئەگەر تەماشای رەشنووسی هەرێمی كوردستان بكەین، دەبینین ماددەیەكی تایبەت بە توێژی لاوان هەیە، لەكاتێكدا لەهەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لەهیچ دەستوورێكدا ئەو بایەخە بە پرسی گەنج نەدراوە».
پەرلەمانی گەنجان پشتیوانی نێودەوڵەتی وەرگرت
ئەگەرچی لە ڕابردوودا لەلایەن زۆرێك لە ڕێكخراوەكانی گەنجان و لاوان و ئافرەتان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی باس لە دروستكردنی پەرلەمانی گەنجان لەهەرێمی كوردستاندا كرا، كە لەلایەن چەند رێكخراوێكی نێودەوڵەتی وەك نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوی UNDP پشتگیری لێكرا، هەروەها ناوەندی ئایندە بۆ پرسەكانی گەنج، كە رێكخراوێكی ناحكوومی و تایبەتە بە پرسەكانی گەنج لەهەرێمی كوردستان، لە بوارەدا چالاكیی بەرچاوی هەبوو، بەڵام ئەو پەرلەمانە لە سەرەتاوە تووشی لێكترازان هات، تەنانەت تێبینی ئەوە كرا، ئەو پەرلەمانەی گەنجانیش دەكەوێتە ژێر كاریگەری و رەوتی سیاسی و كۆمەڵایەتیی نێوخۆ و ناتوانێت پەرلەمانێكی سەربەخۆی گەنجان بێت، بەتایبەتی كە دواجار لەسەرووی ئەوانەوە دامەزراوەی یاسایی و حكوومی دیكە هەیە».
گەنج پڕ هیواتر وێنای دەوڵەت و دەسەڵات دەكات
نووسەر و رۆژنامەوان شوان محەممەد، سەرەتا رۆڵی گەنج لەبەشداری سیاسیدا بەرز دەنرخێنێت و دواتر دەڵێت «گەنج كاراترین توێژی كومەڵایەتییە و بەشداریكردنی واتە ئەكتیڤكردنی بواری سیاسەت لەكۆمەڵگەدا»، گوتیشی «بەشداریكردنی گەنج بەتەنها خێراكردنی كەرتی پیشەسازی و بێدەنگكردنی كۆمەڵگە نییە، بەڵكو جۆرێك لە ستاتیكی سیاسی و وێناكردنی جۆری دەسەڵاتە لەناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا»، جەختی لەوەش كردەوە كە «گەنج پڕ هیواتر وێنای دەوڵەت و دەسەڵات دەكات و وێنای بەختەوەری بەژیان دەدات، پاشان بەرەی پراكتیكی كەمپی سیاسی وەك بوارە فیكریەكەی چالاكە . هێندە توانای هزری و بیركردنەوەی قوڵ و ئەزموونی رابردووی ناوێت، سیاسەت بۆخۆی كەمپێكی هێندە ئەكتیڤە. بەردەوام وەك گەنجێك لەكایەكانی ژیان رەفتار دەكات».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا بەشداری سیاسیی گەنج لە هەرێمی كوردستاندا چ هیوایەك بە گەنجان دەبەخشێ؟ گوتی «زۆر راشكاوانە من بە زۆر شتی ئەم وڵاتە ناڕازیم، ئەم ناڕازیبوونەش وای لێكردم دەستبەرداری بەشێكی زۆری تەنانەت ژیانی شەخسی خۆم بم».
شوان محەممەد واهەست دەكات «لەسیاسەتدا بردنەوەو دۆڕان بوونی نییە، بەڵكو مامەڵەو بەشداری جێگەی پرسیارە، هونەری كاریگەری گۆڕانكاری و زۆربەی كارەكتەرە سیاسییەكانی تریش هەر ئەمەیە، یاخود هەر بەشداری كارای گەنجە لە جومگەكانیدا» گوتیشی «بەداخەوە هەندێ حزب بەردەوام بانگەشەی بەشداری گەنج دەكەن بۆ كایەی سیاسی، كەچی پیرترین كادیری حزبیان بردە پەرلەمان، هەمووشمان دڵنیاین ئەگەر فێڵی رێكخستن نەبێت، موستەحیلە دەنگی گەنج بهێنن، ئەمەش غەدرە لەخودی حزب پێش خەڵك ولایەنگرانی، سەرخستنی هەر گەنجێك بۆ پۆستی سیادی و پەرلەمان و جومگەكانی دەسەڵات. دڵسوزی و بەتەنگەوە هاتنی ئەو نەوەیەی ئێستاو زیاتر زەمانكردنی نەوەیەكی دواترە، چونكە شتەكانی نەوەیەك بۆ نەوەكانی تر نابێت، ئەگەر قەرارە ئەم دەسەڵاتە هی ئێستا بێت، دەبێت گەنج بەڕێوەی ببات، لێرەوە بەهەموو پارتەكان دەڵێم ئەوكاتەی پیرێك كورسییەكی خوێندن، یان كورسییەكی پەرلەمان داگیر دەكات، دڵنیابن كۆمەڵێك گەنجی زۆر و نوێنەری نەوەیەك لەخۆیان دەڕەنجێنن».
گەنج لەناوەندەكانی بڕیاری سیاسی پەراوێز خراوە
لانە ئامانج قوتابی قۆناغی چوارە لەزانكۆی جیهان، ئەو سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت «لەكوردستانێكی پڕ خێر و بێر، گەنج و لاوی كورد بە هەردوو ڕەگەزیەوە لەتەواوی ماف و ئیمتیازاتی خۆیان بێبەشن، لەسەرووی هەموویانەوە لەناوەندەكانی بڕیاردان و بەشداری سیاسیدا پەراوێز خراون، لانە ڕایوایە «ئەو پەراوێزخستنە وێڕای ئەوەی قەیرانێكی گەورەی دروستكردووە، بۆتە هۆكاری نائومێدبوونی گەنج بەداهاتوو و ئاییندەی خۆی»، گوتیشی «من زێدەڕۆیی ناكەم، ئەگەر بڵێم گەنجانی ئێمە لە قەیرانێكی دەروونی دژواردان، وەك گەنجێكی ئەم وڵاتە بەمافی خۆمی دەزانم لەسەر خاك و وڵاتەكەم بە ئاسوودەیی بژیم و مافەكانم دەستەبەر بكرێت، دیارە مافی گەنجیش ئەوكات دەكەوێتە بەرباس كە نوێنەرمان لە پەرلەمان و حكومەت و ناوەندەكانی بڕیارداندا هەبێت».
Top