بۆچی ئافرەتانی چاكسازی لە لێبوردنی گشتی بێبەش دەكرێن؟

بۆچی ئافرەتانی چاكسازی لە لێبوردنی گشتی بێبەش دەكرێن؟
لە ناو چاكسازیی ئافرەتاندا جۆری تاوانەكان و تەمەنی گیراوانیش جیاوازە، زۆربەی گیراوەكانی ناو گرتووخانەكان و ناوەندەكانی چاكسازی دوای ئەنجامدانی تاوانێك پەشیمان دەبنەوە، بەڵام زۆر جار ئەو پەشیمانییە فریایان ناكەوێت و دەكەونە كونجی زیندانەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی بەر هیچ لێبووردنێكی تایبەت و گشتنی ناكەون.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

ئافرەتێكی تەمەن 42 ساڵ و نەخوێندەوارە. وەك خۆی باسی دەكا دایكی دوو كچە ماوەی حەفت ساڵە زیندانیكراوەو سزای هەتاهەتایی بۆدەرچووە.
مونیرە یەكێكە لەو كەسانەی كە یاسا زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕیوەتەوە. لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی . مونیرە ئافرەتێكی تەمەن 42 ساڵ و نەخوێندەوارە. وەك خۆی باسی دەكا دایكی دوو كچە ماوەی حەفت ساڵە زیندانیكراوەو سزای هەتاهەتایی بۆدەرچووە.
مونیرە لەدرێژەی قسەكانیدا بۆ گوڵان خوازیارە كە بەهۆی سوڵح نەكردنەوە لەیاسای لێبووردن گشتی بێبەش نەبێت، گوتیشی»داواكارم هەرهیچ نەبێت حوكمەكەم لە رێگەی لێبوردنە گشتییەكانەوە كەم بكرێتەوە، چونكە ژیان لێرەدا زۆر زەحمەتە و من لەدوو زینداندا دەژیم، زیندانێكی ئێرەیەو زیندانێكیش كە لێوانلێوە لەدووری و دابڕان لەدوو كچەكەم».
ژینۆ ئازاد بەرپرسی چاودێریی ئافرەتان لەچاكسازی ئافرەتان و منداڵان سەبارەت بە ئەو ئافرەتانەی كە لەچاكسازیدا بە كەیسی جیا جیا حوكم دراون، بە گوڵانی راگەیاند، كەوا زۆر كەم ئافرەتانی ئەو چاكسازییە بەر لێبووردنی گشتی دەكەون، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە زۆربەی كەیسەكان كەیسی تایبەت بەكێشەی كۆمەڵایەتین و لەدەرەوەی دادگا سوڵح نەكراوە، هەر كەیسێكیش سوڵحی تێدا نەكرابێت، بەپێی یاسا ناتوانین ئازادی بكەین و ترسی ئەوە هەیە دوای ئازادكردنی ئەو ئافرەتە لەلایەن كەسوكاریەوە رووبەڕووی مەترسی ببێتەوە.
شوان سابیر گەردی مافناس و چالاكی مەدەنی لەگەڵ بیرۆكەی لێبوردنی گشتی و لێبوردنی تایبەت نییە، ئەوە بەجۆرێك لە «دەستێوەردان لەكاروباری یاسایی و دادگە» هەژمار دەكات، گوتیشی» یاسای لێبووردنی گشتی هەرێمی كوردستان كە بە یاسای ژمارەی (2) ی ساڵی 2012 ناسراوە، لەكۆرمەڵێك بڕگە و ماددە پێكهاتووە، ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە لەهەرێمی كوردستاندا دەژین، هەروەها ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە ئاشتەوایی كۆمەڵایەتییان ئەنجامدابێت واتا لەگەڵ تاوانلێكراوەكە سوڵحیان كردبێت، یاساكە باس لەو كەسانە دەكات كە لەدادگاكانی كوردستان سزادراون، ئێمە وەكو كۆمەڵگەی مەدەنی و وەكو یاساناسێك لەگەڵ بیرۆكەی لێبووردنی گشتی و لێبووردنی تایبەت نین، چونكە ئەوە بەجۆرێك لەجۆرەكان دەستێوەردانە لەكاروباری قەزایی هەتا ئەگەر ئەو مەسەلەیە بە یاساش رێكخرابێت، چونكە پڕۆسەكە بەگشتی بەمجۆرە یەكلایی دەكرێتەوە و كاتێك تاوانێك ئەنجام دەدرێت، دادگایی تێدا ئەنجامدەدرێت، لێكۆڵینەوەی تێدا دەكرێت، دادگا بەپێی ئەو یاسایەی كە بۆی داندراوە دەگاتە ئەو قەناعەتەی كە ئەو كەسە لەبەرئەوەی فڵانە تاوانی ئەنجامداوە بەپێی ئەو ئەجندانەی كە لەبەردەستە دەبێت سزابدرێت، دوای رۆیشتنی ئەو پڕۆسەیە بەو هەموو فلتەرە ناكرێ بەیاسایەكی گشتی عەفو بكرێت، بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەو كارەدانین، چونكە ئەوە ئەوكارە بە دەستوەردان لەكاروباری قەزا و عەدالەت دەزانین، هەتا ئەگەر هەشبێت بۆ كۆمەڵێ ئیعتیباراتی مرۆیی و ماوە دەدات ئەو كەسەی كە تاوانی كردووە جارێكی تر بێتەوە ناو كۆمەڵگە، پێویستە زەوابتی خۆی هەبێت، لەكاتێكدا ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی مەحكومە بە كۆمەڵێك خاڵ لەوانە كەسێكی دەوڵەمەند یان خاوەن نفوزی كۆمەڵایەتی بێت یان لەحزب و لەدەوڵەت دەسەڵاتێكی هەبێت سوڵح و ئاشتەوایی بۆ ئەو زۆر ئاسانە بەپێچەوانەوە كەسێكی هەژار كە تاوانی لەگەڵ ئەو كەسە بەرامبەریشە، بەڵام هەرگیز ناتوانێ سوڵح بكات، بەداخەوە یەكێك لەموبەریراتەكان ئەوەیە نەوەك ئەو كەسە عەفوكراوە بڕواتە دەرەوە و لەتۆڵەی تاوانەكەی بیكوژنەوە، ئەوەش خۆی لەخۆیدا ئیعتیرافێكە كە دەسەڵاتی پەیوەندیدار كە بەرپرسیارە لەپاراستنی سەروماڵی خەڵكی بەپێی یاسا ئیعتیراف دەكات كە ناتوانێ لەدەرەوە ئەو كەسە بپارێزێت بۆیە داوای لێدەكات لەرێگەی سولحی كۆمەڵایەتی و عورف و عاداتەوە خۆت بپارێزە، ئەوەش بەلای ئێمەوە ئیعتیرافێكی زۆر مەترسیدارە».
ئامینە زكری ئەندام پەرلەمانی خولی رابردوو و دەرچوو بۆ خولی داهاتوو، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت «ئەو گرفتە بۆ كەمتەرخەمی یان نەبوونی یاسا ناگەڕێنمەوە، چونكە سوڵح كردن پەیوەستە بە عورفی كۆمەڵایەتی و لەدەرەوەی دادگاكان ئەنجامدەدرێت، لەبەرئەوە كێشەكە لەیاسادا نییە، كێشەكە لەو كەسانەدایە كە خۆیان لەو گرفتانە بە خاوەن ناكەن، لەسەرووی هەموویانەوە رێكخراوەكانی ژنان، پێویستە ئەو رێكخراوانە بەو ئەركە هەڵبستن، وەك چۆن سوڵح لەكێشەی پیاوەكان دەكرێت، پێموا نییە ئەوە پەیوەندی بە یاسای توندوتیژی و لیژنەی ئاشتەوایی گرێدراو بەیاساوە هەبێت، بەڵكو مەسەلەكە پێگەی كۆمەڵگەیە كە هیچ لایەنێك خۆی لەو مەسەلەیە نادات و تەنانەت بۆیان بابەت نییە، دیسان دەڵێمەوە كە رێكخراوەكانی ئافرەتان كەمتەرخەمن لەوەی كە خۆیان لەكێشەكانی ئافرەتان بەدوور دەگرن و خاوەندارێتی لێ ناكەن.
ئەمەل جەلال محەممەد ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان سەبارەت بە هەمان پرسی ڕاپۆرتەكە سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە لەگەڵ كەیسەكانی تایبەت بە ئافرەتان لەناو چاكسازییەكانی هەرێم داوای سەروەریی یاسا و جێبەجێكردنی یاساكان دەكەن، بەتایبەت ئەو یاسایانەی كە لەپەرمانی كوردستان پەسندكراون، نموونەی یاسای كوشتن بەبیانووی شەرەف كە ئێستا بە خۆشحاڵییەوە لەهەرێم كاری پێدەكرێت، بەڵام لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لیژنەیەك دەستنیشانكرا بە ناوی لیژنەی ئاشتەوایی بەداخەوە ئەو لیژنەیە هەتاكو ئێستا وەكو پێویست نەیتوانیوە كارەكانی خۆی بە باشی بەڕێوەببات، لەسەر ئاستی پارێزگاكان جیاوازی هەیە و لەهەر پارێزگایەك بەجۆرێك كاری پێدەكرێت، ئەگەر ئەو لیژنەیە ئەكتیڤ بكرێت، كێشەی سوڵح و ئاشتەوایی ئەو ئافرەتانەش چارەسەر دەبێت، ئێمە هەمیشە لەگەڵ رێكخراوەكانی ئافرەتان و كۆمەڵگەی مەدەنی هەماهەنگیمان هەیە بۆ بەدواداچوونی ئەو كەیسانە بە مەبەستی پاراستنی ئەو ژنانە لەچوارچێوەی یاسادا، بەڵام لەبەر ئەوەی لیژنەی ئاشتەوایی نەیتوانیوە بە ئەركی خۆی هەڵبستێت، باشترین جێگەی پارێزراو بۆ ئەو ئافرەتانە مانەوەیانە لەچاكسازییەكان یان ماڵەكانی داڵدەدانی ئافرەتانە، چونكە بەداخەوە هێشتا لەژێر گوشاری كەسانێك و عەقلیەتێكی نێرینەی دواكەوتووین، بەو هۆیەوە ژمارەیەكی زۆری ژنان بە پاساوی شەرەف كوژراون و تائێستا كەیسەكانیان نادیارە و تاوانبارەكانیش دەستگیرنەكراون».
Top