خوێندنی زۆرەملێ تا چەند منداڵ لە كاركردن دوور دەخاتەوە؟

خوێندنی زۆرەملێ تا چەند منداڵ لە كاركردن دوور دەخاتەوە؟
ئەو دایك و باوكانە ژمارەیان كەم نییە كە منداڵی خۆیان لە خوێندن بێبەش دەكەن، بۆیە ژمارەی ئەو منداڵانەش كەم نییە كە هەر لە هەڕەتی منداڵییەوە تووشی كاری سەر شەقام و ناو كارگەكان دەبن. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیەش بەیاساكردنی خوێندن یان خوێندنی زۆرەملێ یەكێكە لەو پرەنسیپانەی كە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بۆ پاراستنی مافەكانی منداڵان پەیڕەو دەكرێت. كۆمەڵناس و پسپۆڕانی كۆمەڵایەتیش جەخت لەوە دەكەنەوە كە خوێندنی زۆرەملێ و بە یاساكردنی قەدەغەكردنی كاری منداڵ، گەرەنتی ئەوە دەكات كە لانیكەم تا كۆتایی قۆناغی بنەڕەتی منداڵ لە هەر جۆرە كاركردنێك دوور بخرێتەوە.
لەڕووی یاساییەوە خوێندن زۆرەملێیە
سەرەتا پەرلەمانتار دكتۆر سەروەر عەبدولڕەحمان ئەندامی لێژنەی پەروەردەو فێركردن و خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی كوردستان، هێما بۆ ئەوە دەكات كە «لە هەرێمی كوردستان لەڕووی یاساییەوە خوێندن زۆرەملێیەو یاسا تاك ناچاردەكات كە خوێندن بەتایبەتی هەتا قۆناغی شەشەمی بێنەڕەتی تەواو بكات، بەڵام كێشەكە لەوەدا دروست دەبێت، كە ئەو یاسایە وەك پێویست كاری پێناكرێت، واتا ئەگەر باوكێك، یان داێكێك منداڵەكەیان لەخوێندن دەربهێنن، ئەوا یاسا سزایان نادات. وتیشی «ڕاستە یاساكە هەیەو سزاشی بۆ ئەو باوك و دایكە داناوە كە مندالەكانیان لەخوێندن دەردەهێنن، بەڵام هەتا ئێستا نەمانبینیوە باوكێك یان دایكێك سزا بدرێن لەبەر ئەوەی منداڵیان لەقوتابخانە دەرهێناوە، كێشەكەش لەوەوە دەستپێدەكات كە لەم هەرێمەی ئێمەدا هەندێك یاسا جێبەجێناكرێت، ئەگەر جێبەجێ بكرێت ئافرەتان زۆر سوودمەند دەبن، چونكە عەقڵییەتی عەشایەری زۆرجار رێگری لەخوێندنی ئافرەت دەكات».
دكتۆر سەروەر جەختی لەوەش كردەوە كە هەتا ئێستا ڕێكخراوەكانیش هیچ پڕۆژەیەكیان بۆ بەئیلزامی كردنی خوێندن پێشكەش بە لێژنەی پەروەردەو فێركردن و خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی كوردستان نەكردووە، تەنیا ساڵی رابردوو لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا، كاتێك حكومەت پلانە ستراتیژییەكەی خۆی لەمەسەلەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا ڕاگەیاند، ئەوكات چەند لێژنەیەك لەچەند وەزارەتێكەوە پێكهات، گوتیشی «ئێمە وەك لێژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی كوردستان كەوتینە وتووێژ لەگەڵ گشت لایەك، ئەوەبوو گفتوگۆكانمان لەسێ خاڵدا كۆبووە، یەكەمیان توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بوو، دووەمیان قیادەی ژن لەبواری پەروەردەدا، سێیەمیان مەسەلەی خوێندن و پڕۆگرامەكان بوو، چوارەمیشیان راگرتنی باڵانس بوو. باسی ئەوەشمان كرد كە چۆن یاسای بەئیلزامی كردنی خوێندن كاری لەسەر بكرێت، چونكە بەپێی یاسا ئیلزامە، بەڵام هەتا ئیستا كاری لەسەر نەكراوە، ئەوەبوو ئێمە وەك لێژنەی پەروەردە ۆركشۆپێكمان كرد و بەدرێژی باسی زیندووكردنەوەی ئەو یاسایەمان كرد، وەزارەتی پەروەردە ئەم كارەی كرد، ئێمەش وەك لێژنەی پەروەردە لەپەرلەمانی كوردستان لەكۆبوونەوەكان بەشداربووین، هەموومان جەختمان لەوە دەكردەوە كە پیویستە ئەم یاسایە بە وردی جێبەجێ بكرێ و هەر كەمووكورییەكی لەپەرلەمان هەموار بكرێتەوە بۆ ئەوەی سەرجەم خیزانەكان ناچاربكرێن بە منداڵەكانیان بخوێنن».
ژینگەی كار بۆ منداڵ ژینگەیەكی شیاو و تەندروست نییە
ئاراس نوری ئەحمەد تەها چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی، سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە «یەكەم مافی منداڵ ئەوەیە، لە ژێر چاودێری و بە سۆز و خۆشەویستی دایك و باوكی پەروەدە بكرێت، بەڵام كاتێك باس لە سیستمی پەروەدەكردنی منداڵ لە قۆناغی بنەڕەتی لە خوێندگە دەكرێ، ئیتر بەشێكی زۆری پەروەردە لە دەستی دایك و باوك دەردەچێت و دەوڵەت لێی بەرپرسیار دەبێت. بەلام ئەوەی گرنگە ئایا چ سیستەمێكی دەوڵەتی لەو تەمەنە ناسكە پڕ لە ئامادەبوونەدا بۆ فێربون و وەرگرتنی رێنمایی پەرەوەدەی منداڵ ئەكات؟». گوتیشی «ڤیلهێلم فۆن هومبۆلدت،(1767 -1835) یەكێك لە پێشڕەوەكانی ریفۆرمی فێربوون و خوێندن لە ئەڵمانیا بووە، ئەو گومانی زۆری هەبووە‌ بەرامبەر بە دەوڵەت، وەك پێداگۆگ بەخێوكەر بۆ پەروەدەی منداڵ، بە بۆچوونی هومبۆلدت، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی دایك و باوك، پەروەدەكردنی مناڵەكانیان بە كوێرانە بخەنە ئەستۆی دەوڵەت و بۆ ئەم بڕیارەش نرخێكی فرە بەرز بدەن و دركی پێ نەكەن، بۆیە لە جیاتی ئەوەی ئەم منداڵانە ببنە كەسانێكی ئازاد و تێگەیشتوو، دەبنە ژێردەستەی دەوڵەت و سیستمێكی نەخشەبۆكێشراو»، سەبارەت بە ڕۆڵ و كاریگەرییەكانی خوێندنی زۆرەملێ و چۆنیەتی سەرهەڵدانی ئەو بیرۆكەیەش گوتی «هۆی‌ هاتنەكایەی خوێندنی ئیلزامی ئەوە بوو، ئەو خێزانانەی كە دور بوون لە خوێندن و فێربوون و رۆشنبیری، منداڵەكانیان هەر لە تەمەنێكی بچووكەوە دەخستە بەر كاری قورسی وەك جوتیاری (پێداگۆگ لادینتن)‌ ئەم رەفتارەی دایك و باوك دەبووە هۆی‌ ئازار و نەخۆشی زۆر بۆ منداڵ. بۆیە دەوڵەت بۆی هەبووە، ئەم هەنگاوە بنێت، كاتێك كە دایك و باوك ئازاربەخش بوون بۆ منداڵەكانیان، خوێندنی ئیلزامی بسەپێنێ و مەبەست لەوەش ئەوە بووە منداڵ لە دەستی دایك و باوكی نەفام بپارێزێ. شتێك هەیە پێویستە هەموومان بیزانین، ئەویش ئەوەیە كە ئەگەر ئەم جۆرە سیستمە واتا خوێندنی ئیلزامی، رێگەو شوێنی خۆی بۆ دابین بكرێت، بێگومان هەنگاوێكی ڕاستە، بەڵام ئەگەر ئامادەكاری نەكرێت بۆ ئەم سیستمە، مناڵ تووشی جۆرەها كێشەی‌ دەرونی پسیكۆسۆسیال دەبێت، بە بۆچوونی من و بەهۆی تایبەتمەندی بواری سیاسی كوردستانەوە، باشترین رێگە بۆ چارەسەركردنی پێشێلكردنی مافی مناڵ، بۆ خوێندن و فێربون و رۆشنبیری بە شێوازێكی یەكسان، ئەوەیە، كە لە كوردستان، خوێندگا هەتا پاش نیوەڕۆ بێت و سیستمی ئاگاداری تەواو هەبێت بۆ خوێندن و پەروەردەو جێبەجێكردنی كاری رۆژانەی خوێندن. جگە لەوە، بەرنامەی هونەری و وەرزشی و ژینگەپاراستن هەبێت، ئەمە ئەبێتە هۆی دۆزینەوەی منداڵی بلیمەت و یارمەتیدانی منداڵی لاواز لە خوێندندا و پەروەردە كردنی نەوەیەكی خاوەن كەسایەتی لێدەكەوێتەوە، بێگومان خوێندنی زۆرەملێ تا رادەیەكی بەرچاویش رێگری لە كاركردنی منداڵ دەكات، چونكە زۆربەی ئەو منداڵانەی كە نەخوێندەوارن، یان واز لە خوێندن دەهێنن، دەكەونە ناو كار و ژینگەی كاریش بۆ منداڵ ژینگەیەكی شیاو و تەندروست نییە».
بەشێك لەمنداڵان بەهۆی دووركەوتنەوەیان لەخوێندن ڕوودەكەنە شەقامەكان و تووشی كاری نەشیاو دەبن
كەژاڵ قاسم توێژەری كۆمەڵایەتییەو هێما بۆ ئەوە دەكات كە خوێندنی زۆرەملێ كێشەی بەشێكی زۆر لە منداڵان چارەسەر دەكات و دەبێـتە هۆی كەمبوونەوەی منداڵانی سەرشەقام. چونكە «بەشێكی زۆر لە منداڵان بەهۆی دووركەوتنەوەیان لە خوێندن ڕوودەكەنە شەقامەكان و تووشی كاری نەشیاو دبن، بۆیە بە گرنگیدان بە خوێندنی بنەڕەتی و فەراهەمكردنی خوێندنی زۆرەملێ بەشێكی زۆری ئەم كێشەیە چارەسەر دەبێت». گوتیشی «بەشێكی زۆری منداڵان ئەوەندەی وەك نەریت كاردەكەن، نیو ئەوەندە پێویستییان بە پارەی كاركردن نییە، لەبەر ئەوە ئەگەر بتوانرێت سیستەمی خوێندنی بكرێـتە زۆرەملێ ئەوكات بەشێكی زۆر لەمنداڵان لەشەقامەكان دووركەونەوە، توێژینەوەكانیش ئەوەیان سەلماندووە، كە بەشێكی هەرە زۆری ئەو منداڵانەی كاردەكەن، هەژار نین و بەڵكوو بەهۆی وازهێنانیان لە خوێندن پەنا بۆ كاركردن دەبەن».
ئەو توێژەرە لەدیوێكی دیكەی قسەكانیدا هێما بۆ ئەوە دەكات كە خوێندنی منداڵیش زۆرجار نابێتە ڕێگر لەوەی كاربكات، نموونەی بەوەش هێناوە كە «لە كۆبا خوێندنی بنەڕەتی زۆرەملێیە، بەڵام بەشێكی زۆریان كاریش دەكەن، لە كوردستانیش زۆرێك لە منداڵان جگە لەوەی سەرقاڵی خوێندنن، كاریش دەكەن، بۆیە بەگشتی پێویستە پێش هەموو شتێك كاری منداڵان بە یاسایەكی تۆكمە قەدەغە بكرێت».
كەژاڵ قاسم، هۆكارێكی دیكەی كاركردنی منداڵان بۆ خراپی باری ئابووری خێزان دەگێڕێتەوە و دەڵێت «ئەگەر خێزانێك وەك پێویست باری ئابوورییان باش نەبێت، ئەوا ناچار دەبن منداڵی خۆیان بخەنە بەر كاركردن، بۆیە پێویستە حكومەت لەو بوارەدا پلانێكی وردبینانەی هەبێت، بۆ ئەوەی لانیكەم داهاتی ئەو منداڵەی كار دەكات، بەراورد بكرێ و بەرامبەر بەوەی لە خوێندن دانەبڕێ، بە خێزانەكەی بدرێ». جەختی لەوەش كردەوە كە «پێویستە هەموو لایەك هەوڵی ئەوە بدات كە ئاستی ڕۆشنبیری و وشیاری دایك و باوكان بەرامبەر بە منداڵ و بەرپرسیاریەتییان لە پەروەردەی منداڵ بەرز بكرێتەوە، چونكە تەنیا دابینكردنی پارە چارەسەری كێشەكە نییە»، نموونەشی بەوە هێناوە كە لەساڵی 2007 هەتا كۆتایی ساڵی 2009 وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی و ئەنجومەنی وەزیران و بەهاوكاری ڕێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان هەڵمەتێكی فراوانیان دەسپێكرد، بۆ گەڕانەوەی ئەو منداڵانەی كە لەسەر شەقامەكان بوون بۆ قوتابخانە، ئەوە بوو چەندین منداڵ كە لە شوێنە جۆراوجۆرەكاندا كاریان دەكرد، ناردیانەوە بۆ قوتابخانە و مووچەیەكی باشیان بۆ ئەو منداڵانە بڕییەوە، بەجۆرێك ئەوكات ئەو پارەیە كە دەدرایە ئەو منداڵە بەشی دابینكردنی زۆربەی پێداویستییەكانی دەكرد، بەڵام ئایا ئەو منداڵانە وەك منداڵانی دی لەقوتابخانە سەركەوتوو بوون؟ بێگومان نەخێر...چونكە ئەو منداڵانە لە خانەوادەی ناڕۆشنبیر بوون و نەیانتوانی گرنگی بە خوێندن بدەن، بۆیە هەر دوای ماوەیەك زۆربەیان گەڕانەوە بۆكاركردن و قوتابخانەیان بەجێهێشت».
زۆرن ئەو منداڵانەی دەخوێنن و كاریش دەكەن
سەیران سەڵاح سەرۆكی رێكخراوی ئەستێرەی منداڵان، خوێندنی زۆرەملێ بە «كارێكی زۆر باش» وەسف دەكات و هاوكات دەڵێت «ئەگەر بمانەوێت بیر لەوە بكەینەوە كە منداڵان كارنەكەن، پێویستمان بە كۆمەڵە پرەنسیپێكە، چونكە بە تەنیا خوێندنی ئیلزامی نابێـتە رێگر لە بەردەم كاركردنی منداڵان، زۆرن ئەو منداڵانەی دەخوێنن و كاریش دەكەن، بۆیە زۆر گرنگە سیستەمێكمان هەبێت كە هەموو پێداویستییەكانی قوتابخانەی ئەو منداڵانەی بەركار خراون، دابین بكات. هەر لە پێداویستییە مادییەكان تادەگاتە پێداویستییە مەعنەوی و رۆحییەكان».
سەیران سەڵاح پێشنیاری ئەوەشی كرد كە «خواردن لەكاتی خوێندن دابین بكرێت كە تا ئێستا بیری لێنەكراوە، چونكە منداڵ ئەگەر هەست بەوە بكات، خواردنێكی باشی لە قوتابخانە هەیە، زیاتر هۆگری خوێندنەكەی دەبێت، دیارە منداڵ برسی بێت، ئارەزووی لەسەر خوێندن نامێنێت و توانای نابێت وەك كەسێكی كارا ئەركەكانی ئەنجام بدات». گوتیشی «پێویستە منداڵ هەموو شتێكی بۆ دابین بكرێت، بۆ ئەوەی روو لە شەقام نەكات، زۆریش پێوسیتە كار لەسەر بەهێزكردنی تواناكانی خوشەویستكردنی قوتابخانە لە لای منداڵ بكەین، لەبەر ئەوەی ئەگەر منداڵ قوتابخانەی خۆشویست هەرگیز دەستبەرداری نابێت».
پێویستە دایك و باوكان وشیار بكرێنەوە
ئازدار محەممەد سەعید تەمەنی 18 ساڵە و قوتابی قۆناغی ئامادەییەو بە پێویستی دەزانێت، پێش ئەوەی خوێندنی زۆرەملێ ببێتە یاسا، پلان و بەرنامەیەكی باش بۆ گونجاندنی منداڵان لەگەڵ قوتابخانە دابنرێ، گوتیشی «لەزۆرێك لە كۆمەڵگەكاندا بەرنامە و ستراتیژیەتی نیشتمانی بۆ بەدەمەوەچوونی پرسەكانی منداڵ هەیە، بەڵام بەداخەوە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەرێمی كوردستانیشەوە ئەوەی حسابی بۆ ناكرێت ئایندەی منداڵانە، لەقوناغی خوێندنیشدا هیچ جۆرە بنەمایەكی گرنگیان بۆ دانەنراوە، بۆ ئەوەی خۆشەویستییەك بۆ قوتابخانە لەلای قوتابی دروست بكەن». لەگەڵ ئەوەشدا ئەو قوتابییە جەخت لەوە دەكاتەوە كە «بۆ رێگری لە هاوسەرگیری لە پێش تەمەنی یاسایی پێویستە جگە لەوەی دایك و باوكان وشیار بكرێنەوە، كوڕان و كچانیش لە مەترسییەكانی ئەو هاوسەرگیرییە ئاگادار بكەنەوەو تەنانەت قەدەغەشی بكەن، هاوكات بە یاسا رێگری لێ بكرێ و خوێندن تا قۆناغی ئامادەیی بە زۆرەملێ بێت».
Top