مەهاباد قەرەداغی بەرپرسی پەیمانگەی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بۆ پرسە كۆمەڵایەتییەكان: پێویستە ئافرەت كاتێك بەشداری فیعلی سیاسەت دەكات، خۆی بۆ ئەو پۆستە تەرخان بكات

مەهاباد قەرەداغی بەرپرسی پەیمانگەی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بۆ پرسە كۆمەڵایەتییەكان: پێویستە ئافرەت كاتێك بەشداری فیعلی سیاسەت دەكات، خۆی بۆ ئەو پۆستە تەرخان بكات
مەهاباد قەرەداغی بەرپرسی پەیمانگەی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بۆ پرسە كۆمەڵایەتییەكان، لە دیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ گوڵان تیشكدەخاتە سەر ڕەوشی كار و چالاكییەكانیان و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە پێویستە ئافرەت كاتێك بەشداری سیاسەت دەكات، خۆی بۆ ئەو پۆستە تەرخان بكات و ئامادە نەبێت وەك دیكۆرێك مامەڵەی لەگەڵ بكرێت .
* زۆرجار هۆكاری توندوتیژییەكانی بۆ دابونەریتی كۆمەڵگە و كاریگەرییەكانی ئایین دەگێڕنەوە، لەوبارەیەوە راتان چییە؟
- دیارە مەسەلەی توندوتیژی لەسەرجەم كۆمەڵگەكانی دنیا بەشێوەیەكی گشتی هەبووە، توندوتیژی دیاردەیەكە ئەگەر لەڕووی كۆمەڵناسییەوە لێكدانەوەی بۆ بكەین، دەبیین لەسەرەتای سەرهەڵدانی بەرژەوەندییەكانەوە دەستی پێكردووە، واتە كاتێك كار و دەستكەوتەكان دابەشكراوە، توندوتیژی كراوە، ئەوەش لە سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتییەوە هەبووە، یەكێك لە سیفەتەكانی كێشەكەش ئەوەیە كە لایەنی بەهێزتر بۆ زەوتكردنی ئەو دەستكەوتانە هێزی بەكار هێناوە، لەهەر كۆمەڵگەیەكیش شێوازێكی تایبەت بەخۆی هەبووە، تاگەیشتۆتە ئەمڕۆ كە لەهەر كۆمەڵگەیەك شێوازو ئامڕازەكانی دەگۆڕدرێن.
* زۆر جار دەگوترێ‌ توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەت جگە لەناو خێزان، لە ناو دامودەزگا حزبی و حكوومییەكان و بەتایبەتی لە ناو میدیا و ڕاگەیاندنەكان و رێكخراوانی ئافرەتانیش بوونی هەیە، ئەوە تا چەند ڕاستەو رێكاری چارەسەری چۆن دەستنیشان دەكەی؟
- خۆی ئەم بابەتە دەبێت بەشێوەی زنجیرە ئیشی لەسەر بكەین، چونكە لەهەر شوێنێك هۆكارەكەی جیاوازە، هەندێك ململانێی پیشەیی هەیە، دیسانەوە دابەشكردنی بەرژەوەندییەكان هۆكاری سەرهەڵدانی زۆربەی توندوتیژییەكانە، لەناو هەموو پیشەكاندا تەنانەت لەناو نووسەران و هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانیشدا هەیە، كە دیسانەوە دابەشكردنی بەرژەوەندییەكان هۆكاریەتی، زۆرجار كێشەو ململانێیەكان لەسەر شوێنێكی تایبەتە، یان لەسەر بەرژەوەندییەكی تایبەتە، ئیتر ئەوە لەناو خێزان بێت، یان لەناو دامودەزگایەكی كۆمەڵگە بێت، بەشێوەیەكی گشتی لە كۆمەڵگەی ئێمە و سەرجەم كۆمەڵگەكانی دنیادا بە ڕێژەی جیاواز بوونی هەیە .
* ماوەی نزیكەی بیست ساڵە چەندین رێكخراوی ئافرەتان و ژنان لە هەرێمی كوردستان خۆیان دەرخستووە، ئەدای ئەو ڕێكخراوانە بۆ چارەسەری كێشەی ئافرەت چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
- خۆی كۆمەڵگەی كوردستان بەهۆی ئەوەی كە ماوەیەكی دورودرێژ لەڕووی سیاسیەوە كۆمەڵگەیەكی ناسەقامگیرو داگیركراو بووەو دابوونەریت و كەلتووری خەڵكانی بیانی بەسەریدا سەپێنراوە، بۆیە لەهەر بەشێكی كوردستاندا جۆرێك لە كەلتوورێكی ئاوێـتەو ئاڵۆزی بۆ دروست بووە. زیاتر لە پەنجا ساڵ پێش ئێستا لە لێكۆڵینەوەی كەلتووری عەرەبی بەدەوی و كاریگەرییەكانی لەسەر كۆمەڵگەی عێراقی دەركەوتووە كە چۆن ئەو كەلتوورە نزمە لە ژن دەڕوانێت. لەو كەلتوورەدا ئەگەر یەكێك سوكایەتی بە پیاوێك بكات، یان جنێوێكی پێبدات، پێی دەڵێت: هەی ژن، واتا ئەم كەم تێڕوانینەی ژن چەسپێنراوە لەناو ئەو كەلتوور و دابونەریتانەدا، كوردستانیش بەشێك بووە لە عێراق و هەمیشە كاربەدەستانی عێراق ویستوویانە زمانی و كەلتوورو نەریتی كورد بسڕنەوە، سەڕەڕای بوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە ڕێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی و رێكخراوی ئافرەتان ئەگەر چی ئەمانە هەموویان كاردەكەن و رۆژانە كێشەی كۆمەڵایەتی جۆراوجۆر چارەسەر دەكەن، بەڵام هەندێك بابەتی وا هەیە، كاتێك كەلتووری نامۆ، یان هەڵە لەناو كەلتووری كۆمەڵگەیەك دەچەسپێت، زۆر ئاستەم چارەسەر دەبێت، بێگومان لەكوردستان كاری زۆر كراوە، تا ڕادەیەكیش توانیویانە گۆڕانكاری بكەن، بەڵام هەتا ئەمڕۆ ئافرەت بەقسەی ناشرین برینداردەكرێت و بەهۆی جەستەییەوە ئافرەت وەك دۆڵابێك دانراوە كە شەرەفی پیاوی تێدا پارێزراوە، بۆیە كوشتن لەسەر شەرەف بەردەوام بووە، ساڵانەش ئامارەكان پێمان دەڵێت كە ڕێژەیەكی زۆری ئافرەت خۆی دەسووتێنێت، یان دەسووتێندرێن، یان بە چەندین جۆری سامناكی تر دەكوژرێن.
* باسی ئەوەت كرد ڕێكخراوەكان كاری باشیان كردووە، بەڵام بەپێی ئاماری ساڵی 2012 قوربانیانی توندوتیژی لەقوربانیانی هاتۆچۆ و قوربانی نەخۆشیەكان زیاتر بووە؟ ئایا ئەوە ناكەوێتە ئەستۆی ڕێكخراوەكانی ئافرەتان؟
- خۆی توندوتیژی تەنیا لەوەدا كورت ناكرێتەوە كە چەند ئافرەتێك دەكوژرێن، بەڵكوو توندوتیژی لەڕێگەی زمان و قسەی ناشرین و سووكایەتی پێكردن، ڕێگە لە گەشەی هەزاران ئافرەت دەگرێت، وایان لێدەكات لەڕووی كەسایەتییەوە ڕووبەڕووی هەڵدێر ببنەوە، ئەمانەش هەموویان خەتەرن لەسەر ژن، ئەو هەڵاواردنەی كە لەخێزان و دامودەزگاكان بەرامبەر بەئافرەت دەكرێت، هەمیشە وادەكات كە مافەكانی لێ زەوت بكرێت، زۆر جار ژن لەلایەن كەسە زۆر نزیكەكانی ناو خێزانەكەی لەمافەكانی بێبەش دەكرێت، تەنیا ئەركی ڕێكخراوەكانی ئافرەتان بەس نییە، پێویستە حكومەت و پەرلەمان كار لەسەر ئەم بابەتە بكەن و یاسای بۆ دەربچێت و یاساكان جێبەجێبكرێن و بەدواداچوونیش هەبێت، بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا یاساكان جێبەجیدەكرێن؟ كێشەیەكی دی ئەوەیە كە زۆرجار دەبینین، دوو دەزگا كە پەیوەندیدارن بە مەسەلەی ئافرەتانەوە، من ڕەخنەم زۆر لەو دەزگایانە هەیە كە كار لەسەر توندتیژی دەكەن، چونكە خۆیان بەخاوەنی هەموو كێشەوە نازانن، دەزگا هەیە دەڵێت ئێمە تەنیا پلانی ستراتیژی دادەڕێژین، یان هەیە دەڵێت ئێمە تەنیا ئامار كۆدەكەینەوە، ئەوەش كێشەیە، چونكە هەر یەكێك لەو شتانە ڕێكخراوێكی بچووكی ناحكوومیش دەتوانێت بیكات و پێویست بەوە ناكات دەزگایەكی حكوومی كە بودجەیەكی زەبەلاحی هەبێت و چەندین بەڕێوبەری گشتی و راوێژكار و بەڕێوبەر و كارمەندی پیسۆڕی بۆ تەرخان بكرێت، كەچی بڵێت من تەنیا ستراتیژ دادەنێم، واتا نابێـت دەزگایەكی حكوومی كەسەر بە ئەنجومەنی وەزیرانە تەنیا ئەركی دانانی بەرنامەو ستراتیژ بێت، بەڵكوو پێوستە دەزگایەكی جێبەجیكردن بێت و كێشەی ئافرەتەكان چارەسەر بكات.
* حكومەت تاچەند توانیویەتی عەقڵییەتی پیاوسالاری بۆ مرۆڤسالاری بگوڕێت ؟
- بە بڕوای من حكومەت كاری كردووە، بەڵام هەمیشە لەناو كارەكانیدا دابڕان و لێكپچڕان هەبووە، واتە هەمیشە ماوەیەك كاری جددی لەسەر شتێك كردووەو دواتر راوەستاوە، بۆ نموونە جاری وا هەبووە، بۆ ماوەی دووساڵ كاری زۆر باشكراوە، بەڵام دواتر ڕاگیراوە، ئەم كارە بە پچڕپچڕی ناكرێت، یەكێك لەهەڵە گەورەكانی حكومەت كە زیانی بەپرسی ژن گەیاندووەو ئەوە بووە كە هەمیشە لە پلانە ستراتیژیەكانی ئەو بوارە دابڕاوە، بۆ نموونە لەساڵی (2005) دەستی كرد بەستراتیژێك كە پرسی یەكسانی لەناو سیاسیەتی خۆیدا جێبەجێ‌ بكات، بۆ ماوەی یەك و دوو ساڵێكیش چەندین كاری باشكرا و دەزگایەكی تایبەتمەند بۆ بەرەنگاری توندوتیژی دامەزرێندرا، بەڵام كاتێك حكومەت و سەرۆكی حكومەت دەگۆڕدرێت، گۆڕانكارییەك لەگشت كایە سەرەكییەكانی حكومەت و پەرلەمان روو دەدات، بۆیە دەبینین لەو ناوەندەشدا پلانەكە پشتگوێ دەخەن و بۆ ماوەیەك مەسەلەی ژن بەهەند وەرناگرێت و سەرجەم ئەوشتانەی كەپەیوەستن بەئافرەتەوە رادەوستێت، بە بڕوای من ئەگەر حكومەت بەم شێوەیە كار بكات، ئەوا لە داهاتووشدا ناتوانێت هیچ بۆ دۆسییەی ئافرەت بكات. چونكە بە تیۆری هیچ ناكرێت، ئەگەر قسەكان نەچنە بواری جێبەجێكردنەوە.
* زۆربەی چالاكوانان گلەییان لە ئەدای پەرلەمان هەیە، ئایا ئەركی پەرلەمان تەنیا ئەوەیە یاسا دەربكات و تۆزی لەسەر بنیشێت، بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی یاساكان بكات؟
- بەداخەوە هەندێكجار پەلەمان لەژێر گوشاری چالاكوانان و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان یاسای هەموار كردووە، یان پرۆژەی داناوە، بەڵام وەك دەزانین یاساكان تەنیا وەك مەرەكەبی سەركاغەز لە دادگاكان و لەو گۆڤارەی تێیدا بڵاوی دەكەنەوە، دەمێنێتەوە، زۆرجار حەرفێكی لێ جێبەجێ ناكرێت، ئەمەش كارەساتە كە یاسایەك دەربچێت و بزانرێ‌ جێبەجێنەكراوەو هیچ هەڵوێستێكیش نەبێت.
* بابێنە سەر لایەنی سیاسی، وەك دەزانین ژمارەی ئافرەت لە سه‌ركردایه‌تی حزبەكاندا لە ژمارەی پەنجەكانی دەستێك تێناپەڕێت، زۆر جار دەوترێ‌ ئەوەشی هەیە وەك گوڵی سەرمێز و بۆ دیكۆرە، ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە ڕۆڵی ئافرەت زیاد بكرێت؟
- هۆكار زۆرە، بەڵام هۆكاری سەرەكی ئەوەیە سەركردایەتی حزبەكانیش باوەڕێكی پتەویان بە توانای ئافرەت نییە و باوەڕیان وایە ئافرەت توانای كاری سیاسی نییە، وەك دەشزانین بەدانپێدانانی سەركردەكانیش ئافرەتانی كورد بەشدارییان لە شۆڕش و و خەبات و ڕاپەرینەكان كردووە، بەڵام تائێستاش كە پێویستە ژن لە سەركردایەتی حزبەكان هەبێت، دان بەتوانا و هێزیاندا نانێن. لەم چەندساڵەی دواییدا حزبەكان چەند ژنێكیان هێناوەتە ناو سەركردایەتی خۆیان، بۆ ئەوەی بڵێن ئەوەتا لە كوردستانیش ئافرەتان ڕۆڵ و پێگەی سیاسییان هەیە، بەڵام ئایا لەڕاستیدا لەڕووی پراكتیكەوە چ پێگەیان هەیە؟ بەداخەوە هێشتا ئافرەت تەنیا بە ڕوخسار لەناو حزبەكان هەن و ئیستیسناش نییە، هەموو حزبەكان لەو بوارەدا وەك یەكن، ئەگەر ئافرەتێكیش توانیبێتی رۆڵ و پێگەی سیاسی هەبێت و سەفەر بكات و جموجووڵی سیاسی هەبێت، ئەوا لەبەر ئەوە نییە كە ژنە، بەڵكوو لەبەر ئەوەیە كە زۆر نزیكە لەسەركردەی حزبەكانەوە، واتا بوونی ژنان زیاتر ڕواڵەتەو وەك پێویست بەشداری سیاسەتی نەكردووە. بۆیە پێویستە ئافرەت كاتێك بەشداری فیعلی سیاسەت دەكات، خۆی بۆ ئەو پۆستە تەرخان بكات و ئامادە نەبێت وەك دیكۆرێك مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.
* كەی بووی بە بەرپرسی پەیمانگەی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بۆ پرسە كۆمەڵایەتییەكان و تا چەند لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییە پسپۆڕیت هەیە؟
- كارەكەم بەپێی پسپۆڕی خۆمە، چ وەك گۆڤاری شیكار كە من سەرنووسەریم، چ وەك پەیمانگە كە كێشەی چەندین كەسمان چارەسەر كردووە، چەندین سیمینارمان لە قوتابخانەكانی كوڕان و كچان كردووە، كە نزیكەی 25 سیمینارێك دەبێت، لەسەر بابەتەكانی ماددە بێهۆشكەرەكان و تەكنەلۆژیاو زۆر بابەتی دی، ئارمی پەیمانگەشمان پێداون كە ژمارەی پەیمانگەی لەسەرەو دەتوانن لەڕێگەی ئەوەوە پێوەندمان پێوەبكەن، واتا ئێمە هەوڵمانداوە پەیوەندییەكی بەردەواممان لەگەڵ هەموو تاكەكانی كۆمەڵگەو بەتایبەتی چینی گەنجاندا هەبێت .
* باسی كۆمەڵێك چالاكیت كرد، بۆچی چالاكییەكانتان لە ماڵپەڕی ئینتەرنێتیتان ڕەنگدانەوەی نییە؟
- بێگومان ئەو كەمتەرخەمییە زیاتر پەیوەندی بە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان هەیە، چونكە ئەوان بەشی راگەیاندنیان هەیە كە تایبەتە بەو كارانە، ئەوانیش ماوەیەك كێشەی ئینتەرنێتیان هەبوو، ئەو كێشەیەش لەكوردستاندا زۆرەو تەنیا ئێمە نین، لەجیاتی ئەوە ئێمە لەسایتی فەیسبووك بۆ گۆڤاری شیكار پەیجمان كردووەتەوە، بەشێك لە چالاكییەكانمان لەوێ‌ دادەبەزێنین، ئێمە وەك پەیمانگەی پرسە كۆمەڵایەتییەكان لەڕووی راگەیاندنەوە تەنیا گۆڤاری (شیكار)مان هەیە، لە سایتی فەیسبووك كارەكان دەكەین و هەر كەسێكیش لەفەیسبووكی خۆیەوە چالاكی خۆی دادەبەزێنێت، ئێستا فەیسبووك بۆتە ئامڕازێكی خێرا بۆ بڵاوكردنەوەی شتەكان و هەموو لایەنێك سوودی لێدەبینن.
* بۆچی لە گۆڤاری شیكار، شیكاری زۆر نابینرێ‌ و بەدواداچوونی بابەتییانەتان كەمە، ئایا بۆ چارەسەری كێشەكان تەنیا ڕاپرسی بەسە؟
- ڕاپرسییەكانی ئێمە هەموو كوردستان دەگرێتەوە، بەشاری كەركووك و دەوروپشتیشی، چونكە بەشێكی دانەبڕاوی كوردستانن، بۆ نموونە ڕاپرسیمان لەسەر خەتەنە، پێوەرەكانی هاوسەرگیری، تەڵاق و جیابوونەوە لە سەرانسەری كوردستان كرد، لێكۆڵینەوەیەی زانستیشی بۆ دەكەین و دواتر بەشێوەی تیۆریش كاری لەسەر دەكەین، واتا بەهەردوو شێوازی تیۆری و پراكتیكی كاری لەسەر دەكەین، ئێمە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان زۆر گرنگی بە ژمارە دەدەین.
* كچان قوربانی زۆربەی كێشەكانی ژن بە ژنێ‌ و هاوسەرگیری زۆرەملێ‌ و توندوتیژی خێزانین، بۆچی زیاتر باسی ژنی خاوەن هاوسەر و كێشەكانی دەكرێ‌ و كچان فەرامۆش كراون؟
- بێگومان كێشەی زۆرمان هەیە، لەوانە كێشەی بە زۆر بەشوودانی كچ و ژن بەژن بەزۆر مارەبڕینی كچ و چەندین كێشەی ترمان هەیە بەتایبەتی لە لادێیەكان، هەندێكجار لەدەوری مەحكەمە زۆر مارەبڕینی نایاسایی دەكرێت و دواتر دادگاش ناچارە دانی پێدا بنێ، چونكە دەبێتە مەسەلەیەكی ئەمری واقیع، تائێستا لایەنی یاسایی ئێمە چەندین كەلێنی لەوبوارەدا هەیە كە چارەسەری نەكردووە، بۆ نموونە یاسای باری كەسێتی سەرەڕای هەمواركردنەوەی زۆر كەموكوڕی هەیە، ئێمە زۆرجار لەڕووی یاساییەوە ڕووبەڕووی كێشە دەبینەوە، پارێزەرەكەمان نازانێت چون كاری لەسەر بكات. یان لەیاسای هەموو وڵاتە پێشكەوتووەكاندا تەمەنی هاوسەرگیری لە سەرووی هەژدە ساڵە، بەڵام لای ئێمە دەبینی لە تەمەنی نەوجەوانی لە دەرەوەی دادگا كچان مارە دەكرێن.
* چ خوێندنەوەیەكت بۆ ئەدای ئەنجومەنی باڵای خانمان هەیە؟
- گەرچی ئەنجومەنی باڵای خانمان تازە دامەزراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێكمان لەكارەكانیان نەدیوە، هەڵبەتە دوو ساڵە دامەزراوە، ئەوەش ماوەیەكی كافییە كە ئەنجامی ئیشكردنیان ببینین. من وەكو خۆم چاوەڕوانم ئەنجامی باشیان هەبێت و ئومێدی سەركەوتنتان بۆ دەخوازم، گرنگ ئەوەیە كە بتوانن ئیش بۆ ئافرەتی ئەم وڵاتە بكەن، وەك دەڵێن كوێرە چیت دەوێ.. دوو چاوی ساغ، گرنگ ئەوەیە كە بتوانین هەموومان كارێكی باش بكەین.
* وەك دواقسە چ پەیامێكت هەیە؟
- زۆر سوپاستان دەكەم و پێمخۆشە گرنگی بەو بابەتە گرنگە كۆمەڵایەتییانە دەدەن، بەداخەوە لە كۆمەڵگەی ئێمە كێشە كۆمەڵایەتییەكان زۆرن، بەڵام پشتگوێ خراون، هیوادارم گۆڤاری گوڵان گرنگی زیاتر بەكێشە كۆمەڵایەتییەكان بدات..
Top