دوای (15) ساڵ دادگایی ئازاد دەكرێت..كوڕێك خوشكی خۆی كردە قوربانی حەزەكانی

دوای (15) ساڵ دادگایی ئازاد دەكرێت..كوڕێك خوشكی خۆی كردە قوربانی حەزەكانی
لە نێو هەموو كۆمەڵگایەكدا كەسانی خۆپەرست هەن، كە ئەوەی بۆخۆیان حەزی لێ دەكەن و دەیانەوێت بۆ كەسانی دیكەیان ناوێت و حەزی پێناكەن، وەكو زۆرجار ئەم هەڵسوكەوتە لە نێوان ئەندامی خێزانەكان بەتایبەتی خوشك و برا روودەدات و برا ئامادەیە لە پێناو حەز و ئارەزووەكانی خۆی خوشكەكەی بكاتە قوربانی و ئابڕووی بەرێت و رووڕەشی دنیای بكات، ( ژاكاو ) ئەو كچە جوانكیلە تەمەن (20) ساڵانە بوو كە لەگەڵ باوك و دایك و خوشك و براكانی لە ماڵێكی خنجیلانەدا ژیانێكی ئاسایی وەكو زۆر لە خێزانەكان دەژیان و تاوەكو برا گەورەكەی بە ناوی (ئومێد) كە ئەویان خێزانداربوو لەگەڵ كوڕێك لە شارێكی دیكە هاوڕێی پەیدانەكردبوو، هەركە ئەو دوو كوڕە بوون بە هاوڕێ هامۆشی ماڵی یەكتریان دەكرد و رۆژ هاتوو رۆژ چوو ئەو هامۆشۆیە لە نێوان ئەم دوو هاوڕێیە زیاتر بوو تاكو گەیشتە ئەو رادەیەی (ئومێد) پەیوەندی لەگەڵ خوشكی برادەرەكەی پەیدا بكات و ئەو پەیوەندییە نهێنیەش نزیكەی دووساڵی خایان، (ئومێد) كەوا خێزانداربوو باوكی دوو منداڵ بوو نەیدەزانی چۆن لای برادەرەكەی باسی ئەم پەیوەندییە بكات كە لەگەڵ خوشكەكەیدا هەیبوو، ئۆقرەی لە بەر بڕا بوو تاوەكو رۆژێك لای برادەرەكەی ئەم باسە دەكاتەوە و داوای خوشكەكەی لێ دەكات بەڵام برادەرەكەی پێی دەڵێت: ئەم شتە مەحاڵە و نابێت چونكە تۆ خێزانداری و باوكی دوو منداڵی و حەزناكەم ئیتر ئەم باسەم لا بكەیتەوە، بەڵام ( ئومێد) ئەم باسەی بە بەردەوامی لا دەكاتەوە و برادەرەكەشی هەر وەكو جارانی پێشوو داواكارییەكەی رەتدەكاتەوە و ئیتر هاتووچۆی ماڵی (ئومێد) ناكات و برادەرایەتییەكەشی لەگەڵ دەپچڕێنێت و تەنانەت تەلەفۆنیشی لەسەر هەڵناگرێت، ماوەیەك بەمجۆرە دەمێننەوە (ئومێد) وای لێ دێت خۆی دەچێتەوە ماڵی برادەرەكەی و داوای لێبووردن و پاڕانەوەی لێ دەكات و دەعوەتی ماڵی خۆشیانی دەكات، بەمجۆرە پەیوەندی هاوڕێیەتیان ئاسایی دەكاتەوە و كەسیش لەم پیلانە ئاگادارنابێت كەوا (ئومێد) بە نهێنی وەكو ڕێوی فێڵباز دایدەڕێژێت، بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆی تاوەكو ئەو رۆژەی نیوەڕۆیەكی درەنگ دەنگی تەقەی كلاشینكۆفێك دێت و لەگەڵ ئەو دەنگەش دەنگی گریان و رۆرۆ لە ماڵی ( ئومێد) بەرز دەبێتەوە و خەڵكی گەڕەك هەموو بەرەو ئەوێ ڕادەكەن و چاویان بەچی دەكەوێت لاشەی كچێكی جوانكیلەی تازە پێگەیشتوو لە خوێن وەردراوە و لە باوەشی دایكە جەرگ سووتاوەكەی، خەڵكی گەڕەك سەریان سوڕدەمێنێ و سەد و یەك پرسیار لە مێشكیاندا پێویستی بە وەڵام دانەوە دەبێت و هەر خۆشیان وەڵامی خۆیان دەدەنەوە و دەڵێن: (ژاكاو) كچێكی زۆر بە ئەدەب و ئەخلاق بوو ئەو كچە تاوەكو ئێستا كەس بە خراپە باسی نەكردووە بۆ بەم دەردە چوو دەبێ هۆكار چی بێت گوللە لە دەست براكەی دەرچووبێت و بەر ئەو كەوتبێ ئەم پرسیارانەو سەدانی دیكەی بێ وەڵام، (ژاكاو) خرایە نێو ئۆتۆمبێل و بە پەلە برا بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتن، بەڵام بەداخەوە هەر لە رێگادا گیانی دەرچووبوو، دایك و باوكیشی سكاڵایان دژی كوڕەكەیان تۆمار كرد و لێكۆڵەوەر فەرمانی دەستگیركردنی (ئومێدی) دەركرد و (ئومێد) دەستگیر كرا بە تۆمەتی كوشتنی خوشكەكەی و لە بەندیخانەدا هەواڵی دایە برادەرەكەی كەوا خوشكەكەی لەبەر ئەو كوشتووە، چونكە پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ ئەودا هەبووە كە بەربێت ئەویش دەكوژێت، برادەرەكەشی سوێند دەخوات كە بە هیچ جۆرێ پەیوەندی لەگەڵ ئەم كچەدا نەبووە و ئەوە بوختانە پێی دەكرێت، بەڵام لای دادوەر تاوانەكە بەمجۆرە تۆمار ناكرێت و لەكاتی وەرگرتنی وتەكانی، (ئومێد) خۆی بەبێ تاوان دەردەخات و دەڵێت: من بە ئەنقەست خوشكەكەی خۆم نەكوشتووە بەڵكو لە كاتی چەك پاككردنەوەدا گوللەی بەر كەوتووە، بەمجۆرە (ئومێد) بە ماددەی (405 )ی كوشتن (15) ساڵ دادگای كرا و هەڕەشەش لە برادەرەكەی بەردەوام بوو، خزم و كەسی برادەرەكەی هاتنە نێو رووداوەكەو هەوڵی چارەسەركردنیاندا لە نێو خۆیاندا، ( ئومێد) داوای خوشكی برادەرەكەی و مەبلەغێك پارە دەكات و برادەرەكەشی هەر پێشتر لە ئامانجە گڵاوەكەی (ئومێد) تێگەیشتبوو، بۆیە بە هیچ جۆرێ رازی نابێت خوشكی خۆی بداتێ مەگەر خۆی لەسەر دانابێ بەمجۆرە بە چەند دەفتەرە دۆلارێك ئەم بەڵایە لە كۆڵ خۆیان دەكەنەوە و، (ئومێد)یش هەر لە بەندیخانە دەبێت تاوەكو بڕیاری لێبووردنی گشتی دەردەچێت و دایك و باوكیشی لێی دەبوورێن و تاوانبارێكی راستەقینە بەر ئەو لێبووردنە دەكەوێت و ئازاد دەكرێت و كچێكی بێتاوانیش قوربانی حەزێكی براكەی دەبێت و بە جوانەمەرگی سەر دەنێتەوە .


ئا:خەندە گۆران
Top