چ ئاوڕێك لە منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم دراوەتەوە؟

چ ئاوڕێك لە منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم دراوەتەوە؟
ئۆتیزم، یان شەبەنگی ئۆتیزم، شڵەژانی ئەقڵی و دەروونی، یان تێكچوونی كار و چالاكی مێشكەو كاردەكاتە سەر گوفتار و ڕەفتاری منداڵ و توانای خۆبەڕێوەبردنی نابێت. ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە ساڵی 2007دا ڕۆژی 2/4ی بە ڕۆژی جیهانی وشیاری ئۆتیزم دەستنیشانكرد. نزیك بە 700 منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم لە هەرێمی كوردستانن كە خۆیان و خانەوادەكانیان گرفت و ئاریشەی زۆریان هەیە، ئایا حكومەت و ڕێكخراوە ناحكوومییەكان ئاوڕێكیان لەو منداڵانە داوەتەوە؟ لەوبارەیەوە بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتە راوسەرنجی خۆیان بۆ گوڵان دەخەنەڕوو.
ئۆتیزم (Autism) چییە؟
پێش ئەوەی كێشەو ئاریشەی خێزانی منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم لەسەر زاری خۆیان ببیسین، پێویستە پێناسەیەكی كورتی ئەو نەخۆشییە بخەینەڕوو. ئۆتیزم (Autism) یان شەبەنگی ئۆتیزم، شڵەژانی ئەقڵی و دەروونی، یان تێكچوونی كارو چالاكی مێشكە، كار دەكاتە سەر گوفتار و رەفتاری منداڵ و توانای خۆبەڕێوەبردنی نابێت، هەروەها ناتوانێ پەیوەندی زارەكی و نازارەكی ببەستێت و كارلێكی كۆمەڵایەتی بكات، گرفتی ئاخاوتنیان هەیە، زیاتر لە تەمەنی 18 مانگی تا 36 مانگی بەدیار دەكەوێت. لەڕووی زمانەوانییەوە ئۆتیزم واتە «خودتەنهایی» یاخود «گۆشەگیری» یان « لەخۆڕامان»، نەو منداڵانەی تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن كە بە (ئۆتستیك) ناویان دەبەن، هەمیشە گۆشەگیر و خودتەنیان و تێكەڵ نابن.
بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1911 لەلایەن پزیشكێكی فەڕەنسی بە ناوی (Jean-Marc Gaspard) بەشێوەیەكی سەرەتایی باسی لێوەكراوە، دواتر لە ساڵی 1943 لەلایەن پزیشكێكی دەروونی ئەمریكییەوە، بەناوی (لیۆ كانەر) لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی ئەم حاڵەتەی دۆزیوەتەوەو ناوی (Autism)ـی لێناوە.
هەرێمی كوردستان نزیك بە 700 ئۆتستیكی هەیە
منداڵی تووشبوو بە ئۆتیزم (ئۆتستیك) پێویستیان بە خزمەت و ئاوڕلێدانەوەی زیاتری خێزان و حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانە، چونكە ئەوە (بارەخەم)ێكی گەورەیە و تەنیا بە دایك و باوكی ئەو منداڵە چاوگەشانە هەڵناگیرێ. ئەو منداڵانە گەرچی لە هەرێمی كوردستان كۆمەڵەیەكی تایبەتیان هەیە، بە ناوی (كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان) كە لە ساڵی 2008 دامەزراوە و لە ساڵی 2010 لە سلێمانی و دهۆك لقی كردۆتەوە. ئامانجی كۆمەڵەكە داكۆكیكردنە لە منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم و خێزانەكانیان و دەستەبەركردنی مافی ژیانی و مرۆیی و فشار خستنە سەر لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئاوڕدانەوە و خزمەتكردن بەو توێژە. بەڵام وەك خێزانەكانی ئەو منداڵانە باسیدەكەن، هێشتا هەنگاوی جددی بۆ منداڵانی (ئۆتستیك) هەڵنەگیراوە.
لەئێستادا ژمارەی منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم لە هەرێمی كوردستان نزیك بە 700 ئۆتستیك دەبێت، كە ڕۆژ بە ڕۆژ رێژەكەی لە زیادبووندایەو مانگانە لەلایەن لێژنەكانی پزیشكییەوە بۆ دیاریكردنی تووشبووانی ئۆتیزم ژمارەیان زیاد دەكات.
دایكان بە فرمێسك قسە دەكەن
چیمەن سەلیم دایكی منداڵێكی تووشبووی ئۆتیزمە و هەر لە سەرەتای قسەكانیدا فرمێسكە قەتیس ماوەكانی نێوچاوی بە سەر گۆنایدا گلار دەبێتەوە و دەڵێت «موعاناتی دایكان هەر زۆر زۆرە و تەواو نابێ، كچەكەم تەمەنی 14 ساڵە، 14 ساڵە لە ماڵەوەم، لە سلێمانی سەنتەرێكی ئۆتیزم هەیە، بەڵام بەپێی پێداویستی ئەو منداڵانە نییە، ماوەی چەند ساڵە من لەگەڵی هەوڵدەدەم، فێری بكەم خۆی بشوات و خۆی پاك بكاتەوە، بەڵام بێسوود بووە، تاوەكو ئێستا خۆم پاكی دەكەمەوە، ئێمەی دایك چوونە دەرەوە و سەردان و سەیرانمان قەدەغەیە، ئەگەر شوێنێكی زۆر پێویست نەبێ، تەنانەت ناتوانین بۆ ماڵە باوك ماڵە برا و ماڵە خوشك بچین، بەكورتی لە هەموو خۆشییەكانی ژیانی بێبەشین، لەناو چوا دیوار خۆم و ئەو منداڵە زیندانین، ئەگەر دەنگی دەرگاش بێت، ناتوانم بڕۆم بیكەمەوە، تەنانەت فریای ئەوە ناكەوم خزمەتی منداڵەكانی دیكەم بدەم، منداڵەكەم لایەنی هۆشی زۆر لاوازە خۆی لە مەترسی لانادات، هەرچەندە هاوسەرەكەشم یارمەتیدەرمە.
راگەیاندنەكان كاریان لەسەر كێشەكانی
منداڵانی ئۆتیزم نەكردووە
ئەو دایكە لە داهاتووی منداڵەكەی زۆر نیگەرانە و دوای ئەوەی فرمێسكەكانی بە گۆشەی لەچكەكەی دەسڕێتەوە داوادەكات «سەنتەرێكی مۆدێڕنی ئۆتیزم بكرێتەوە، بۆ ئەوەی راهێنانیان پێ بكەن، فێریان بكەن خۆیان خاوێن بكەنەوە و خزمەتی خۆیان بكەن، بۆئەوەی دوای مردنی ئێمە نەكەونە سەرشەقامەكان و كەسانی نەفسنزم تەعدایان لێ نەكەن»، وتیشی «من ئێستا لەكۆمەڵەی ئۆتیزم خۆم كاندید كردووە، هەوڵی ئەوە بدەم شتێك بۆ ئەو منداڵانە بكرێ، بڕوابكەن هەموو دایك و باوكەكان وەكو شێتیان لێهاتووە و تووشی دەیان گرفتی دەروونی بووینە، دایكی وا هەیە خەریكە خۆی ئینتیحار دەكات، دایك و باوكمان هەیە، خەریكە بەهۆی منداڵەكەیانەوە جیادەبنەوە، هەروەها خێزان هەیە دوو سێ منداڵی وای هەیە، دووانی بردۆتە دەرەو و یەكێكی لێرە ماوەتەوە، ئەوەش جۆرێكە لەجیابوونەوە. من فەرمانبەر بووم و بەهۆی كچەكەمەوە وەزیفەم لەدەستدا و ئێستا هاوكارەكانم بەڕێوەبەری گشتین، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا شوكرانەبژێری خوام، بەڵام ئایا بە 150 هەزار دینار خەرجی ئەوانە تەواو دەبێ؟ راگەیاندنەكانیش كاریان لەسەر كێشەكانی منداڵانی ئۆتیزم نەكردووە، تاوەكو حكومەت گوێی بكرێتەوە و سەنتەرێكی تایبەتییان بۆ بكاتەوە، خۆ ئەوە پارەی یەك بۆنەی تێناچێ، كە حكومەت لە بۆنە جۆراوجۆرەكان خەرجی دەكات».
منداڵی ئۆتیزم پێویستە لە تەمەنی سێ ساڵییەوە
كاری لەسەر بكرێ
نیشتمان محەممەد ئەندامی دەستەی كارگێڕی كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستانە و یەكێكە لەو سەدان دایكەی كە بە هۆی ئۆتیزمی منداڵیان ڕووبەڕووی دەیان كێشە و ئاریشە دەبنەوە. نیشتمان دەڵێت «منداڵەكانی ئۆتیزم لەبواری دەروونی، ئابووری، كۆمەڵایەتی زۆر مەغدوور و بێبەشن، تەمەنیان بەرەو گەورەبوون، دەڕوات بێئەوەی بتوانین هیچیان بۆ بكەین، منداڵی ئۆتیزم پێویستە لە تەمەنی سێ ساڵییەوە كاری لەسەر بكرێ، كچەكەی من تەمەنی 12 ساڵە، 12 ساڵە لە ژوورەوەیە، هیچ هەوڵێك بۆ باشتربوونی لەلایەن حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان نەدراوە، ئەوەش گرفتێكی گەورەی خێزانەكانەو نەك تەنیا دایك و باوك بەڵكو كاریگەری خراپی لەسەر خوشك و براكانیشی دروستكردووە. لەڕاستیدا گرفتەكانمان هەژمار ناكرێ و ئەگەر پشتگیریمان نەبێت، ناتوانین بەتەنیا ئەو بارە قورسە هەڵبگرین، ئەوكاتانەی لەكۆمەڵەكەمان لەگەڵ دایك و باوكان كۆدەبینەوە و قسەیان بۆدەكەین، دایك و باوكەكان بەچاو پێمان دەڵێن منداڵەكەی من پێویستی بەئەوەندە نییە، بەڵكو پێویستی بەزیاترە، منداڵی ئۆتیزم بە دەرمان چارەسەر ناكرێ، چارەسەری ئەو ڕاهێنانە، ڕاهێنانیش شارەزایی و پسپۆڕی خۆی پێویستە، بەداخەوە لە كۆمەڵگەی خۆمان ئەو كەسانەی راهێنان ئەنجامدەدەن، كەسانی بەتوانا و شارەزا و پسپۆڕ نین، ئەركی سەنتەر ئەوە نییە منداڵەكان لە ژوورێك بكات و بیانخەوێنێ، بەڵكو پێویستە راهێنانیان پێ بكرێ، ئێمەی دایكان توانای ئەوەمان هەیە كە منداڵی خۆمان بخەوێنین، منداڵ هەیە تائێستا ناتوانێ نان بەدەستی خۆی بخوات.
منداڵی ئۆتیزم هەتا مردن نابێ لە ڕاهێنان داببڕێ
فەرەیدون بێوار، بەرپرسی ڕاگەیاندنی كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان، هێما بۆ ئەوە دەكات كە «ساڵی 2009 لەهەولێر بەهاوكاری ڕێكخراوی قەندیل و لەسلێمانی بەهاوكاری ڕێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان دوو سەنتەری ئۆتیزم كراونەتەوە، كە سەر بە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتین، بەڵام سەنتەرەكان وەك پێویست نین. هەم وەك بینایە بچووكەو گونجاو نییە كە بەهەر دووسەنتەرەكە نزیكەی 40 منداڵ لەخۆدەگرن، هەروەها ستافیان كەمە، لەگەڵ ئەمانەشدا ستافەكە پسپۆڕ و ڕاهێنراو نین، هەروەها وانەبێژ و مامۆستای پێویستیان نییە، وەك: مامۆستای نوتق و رەفتار و میوزیك و وێنەكێشان و وەرزش و ..هتد، رۆژانە نزیكەی 3 كاتژمێر دەوام هەیە، بەپێی ستانداری جیهانی دەبێ رۆژانە 7بۆ8 كاتژمێر راهێنان بە منداڵی ئۆتیزم بكرێ، سەرەڕای ئەمانەش هاوینان 3مانگ پشووە، لەكاتێكدا منداڵی ئۆتیزم هەتا مردن نابێ لە ڕاهێنان داببڕێ، ئەم سەنتەرانە لە تەمەنی 5بۆ13ساڵی منداڵ وەردەگرن، واتە هەرزەكار و گەنجە ئۆتستیكەكان بێبەشن لە ڕاهێنان و مەشق، كە گەورەترین كێشەی خێزانەكانە، چونكە هەتا منداڵەكە گەورەتربێ لەناو خێزان و كۆمەڵگەدا كێشەكەی گەورەتر دەبێت و كۆنتڕۆڵكردنی سەختتر دەبێت».
گەر ڕاهێنانی زانستی هەبێت منداڵانی ئۆتیزم بەهرەیان هەیە
بەرپرسی ڕاگەیاندنی كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە كە دوو یان سێ لەجۆرەكانی ئۆتیزم، ئەگەر زوو بایەخیان پێبدرێت و پێشوەختە لەسەنتەرەكان مەشق و ڕاهێنانیان پێبكرێت، دەتوانن بچنە بەرخوێندن و بخوێنن و بەهرەی باشیان هەیە لەبواری وێنەكێشان و بیركاری و میوزیك و ئای تی. هەروەها گوتی« بەداخەوە لەكوردستاندا هیچ پەیمانگەیەكی فێركردن و پەروەردە تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم نییە. بەشێوەیەكی گشتی منداڵان ئۆتیزم ناتوانن لەگەڵ منداڵی ئاسایی تێكەڵ بكرێن و بەهەمان مەنهەج و سیستمی تاقیكردنەوە بخوێنن، چونكە منداڵی تووشبووی ئۆتیزم، ئاستی گەشەكردنی مێشكی ئاساییی نییەو دواكەتووە، هەروەها گرفتی ئاخاوتنیان هەیە، تەنانەت منداڵی ئۆتستیك جۆرێك لەحاڵەتەكانی پەركەم و فێگرتن و بیركۆڵی و زمان لاڵ بوون و شیزۆفرینیای لەگەڵدایە. ئەو چەند منداڵەشی كە لەقوتابخانە وەرگیراون، مامۆستای پەروەردەی تایبەت (معلیم تربیە خاصە)یان نییە، یان ئەگەر هەشبێ تەنیا بۆ قۆناغی یەكەمی بنەڕەتییە و لەقۆناغەكانی تر مامۆستای وانەی تایبەت بوونی نییە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە لە قوتابخانەكان مامۆستای تایبەت و ئامڕازەكانی تر دەستەبەر نەكراون، هەر چەندە بەپێی یاسا دەبا هەبان، بەڵام وەك پێویست نییە».
یەك منداڵی ئۆتیزم بۆ پشكنین و دەستنیشانكردنی جۆری نەخۆشییەكەی رەوانەی دەرەوە نەكراوە، دەساڵ زیاترە ئەم قسانە بڵاو دەكەینەوە و سوودی نەبووە
فەرەیدون بێوار، لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد كە «منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم سەرەڕای حاڵەتەكەی خۆیان، چەندین كێشەی تەندروستیان هەیە، بەردەوام كێشەی ددان ئێشەیان هەیە، چونكە زۆربەیان ددانی شیرییان ناكەوێ، مەگەر بە نەشتەرگەری لاببرێت، هەروەها بەهۆی جۆری خواردن و باش هەزمنەكردنی بەردەوام كێشەی گەدەو كۆلۆنیان هەیە، هەندێكشیان كێشەی گوێ و چاو و و دڵیان تووش دەبێت.
Top