پـەرەمێــز بیانووەحازرەكەی سووتان و خۆسووتاندنی ئافرەتان

پـەرەمێــز بیانووەحازرەكەی سووتان و خۆسووتاندنی ئافرەتان
((تا ئێستا نەمانبیستووە یان نەمانبینیوە پیاوێك لە كاتی خۆشووشتن بە پەرەمێز سووتابیت، بەڵام هەر ئافرەتیك بسووتێت پەرەمێز بیانووە حازرەكەیە)) ئەمە قسەی خاوەن دوكانێكی پەرەمێزفرۆشە كە سەبارەت بە خۆسووتاندن و سووتانی ئافرەتان وەك دیاردەیەكی دڵتەزێن بۆ ئەم راپۆرتە ئاماژەی پێكردووە، هەر ئەم پرسەش تا هەنووكەش ئەفسەران و دادوەرانی لێكۆڵینەوەی سەرقاڵ كردووە، چونكە هەندێكجار ئافرەتی سووتاو بە سیناریۆیەك سووتێندراوەو (پرێمز)یش وەك بكوژ ناسێندراوە. لەگەڵ ئەوەشدا كەم نین ئەو ئافرەتانەی كە خۆیان بۆ دەربازبوون لە مەینەتییەكانی ڕۆژانەیان بەدەستی خۆیان كۆتایی بە ژیانیان دەهێنن و ئاگر لە جەستەیان بەردەدەن، بەڵام بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە دەبێت تاك و كۆمەڵگە چ رێكارگەلێك بگرنەبەر بۆ ئەوەی تراژیدیای لەو جۆرە بە هەموو شێوەكانیەوە دووبارە نەبێتەوە؟
گوڵان – كۆمەڵایەتی


لەسەردانێكی مەیدانیدا بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوا لەشاری هەولێر، چاومان بە كۆمەڵێ خەیمە (چادر) كەوت كە لە ناو گەراجی نەخۆشخانەكە لەلایەن كەسوكاری سووتاوەكان هەڵدرابوون. مەریوان كانەبی، لە بەردەم یەكێك لە چادرەكان جگەرەیەكی بەدەستەوە بوو، پەیتا پەیتا قومی توندی لێدەدا و لە مەودایەكی كەمی بەر خەیمەكەدا هاتوچۆی دەكرد. وەك خۆی باسیكرد لە شارۆچكەیەكی دەوروبەری هەولێر هاتبوون، ئەو بە خەمبارییەكی زۆرەوە گوتی: ماوەی 12 رۆژە ژنەكەم بە پەرێمز سووتاوە و باری تەندروستی زۆر خراپە، هەر دەقیقەیەك بمرێ،دەمرێ، بۆیە ئەو ماوەیە بەردەگەی نەخۆشخانەم جێنەهێشتووە».
خوا مێردەكەی بگرێ، بووە سەبەبكاری خۆسووتاندنی كچەكەم
سەلما كەریم لە ناو یەكێك لە خەیمەكان بە مەلوولی لەگەڵ ئافرەتێكی دیكە دانیشتبوو، بە قسەكانی بۆمان دەركەوت كە كچەكەی لە ڕقی مێردەكەی خۆی سووتاندووە، ئەو دایكە بە نیگەرانییەكی زۆرەوە گوتی «كچەكەم دەڵێی ناسكەنانە هێندە جوانە، دوو كوڕی پرچ زەردی هەیە، خوا مێردەكەی بگرێ، بووە سەبەبكاری خۆسووتاندنی كچەكەم، مێردەكەی شەو تابەیانی بە ئەنتەرنێت لەبەرچاوی كچەكەم قسەی لەگەڵ ئافرەتانی بیانی ئەوروپا دەكرد، ئاخرجار كچەكەم زیز بوو، مانگێك منداڵەكانی بەجێهێشت، بەڵام مێردەكەی بە دەست ماچكردن هات بردیەوە، دوای دوو ڕۆژ كچەكەم خۆی سووتاند، مێردەكەشی بەوە ترساندوویەتی كە نەڵێ خۆم سووتاندووە، چونكە دەرزی لێدەدەن و دەیكوژن»
ئەو كچانەی خۆیان سووتاندووە
زیاتر بەهۆی پەیوەندی خۆشەویستی بووە
سابیر مەحموود حوسێن یاریدەدەری تێبینەر لە بەشی ئاماری نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوا ئاشكرای دەكات كە «لە مانگی 3 تاوەكو 12 ی 2011 بە هۆكاری جیاجیا (5708) ئافرەت سووتاون، كە (662) لەوانە خەوێندراون و لە نەخۆشخانە ماونەتەوە، كۆی مردوو لەم ماوەیەدا (108) ئافرەت بووە. لە ساڵی 2012ـەش (6591) ئافرەت بە هۆكاری جیاواز سووتاون و سەردانی نەخۆشخانەیان كردووە، كە (839) كەسیان خەوێندراون و (134) ئافرەت مردوون.
ملازمی یەكەم لوقمان ئەسوەد یونس ئەفسەری بنكەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوا بەشی سووتان، دەڵێت «ئەو كێشانەی دێنە ئێرە 10% ی قەزاوقەدەرە 90% ی خۆی سووتاندووە، بەڵام كە دێنە ئێرە زۆربەیان راستییەكەی ناڵێن، پاشان بۆمان دەردەكەوێت كە لە رقی خەسووی یان لە رقی مێردی خۆی سووتاندووە، هی واش هەیە سووتێندراوە و دەڵێن خۆی سووتاندووە، ساڵی پار ئافرەتێكی رومادی هێنرایە ئێرە، دەركەوت سووتێندرابوو».
تەمەنی ئەوانەی خۆیان دەسووتێن
لە نێوان 20 تا 30 ساڵیدان
ئەو ئەفسەری لێكۆڵینەوەیە جەختی لەوە كردەوە كە «تەمەنی ئەوانەی خۆیان دەسووتێن لە نێوان 20 تا 30 ساڵیدان، زیاتریش كێشەكان، كێشەی ژن و مێردن، زۆر كەم كچ لە رقی ماڵەوە خۆی سووتاندووە، ئەو كچانەش كە خۆیان سووتاندووە زیاتر بەهۆی بوونی پەیوەندی خۆشەویستی، یان ئاشكرابوونی مۆبایل بووە، رۆژانە سووتاو دێت و زۆربەشیان بەهۆی بەرزی رێژەی سووتانەكەیان مردوون، لێرە رێژەی سووتان لە 2% زیادی كردووە،». گوتیشی «ئەوانەی دێنە ئێرە بە هاوكاری لێكۆڵەرەوەی دادی ئیفادەیان وەردەگرین و دەینێرینە مەركەزی گەڕەكەیان تاوەكو بەدواداچوونی بۆ بكات، تەنانەت مەركەزی گەڕەك دەچێتە شوێنی رووداوەكە، گەرچی سووتان وەكو بریندار نییەو ئەگەر 90%یشی بسووتێ، قسەی پێدەكرێ و دەتوانرێ ئیفادەی لێوەربگیرێ، بەڵام ئەگەر ئەو كەسە تەمەنی لە 13 ساڵ كەمتر بێت، ئیفادەی كەسوكاری وەردەگرین، جاری واهەبووە ئاشكرایە خۆی سووتاندووە، بەڵام كە ئەو دەعوای نەبێت، ئێمە ناتوانین هیچی بۆ بكەین، جارێكیان ژنێك هاتە ئێرە گوتی: نەوتم لە سۆپا كردووە و سووتاوم، كەچی پرچی هەمووی نەوت بوو دیار بوو كە نەوتی بەخۆیدا كرددووە.
مەحاڵە پرێمز بتەقێ و ئه‌وه‌ ته‌نیا بیانووه‌
زۆرجار هێما بۆ ئەوە دەكرێ‌ كە زۆربەی ئەو ئافرەتانەی بە هۆی سووتان دەگەیەندرێنە نەخۆشخانە، بە پرێمز سووتاون، بەڵام جیهانگیر قاسم تەها كە پیشەی (پرێمزچی)یە ئەوە رەتدەكاتەوە و دەڵێت «مەحاڵە پرێمز بتەقێ، من باب و باپیرم پرێمزچی بوونە، خۆشم لەوەتەی بستێك منداڵ بوویمە ئەو كارەی دەكەم، بە درێژایی هەموو ئەو ماوەیە نەمبیستووە و نەمبینیوە پرێمزێك تەقیبێت».، ئەو بە سەلماندنی قسەكەی پرسیاری ئەوە دەكات كە بۆچی تائێستا نەمان دیتییە و نەمانبیستییە پیاوێك بە پرێمز سووتابێت لە كاتی خۆشووشتن؟ گوتیشی»ئێستا بازاڕی پرێمز و تەباخی نەوت زۆر كز بووەو كەم كەس هەیە پرێمز، یان تەباخی نەفت بۆ ئاوگەرمكردن بەكاربهێنێت، چونكە كەلوپەلەكان لە نەفتەوە گۆڕاون بۆ كارەبایی، بۆیە ئەوە هەمووی بیانووە كە دەڵێن ئافرەت بە پرێمز سووتاوە، ئەی بۆ پیاوێك بە پرێمز ناسووتێ‌، تەنیا ئافرەت نەبێت؟».
هۆكارەكانی خۆسووتاندن زۆرن
سەرۆكی سەنتەری خێزان لە سلێمانی (سامان سیوەیلی) وەك توێژەری دەروونی ئاماژە بەوە دەكات كە كۆمەڵێ‌ هۆكار لە پشت خۆسووتاندنی ئافرەتاندا هەیە، گرینگترینیان بەهۆی نەخۆشییە دەروونییەكانە، بەتایبەت خەمۆكی، كە زۆرجار بۆ كۆتایی هێنان بە تەنگژەكان بیر لە چارەسەرێكی هەڵە دەكەنەوە، كە یەكێك لەوانە خۆكوشتنە لەڕێگەی خۆسووتاندن، چونكە ئەو كەسانە بە مەبەستی كۆتایی هێنان بە ژیانی خۆیان ئەو كارە دەكەن، هۆكارێكی دیكە بریتییە لە پاڵنەرە كۆمەڵایەتییەكان و دەستێوەردانە كۆمەڵایەتییەكان، بەتایبەتی لە كاتی پڕۆسەی هاوسەرگیری زۆرجار رێگری لە شووكردن بە ئارەزووی خۆی دەكرێ‌، یان هاوسەرگیری زۆرەملێی بەسەردا دەسەپێنن، هەندێكجاریش لەڕوودانی رووداوی كتوپڕە، بۆ نموونە ئاشكرا بوونی پەیوەندییەكی نهێنی وادەكات بۆ رزگاربوون لە سزا و پەردەپۆشكردنی كارەكەی پەنا بۆ خۆسووتان ببات، نائومێدیش پاڵنەرێكە لە پاڵنەرەكانی دیكەی خۆسووتاندنی ئافرەت، كە هەست دەكات كەس گرنگی پێنادات و كەس نییە پاڵپشتی بكات، هەروەها ژیانێكی پڕ لە كێشمەكێش و دەردەسەری بەردەوام بێئەوەی رێگەچارە و هاوكاری لە ئارادا بێت، هۆكارێكی دیكەی خۆ لە ناوبردنە كە لە هەموو حاڵەتەكاندا ئەوە تاوانێكی گەورەیە كە تاك یان خۆی دەیكات یان بەرامبەری دەكرێ‌، بۆیە پێویستە بە هەموو شێوەیك ڕێگری لێبكرێ‌».
ئارام خەلەكانی پێشنوێژ و وتارخوێنی
مزگەوتی حاجی فەتاح:
خۆكوشتن یاخۆسووتاندن یەكێكە لە تاوانە گەورەكان ئیسلام بە هەموو شێوەیەك قەدەخەی كردووە ئەنجامدەری ئەم كارە لە دین تێنەگەیشتووە، خوای میهرەبان دەفەرموێت (ولا تَقْتُلُوا أَنْفُسَكُمْ إِنَّ اللهَ كَانَ بِكُمْ رَحِیمًا )((29))
واتا خۆتان مەكوژن بێگومان خوای گەورە زۆر بە بەزییە بۆتان وهەركەسێك ئەم كارە بكات تووشی تووڕبوونی خوای گەورە دەبێت بۆیە دەفەرموێت (ومَنْ يفْعَلْ ذلِكَ عُدْوانًا و ظلْمًا فَسَوْفَ نُصْلِیهِ نَارًا وكَانَ ذلِكَ عَلی اللهِ يسِیرًا )((30))
پێغەمبەر دەفەرموێت: (مَنْ قَتَل نَفْسَهُ بِشَیءٍ فِي الدُّنْيا عُذبَ بِهِ يوْمَ الْقِيامَة).
واتا هەركەسێك لە دنیادا خۆی بە شتێك بكوژێت لە رۆژی دوایی بەم شتە ئازاردەدرێتەوە،ئەوانەش كە دەڵێن ئەوە ویستی خوا و قەدەرمان بوو ئەوا گوناه دەكەن، چونكە خوای گەورە هەرگیز فەرمان بە خراپە ناكات، هەركەسێكیش ببێتە هۆكار و هاندەری ئەو كەسەی خۆی دەكوژێت ئەوا تاوانبارە لای خوای گەورە بێئەوەی لە تاوانی خۆكوژەكە كەمببێتەوە.
Top