ماڵباتێك لەلێواری لێـــكترازان رزگار دەكرێت

ماڵباتێك لەلێواری لێـــكترازان رزگار دەكرێت
یەكێك لەهۆكارەكانی تێكچوون شیرازەی هەر ماڵباتێك لێك تێنەگەیشتنی نێوان ژن و مێردە، زۆر جاریش باس لەوە دەكرێت ئافرەتێك تێگەیشتنێكی ئەوتۆی بەرامبەر بەمێردەكەی نییە یاخود بەپێچەوانەوە، بەڵام چی دەكەیت ئەگەر ژن و پیاوەكە هەردووكیان لەیەكتر نەگەن و بەهەڵە بیر بكەنەوە، بیركردنەوەی بەهەڵە و لێكنەگەیشتنی ژن و مێرد لەدواجار جگە لەتێكچوونی بەهاكانی ژیان و هاوسەرگیری نێوان دوو رەگەزی لێدەكەوێتەوە، هاوكات منداڵی بێ تاوان و بێ ئاگاش لەهەر رووداوێك دەبێتە قوربانی سەرەكی، بۆیە گرنگە پیاو و ئافرەت كاتێك بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن بیر لەهەموو لایەنەكانی ژیانیان بكەن و بیر لەچارەنووسی ئەو منداڵەش بكەنەوە كە بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییە.
ماڵباتێك پڕاو پڕ لەكێشە
زۆر ئەستەمە بتوانرێ چارەسەری كێشەیەك بكەیت كە ژن و مێرد لەڕق و ململانێی ئەوی دیكە كارێك بكات یان هەنگاوێك بهاوێژێت جێی نیگەرانی بێت و پێوەندیی و كێشەكانی نێوانیان قووڵتر بكاتەوە. بەڵام راوێژكارێك لە پەیمانگای پرسە كۆمەڵایەتییەكانی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان چارەسەری كێشەیەكی قووڵی نێوان ژن و مێردێك دەكات و ماڵباتێكیش لەترازان و سەرگەردانی یەكجارەكی منداڵەكانیان پاشگەز دەكاتەوەو ئێستا ئەو ماڵباتە بەئومێدەوە لەژیان دەڕوانن و منداڵەكانیش لەنێو باوەشی گەرم و سۆزی دایك و لایەلایەی شەوانی دایكیان دەخەون و رۆژ دەكەنەوە.
لەدەستدانی خۆشەویستی لەنێوان ژن و پیاو
سەربوردەی كێشەی ژن و پیاوێك دەمانخاتە ناو بیركردنەوەیەكی قووڵ بەوەی چۆن كەسێك بەهۆی نەگەیشتنی بە خۆشەویستەكەی، ژیانی خۆی و پاشان ئافرەتێك و دواتر منداڵەكانی پەلكێشی دۆزەخ دەكات و لەبری بڵاوەپێكردنی تۆوی ئاشتی و خۆشەویستی و تەبایی لە ناو ماڵباتەكەی. چۆن دەبێ ئەوە رووبدات ئافرەتێك لەرقی مێردەكەی پەیوەندییەكی نا شەرعی لەگەڵ كەسێكی دیكە دەبەستێت، بەفرین ئەو ئافرەتەیە كە وەك خۆی باسی لێوە دەكات بریتیە لەوەی ئەو هەمیشە لەساتی كچێنیدا بیری تەنیا لەوە دەكردەوە كە ئەگەر شووی كرد مێردەكەی خۆشی بوێ و ژیانێكی ئارام و دوور لەئاریشە ببەنە سەر، بەڵام ئەو ئەوەی بیری لێ نەدەكردەوە تێكەڵی ژیانی بوو ئەوە روویدا، بەفرین بەم شێوەیە چیرۆكی شووكردن و پاشان تێكەڵ بوون لەكێشەیەكی قووڵ لەگەڵ مێردەكەی دەگێڕێتەوە بەوەی لەرێگەی ناسیاوییەوە شووی بە جەمال كردووە، ئەو ئاماژە بۆ ئەوە دەكات جەمال 5 ساڵ لەخۆی بەتەمەنتر بووە، پاش ئەوەی جەمال كەسێكی خۆش دەویست و كەسوكارەكەی رێگەیان نەدات شوو بەجەمال بكات، جەمال بۆ رەواندنەوەی خەمەكانی لەنەبوونی هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەكەی و لەبیركردنی رووداوەكانی ئەو رووداوەكە بەلای جەمال رووداوێكی تاڵەو هەمیشە لەزەینیدا دەمێنێتەوە، بەفرین دەڵێت جەمال لەرێگەی چەند ناسیاوێكەوە خوازبێنی من دەكات و قیسمەت دەبێت و ژیانی هاوسەرگیری پێكدەهێنین، بەڵام لەیەكەم ساتی بەدەستگیرانی بوون و پاشان بوون بەهاوسەر كێشەو گرفتی گەورە بەرۆكی ئێمەی تازە بووك و زاوا گرت، تا وای لێدەهات رۆژانە بۆ دەیانجار جەمال لێی دەدام و سووكایەتی پێدەكردم، رۆژانەش دووپاتی لەوە دەكردەوە كە ئەو بەهیچ شێوەیەك منی خۆش ناوێت سەرەڕای ئەوەش دوو منداڵیشمان هەیە، جەمال لەبەردەم مندا قسەی لەگەڵ دەیان كچی دیكە دەكرد، بەم شێوە هەڵسوكەوتە ژیانی ماڵباتەكەمانی بەتەواوی كردە دۆزخ، ئەم رووداوانە وای لەمن كرد بەوەی لەڕقی جەمال منیش هەڵە بكەم، بەڵام چ هەڵەیەك كە هیچ كاتێك بیرم بۆی نەدەچوو ئەویش بەستنی پەیوەندیی خۆشەویستی بوو لەگەڵ كوڕێك كە هێشتا ژنی نەهێنا بوو، بەم شێوەیە هەڵسوكەوتەی منیش كێشەو شەڕ و جنێودان لەنێوان من و مێردەكەم زیاتر پەرەی سەند.
ئەو پیاوەی وادەزانێ پیاوەتی وابەسەتەیە بەو هێز و توانایەی هەیەتی هەڵەیە
بەفرین بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی چیرۆكی ناو ماڵباتەكەی، ئەوە دەخاتەڕوو بەوەی جەمال كەسێكی زۆر توڕەو خراپ بوو، ئەو خۆی بەپیاوێك دەزانێت وایدەزانی پیاوەتی پیاو وابەستەیە بەو هێز و توانایەی هەیەتی ئەو هێندە كەسێكی دڵرەقە، هیچ لەبەهاكانی مرۆڤ نازانێت هەموو رۆژێك لێیدەدام، ئەم بارودۆخەكە درێژەی كێشا تا كار گەیشتە ئەوەی بەرگەی لێدانەكانی جەمال نەگرم، بۆیە پەنام بۆ پەیمانگەی پرسە كۆمەڵایەتیەكانی رێكخراوێكی ئافرەتان برد بۆ ئەوەی لەم دۆزەخەدا رزگارم بكات، بەفرین درێژە بەگێڕانەوەی رووداوەكە دەدات ئەوەش دەخاتەروو ئەو راوێژكارە دەروونیەی گفتوگۆی لەگەڵ دەكرد دوای چەندین دانیشتن و گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ جەمال و پاشان رێناس ئەو كوڕەی پێوەندی خۆشەویستیم لەگەڵ هەبوو كێشەكان بەرەو چارەسەربوون هەنگاوی دەهاوێژت، چونكە ئەو ژن و پیاوە سوور بوون لەسەر ئەوەی جیاببنەوە.
مامەڵەكردنێكی زیرەكانە لەگەڵ رووداوەكە
زۆر گرنگە تۆ وەك مرۆڤ كاتێك دووچاری هەر كێشەیەك بوویت و توانای چارەسەركردنیت نەبوو، گوێ لەكەسانێك بگری كە دەتوانن چارەسەری كێشەكانت بكات، ئەو راوێژكارە دەروونیەی میانگیری ئەو ماڵباتەی دەكرد، زۆر بەوریای و زیرەكیەوە مامەڵەی لەگەڵ دۆسیەكەدا دەكرد، بۆ ماوەیەك بەفرینی رەوانەی وڵاتی توركیا كرد بۆ چارەسەركردنی برایە نەخۆشەكەی بێ ئەوەی دوو منداڵەكەی لەگەڵ خۆی ببات، بەڵكو منداڵەكان لای ماڵی دایكی بەفرین بوون، لەماوەی دووركەوتنەوەی 10 تا 12 رۆژی بەفرین، جەمال بیری لەبەفرین و پاشان منداڵەكانیشی دەكردەوە، لەو وڵاتەی بەفرین لێی نیشتەجێ بوو رۆژانە بۆ چەند جارێك پێوەندی بەمنداڵەكانی و پاشان جەمالیش دەكرد بەوەی بیریان دەكات. قسەیەك هەیە دەڵێ مرۆڤ نازانێ خێر لەچیدایە، بۆیە ئەو سەفەرە دوو هەفتەیەی بەفرین جۆرێك لەخۆشەویستی هێنایە كایەوە لەنێوانیاندا و تارادەیەكی زۆر لەجیابوونەوەی یەكجارەكیان پاشگەز بونەوە، لەبەر ئەوە جەمال و بەفرینیش بڕیاری ئەوەیاندا لەگەڵ گەڕانەوەی بەفرین بۆ كوردستان چاوێك بەكێشەكانیان بخشێننەوە، لێرەوە چارەسەركردنی كێشەیەكی قووڵ و گرفتێكی گەورەی بەردەم ماڵباتێك كە جیابوونەوە هەڕەشەیەكی مەترسیدار بوو لەسەریان هەنگاوەكانی سەر هەڵدێنێ.
پاشگەزبوونەوە لەهەڵەكانی رابردوو
گەیشتنی بەفرین و جەمال بەو باوەڕەی تەنیا ژیان بەیەكەوە ئاسوودەییان پێدەبەخشێ شتێكی گرنگ بوو بۆ ئەو راوێژكارە دەروونییەكە، بەڵام راوێژكارەكە ئەمجارە دووچاری لەمپەرێكی زەحمەت تر دەبێتەوە، ئەویش كێشەی رێناسە، ئەو رێناسەی كە پێوەندی خۆشەویستی لەگەڵ بەفرین هەیە، راوێژكارەكە ناچار بۆ چەند جارێك گفتوگۆو دانیشتنێكیش لەگەڵ رێناس ئەنجام دەدات بەوەی پاشگەز ببێتەوە لەو پێوەندییەی لەگەڵ بەفرین هەیەتی، بەڵام رێناس سوورە لەسەر ئەوەی بەفرین تەڵاق بدرێ و پاشان خۆی هاوسەرگیری لەگەڵ بكات، راوێژكارەكە ئەوە روون دەكاتەوە كە ئەو وەك كوڕێك ناكرێ هاوسەرگیری بەزۆر لەگەڵ ئافرەتێك بكات هێشتا تەڵاق نەدراوە و خاوەن دوو منداڵیشە، راستە تائێستا پەیوەندییەكی نا دروست و شەرعی لەنێوانیاندا هەبووە، بەڵام ئەو وەك كوڕێك لەنێو كۆمەڵگەو خانەوادەكەی خۆشی وێنەیەكی نا دروست و رۆشن لەسەر خۆی دروست دەكات، ئەو پێش چاوڕونیەش رێناس بەهۆش خۆی دەنێتەوەو هەلوێستەیەك لەسەر بیركردنەوەكانی دێنێتە كایەوە، سەرباری ئەوەش ژیانی دوو منداڵی بێ گوناه و بێ ئاگا لەهیچ كێشەیە دەخاتە ناو دۆزخەوە، بۆیە رێنوێنی راوێژكارەكە رێناس لەبیركردنەوە هەڵەكانی هۆشیار دەكاتەوەو ئەویش بۆ تا هەتایی دەستبەداری بەفرین دەبێت.
ئێستا
دوای هاتنەوەی، بەفرین و جەمال یەكتر دەبینن ئەمجارەیان نەك وەك پێشتر بەڵكو وەك كەسێكی هۆشیار لەبارەی كێشەكانیان دەدوێن و بەبیركردنەوەی عاقڵانە لەكێشەكانیان دەڕوانن كە كێشەیەكی بچووك خۆیان گەورەیان كردووە، بۆیە بەڵێن بەیەكتر دەدەن رابردووی تاڵی نێوانیان لەبیر بكەن و لاپەرەیەكی سپی هەڵبدەنەوە و بكەونەوە ناو باوەشی گەرمی یەكتریان، لەنێو ئەو باوەشە گەرمەشیاندا منداڵەكانیان گەرم بكەنەوە و لەناو سۆز و خۆشەویستی باوك و دایكدا بیانخەوێنن. ئێستا بەفرین و جەمال لەیەكێك لەگەڕەكەكانی شاری هەولێر سۆز و خۆشەویستیەكی زۆرەوە ژیانێكی ئاسایی و دوور لەهەر جۆرە گرفتێك بەڕێدەكەن.

ئەم چیرۆكە رووداوێكی راستەقینەیە سوود لەپەیمانگەی پرسە كۆمەڵایەتییەكانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان وەرگیراوە.
Top