قوربانییەكی ژن بە ژنێ خۆشەویستەكەی لەناو هەناویدا دەنێژێ

قوربانییەكی ژن بە ژنێ خۆشەویستەكەی لەناو هەناویدا دەنێژێ
زۆرن ئەو دیاردە نەریتییە سواوانەی كە زۆر جار قوربانیان لێدەكەوێتەوەو هەموو هیواو ئاواتەكانی تاكێك دەپووكێننەوە، یەكێك لەو دیاردە نەگریس و پڕ كێشانە ژن بە ژنێیە كە بەردەوام فرمێسكە قەتیس ماوەكانی عەشق و خۆشەویستی بە گۆنای ئەوینداراندا گلۆر دەكاتەوە. یەكێك لەو چاو بەفرمێسكانەش نهێنییەكانی خۆی بۆ گوڵان دەدركێنێت.
كەژاڵ هێشتا 27 بەهاری تەمەنی نەدیوە، بەڵام بەردەوام باسی خەزانی رۆحی خۆی دەكات. ئەو خۆی بە شكستخواردووی عەشقێكی پاك دەزانێت، گەرچی بەژن و روخسارێكی جوان و سەرنجڕاكێشی هەیە، بەڵام بەو جوانیییەی خۆی دڵخۆش نییە، چونكە «هەر ئەو جوانییە وای كرد لە تەمەنی16ساڵی بۆ براكەم ژن بە ژنێ بكەن و من كرامە ئامانج».
كەژاڵ لەكاتێكدا كە نمەی فرمێسك گلێنەی چاوی دادەپۆشی وبە دەنگێكی شەرمنانەوە بەمجۆرە باسی ژیانی رابردووی خۆی كرد: «نۆ مانگ بوو لەگەڵ كوڕێكی گەڕەكی خۆمان پەیوەندی خۆشەویستیم هەبوو، عاشقی یەكتر بووین، زۆر بە پاكی و راستگۆیی، بەڵام ژن بە ژنێ وەك قەدەرێك بەزەیی بە دڵی پاك و عەشقی پاكماندا نەهات و بۆ هەتایی لە خۆشەویستەكەم دایبڕاندم. ئەو غەدرەی لە من كرا، بۆ خزمەكانم بووە دەرسێك و تەواوی كچی تایفەكەمان بەدڵی خۆیان بەشوودران. منیش پێش ئەوەی بڕۆمە ماڵە مێرد، كە بە تەمەن زۆر جیاواز بووین، لەگەڵ خۆشەویستەكەم بەو پەڕی پاكییەوە جارێكی دیكە پێكەوە دانیشتین، ئەو وتی: تۆ چیت پێ باشە من لەم چركەساتەوە دەیكەم، منیش پێمگوت: ئەگەر شتێكم كردبا لە سەرەتاوە دەمكرد، تازە هیچم پێ ناكرێت، دواجار بە منی وت: توخوا لە هەر كوێیەك منت بینی، مەرحەبایم بكە، دواتر بە گریان و دڵشكاوی ماڵئاواییمان لە یەكتری كرد. تاوەكو منداڵێكیشم بوو، هیچ هەواڵێكیم نەزانی، دوای تێپەڕبوونی چوارساڵ لەڕێگەی خزمێكیانەوە ژمارەی خۆی بۆ ناردم، كە پوورەكانی رۆیشتن، یەكسەر تەلەفۆنم بۆ كرد، پێی گوتم: دەیەوێ ژن بهێنێت، كە گوێم لەم قسەیەی بوو، دڵم داخورپا، زۆرم پێ ناخۆش بوو، بەڵام تازە هیچ چارمان نەبوو، جگە لەوەی بەو قسمەتە رازی بین.
كەژاڵ دوای ئەوەی فرمێسكەكانی دەسڕێتەوە، جارێكی دیكە دوعای بەختەوەری بۆ خۆشەویستەكەی دەكات و لەبارەی پەیوەندی خۆی و هاوسەرەكەشی گوتی «من دەمتوانی رابكەم، دەمتوانی خۆم لەو ژن بە ژنێیە رزگار بكەم، بەڵام بۆ خاتری كەرامەتی خۆم و خێزانەكەم ئەوەم نەكرد، كاتێكیش ئەو مێردكردنەم قبووڵ كرد، هەرگیز خیانەتم پێنەكرد.
ئێستاش كچێك و دوو كوڕی جوانم هەیە، ئەوان هاودەمی شەو و رۆژانمن، ئاواتەكانم لە چاوانی ئەوان بەدی دەكەم، بە تایبەتی كچەكەم كە نۆبەرەمە زۆرجار باسی ژیانی خۆمی بۆ دەكەم، ئەگەرچی لە ناخمەوە بریندار و دڵشكاوم، بەڵام كە لە باڵای منداڵەكانم رادەمێنم ئازارەكانم لە بیر دەكەم.
Top