ئایا ڕاگەیاندنەكان تەنیا لەبۆنـەكاندا گرنگی بەئافرەتان دەدەن؟

ئایا ڕاگەیاندنەكان  تەنیا لەبۆنـەكاندا گرنگی بەئافرەتان دەدەن؟
زۆرجار باسی ئەوەی دەكرێت كە ئافرەتانی كورد چ لەڕابردوو، چ لە ئێستادا لەهەموو كایەسیاسی و كۆمەڵایەتییەكاندا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە، لەگەڵ لەئەوەشدا گلەیی لەوەدەكرێت كە زۆربەی دامودەزگەكانی ڕاگەیاندن تەنیا لەبۆنەكاندا گرنگی بەئافرەتان دەدەن، زۆرجاریش «بە ئەنقەست» روخساریان ناشیرین دەكەن. بەڕێوەبەری رۆژنامەكانیش رای تایبەت بە خۆیان هەیە.
لەڕۆژی چوونی لەشكرێكی تایبەتی پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئۆپەراسیۆنی دیجلەو بەرپەرچدانەوەی پیلان و هەڕەشەكانی بەغدا لەسەر ناوچەكوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم، ژن و منداڵ و پیاوانی شاری هەولێر لەسەر شەقامەكان ئامادەبوون و پێشوازییەكی گەرمیان لە پێشمەرگەدەكرد، هاوكات بۆ ماوەی 16 ڕۆژ لەناو شاری هەولێرو لەسەردەستی ئەنجومەنی باڵای خانمان، (كۆنفرانسی هەڵمەتی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لەهەرێمی كوردستان) رێكخرا. هەمان ڕۆژ پەیامنێری (گوڵان) كامێراو رێكۆردەرەكەی خستەناو جانتاكەی و لەهۆڵی كونفرانسەكەو لەسەر شەقامیش رای ئافرەتانی لەمەڕ ئەم پرسیارە وەردەگرت: ئایا ڕاگەیاندنەكان تەنیا لەبۆنەكاندا گرنگی بەئافرەتان دەدەن؟
پێویستەبەڕێوەبەرانی دەزگەكانی راگەیاندن بڕوایان بە یەكسانیی ئافرەت و پیاو هەبێت
ئالان مەحموود وەك كۆمەڵناسێك لەوبارەیەوە رای خۆی هەیە، ئەو لەپشوویەكی كۆنفرانسی هەڵمەتی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لەهەرێمی كوردستان بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكەی داوە:
«ناكرێ بڵێین بەگشتی دامودەزگەكانی ڕاگەیاندن تەنیا لە بۆنەكان ئافرەت بەسەر دەكەنەوە، چونكە زۆربەی رۆژنامە و گۆڤار و تیڤییەكان كەم و زۆر باسی مافەكانی ئافرەتان دەكەن، بەڵام بێگومان زیاتر لە بۆنەكان گرنگی بە ئافرەت دەدەن، ئەوەی زۆر جێی نیگەرانیشە ئەوەیە كە زۆربەیان زۆرجار بەئەنقەست، یان لە نەزانییەوە رووخساری ئافرەتی كورد ناشیرین دەكەن». بۆ نموونە، كاتێك لە گۆڤار و ڕۆژنامەكاندا باسی خیانەت دەكەن، یەكسەر وێنەی ئافرەتێك بەگەورەیی لەتەنیشت راپۆرت، یان نووسینەكەیان دادەنێن، وەك بڵێن تەنیا ئافرەت خیانەت دەكات، كە لەڕاستیدا وانییەو بەشێك لە رۆژنامەكان نازانن چەمكی خیانەت هەردوو ڕەگەزەكە دەگرێتەوە». ئالان گوتیشی «ڕاگەیاندكار و بەڕێوەبەرانی دامودەزگەكانی راگەیاندن پێویستە بڕوایان بەیەكسانیی ئافرەت و پیاو لەمافی ئینسانیدا هەبێت، واتە بەبێ جیاوازیی ڕەگەزی و وەك مرۆڤ سەیریان بكەن».
بەڵام وەزیرە تالیب كە ئافرەتێكی تەمەن 42 ساڵەیە و لە سەر جادەی كەركووك لە هەولێر، پێشمەرگەكانی نوقڵباران دەكرد، بە تووڕەییەوە گوتی «ئاخر ئێستا كاتی ئەو پرسیارەیە، ئەوەتا شەڕ دەرگای پێگرتووین، بڕۆن پرسیار بكەن لە دایك و باوكان بزانن نەوەكانیان منداڵیان بۆ بەرگری كردن لە خاكەكەیان ئامادە كردووە».
لەهەرێمی كوردستان رۆژنامەوانی پڕۆفیشناڵ و پیشەیی دەگمەنن
ژیان سدیق وەك چالاكوانێكی بواری ئافرەتان، كە كوردێكی دوورەوڵاتەو دانیشتووی وڵاتی نەرویجە، سەبارەت بە ڕاگەیاندنەكان و گرنگیدانیان بەپرسی ئافرەت دەڵێت «گومان لەوەدا نییە كە ئاستی وشیاریی تاكی كورد لەهەموو دنیادا بەرزبۆتەوە، لە باشووری كوردستانیش بەهۆی زۆری و فراوانی دامودەزگەكانی ڕاگەیاندن، تاڕادەیەكی بەرچاو كار بۆ چەسپاندنی مافەكانی ژن كراوە، بەڵام ئینكاری كەموكوڕییەكانیش ناكرێت، چونكە لە هەرێمی كوردستان رۆژنامەوانی پڕۆفیشناڵ و پیشەیی زۆر كەمن و و بە دەگمەن لە ڕووماڵكردنی كارە مەیدانییەكانیان باڵانسی سایكۆلۆژی تاكی كۆمەڵگە یەكسانی جێندەری دەبیندرێت».
لەگشت رۆژنامەو گۆڤارەكاندا باسی ئافرەتان دەكرێت
ئاكۆ محەمەد سەرنووسەری رۆژنامەی رووداو، لەوەڵامی هەمان پرسیاردا بە گوڵانی گوت «بەپێچەوانەوە من هەرگیز وای نابینم كە ڕاگەیاندنەكان ژنیان پشتگوێ خستبێت و تەنیا لەبۆنە و یادەكاندا گرنگیی بەدۆسیەی ژنان بدەن، ڕاگەیاندنەكان لەهەموو كاتێكدا گرنگی بەئافرەتان دەدەن»، ئەوەشی دووپات كردەوە كە «ئەگەر بەدواداچوونێك بۆ ژمارەی رۆژانە، یان هەفتانەی گۆڤار و رۆژنامەكان بكرێت، دەبینرێت زۆربەی ژمارەی رۆژنامەو گۆڤارەكان باسی ئافرەتی تێدایە جا ئەگەر ڕاپۆرتێكی كۆمەڵایەتی بێت، یان شیكردنەوەی رووداوێك بێت، یان بەدواداچوون بۆ كێشەیەك بووبێت، بەتایبەتی ئەگەر رووداوێكی دیاریكراو هەبێت، وەك كوشتنی ئافرەتێك، یان هەر بەدواداچوونێكی دیكە، كارو بەدواداچوونی لەسەر كراوە» ئاكۆ محەمەد زیاتر گوتی «من وەك رۆژنامەنووسێك پێموا نییە ڕاگەیاندن تەنیا لەكاتی بۆنەكاندا باسی ئافرەتان بكەن، بەڵكو لەزۆربەی كاتدا دەتوانم بڵێم لەسەرجەم ژمارەكانی رۆژنامەو گۆڤارەكاندا باسی ئافرەتان دەكرێت و گرنگی پێدەدرێت، لانیكەم هەوڵدراوە بەڕاپۆرتێك، یان بە بەدوادچوونێك كار لەسەر كێشەی ئافرەتان بكرێت».
راگەیاندنەكان تەنیا كێشەكۆمەڵایەتییەكان زەق دەكەنەوەو ناتوانن چارەسەری بۆدابنن
بێستوون نووری سەرنووسەری گۆڤاری سڤیل، سەرەتا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە «لە هەرێمی كوردستاندا ئەمڕۆ دەیان دەزگەو كەناڵی راگەیاندنی جۆراوجۆر هەن، گوتیشی «راگەیاندنێك كە تایبەتە بەپرسی ئافرەت، یان دەزگایەكی كۆمەڵایەتی جیاوازە لەگەڵ رۆژنامەیەكی سیاسیدا، چونكە ئەوەی تایبەتە بە ئافرەتان شتێكی حەتمیە زیاتر ئەم دۆزە دەخاتەڕوو». جەختی لەوەش كردەوە كە راگەیاندنەكان زۆر باسی مەسەلەی ئافرەت دەكەن و هەمیشە كێشەكانی ئافرەتان زەق دەكەنەوە.
سەرنووسەری گۆڤاری سڤیل ئەوەشی روونكردەوە كە «دەزگاكانی راگەیاندن لە خستنەڕووی كێشەكان و زەقكردنەوەی كێشەكانی ژناندا سەركەوتوون، بەڵام لەدۆزینەوەی چارەسەر سەركەوتوو نەبوون، گوتیشی «ناكرێت بگوترێ راگەیاندن گرنگی بەپرسی ئافرەت نادات و باسی ناكات، چونكە زۆر باسی دەكرێت و زۆربەی دەزگاكانی راگەیاندن هەمیشە ئەو كێشەیە زەق دەكەنەوە، بەڵام دەتوانرێت بگوترێت راگەیاندنەكان تەنیا كێشەكۆمەڵایەتییەكان زەق دەكەنەوەو ناتوانن چارەسەریان بۆدابنێن».
باسكردنی پرسی ئافرەت نەریتێكی تەقلیدی وەرگرتووەو لێی بێزار بووین
هێرش كانەبی وەك توێژەرێكی كۆمەڵایەتی، سەبارەت بە هەمان پرس، رایوایە «لەئێستادا زیاد لەپێویست باس لەكێشەكانی ئافرەتان دەكرێت، ئەوەندەی باسی كێشەی ئافرەت دەكرێت، چارەكی ئەوە باسی قەیرانە مەترسیدارەكانی وەك دەرمانی ئێكسپایەر و گرانیی كەلوپەلی پزیشكی و نەبوونی دەزگایەكی ئاسایشی نەتەوەیی نەكراوە». گوتیشی «باسكردنی پرسی ئافرەت نەریتێكی تەقلیدی وەرگرتووەو هەموومان ئەوەندە گوێبیستی ئەو بابەتە بووین، لێی بێزار بووین». ئەو توێژەرە جەخت لەوەش دەكاتەوە كە «دەزگاكانی راگەیاندنی حزبی لەبەر دوو هۆكار زیاد لەپێویست گرنگی بەمەسەلەی ئافرەتان دەدەن، یەكەمیان بۆ ئەوەی كە بڵێن حزبەكانی ئێمە دیموكراسین و گرنگی بەئافرەت دەدەن، تەنانەت لەپەرلەمانیشدا هەمان شت دووبارەبۆتەوە ئەوەندە باسی مەسەلەی ئافرەت كراوە ئەوەندە باسی هیچ شتێكی دیكە نەكراوە، خاڵی دووەم ئەوەیە كە زۆر لە راگەیاندنەكان میللەتیان بەباسی مەسەلەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتەوە سەرقاڵ كردووە». هێرش زیاتر گوتی «بە بڕوای من زۆر باسكردنی پرس و مافەكانی ئافرەتان لەلایەن راگەیاندنەكانەوە كێشەی زۆری دروستكردووە، رێكخراوەكانی ژنانیش پارەیەكی زۆریان لەو بوارەدا خەرج كردووە، بێ ئەوەی هیچ كاریگەرییەكیان هەبێت».
پێویستە ڕاگەیاندنەكان كاری زیاتر بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی ژنان بكەن
ئەڤین سەلاحەدین وەك ڕاگەیاندنكار و چالاكوانێكی بواری مافی ئافرەتان، ڕای جیاوازی هەیە، ئەو بەپێویستی دەزانێت ڕاگەیاندنەكان و ڕێكخراوەكانی ژنان زۆر زیاتر لەوەی هەیە كار بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی ژنان بكەن، چونكە «ڕێژەی ژنان لەڕووی دانیشتووانەوە زۆر لەپیاوان زیاترە، بەڵام چونكە كۆمەڵگەكەمان كۆمەڵگەیەكی نەریتی و كەلتوورییە و دەسەڵات و كاریگەری پیاو زاڵترە بەسەر ئافرەتاندا لەهەموو ڕوویەكەوە، هەروەها بە هۆی هەمان پیاوسالاری ئافرەت لە مافەكانی بێبەش دەكرێت، بۆیە پێویستە ڕاگەیاندنەكان و ڕێكخراوەكانی مەدەنی و تاكی ڕۆشنبیر بەهەموو شێوەیەك هەوڵ بدەن ئافرەت بە مافەكانی شاد بكەنەوە».
Top