خانمێكی رزگاربووی نوگرە سه‌لمان ده‌ستدرێژیی به‌عس بۆ گوڵان ده‌گێڕێته‌وه‌

خانمێكی رزگاربووی نوگرە سه‌لمان ده‌ستدرێژیی به‌عس بۆ گوڵان ده‌گێڕێته‌وه‌
گوڵان:تارا محەمەد

سەدان ئافرەتی ڕزگاربووی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال، تائێستاش بە ئازارەكانی خۆیانەوە دەتلێنەوەو باری دەروونییان جێگیر نەبووە، ئەوان چیرۆكی دەستدرێژییەكانی بەعسی ڕووخاو بەرامبەر بە ئافرەتانی گەنجی ناو گرتووخانەكان دەگێڕنەوە. یەكێك لەو ئافرەتانەش ڕاشكاوانە هەموو نهێنییەكانی خۆی بۆ گوڵان دەدركێنێ‌.
تاوانەكانی رژێمی ڕووخاوی بەعسی عێراق بەرامبەر بەكوردان، هەموو سنوورەكانی بەزاند، لەسەركوتكردنی تاك و ڕووخاندنی گوندەكان و ڕاگواستنی زۆرەملێ هەتا كۆمەڵكوژی و جینۆسایدو كیمیاباران، لەهیچ تاوانێك درێخییان نەكرد، گەرچی ئەو برینانە هەرگیز ساڕێژ نابن، بەڵام كۆمەڵگەی كوردی برینی قووڵتریشی هەڵگرتووە، ئەوەتا سەدان ئافرەتی ڕزگاربووی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال، تا ئێستا بە ئازارەكانی خۆیانەوە دەتلێنەوە و چیرۆكی دەستدرێژییەكانی بەعسی ڕووخاو بەرامبەر بە ئافرەتانی گەنجی ناو گرتووخانەكان دەگێڕنەوە. شلێر یەكێكە لەو ئافرەتانە كە دوای ڕزگاربوونی بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ لە دەرەوەی وڵات لە ژێر چاودێریی پزیشكانی دەروونناسدا بووەو چارەسەری دەروونیی بۆ كراوە. ئەو ئێستا ئافرەتێكی تەمەن 42 ساڵەو لەگەڵ ئەوەی كە بە ئیرادەیەكی پۆڵایینەوە ژیانی خۆی ئاسایی كردۆتەوە، بەڵام ئاسەوارەكانی ئەو تراژیدیایەی لەبیر نەچووە، كە هەموو كەسوكاری ئەنفال كران و خۆیشی لە لایەن دڕندەكانی بەعسەوە چەندین جار ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێكسی بۆتەوە، هەر كاتێك بیری لێدەكاتەوە، یان ناچار دەبێت بۆ كەسێكی باس بكات، خوڕخوڕ فرمێسك بە سەر گۆنا سپی و ئاڵەكانیدا گلار دەبێتەوە.
شلێر و خانەوادەكەی وەك خێزانێكی گەرمیانی لە 14/4/1988 ئەنفالكران، ئەو تاوەكو 20/9ی هەمان ساڵ لە گرتووخانەی (نوگرە سەلمان) زیندانی بووە، وەك خۆی باسی كرد، ئەوكات تەمەنی 18 ساڵان بووە، لەبارەی ژیان و گوزەرانی ناو گرتووخانەكەش دەڵێت: لەو زیندانە گەورەترین توندوتیژی دەرهەق بە تێكڕای زیندانیان بە ئافرەت و پیاو و منداڵ و پیر كراوە، رۆژانە ئەشكەنجەدان هەبوو، ئاوی خواردنەوە نەبوو، دكتۆر و دەرمان وجوودی نەبوو، هەموو چارەسەرییەكانی ناو زیندان بە قوڕ دەكرا، ئافرەتێك منداڵی بوو بە لەتە شووشەیەك ناوكی منداڵەكەیان بۆ بڕی، منداڵەكەشی مرد، فەردەیەكی خۆڵیان بەتاڵ كرد و لە منداڵەكەیان پێچایەوە، رۆژانە دوو سێ‌ منداڵ دەمردن، پیرەكانیش بە هەمان شێوە، من داپیرەم تەنیا یەك هەفتە بەرگەی ئەو ترس و برسێتییەی گرت و مرد».
شلێر زۆر هەوڵ دەدات خۆڕاگر بێت، زۆریش هەوڵی داوە لە ژێر ڕێنمایی پزیشكانی دەروونناسدا ئەو كارەسات و تراژیدیایەی ژیانی فەرامۆش بكات، بەڵام كاتێك باسی داپیرەی و كەسوكاری كرد كە یەك بە یەك لەبەرچاوی خۆیدا كوژراون، یان بەرگەی ئازاریان نەگرتووەو مردوون، ئیدی نەیتوانی پێش بە قوڵپەی گریانی بگرێت و فرمێسكە قەتیس ماوەكانی ناو چاوی بەرنەداتەوە، هاوكات بە دەنگە لەرزۆكە تێكەڵ بە گریانەكەی نەفرەتی «ئەو خوانەناس و دڕندە و ئاژەڵانە»ی كرد، كە هەموو توندوتیژییەكیان بەرامبەر بە زیندانیانیش بەكار هێناوە.
شلێر بەمجۆرە باسی ڕۆژانی پڕ لە نەهامەتی خۆی دەكات «مردووكان لە گۆڕەپانەكە لە ژێر هەندێك خۆڵ دەنران، نەیاندەهێشت گۆڕیان بۆ هەڵبكەنین، كە مەغریبیش دادەهات، سەگ دەهاتن و لاشەی مردووەكانیان دەردەهێنا و دەیانخوارد، ئەفسەرەكان شەڕی دەروونییان لەگەڵ بەندكراوەكان دەكرد، بۆ نموونە لە كاتی وەرگرتنی خواردن كە رۆژانە تەنیا دوو سەموون بوو، لەبەر چاوی دایك و باوكی دەستیان بۆ كچەكان دەبرد، دایك و باوكەكە ئەگەر بە جواب بهاتبان، ئەوا لەبەر چاوی ئەوان دەستدرێژییان دەكردە سەر كچەكەی، یان كچە خۆی تفی لە ئەفسەرەكە بكردبا دیسان وەك تۆڵەسەندنەوەیەك سووكایەتییان پێدەكردو دەستدرێژییان دەكردە سەری، یەكێك لەم باوكانە جەڵتە لێیدا و مرد كە كچەكەی بەمجۆرە بینی.
شلێر بەوە دڵخۆشە كە «هەر زاڵمێك، خوا زەواڵێكی بۆ دەنێرێت، بۆیە ملی سەدام و پەیكەرەكەشی بە حەبلەوە كران و گۆڕبەگوڕ بوون»، ئەو دوای تووڕەبوون و نەفرەت كردنی زۆری سەدام حوسێن و حكومەتی لەگۆڕنراوی بەعس جارێكی دیكە باسی نوگرە سەلمان دەكات و دەڵێت «ئەوە زیندان نەبوو، كوشتارگا بوو، كارەبایان لە لە ژنان دەدا، ئیهانه‌ی زۆر خراپی پیاوەكانیان ده‌كرد لە نوگرە سەلمان ژنەكان وەكو پیاو ریشیان هاتبوو، چونكە دەرزی هۆرمۆنیان لێدابوون بۆ ئەوەی منداڵیان نەبێت، ئێستاش زۆربەی ئەو كچانە منداڵیان نابێت و تووشی تێكچوونی هۆرمۆن بوونە، ژووری پیر و منداڵ بەیەكەوە بوو، كچە عازەبەكان ژووریان جودا بوو، من لە ژوورێك بووم شەش كچ بووین، شەوانە بە ناوی تەحقیق دەهاتن كچەكانیان دەبرد، یەكێك لەم كچانە دوای ئەوەی بردیان، كە هاتەوە شەو تا بەیانی گریا، بەیانی كە لە خەو هەستاین، بینیمان بە سەرپۆشەكەی خۆی خۆی خنكاندووە، تەعزیبەكانی ئەوێ‌ هیچی لەسەر سیاسەت نەبوو، ئەوان بە نووسراو ئاگادار كرابوونەوە كە كچی سەرووی تەمەن 12 ساڵی ئەتك بكەن».
بێگومان نموونەی وەك شلێر كەم نین كە رژێمی بەعسی ڕووخاو بە هیچ هۆكارێك و تەنیا لەبەر كوردبوون بەو شێوە نامرۆڤانەیە مامەڵەی لەگەڵ كردون، بۆیە بە پێویست دەزانرێت‌ حكومەتی هەرێمی كوردستان بە جددی ئاوڕ لەو ئافرەتانە بداتەوە، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بتوانن بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان بیانگەڕێننەوە و برینە قووڵەكانیان سارێژ بكەن.
Top