خۆشەویستییەك بە كوشتن كۆتایی هات

خۆشەویستییەك بە كوشتن كۆتایی هات
ئافرەتێكی گەنم رەنگ كە تەنیا 25 بەهاری بینیوە، بە منداڵی لە پیاوێكی بەساڵاچوو مارەدەكرێت، دوای چەند مانگێك بەهۆی كۆمەڵێ هۆكار ناتوانێت ئەو «دۆزەخە» قبووڵ بكات، بۆیە بە یەكجاری بۆ ماڵی باوكی دەگەڕێتەوە، دوای ساڵانێك دەكەوێتە داوی عەشقی كوڕێكی گەڕەكەكەیان كە هەڵیدەخەڵەتێنێت و پێكەوە هەڵدێن، بەڵام كوڕەكە دوای چەند ڕۆژێك بەجێی دەهێڵێت، ئەویش ناچار پەنا بۆ ماڵی باوكی دەباتەوە، باوكیشی لە ناو حەمامی ماڵەكدا كۆتایی بە ژیانی دەهێنێت.
بە درێژایی مێژووی سەرهەڵدانی مرۆڤ و لەدروستبوونی مرۆڤیشەوە تا ئێستا خۆشەویستی لە نێوان هەردوو ڕەگەز بوونی هەبووە و بە قۆناغی جیاوازدا تێپەڕێوە، زۆر جاریش باسی ئەوە دەكرێ كە خۆشەویستی لە ڕابردوودا خاوێنتر بووە لە ئێستا، لەهەزارەی سێیەمیشدا زۆرجار پەیوەندیی خۆشەویستی وەك ئامرازێك خراوەتە خزمەت بەرژەوەندیی تاكەكەسی حەز و ئارەزووە سەركێشەكانی دامركاندووە، بۆیە دەگوترێ خۆشەویستی چەشنی جەستەیەكی بێ گیان لەسەر لێوارەكانی هەوەس بێناز كەوتووە، زۆرجاریش نەفرەت لە خۆشەویستی و هەڵگرانی پەیامەكەی دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا خۆشەویستییە پاك و بێگەردەكانیش بەردەوامن و ڕێگەخۆشكەری گرێدانی ژیانی هاوسەرین، كەچی زۆر جار ئافرەت دەبێتە قوربانی و بەكەمترین پەیوەندیی خۆشەویستی كۆتایی بە ژیانی دەهێنن.
شیرین ئافرەتێكی گەنم ڕەنگی تەمەن 25 بەهار بوو،بەبێ بوونی هیچ ئەزموونێك ژیان و ئایندەی بە عەشقێكی دۆڕاو سپارد، ئەو لە تەمەنێكی زوودا بەزۆر لە پیاوێكی پیر مارەبڕابوو، بەڵام بەهۆی كۆمەڵێ هۆكار نەیتوانی لەگەڵ ئەو پیاوەپیرە درێژە بە ژیانی ژن و مێردایەتی بدات و دوای چەند مانگێك دەگەڕێتەوە ماڵی باوكی، شیرین دوای تێپەڕبوونی ساڵانێك دەكەوێتە داوی عەشقی كوڕێكی گەڕەكەكەیان بە ناوی (سیروان) كە تەمەنی 31 ساڵە، بەڵام سیروان ئامادەنابێت خوازبێنی بكات و شیرین هەڵدەخەڵەتێنێت تاوەكو لەگەڵیدا بڕوات، دوای رۆیشتنیان و دوای تێپەڕ بوونی ماوەیەك كوڕەكە خۆی لە شیرین ون دەكات، شیرینیش بە ناچاری دوای شكستهێنانی لە پەیوەندییەدا پەنا بۆ ماڵی باوكی دەباتەوە، بەڵام باوكی بێ بەزەییانە ئاگر لە خەرمانی عومری بەردەدات و دەیكوژێت.
نیوەڕۆیەك زەنگی تەلەفۆنی بنكەی پۆلیسی گەڕەكەكەیان لێدەدات، كاتێك ئەفسەری بنكەكە وەڵام دەداتەوە، باوكی شیرین پێیان دەڵێت « لەبەر ئەوەی كچەكەم بەدڕەوشت بوو، هەرئێستا لە ناو حەمامی ماڵەكەی خۆمان كوشتم»
وەك پۆلیس ئاماژەی پێدا، ئەوان دوای ئەو تەلەفۆنەكە دەگەنە شوێنی ڕووداوەكە، بەڵام ماڵی باوكی شیرین و هەموو خێزانەكەی هەڵهاتبوون و تەرمەكەش هەر لە ناو حەمامەكەدا كەوتبوو، تاوەكو ئێستاش بكوژەكە دەستگیر نەكراوە.
وێڕای گرتنەبەری رێكاری تۆكمە و جددی بۆ بنبڕكردنی دیاردەی كوشتنی ئافرەت لەسەر شەرەف، بەڵام لێرەولەوێ ئەو تاوانە دووبارە و سێبارە دەبێتەوە، بكوژانیش وەك بەرزەكی بانان بۆی دەردەچن و خۆیان بزر دەكەن بۆیە چالاكوانانی بواری مافی ئافرەت داوا لە پەرلەمان و حكومەت دەكەن فشاری زیاتر بخەنە سەر دادگا بۆ ئەوەی بە جددی یاسای توندوتیژیی خێزانی بكەوێتە واری جێبەجێكردن و سزای هەموو بكوژێك بە توندی بدرێت

تێبینی: ناوەكان خوازراون، بەڵام ئەمە رووداوێكی راستەقینەبوو كە زانیارییەكانی لەبەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی تاوان وەرگیراوە.
Top