پیاوێك نهێنی كوشتنەكەی لەگەڵ خۆی دەباتە ژێرخاك

پیاوێك نهێنی كوشتنەكەی لەگەڵ خۆی دەباتە ژێرخاك
ئافرەتێك بە خەمبارییەكی زۆرەوە باسی كوژرانی هاوسەرەكەی بۆ پۆلیس دەكات، ئەو نهێنییەكانی كوشتنی هاوسەرەكەی نازانێت، بەڵام جەخت لەوە دەكاتەوە كە پەیوەندی لەگەڵ كچێكدا هەبووە، هەر ئەوەش بە هۆكاری كوشتنی مێردەكەی دەزانێت.
ماوەیەك پێش ئێستاو لەڕۆژی یەكەمی جەژندا تەرمێك لە ناو ئۆتۆمبێلێكدا دۆزرایەوە، لە پشكنینی تاوانكاری بۆ شوێنەكە دەركەوت كە پیاوێكی تەمەن 44 ساڵ لەناو ئۆتۆمبێلەكەیدا بەچەقۆ لەسەری دراوە و كوشتوویانەو دواتر تەرمەكەیان لەناوفەردەیەكی ڕەش كردووە و خستوویانەتە ناو سندوقی ئۆتۆمبیلەكەی و پاشان ئاگریان داوە و هەڵهاتوون، بەڵام لەبەر ئەوەی بە پەلە تاوانەكەیان ئەنجام داوە، چاوڕوانی سووتانی ئۆتۆمبیلەكە ناكەن و یەكسەر لە شوێنی تاوانەكە دوور دەكەونەوە، ئۆتۆمبیلەكەش ناسووتێت و ئاگرەكەی دەكووژێتەوە. بەپێی ئاسەواری رووداوەكە لەوانەیە بكوژانی تاوانبار دوو یان چەند كەس بن، تا ئێستا لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بەردەوامەو بكوژانیش دەستگیر نەكراون.
ئەسمەر ناوی خوازراوی ئەو ئافرەتەیە كە هاوسەرەكەی كوژراوە، ئەو دوو ساڵ بە تەمەن لە هاوسەرەكەی بچووكترە و وەك خۆی باسیدەكات بە خۆشەویستی ژیانی هاوسەری پێكەوەناوەو ماوەی 14 ساڵە لەگەڵ شەهابی خۆشەویستی هاوسەرگیری كردووە. ئەسمەر بەمجۆرە باسی ژیانی هاوسەری خۆی دەكات، «بەدرێژایی ئەو چواردە ساڵە من و شەهاب پێكەوە كارمان دەكرد، ئەو كەسێكی كاسب بوو، ئیشی دەكرد و وەزعی ماددیشمان باش بوو، هەمیشە خانووی خۆمان هەبووە، باوكی شەهابیش زۆر هاوكاری دەكردین، ماڵی باوكیشم دەوڵەمەند بوون، وەزعمان زۆر خۆش بوو، هەموو رۆژانێك من و منداڵەكانی پێكەوە دەبردە دەرەوە، بەڵام ماوەی زیاتر لە ساڵێكە شەهاب هەڵسوكەوتی گۆڕدرابوو، وەك جاران نەمابوو، ئێواران درەنگ دەهاتەوە، هەر خەریكی چوونە دەرەوە بوو، كە لێم دەپرسییەوە لەكوێ بووی، لێم تووڕە دەبوو، قسەی پێدەگوتم، شەڕی دەكرد، هەتا رۆژێكیان نووستبووین، شەهاب لەخەو هەستا و ڕۆیشتە حەوشە، گوێم لێ بوو لەگەڵ كچێكدا بە موبایلەكەی قسەی دەكرد، دڵنیا بووم كە بەرامبەرەكەی كچە، چونكە بە كچەی دەگوت: دێمە خوازبێنیت، خەمت نەبێت، بەڵام نەمزانی كچەكە كێیە، دواتر هەر چاودێریم كرد، تاوایلێهات لەكاتی نانخواردنیش دەچوو تەلەفونی دەكرد، دوای ماوەیەك شەهاب گوتی: دەمەوێت ژن بێنم، منیش بەوە زۆر تووڕە بووم، شەڕمان بوو، منیش چوومەوە ماڵی باوكم، ئیتر ئاگام لێیان نەما، هەتا ئەو رۆژەی گوتیان شەهاب كوژراوە، ئیتر نازانم كێ كوشتوویەتی، ئەگەر ئەو كچە بدۆزرێتەوە، شتەكان ئاشكرا دەبن، چونكە من پێموایە دەستی ئەوی تێدایە» .
كاوە كوڕی كوژراوەكەیەو تەمەنی 13 ساڵانە، ئەویش بەمجۆرە باسی باوكی خۆی دەكات «من وەك دایكم هەستم بەوە دەكرد كە باوكم هیچ ئاگای لە ماڵ و منداڵ نەماوە، هەر لەخۆیەوە تووڕە دەبوو، هەتا زانیمان كە دەیەوێت ژن بهێنێت، بەڵام نەمانزانی كێ دەیەوێت شووی پێبكات، بەڵام ئەو كچێكی گەنج بوو، چونكە چەند جارێك گوێم لێی بوو كەقسەی بۆ باوكم دەكرد و دەیگوت لەقوتابخانە دێمەوە، بەڵام من نازانم كێ باوكمی كوشتووە، ڕەنگە باوكم بۆ پارەكەی كوژرابێت، چونكە پارەكەشی براوە، بەڵام من ئەوەندە ئاگام لێی بوو كە ئەو شەوەی كوشتیان، باوكم هەر لەئێوارەوە تێكچووبوو، هەردەهات و دەچوو، وەك چاوەڕاوانی شتێك بكات، لەپڕێكدا تەلەفۆنێكی بۆهات، وابزانم نزیك سەعات یانزەی شەوبوو، باوكم گوتی: من دەڕۆم دەعوەتم لەماڵێك، ئەگەر درەنگ كەوتم نیگەران مەبن. بەڵام ئەو ڕۆیشتنە ڕۆیشت ئیتر نەگەڕاوە تا هەواڵی كوشتنەكەیمان بیست».
Top