مەنیژە: مێردەکەم دەست و پێمی بەست و دارکاری کردم

مەنیژە: مێردەکەم دەست و پێمی بەست و دارکاری کردم
مەنیژە ژنێکی بیست ساڵەی دانیشتووی ناوچەی "موقور" ی ویلایەتی غەزنی باشووری ئەفغانستانە کە بە بەردەوامی لەلایەن مێردەکەیەوە ئازاردراوە؛ وەک لە گفتوگۆیەکی دا لەگەڵ "بی بی سی" دا باسیکرد.
ئەو چەندین ھەفتە لە ژێرزەمینی خانووەکەیان دا بە دەست و قاچی بەستراوەوە لە ژێر چاودێری دا بووەو لەلایەن مێردەکەیەوە بە دار، زنجیرو قامچی ئەشکەنجەدراوە. جەستەی نیوە گیانی مەنیژە بەڵگەی بەسەرهاتی مەرگەساتی ژیانی ئەوە.
لە کابول مەنیژەم لە ماڵی یەکێ لە خزمەکانی بینی. کاتێ چاوم پێیکەوت، چاوەکانی ھیچی نەدەبینی لەبەر برین و شوێنەواری لێدان و ئازاردان دەیناڵاند.

مەنیژە دەڵێت لە ماڵی خەزوری وەک کەنیزەک مامەڵەیان لەگەڵدا کردوە
مەنیژە وتی: "بە شەق و مستەکۆڵە لە سەر و دەموچاوی دام، ھەردو دەستمی بە گوریس بەستنەوەو بە زنجیر، دارو قامچی لێیدام. رۆژانە و ھەفتانە لە ژێرزەمینی ماڵەوە بە دەست و پێی بەستراوەوە زیندانی دەکردم، لە رۆژانی سارد و بەفردا ئیجباری دەکردم بەکارکردن".
مەنیژە وتیشی: "ھیچ شوێنێکی جەستەم نییە کە بریندار نەبێت. نینۆکی دەستەکانم کۆڵەوارن و قاچەکانیشم توانای جوڵەیان نییە".

مەنیژە: "نینۆکی دەستەکانم کۆڵەوارن و قاچەکانیشم توانای جوڵەیان نییە."

ئەو وتی: بەر لە دو ساڵ بەڕەزامەندیی خۆی لەگەڵ ئامۆزاکەی دا زەماوەندی کردووە، بەڵام لەلای ماڵە خەزورانی رێزی کارەکەرێکیشی نەبووە نەک بووک.
مەنیژە وتی: "لەو رۆژەوە شووم کرد بەو پیاوە، ھەمیشە ھەوڵم دەدا تا رەزامەندی خانەوادەکەی بەدەست بێنم و بە پەیوەندی لەگەڵ ئەوان لە ئیش و کارەکان دا بەشداربم، بەڵام مامەڵەی خراپی خەسووم و لێدان و تێھەڵدانی وەحشییانەی مێردەکەم ھیچ کاتێک ئەو دەرفەتەیان بە من نەدا. من بووک نەبووم، بەڵکو کەنیزەک و کارەکەری ئەو ماڵە بووم."
باوکی مەنیژە: بەرگریی لە کچەکەم دەکەم
ھومایۆن باوکی مەنیژە کاتێ لە ئازاردانی کچەکەی ئاگادار دەبێت، دەچێت بۆ موقور و کچەکەی بەبیانووی سەردانکردنی دایکی، لە ماڵی مێردەکەی دەھێنێتە دەرەوەو دەیگەیەنێتە کابول.
ھومایۆن لە کاتێک دا فرمێسک بە چاوەکانی دا دەھاتە خوارەوە وتی: "بەھەر نرخێک بێت بەرگریی لە مافی کچەکەم دەکەم. من عەرەبانەچیم و پارەم نییە بیدەمە ئەم دادگاو ئەو دادگا. بە دەستی بەتاڵەوە داکۆکی لە دۆسێی کچەکەم دەکەم، لە مێردە تاوانبارەکەی، جیا دەکەمەوە."

"بەھەر نرخێک بێت بەرگریی لە مافی کچەکەم دەکەم.
من عەرەبانەچیم و پارەم نییە بیدەمە ئەم دادگاو ئەو دادگا.
بە دەستی بەتاڵەوە داکۆکی لە دۆسێی کچەکەم دەکەم،
لە مێردە تاوانبارەکەی، جیا دەکەمەوە".

باوکی مەنیژە وتیشی: "من پەیوەندیم بە بنەماڵەو کەسوکاری مێردی کچەکەمەوە کردووەو داوام لێکردون تا بێنە کابول و سزای کوڕەکەیان ببینن."
مەنیژە لە موقور لە ویلایەتی غەزنی نیشتەجێ بوو، مێردەکەشی وەستای چاککردنەوەی مۆتۆرسیکلت بووە. بەپێی قسەی مەنیژە مێردەکەی ھیچ کاتێک بەباشی ھەڵسوکەوتی لەگەڵدا نەکردووە.
دایکی مەنیژە بەر لە ھەموو شتێک فرمێسکی دەڕشت و وتی: "ھەرگیز باوەڕم نەدەکرد بەچاوی خۆم کچەکەم بەو حاڵەوە ببینم."

لە ماڵێکی پارێزراو دا
مەنیژە بە کۆمەکی لێپرسراوانی "ماڵێکی پارێزراو" لە کابول کە لەلایەن رێکخراوێکی ناحکومیی ناسراو بە "ھاکا" وە سەرپەرشتی دەکرێ، گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
حەمیدە لێپرسراوی ئەو سەنتەرە وتی: "بە رەزامەندی ئەندامانی خێزانی مەنیژە دەمەوێت کێشەکەی بەڕەسمیی بناسێنم و پارێزەریشمان بۆ گرتووەو دۆسێکەی رەوانەی دادگا دەکەم."
بەرپرسانی نەخۆشخانەی عەلی ئاباد کە مەنیڕە لەوێ لە ژێر چارەسەرکردندایە، دەڵێن بارودۆخی ئەو ئێستا باشە، بەڵام ئازاردان و بەدکرداری بەرامبەری کاریگەریی خراپی کردووەتە سەر باری دەروونیشی. دکتۆر عەبدولغەفور نەدیم، لێپرسراوی ئەو نەخۆشخانەیە بە "بی بی سی" وت ھەموو توانایەکیان دەخەنە کار بۆ رزگارکردنی ئەو ژنە.
بەڵام ئەوە یەکەم جاریش نییە کە مەنیژە لەدەست لێدان و سووکایەتی پێکردن رابکات و روو لە کابول بکات. ئەو دەڵێت: "نزیکەی شەش مانگ پێش ئێستاش، جارێکی تر ھاتم بۆ کابول و بەسەرھاتی خۆم گەیاندە وەزارەتی کاروباری ژنان."
ئەو خێزانە تاوانەکەیان شاردووەتەوە
بەڵام فەوزیە ئەمینی، سەرۆکی بەشی ماف لە وەزارەتی کاروباری ژنان وتی: "بەبڕوای من کێشەی ئەم کچە نەگەشتووەتە وەزارەتی کاروباری ژنان. ئەو خێزانە تاوانەکەیان شاردووەتەوە. ئەگەر بگەیشتایە لای ئێمە بەدڵنیاییەوە داکۆکیمان لێدەکرد و ئەو خانمە بە مافی خۆی دەگەیشت."
بەسەرھاتی مەنیژە یەکێک لە چەندان قوربانیی توندوتیژیی دژ بە ژنانە لە ئەفغانستان کە لەم رۆژانە دا دزەی کردووەتە نێو دەزگاکانی راگەیاندنەوە.
ئەم توندوتیژییانە ھاوکاتە لەگەڵ کەمپینێکی ئیمزا کۆکردنەوە کە لەلایەن (٣) سێ ھەزار کەس لە پلەدارانی حکومیی و کەسانی ئاساییەوە بۆ جێبەجێکردنی یاسای قەدەغەکردنی توندوتیژیی دژ بە ژنان ئیمزاکراوە.
ئەو ئیمزایانە رۆژی چوارشەممە (٣-١-٢٠١٣) لەلایەن رێکخراوێکی پاراستنی مافەکانی ژنان لە کابول رادەستی بەرپرسانی حکومەت کراوە.
ئامانج لەو کەمپینە بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایە؛ مەبەست لێی سەرنجڕاکێشانی کۆمەڵگەیە لە خەڵکانی ئاسایی تا لێپرسراوە گەورەکان سەبارەت بە بوونی توندوتیژیی دژ بە ژنان.

وەرگێڕانی: ساڵح بێچار
سەرچاوە: بەشی فارسی ماڵپەڕی BBC
Top