لە شارەدێی پێباز كچێكی مامۆستا خۆی خنكاند

لە شارەدێی پێباز كچێكی مامۆستا خۆی خنكاند
26ی کانوونی یەکەم/دیسەمبەر(گوڵان میدیا)- بەیانی ئەمرۆ چوارشەممە، لە شارەدێی پێبازی سەر بەشاری كەلار، كچێكی مامۆستای تەمەن 44 ساڵ كە هاوكات قوتابیی زانكۆیە، لە ماڵەوەیان خۆیاندا خۆی بە پانكەیەكەوە هەڵواسی و گیانی لە دەست دا. بە وتەی سەرچاوەیەك پێ دەچێت رووداوەكە بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە بێت.


وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، موقەدەم حەسەن محەممەد، تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: رووداوەكە كاتژمێر حەوتی سەرلەبەیانی ئەمرۆ روویداوە و لە كاتی گەیشتنی پۆلیسی بنكەی پێباز بۆ ماڵەوەیان، بینویانە ئەو كچە مامۆستایە خۆی بە پانكەیەكی ژوورێكیانەوە هەڵواسیوە و گیانی لە دەستداوە.

موقەدەم حەسەن، ئاماژەشیدا، ئەو كچە ناوی "ح،س،ا" و تەمەنی 44 ساڵە و لە قوتابخانەی شاخەوانی بنەرەتی لە پێباز مامۆستایە.

وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، گوتی: مامۆستای ناوبراو بە دوو پەت خۆی خنكاندووە و لە دوای رووداوەكە بەمەبەستی لێكۆڵینەوە تەرمەكەی ڕەوانەی نەخۆشخانەی كەلار كراوە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن بۆ ئاشكراكردنی راستی رووداوەكە لەسەر ئەوەی كە خۆی خنكاندووە یان خنكێندراوە و بەم هۆیەشەوە كەسوكاری بانگهێشتی لێكۆڵینەوە كراون.

هەر لەمبارەیەوە هاورێیەكی ئەو كچە مامۆستایە، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: "ح، س" لە گەڵ ئەوەی مامۆستایە، هاوكات ماوەی دوو ساڵە قوتابییە و لە زانكۆی قەڵەم لە كەركووك دەوام دەكات و قۆناغی دووەمی بەشی كارگێڕی و كار بووە.


بە پێی زانیارییەكان ئەم ماوەیە دایكی كە لە ئەوروپا دەژی گەڕاتەوە و كێشەی كۆمەڵایەتی و خێزانییان هەبووە، بۆیە پێ دەچێت خۆ كوشتنەكەی پەیوەندی بەو كێشانەوە هەبێت.
Top