لە شارەدێی پێباز كچێكی مامۆستا خۆی خنكاند
December 26, 2012
کۆمەڵایەتی
![لە شارەدێی پێباز كچێكی مامۆستا خۆی خنكاند](https://gulanmedia.com/public/old_images/articles/xokushtn356g5.png )
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، موقەدەم حەسەن محەممەد، تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: رووداوەكە كاتژمێر حەوتی سەرلەبەیانی ئەمرۆ روویداوە و لە كاتی گەیشتنی پۆلیسی بنكەی پێباز بۆ ماڵەوەیان، بینویانە ئەو كچە مامۆستایە خۆی بە پانكەیەكی ژوورێكیانەوە هەڵواسیوە و گیانی لە دەستداوە.
موقەدەم حەسەن، ئاماژەشیدا، ئەو كچە ناوی "ح،س،ا" و تەمەنی 44 ساڵە و لە قوتابخانەی شاخەوانی بنەرەتی لە پێباز مامۆستایە.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، گوتی: مامۆستای ناوبراو بە دوو پەت خۆی خنكاندووە و لە دوای رووداوەكە بەمەبەستی لێكۆڵینەوە تەرمەكەی ڕەوانەی نەخۆشخانەی كەلار كراوە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن بۆ ئاشكراكردنی راستی رووداوەكە لەسەر ئەوەی كە خۆی خنكاندووە یان خنكێندراوە و بەم هۆیەشەوە كەسوكاری بانگهێشتی لێكۆڵینەوە كراون.
هەر لەمبارەیەوە هاورێیەكی ئەو كچە مامۆستایە، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: "ح، س" لە گەڵ ئەوەی مامۆستایە، هاوكات ماوەی دوو ساڵە قوتابییە و لە زانكۆی قەڵەم لە كەركووك دەوام دەكات و قۆناغی دووەمی بەشی كارگێڕی و كار بووە.
بە پێی زانیارییەكان ئەم ماوەیە دایكی كە لە ئەوروپا دەژی گەڕاتەوە و كێشەی كۆمەڵایەتی و خێزانییان هەبووە، بۆیە پێ دەچێت خۆ كوشتنەكەی پەیوەندی بەو كێشانەوە هەبێت.